بەشی دووھەمی گەرانەوە…. (٢) له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

لەو بەشەدا:دەچمە سەرگۆری دوو شەھیدی رێگای ئازادی و رووداوی شەھید بوونی،کاک “حەمە عەزیز عەزیزی” باس دەکەم،ئەو جارە باسی سەفەرێکی بێ گەرانەوەو تاڵ دەکەم،باسی بەشێک لەو داستانانە دەکەم، کە کاک حەمە عەزیز،رۆڵی کاریگەری ھەبووە تێیان دا،پەلەم لێ مەکەن چۆن لەو سەفەرە،درێژە دا:بە بینینی ھەر بستە خاکێکی نیشتمان،دنیایەک بیرەوەریم بۆ زیندوو دەبنەوە. ئێستا لە پشتی شیلانێ را دەروانمە،ئەو دیمەنە جوانانە،لێرەش پشوو نادەم،تەنیا ھەناسەیەک،ئاخر لێرەوە بە دڵ دەروانمە،کێوی جوان و دڵ رەفێنی ھۆینەماڵ،ئەو کێوەی بە سەر گووندە جوانەکەم ” سوورەچۆم ” دا دەڕوانێ، ھەروەھا.دۆڵی رازاوەو خەمڵێنراوی باژار،”لە جوانی دا:جارێ دوورتر ناروانم.

چۆن لە درێژەی ئەو سەفەرە دا سەرێک دەکەم بە ھەموو ئەو شوێنانەی بۆ من یادگارین،لە دوو قۆناخی جیاواز دا:بەرەو سەرچاوەی باژاری، بن “بییە مەلا حەسەنی “وەرێ دەکەوم،ھەر لێرە بە گەیشتنم،بەر لەوەی قوومێک ئاو بخۆمەوە،کڕنۆش دەبەم بۆ گڵکۆی دوو شەھیدی رێگای ئازادی و سەربەستی،شەھید “حەمە عەزیز عەزیزی” و شەھید” شاباز ئیسماعیلی “کێلەکانیان لە باوەش دەگرم و چەند جارێک ماچیان دەکەم،ھەر لەو شوێنە جارێکی دیکە پەیمانی وەفاداری بە نوێنەرایەتی ئەویندارانی ئەو رێبازە،لە گەڵ رووحی ھەرگیز نەمریان نوێ دەکەمەوە،(با ئەوش زیاد بکەم لێرە: شاھیدی رووداوی تاڵی بە خاک سپاردنی ھەردووکیان بووم ،)لەو کاتەوە گڵکۆی ئەو شەھیدانە و رەنگە شەھیدی دیکەشی لێ بێت،لەو شوێنەیە،بۆتە:زیارەتگای ھەموو ئەو مرۆڤە نیشتمان پەروەرانەی کە دڵیان بۆ رزگاری گەلە کەیان لێدەدا،(کەمێک دەگەرێمە دواوە،…….
باسێک لە رووداوی چۆنییەتی بوونی گڵکۆی کاک” حەمە عەزیز” لەو شوێنە دەکەم. ساڵی ١٣٦٤، پۆلێک لە کوورە ئازاو فیداکارەکانی ھێزی مووعینی بە فەرماندەیی کاک حەمە عەزیز،لە گەڵاڵەی کوردستانی باشوورەوە،بەرەو ناوچەی سەردەشت گەراینەوە،جەنگەی شەری ئێران و ئێراق بوو،لە دۆڵی سەفرەوە دەرباز بووین،ھاتین لە گووندە جوانەکەی “ھەرزنێ ” کە ئەو کات ھێشتا نەکەوتبۆ بەر ئاگری شەری ماڵوێرانکەری ئەو دوو وڵاتەو شاڵاوی راگواستن،لە باوەشی ئەو خەڵکە نیشتمان پەروەرو پێشمەرگە خۆشەویستە دا:لە نێو لاوان و کیژانی دڵ پڕ لە ھەست و ئەوین دا،نان و چاییمان خواردو ماندوویەتی گەرمای رێگای ئەو ھاوینەمان دەرکرد،بە پەلە دوای دەرکەوتن لە گووندی ھەرزنێ رێگای دووری ئەو شەوەمان گرت،رەنگە دوای ئەو ھەمووە دوور کەوتنەوە لەو سەردەمە، ھێندێک لە باسەکان باوەر کردنیان ئاسان نەبێ،ئاخر کوورانی دێموکرات زۆر جار شتی مەحاڵیان، کردۆتە واقع و چۆکیان پێداداوە،ئەو شەوە،بە نێوانی دوو کەمینی ئەرتەشی پۆشتەو پەرداخی ئێران و ئێراق و بە نێو مەیدانی مینەکانیان دا دەرباز بووین،ئەوە لە کاتێک دا: “نوورئەفکەنیان “ھەڵدەداو دەبوا نێوە نێوە خۆمان تەختی زەمین کردبا،کەمینەکانیان دەبینران،( ئاخ ئیرادەی ئەو رۆژگارە ) ئێمە دەرباز بووین و شیو بە شیوو تەپۆلکەی بەینی گەناو و بەشی ئێرانمان بڕی،بە نەواری مەرزی دا سەرکەوتین بۆ کۆخی( سمایلە شەنگەی باوزێ)
تا گەیشتن بەو جێگایە ھەورازێکی سەخت و تاقەت پرووکێنمان بڕی،ھیلاکی رێگا ھیچ ،تینوەتی برستی لێ بڕین،ھاوار ھەر ھاواری تینوەتی بوو،بە گەیشتنمان بەو شوێنە،شەکەتی رێگاو تینوەتیمان تا رادەیەک شکاند(لە بیرم کرد لەو سەفەرە لەو جەولە نا خۆشە باوکیشم بەشدارە) واتە:باوک و کووری تاقانەی بەیەکەوە،تەجرووبەی شەوێکی تاڵ دەکەن،جار جار دەھاتە لام و دەیگوت:عەلی رۆڵە چۆنی زۆر ماندووی تینووتە،ئەوە لە کاتێک دا منیش،دڵم لای باوکم بوو،زۆر باش دەمزانی،چەندە ئازار دەچێژێ،ئەو کە لەو سەختییە دا:کوورە تاقانەکەی دەبینێ،دەبێ :چەند ھەستێکی ناخۆشی ھەبێ) ببوورن دەمەوێ شتەکان وەک خۆی بگێرمەوە،
ئێستا کە ئەو دێرانە دەنووسم و بیر لەو رۆژگارەو رۆژانە دەکەمەوە،بڕوا بکەن لە بەر فرمێسکی چاوم ناتوانم بە تەواوی بنووسم،لەوێ دوای پشوویەک،بە نزیک سەرچاوەی ساردکێ و بە کەلێنێ لە غاوگیری دا:دەرباز بووین و بێ وەستان رێگامان بڕی تا گەیشتینە،سەرچاوەی باژاری،ئەو شوێنەی،کە دوای وەرێ کەوتن لەوێوە،ھەر رۆژێک دواتر بوو بە مەنزلگای ئەبەدی فەرماندە چاو نەترسەکەمان،ئەو رۆژە لەوێ حەساینەوە،ئێوارە:چەند ساتێک بەر لەوەی وەرێ کەوین،کاک حەمە عەزیز چاوێکی بە پێشمەرگەکان دا گێراو،بە جۆرێکی چاوەروان نەکراو گووتی”:خۆزگە کە شەھید بوویی لەو شوێنە خۆشە بتنێژن،”بە بیری کەس دا نەدەھات شاھیدی بەدی ھاتنی ئەو خۆزگە تاڵە بین،بە پێکەنینەوە چەند ھاورێیەک بە چەند قسەیەکی خۆش چوونە ناو قسەکەیەوە،کەس نازانێ ئەو ئیلھامە لە کوێوە ھاتووە،نا شتی وا روو نادات،زۆر جار بۆ زۆرێک لە ئێمە ئەو ختوور(ئانە) دێن شتێک بۆ نیگەرانی بە دی ناکرێ،پۆلێک رۆڵەی ئازای دێموکرات،لە دەستەی چواری شەھید کاوە مارەغانی،دەوری فەرماندە دەستەکەی خۆیان داوە،ئاخر ئەو فەرماندە خاکی و چاونەترسە،ھەرگیز خۆشەویستییەکەی لە ناو پێشمەرگەکان دا: وەسف ناکرێ،ئەو خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەی سەردەشتە،ئەو پێشەوایەتی دەیان داستانی کەمەرشکێنی کردوە،ھەر بۆ نموونە:لە دەست بە سەر داگرتنی پادگانی مەھاباد،شەری سێ مانگەی دارساوێن ، کەمینی نێوان گووندەکانی سوورەچۆم و قەلەرەشە، کە لەو کەمینە دا:ھەر خۆی یەکەم ئاربیچی حەوتی بە رووی کاروانی ھێزە داگیرکەرەکان دا تەقاند،رەنگە لەو ناوچەیە یەکەم زەربەی دوای داگیر کردنەوەی ناوچەکە بێ، لەو کەمینە دا:دەیان کەس لە داگیرکەرانی کوردستان بوونە خەڵووز، لاشەی ماشێنە تێک شکاوو سووتاوەکانیان چەند ساڵ دواتر،وەک نمادێک بۆ ئازایەتی گەلی کورد و شکستێکی گەورەی دووژمن ھەر لەو شوێنە مابوونەوە،( ئەوەش زیاد بکەم ھەر لە دوای ئەو حەمەلیاتە قارەمانانەیە دا بوو:کە من ناچار بووم گووندەکەم جێ بھێڵم وژیانی ئاوارەیی بۆ ھەمیشە میوانێکی دانەبڕاوم بێ ،کە لە بەشەکانی داھاتوو دا باسی دەکەم،کاک حەمە عەزیز زۆربەی ناوچەکانی کوردستان بۆ مەئموورییەتی حیزبی گەراوەو بەشداری زۆر بەرگری قارەمانانەی کردووە،لە شەری سێرییانی نەغەدە دا:بەشداری چالاکانەی ھەبووە،ھەر لەو شەرە لە سێرییانی نەغەدە و پێش گرتن بە ھێزی داگیرکەر،لە گەڵ تاکە ھاوسەنگەرێکی بە ناوی سمایلە سوور،بوو بە وێردی سەر زمانی خەڵکی ناوچەکە، لەو شەرەدا:وەک قەڵا بەرامبەر بە ھێزی داگیرکەر و تانکەکانی وەستان و تا شەو بەرگرییان کرد،ئەو:زینوێ رۆستەماڵییانی لێ دیارە،لووتکەی چیای سەرکەشی زەنگەڵدۆڵی لێ دیارە،ھەر دوور نەرۆین لەو دوو شوێنە،سەرکردایەتی دوو شەرگەی گەورەی کردوە،ئاخر داستانی شەری ئەو شاخە سەرکەشە کە سەری نەوی نەکرد، بۆ داگیرکەرانی جەھل و نەزانی و،پاسدارە تایک پەرستەکانی تارانی راچڵەکاند،رەنگە باس کردنی سەخت بێت،چۆن:چەند رۆژێکە ھێزە دژی گەلیەکان بە قەولی خۆیان ناوچەیان گرتۆتەوەو دژی شۆرشیان ئەو دیو سنوور کردوون، لە ناو خەڵک دا بڵاویان کردۆتەوە کە دژی شۆرشەکان کۆتاییان ھاتووە،ئەوان سەر مەستی ئەو سەرکەوتنانە بوون و بە خەیاڵی خۆیان جارێکی دیکە ناوچەکە:رووی نا ئارامی بە خۆیەوە نابینێتەوە،ئا لەو کاتە دا:تاڵاوێکی وا بە گەرووی ھێزەکانی دووژمن دا دەکەن، کە تا ئەبەد لە بیری نەکەن لەو شەرە قارەمانانەیە دا: بە دەیان کەس لە ھێزەکانی داگیر کەر خۆیان لە لووتکەی شاخەکان خستە خوارەوە،چەند ساڵ دواتر خەڵکی ناوچەکە پاشماوەی ئەو شەرەو کەرەسەی بە جێماوی داگیرکارانیان لە شاخەکان دێناوە،ئاخر خۆ کوردستان وەک ئێستا بێ دەنگ وبێ خاوەن نەبوو،ئەوە حەمە عەزیزە ئەو کەسەی بە ناوھێنانی دووژمن زەندەقی دەچێ،من ئەو نووسینەم،ناکاتە قەترەیەک لە ئازایەتی و بوێری ئەو فەرماندە،بڕۆن پرسیارێک لەو فەرماندەو پێشمەرگە ئازایانە بکەن،کە ئەو ئەفسانەیەی دێموکرات وگەلی کوردیان بینیوە.،لە:مامۆستا “مەلاحەسەن شیوەسەڵی ” پرسیار بکەن، بزانن بۆ گووتویەتی:حەمە عەزیز یەکەم فەرماندە بووە بۆ شەری جەبھەیی،حەمە عەزیز بارتەقای ئازایەتی و کاریگەرییەکەی بۆی نەنووسراوەو نەگووتراوە،بە داخەوە(ماوە ئەوش بڵێم :کاک رەسوڵی عەزیزی کە دەکاتە برای چووکتری کاک حەمە عەزیز لەو سەفەرە بێ گەرانەوەی کاک حەمە بەشدارەو شان بە شانی پێشمەرگە ئازاو فیداکارەکان لە خەتی پێشەوەیە،ئەو ئازایەتی و فیداکاری لە برا گەورەکەیەوە بۆ بە جێ ماوە،)دوای چەند ساڵ و دواتر شەھید بوونی کاک رەسوڵیش چیرۆکێکی زۆر تاڵ و دووبارە بوونەوەی کارەساتێکی وا ناخ ھەژێنە،کە:ھەموو پێنووسێک ناتوانێ بینووسێ.ئێستا وەرێ دەکەوین……
درێژەی ئەو روەداوە تاڵە بۆ بەشی داھاتوو.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *