دووبارە گەمارۆ! بەشی دووهەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
دووبارە گەمارۆ! بەشی دووهەم! خاوەنماڵ لە شار گەڕایەوە! لای دوای نیوەڕۆ بوو، کچەکە لە شار و براکەی لە کاروان گەڕانەوە. دیاربوو خاوەنماڵ هێندێک کەل و پەلی بۆ “میوانە تایبەتەکانی”، کڕیبوو و بە تەمابوو زۆر بە باشی خزمەتیان بکات. لەو بارەوە گلەیی لێ نەدەکرا و زۆریش ڕووخۆش بوو، بەڵام کێشەکە لە بە کەم گرتنی لایەنی ئەمنیدا بوو، کە پێشمەرگەکانی خستبۆ شک و گومانەوە. پێشمەرگەکان دەنگو باسی نێو دێیان لێ پرسی، گوتی “هیچ باس نێە و وڵات زۆر ئارامە”. ئەوە لێکدانەوەی خۆی بوو و هێندە وەدوای هەست و خوستی نێو ئاواییش نەکەوتبوو.ئەو خەریکی سازکردنی خواردنی ئێوارە بوو و هەروا تەق و هوڕی قابڵەمە و کەل و پەلی دیکە دەهات، کە لە ناکاو خزمی یەکێک لە پێشمەرگەکان خۆی بە ژوورێ داکرد!!!
چۆن زانیبووی کە ئەو پێشمەرگانە لەوێ ماونەوە؟ بۆ پێشمەرگەکان جێگای پرسیار بوو..! دەرکەوت کە کچی ماڵەکە زوو ئەوی تێگەیاندبوو، کە پێشمەرگەیان لە ماڵدا ماوەتەوە… ئەو تەنانەت جلی ئەو پێشمەرگەیەشی، کە دڕابوو بۆ بردبوو تا بۆی پینە بکات و بشوات. ئەو کەسە بڕێک لە دروونی جل و بەرگدا شارەزا بوو. کە هات بۆ لای پێشمەرگەکان جلەکانیشی بە ویشکبۆوەیی هێنابوونەوە. ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە شەوی ڕابردوو زۆر داوای لێکرابوو هەواڵەکە، لانیکەم لە ڕۆژدا بڵاو نەکاتەوە، بەڵام کچە هەر لە سەر هەوای خۆی، کە هیچ باس نیە سوور بوو. “خۆ پێشتریش پێشمەرگە لە ماڵاندا ماونەوە و زۆر کەسی جێگای متمانەی خۆمان زانیویێتی بەڵام شکور هیچ نەبووە”. ئەوەندەی پێشمەرگەکان بۆیان شیدەکردەوە کە هەل و مەرجی ئەو ساڵ گۆڕاوە و تۆ بزانە لە سەر کەمتەرخەمی و دڵسافی خۆیان، چییان بە سەر ماڵی ئەو گوندەی دیکەدا هێنا؟ ئەو هەر لە سەر قسەی خۆی سوور بوو. وەک دەڵێن پێشمەرگەکان “ئاسنی ساردیان دەکوتا”.
سوسەی گەمارۆیەکی تر؟!
دوای ڕۆیشتنی ئەو خزمەی پێشمەرگەکە، ماوەیەک وڵات بێدەنگ بوو، بەڵام هەستکردن بە دووبارەبووونەوەی گەمارۆیکی تر هێدی هێدی بە سەر هەستی پێشمەرگەکاندا زاڵ دەبوو. دەڵێن پێش ڕوودانی هەر کارەساتێک کەسەکان شێمانەی شتێکی نامۆ دەکەن، “هەستی شەشەم”، بەڵام زۆرجار بە هەندی وەرناگرن. لەسەر هەست بوونی پێشمەرگەکان زیاتر بوو و هەموو دەورووبەری ماڵەکەیان خستە ژێر چاوەدێرییەوە، تا لە کورتترین ماوەدا خۆیان بۆ بەرپەرچ دانەوەی هەر جۆرە هێرشێک ئامادە بکەن. لای ڕاست و پشتەوەی ماڵەکە بە خانووی ماڵە جیرانان دەورە درابوو. لای چەپی ماڵەکە کۆڵانێک بوو کە لەوێ ڕا هیچ دەرفەتێک بۆ هاتنە ژووی نێو خانوەکە نەبوو، واتە هیچ دەرگایەکی نەبوو. ئەوەی دەمایەوە لای پێشەوەی ماڵەکە بوو کە بەتاڵ بوو و هیچ خانوی دیکەی لە پێش نەبوون و لەوێ ڕا تەقە کردن لە خانووەکە زۆر ئاسان بوو.
خانوەکە دوو قات بوو و دەرگای هاتنە ژوورەوەی لە سەرێ و خوارێ هەبوو. لە پێش دەرگای نهۆمی سەرەوە کە بە پلیکان، قادرمەی تایبەتدا بۆی وەسەر دەکەوتی بانیژەیەکی چکۆڵە هەبوو کە تەنیا جێگای بە پێوە ڕاوەستانی چەند کەسی لە سەر دەبۆوە. ژووری پێشەوەش کە پێشمەرگەکان لەوێ دانشتبوون پەنجەرەیەکی سێ تایی گەورەی تێدابوو ئەویش بەشێکی زۆری دیواری پێشەوەی داگرتبوو و تەنیا دوو گۆشەی چووکی لە ژوورەکە هێشتبۆوە. یەکێک لە پێشمەرگەکان لە نیزیک پەنجەرەکە دانیشتبوو تا جموجۆڵەکانی دەرەوەی لێ دیار بێت. لە ناکاو چەند کەسێک بە یۆنیفۆڕمی نیزامیەوە لە لای کۆڵانەکە ڕا بازیان دایە پێش دەرکی ماڵەکە. ئاستی کۆڵانەکە لە ئاستی پێش دەرکی ماڵەکە بڵیندتر بوو، هەر بۆیەش بە کەڵەکە بەردێک لە پێش دەرکی ماڵەکە جیاکرابۆوە. ئەوان خۆیان نەوی کردبوو تا بە ڕواڵەت لە نێو ئەو ئاپۆرای خەڵکەدا کە لە سەر موچەکانیان گەڕابوونەوە و کۆمەڵێک منداڵدا کە هێشتا مەیلی دەست هەڵگرتن لە گاڵتە و گەپی دەرێیان مابوو و نەیاندەویست بچنەوە ژوورێ، ون بن و کەس هەستیان پێ نەکات. خەڵک ئەوانی دەدی بەڵام کەس بیری بۆ ئەوە نەدەچوو کە ئەوان بەدوای ڕاپۆرتێک لە سەر بوونی پێشمەرگە لە ماڵێکی دیاریکراودا هاتبن. یەکەمجار بوو لەو گوندەدا شتی وا ڕووی دەدا.
هێزەکە نەیدەزانی، کە ئەوانەی ئەوان بۆیان هاتبوون هەر لە گەڵ بازدانەکە ئەوانیان دیتبوون. پێشمەرگەکان هەر لە گەڵ چاوپێکەوتنی ئەوان بەرەو پاشخانەکە، شوێنی حەسانەوەی ئەو ڕۆژەیان چوون و خۆیان بۆ شەر ئامادە کرد. هێشتا بە تەواوی خۆیان نەپێچابۆوە کە دەنگە دەنگی هێزەکە لە سەر پلیکانە و پێش دەرگای نهۆمی سەرەوەی ماڵ پەیدا بوو. پرسیار کردن لە کوڕی خاوەنماڵ دەستی پێکرد؛ ئاخۆ “ضد انقلاب” واتە دژی شۆڕش، ناوێک کە ڕێژیم بۆ هێزی پێشمەرگەی بە کار دەهێنا، لە ماڵەکەیان دا هەیە؟
سەربازەکان داوایان لێ دەکرد لە گەڵیان بچێتە ژوورێ. کوڕە لە گەڵ ئەوەی حاشای لە بوونی پێشمەرگە لە ماڵەکەیاندا دەکرد، حازر نەبوو لە گەڵیان بێتە ژوورەوە و ماڵەکەیان لە گەڵ بپشکنێ. شەوی پێشتر، کە پێشمەرگەکەکان وێستیان لەو ماڵەدا بمێننەوە، زۆر بە وردی بۆ کوڕەکە و خوشکەکەییان شیکردبۆوە، کە ئەوان لە کاتی ئاشکرابووندا بەرگری لە خۆیان دەکەن وتا ئەگەر توانیان دەرباز بن یان شەڕ بکەن و بە سەربەرزییەوە بمرن. داوایاشیان لێکرا بە هیچ شێوەیەک مل بۆ گەڕان لە گەڵ هێزەکانی حکومەت نەدەن، با ئەگەر بکەوێتە لانی زەرەریش، هەر زیانی ماڵیان پێ بگات، نەک گیانیش. باش بوو زۆر حەولیان لە گەڵ کوڕەدا، ئامادە نەبوو لە گەڵیان بێتە ژوورێ.
تا ئەو کەین و بەینەی نێوان کوڕی ماڵ و سەربازەکان تەواو بوو، یەکێک لە پێشمەرگەکان ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە بوو. لە پەنای لیژنە دارە هەڵچندراوەکەدا خۆی شاردەوە و داڵانی ماڵەکەی، ئەو جێگایەی هێزەکە بە تەمابوو پێی دابێت، لە ژێر چاوەدێری گرت. ئەو پێشمەرگەیەی دیکە هێشتا بە تەواوی ئامادە نەبوو و شوێنەکەش تەنیا جێی شەڕکردنی کەسێکی تێدا دەبۆوە.
———-
سەربازەکان، کە لە هاوڕێیەتی کوڕی خاوەن ماڵ بێ هیوا بوو بوون، بۆ خۆیان ملیان پێوەنا و دەستیان بە پشکنین کرد. لە پێشدا لە ژووری پێشەوە ڕا دەستیان پێکرد. لەوێ هیچیان نەدییەوە. لەبەر تاریکی شوێنەکەش لایتێک، “چراغ قوە”یەکی گەورەیان، لە گەڵ خۆیان هێنابوو، یان لە ماڵەکەیان وەرگرتبوو. بە لایتەکە، کون و قوژبنی ماڵەکەیان دەپشکنی. دیوی دیکەی لیژنە دارەکەشیان جوان بە لایتەکە پشکنی. ئەوەی مابوو لای پێشمەرگەکان بوو. وادیار بوو لایتەکە کێشەی هەبوو و جار جارە دەکوژایەوە. بە زمانی بێ زمانی خۆی لە هاوکاریکردنی هێزەکە دەپاراست. دیار بوو پێشبینی وەها حاڵەتێکیان کردبوو، هەر بۆیە شقارتەشیان لە گەڵ خۆیان هێنا بوو یان کابرا سیگاری دەکێشا و هەر لە گیرفانی خۆی دەریهێنابوو. هەر کە لایتەکە کاری نەکرد، گورج دەنکە شەمچەیەکی داگیرساند و لە بەر ڕووناکایی دەنکە شەمچەکە بۆ پێشمەرگەکان دەگەڕا. شۆقی دەنکە شقارتەکە زیاتر لەوەی ژوورەکە ڕووناک بکاتەوە دەموچاوی سەربازەی باشتر ڕووناک کردبۆوە. دیواری پاشخانەکە هەر قوڕ و بەردەکەی کاتی دروستکردنی خانووەکە بوو و هیچ ڕێک و پێک نەکرابوو، ئەویش وایکردبوو کە ڕووناکایی دەنکە شقارتەکە زۆر بڕ نەکات. سەربازە لە داڵغەیەکی قوڵ دابوو و دەتگوت لە بیری چۆتەوە بۆچی دەنکە شەمچەکەی هەڵکردووە. دەتگوت شاعیرێکە و دەیەوێ باشتر و قوڵتر بیری لێبکاتەوە چۆن بە جوانترین شێوە هۆنراوەیەک بارتەقای دیمەنی بڵێسەی ئاگری دەنکە شقارتەکە بهۆنیتەوە. بڵێسەی ئاگرەکە وەک مۆمێکی داگیرساو دەچوو کە ڕەنگە سەربازە بیر و هۆشی چوبێتەوە لای دیمەنێکی هاوشێوە و هەر بە گەڕانەوەی بە یادی ئەو ئێوارەیە مۆمێک داگیرسێنێ و لێگەرێ خەیاڵ بیباتەوە.
——-
وادیار بوو خەیاڵ بردوویەتەوە و نازانێ دەنکە شەمچەکەی خەریکە دەکوژێتەوە. هیچ جوڵەیەکی نەدەکرد و هەروا لە تاریکایی باقی پاشخانەکە ڕامابوو. بەڵام لای لیژنە دارەکەی بە تەواوی لێ دیار نەبوو. دەنکێک شقارتەی داگیرساو زۆر زوو دەکوژێتەوە و ڕەنگە ئەو دەرفەتەش بۆ ئەو پێشمەرگەیە لە کیس چووبایە. زۆر بە وردی هەموو جموجۆڵێکی سەربازەی لە ژێر چاوەدێری گرتبوو، خۆی بۆ شتێک ئامادە دەکرد کە هیچ دەرفەتێکی بۆ لێکدانەوەیەکی قوڵ بۆ نەهێشتبۆوە. داوای خۆ بە دەستەوەدانی سەربازە ئاسان بوو و ڕەنگە تێشیدا سەرکەوتوو بایە، بەڵام ئەوان بە ژمارەیەکی زۆر هاتبوون و وا بە ئاسانی کۆڵیان نەدەدا. تەنیا ڕێگا لەوەها حاڵەتێکدا ئەوەیە کە تەنیا ئەو لایەنەی شەڕ سەرکەوتوو دەبێت کە دەرفەتی دەست پێشخەری بە لایەنی بەرامبەری نادات و تا بۆی بکرێ ڕێگای خۆگرتنەوەشی لێدەگرێ.
ڕووناکایی دەنکە شەمچەکە دەرفەتی زیاتری بە پێشمەرگەی تەنیشت لیژنە دارەکەدا تا سێرەی لێ بگرێت.پێشمەرگەکە زۆر بە باشی سێرەی لە دەموچاوی سەربازەکە گرت و دوو فیشەکی بە تاک تیر بەرەو ڕووی تەقاندن. هاوار لە سەربازە هەڵستا و تفەنگەکەی لە دەست بەربۆوە و هەڵاتەوە دەرەوە. دواتر دەرکەوت کە فیشەکەکان یەکیان بەر نێو چاوان و ئەوی دیکەشیان بەر شەویلاکی چەپی کەتبوون. ماوەیەکی کورت دوای برینداربوونەکەی بە هۆی کاری بوونی برینەکانیشی مردبوو. دواتر دەرکەوت کە دەرەجەی سەروان بووە.
تا ئەو بە برینداری ڕایکردە دەرەوە، پێشمەرگەرکەی دیکەش ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هێرش بوو و ئەو پێشمەرگەی دیکەش باقی شتەکانی دیکەی دیتەوە.
درێژەی هەیە….

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *