ەشی پازدەهەم (١٥) ئەو ڕۆژانەی قەت لە بیرناچنەوە له‌ نووسینی خدر پاکدامه‌ن (خدربه‌گ )

Posted by

ساڵی ١٣٦٧ ساڵێک بوو پر لە رووداوی جۆراوجۆر، چەندین ڕووداوی گرینگ ڕوویان ‌دا کە هەر کامەیان بەئەندازی خۆی لە سەڕەوتی کار و تێکۆشانی ئێمە وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان کاریگەریی خۆی هەبووە. لەو ساڵەدا زۆر ڕووداوی گرینگی تاریخی و قەت لەبیرنەکراو روویان دا کە تا ئێستاش ڕاست ٣٠ ساڵیان بەسەردا تێدەپەڕی، بە جۆرێک لە جۆرەکان شوێنەواری هەر ماوە. یەک لەو ڕووداوانە ڕاوەستانی شەڕی هەشت ساڵەی عیراق و ئێران بوو کە دوای ڕاوەستانی ئەم شەڕە هێزێکی زۆری کۆماری ئیسلامی کە پێشتر لە گەڵ عیراق لە شەڕدا بوون گەڕانەوە کوردستان و پەلاماریان بۆ سەر خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، درندانەتر لە جاران درێژە پێ دا کە لە گەڵ مقاومەتی خەڵکی کوردستان و وەساندنی گورزی قورس و قایم و قارەمانانەی هێزی پێشمەرگە بەرەوڕووبوونەوە.

رووداوێکی دیکەی گرینگی هەر ئەو ساڵە، جیابوونەوە لە حیزبی دێموکرات‌دا بوو کە هەم بۆ خەڵکی کوردستان و بەتایبەت بۆ بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و حیزبی دێموکرات و تێکۆشەرانی، رووداوێکی ناخۆش و پڕ لە خەسار بوو. ئەم جیابوونەوەیە جیا لە هەموو کاریگەرییە خراپەکانی بۆ سەر رۆحییەی خەلک و خەباتی حیزبی دێموکرات، شوێنەوارێکی مەیدانیی ناخۆشی کردە سەر تێکۆشان و جموجۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە بەداخەوە رووداوی زۆر ناخۆش و نادڵخوازی لی کەوتەوە.
هەر لەو ساڵەدا بوو کە کۆمار ئێسلامی بە پێی بەرنامە، زۆربەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی مینڕێژ کرد کە ئەم پیلانەی کۆماری ئێسلامیش تا ڕادەیەک توانی جموجۆڵی هێزی پێشمەرگەی کوردستان تووشی مەحدوودییەت و بەربەست بکات بە سەڕەڕای هەموو ئەو ڕووداوانە کە بۆ هێزی پێشمەرگە ناخۆش بوون، دیسانیش رۆڵە فیداکار و گیان لە سەر دەستەکانی دێموکرات، قارەمانانە بەرەنگاری هێزەکانی دوژمن دەبوونەوە.
هەر وەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد، کاک مەلاحەسەن شیوەسەڵێ بە هۆی ئەو ڕووداوە تێرۆریستییەی کە رێژیم لە رێگای دوو خۆفرۆشەوە لە سەری ئەنجام دا، بەداخەوە نەیتوانی لە مقامی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەدا بمێنێتەوە و بە کردەوە لە گەڵ هێزی پێشمەرگە بێت و فەرماندەیی بکات. بۆیە لانیکەم بۆ هێزی گیاڕەنگ ئەمە خەسارێکی گەورە بوو کە دەبوا بە بێ کاک مەلاحەسەن و بە سازمانادنێکی تازەوە خۆی بۆ درێژەدان بە ئەرکەکانی ئامادە بکات.
ببۆیە بە مەبەستی دووبارە خۆ ئامادەکردنەوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هێزی گیاڕەنگ، پێویست بوو جارێکی دیکە خۆمان سازمان بدەینەوە، دەبوو کەسێک لە جێگەی کاک مەلاحەسەن وەک فەرماندەری هێز دیاری بکرێ. لە سەرەتای بەهاری ١٣٦٧دا کاک “حوسێن پەیرەوان” کە ئەگەر بە هەڵەدا نەچووبیتم ئەو کات فەرماندەری لکی ٣ بوو، وەک سەرپەرەستی هێزی گیاڕەنگ دیاری کرا. دوای دیاریکردنی کاک حوسێن وەک سەرپەرستی هێزی گیاڕەنگ، هێزەکە بە سێ لک و پەلی فرماندەهی سازمان درا:
کاک “محەممەد نارستی” وەک فەرماندەری لکی سێ، کاک “ڕەحیم قارنجی” وەک فەرماندی لکی یەک و کاک “ساڵح ڕەبەتی” وەک فەرماندەری لکی دوو دیاری کران.
تا ئەو جێیەی لە بیرم بێ کاک “ڕەسووڵ عەزیزی” وەک سەرپەلی پەلی فەرماندی دیاری کرا.
بەم جۆرە دوای سازماندانەوەی هێزی گیاڕەنگ جارێکی دیکە خۆمان بۆ ساڵێکی دیکە لە خەبات وتێکۆشان ئامادە کرد .
تەواوی سنوورەکانی شوێنی کار و چالاکی و هەڵسووڕانی هێزی گیاڕەنگ لە ناوچەی سەردەشت بە تەواوی مینڕێژ کرابوون و دەرچوون و هەڵسووڕان لەم مەرزانە کارێکی ئاسان نەبوو، زەحمەتێکی زۆری دەویست.
بە پێی مەوقعیەتی جوگرافیایی ناوچە و شوێنی هەڵسووڕانی ئێمە، هێزی گیاڕەنگ جیا لە جموجۆڵ و هەڵسووڕانی خۆی، ئەرکی بەڕێکردن و هێنانەوەی چەند هێزێکی دیکەی پێشمەرگەی بۆ ناوچەکانی ناوەندی کوردستان کەوتبووە سەر شان. تەنانەت هێندێک جار ناچار دەبووین بە هاوکاریی پيڕینەوەی بەشێک لە هێزەکانی جنووبی کوردستانیش بکەین بۆ ئەوەی بە سڵامەتی لەو سنوورانە دەرباز بن.
ئەو هاوڕێ تێکۆشەرە پێشمەرگانەی کە ئێستا لە ژیان‌دا ماون، زۆرباش دەرکی ئەوە دەکەن کە چەندە دژوار و ئاستەم بوو تا هێزێکی پێشمەرگە لە سنوور دەرباز دەکرا. بەتایبەت کە کار دەگەیشتە پاککردنەوەی رێگاکان لە مین و تەڵەکانی تەقینەوە، زۆر جار پێشمەرگە شەهید و بریندار دەبوون و تووشی خەساری زۆر گەورە دەبووین.
جێی خۆیەتی و شیاوی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەوەی هەموو ئەو کەسانەیە کە لێرە باسی هێندێک لەو کەسانە بکەین کە بەڕاستی لەو کاتە دا ڕۆڵی زۆر گرینگیان دەگێڕا و لەو سنوورانەدا بەمەبەستی دەربازبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەوپەڕی ئازایەتی و گیانفیداییەوە ئەرکی قورس و گرانیان لە ئەستۆ دەگرد کە بەداخەوە هێندێکیان شەهید بوون و بەشێکیشیان بە کەمئەندامی و هەڵگرتنی کۆڵێک زام و برینەوە تا ئێستایش کە ئێستایە ئازار دەکێشن.
بەشێک لەو کەسانە بریتی بوون و هەن لە: محەممەد نارستی، مەحموود خاس، قادرمەمۆ، حەسەن چاپەز، محەممەدی مام‌ئاغا، عەلی باساوەیی، هەمزە گۆران و حوسێن باساوەیی سەعدون مارەغانی ڕەسوڵ عەزیزی برایم شێخی کە هەموویان بە لێوەشاوەیی خۆیان ڕۆڵی بەرچاویان دەگێڕا بۆ دەربازبوونی هێزی پشمەرگەی کوردستان لەو سنوورانە. سڵاو ئیرادەی شۆرشگێڕانەیان.
بەڕێزان
برای بچووکی خۆشتان بەپێ توانای خۆی لەگەڵ هاوسنگەرەکانی لەو میدانە ڕۆڵی خۆیبوووە چەندین لە مەرگ گەڕاینەوە .
لە بەشی شازدەهەم‌دا بەوردی باسی یەکەم عەمەلیاتی هێزی گیاڕەنگ لە ساڵی ١٣٦٧ دەکەم .
چاوەڕوان بن. عەمەلیاتی گوندی سەپێکان لە 15ی جۆزەردان .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *