بەشی دوازدەیەم (١٢) ئەو ڕۆژانەی قەت لە بیرناچنەوە له‌ نووسینی: خدر پاکدامه‌ن (خدربه‌گ )

Posted by

بەشی دوازدەیەم (١٢) ئەو ڕۆژانەی قەت لە بیرناچنەوە له‌ نووسینی: خدر پاکدامه‌ن (خدربه‌گ )
بەرەو پاییز دەچین هەوا لە قەندیل گۆڕاوە و هەنگاوەکانی بەرەو وەرزی سەرما و سۆڵ دەنێ. هەوارچییەکانی هەردوو دیوی ڕۆژهەڵات و باشوور بارگە و بنەیان تێکەوە پێچاوە و بەر گووندەکانیان دادەکشێن. کۆمەڵێک بەرەو گەرمێن و هێندێکیان بەرەو گوندەکانی دەوروبەری جادەی سەردشت و پیرانشار دەگەڕانەوە .
بناری قەندیل بەرەو چۆڵبوون دەچوو. تەنیا ئێمە و پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە قەندیل مابووین . ئەوەی بەدی دەکرا کاروانچییەکان بوون لە ناوچەکە . هەم ئێمە و هەم یەکێتی بارەکانمان لێ گومروک دەکردن.

هێزەکانی پێشمەرگە هێدی هێدی خەریک بوو بەرەو بنکەی سابتی حیزب لە سوونێ و کونەمار دەگەڕانەوە. بەڵام دیاربوو کە پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ دەیانهەوێ دوایین گورزی سەربازی خۆیان لە دوایین رۆژەکانی پاییزی ساڵی 66دا لە دوژمن بوەشێنن. پێشتر لە لایەن کۆمەڵێک لە فەرماندە چاونەترسەکانی هێزی گیاڕەنگەوە گەڵاڵەی عەمەلیاتەکە داڕێژرابوو و هەموو ئامادەکارییەکی بۆ کرابوو. کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکان لە ناوچە بوون ئێمەش لە قەندیل چاوەڕوانی ئەوەمان دەکرد تا بەرەو ناوچە وەڕێ کەوین و ئاخیرین گورزی خۆمان لە ساڵی66 لە هێزی کۆماری ئیسلامی بوەشێنین.
بۆ ئەو عەمەلیاتە هەردوو پایەگای زێوە کە یەکیان لە نێوگوند بوو و ئەوی دیکەیان لەپشتی گوندی زێوە، دیاری کرابوون . ئێوار3\1366 /7لە قەندیل بەرەو ناوچە وەڕێ کەوتین. ژمارەی ئەو هێزەی کە بۆ جێبەجێکردنی ئەو عەمەلیاتە دیاری کرابوون زیاتر لە 80 کەس دەبووین. زۆربەی فەرماندەکان، لە گەڵدا بوون. لە درنگانێکی شەودا دەشتی وەزنێمان تێپەڕکرد. دەشتی وەزنێ پایەگای زۆری لێ بوو، دەبوو زۆر بە وشیاری بڕۆین تا دووژمن هەست بەبوونمان نەکات . لە نیوەشەوێکی درەنگ بە روو پڕکانیان، وەسەر کەوتین. بەڵام زۆرمان پێچوو، چونکی هێز ئەگەر زۆر بوو، ڕێگەبڕینی دژوارترە، بۆیە زۆرمان پێ‌چوو . دەبوو بۆ مانەوە، ڕۆژ بچینە چیای گۆمێ هەوڵمان دەدا کە کەس نەمان بێنێ . ئەو تیمەی لە ناوچە بوون ڕۆژی پێشتر هاتبوون بۆ سەری گۆمێ .
ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبێتم سێ تا چوار وەڵاغ مان پێ بوون و کەل‌وپەلمان لێ بار کردبوون. هێدی هێدی سەرکەوتین بۆ سەری گۆمێ کە دڕوانێتە سەرجادەی پیرانشار _ سەردەشت. لەوێ ماینەوە، بەڵام ئەم شوێنە هەم خۆرەتاوە هەم بێ‌ئاوە. ئەو ڕۆژە زۆر ناخۆش تێپەبوو. ئاویی کەممان پێ بوو، بەڵام بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبین، چارە نەبوو. نەدەکرا خۆمان ئاشکرا بکەین. بەتایبەتی کاک مەلا حەسەن شیوەسەوڵی هەرکات بەرنامەی عەمەلیاتی هەبا نەیدەهێشت پێشمەرگە خۆی ئاشکرا بکات.
بەهەر شێوەیەک بوو ئەو ڕۆژە تێپەڕ بوو. بەڵام ناخۆشتر لەوە شەوەکەی بوو؛ ئێوارێ وەڕێ کەوتین مەسیری ئێمە تا شوێنی مانەوەمان ئاوی لێ نەبوو. ئەوە لە حاڵێک دابوو کە ڕۆژەکەی ئاو زۆر کەم بوو. لە سەری گۆمێ تا ڕەشەگەڵوو، واتە شوێنی مانەوەمان زۆر دوور بوو، لە ڕێگا تینوێتی لە ڕادەبەدەر فشاری بۆ هێناین. بەڵام چارە نەبوو، دەبوو خۆڕاگرین و درێژەی پێ بدەین .
لە درنگانێکێ شەودا گەیشتینە شوێنی مانەوە. چەند پێشمەرگەیەک بە هۆی تینوێتییەوە لە ڕادەبەدر هیلاک بوون. ئاوەکەش کەمێک لە ئێمە دوور بوو. هەر لكێک لە پێشمەرگەکان چەند کەسی ئامادە کرد تا بچن ئاو بێنن. لە لکی سێ، من و کاک محمودخاس و کەسێکی دیکە چووین بۆ هێنانی ئاو. ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبێتم هەر لکێک وڵاغی پێ بوو. لەگەڵ تێڕێکی تایبەتی کە بۆ ئاو ساز کرابوو. کەچووین ئاو بهێنین و لە ئاوەکە نزیک بووینەوە من ئەوەندم تینوو بوو یەکسەر هەڵاتم و خۆم بەئاوەکەدا دا .
دوور بوون ی پێشمەرگە لە ئاو بە تایبەت لە کاتێک دا ناچاری بۆ ماوەی چەند سەعات بەربەرەکانیی هێزی دووژمن بکەی زۆر سەخت و دژوارە. ئەوانەی خۆیان لە نزیکەوە ئەم حاڵەتەیان ئەزموون کردەوە دەزانن کە دوور بوون لە سەرچاوەی ئاو چەندە دژوار و ناخۆشە.
هەموو تێرمان ئاو خواردەوە و تێڕەکانمان پڕ کرد و بەرەو پێشمەرگەکان گەڕاینەوە. ئێمە لکی سێ لە بەشی خوارێ بووین، کاتێک ویستمان تێڕەکە لە وڵاغ بێنینە خوارێ لە پڕ یەک لە پێشمەرگەکان خۆی بە تێڕی ئاوەکەدا دا، هەرچی کاک محمودخاس هەوڵی دا ئاوی بۆ تێ بکات ڕانەوەستا تا دەمی بە لاسکی تێڕە ئاوەکەوە نەنا، وازی نەهێنا. پاشان هەر خۆی گووتی، زۆری نەمابوو بێهۆش بم لە تینوان. هەر زوو ئاوەکە تەوابوو، چونکی زۆربەی پێشمەرگەکان تینوویان بوو. بۆیە وایان دانا کە بەیانی جارێکی دیکە بچن بۆ ئاو هێنان، بەڵام نابێ کەس هەست بەبوونمان بکات.
بەڵام دواتر کە دەچن بۆ هێنانی ئاو، شوانێک چاوی بە پێشمەرگەکان دەکەوێ .کە گەڕانەوە کاک مەلا حەسەن لێی پرسین کەس چاوی پێتان نەکەوتوە؟ ئەوانیش گووتیان تەنیاشوانێک دیتوونی. کاک مەلا حەسەن تووڕە بوو، گوتی ئەو عەمەلیاتە ناکەین و دەگەڕێنەوە. بەهەزار حاڵ تا رازییان کرد و دانیان بە هەڵەکەی خۆیان‌دا نا، زۆری پێچوو ئەو هەر سوور بوو لە سەر قسەی خۆی.کاک مەلا حەسەن لە گەڵ ئەوەی کەسێکی لەخۆبردوو و و پێشمەرگە خۆشەویست بوو، بەڵام کە تووڕە دەبوو زۆر دەرنگ ئاشت دەبۆوە .
لە بەشی دووهەم دا بە وردی باسی چۆنیەتی دابەشکردنی پێشمەرگەکان و جێبەجێکردنی گەڵاڵەی ئەو عەمەلیاتە دەکەم کە لە گوندی زێوە جێبەجێ کرا و گورزێکی گەورە وە هێزی دووژمن کەوت .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *