ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە بەشی بیست‌ویەکەم (۲۱) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
لە مێژووی جوڵانەوەی کورددا زۆرن ئەو کەسانەی کە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەمیشە یار و یاوەری جوڵانەوە بوون و خزمەتی زۆریان بە دۆزی رەوای میللەتەکەیان کردوە. بەڵام وەک سەربازی ون، ناویان نادیار ماوەتەوە. ناوچەی سەردشت بە درێژایی مێژووی جوڵانەوەکان پڕ بووە لەم کەسە سادە، خۆنەویست و شۆڕشگێڕانە کە دڵیان هەمیشە لای پێشمەرگەکانی دێموکرات بووە بۆ ساتێکش بە بیر و باوەڕ لە پێشمەرگە دانەبڕاون . هەموو ئەم تێکۆشەرانەی هێزی گیاڕەنگ کە ماون، دەزانن هەر کات ئێمە ڕێگەمان لە گوندی کۆدەڵێ و دەوروبەری کەوتبێ بۆ ئێمە پڕ بووە لە بیرەوەری خۆش و ناخۆش. هەرکات لە دەورووبەری ئەم گوندە دەماینەوە لە گەڵ گزینگی سەرلەبەیانی بەدەنگی زەنگۆڵەی مێگەلە مەڕێ خاڵەمەحموود ناوێک وەخەبەر دەهاتین و زۆری نەدەکێشا خاڵە مەحموود بە خۆی و کتریەڕەشەوە دەگەیشتە لای ئێمە و دەستی دەکرد بە گێڕانەوەی قسەی خۆش و هێندێک جار جنێویشی پێ دەداین!!. بەڵام لە هەموو ئەو ماوەی‌دا کە خاڵە مەحموود دەهاتە لامان بۆ جارێکیش خراپەمان لێ نەدی، غەیری دڵسۆزی و خزمەت نەبێ. پیاوێکی قسەخۆش، کوردێکی ڕاستەقینە و دڵسۆزێی هێزی پێشمەرگە کە زۆر جار ئەو نان و چا و پێخۆری رۆژانەی خۆی بە پێشمەرگەکان دەبەخشی. زۆرجاریش وەک نیگابانێک وابوو بۆمان، هەر شتێک رووی دابا دەستبەجێ ئاگاداری دەکردینەوە و هەر ئەم ڕەفتارانەی ئەوی کردبووە خۆشەوێستی هەموو پێشمەرگەکان . جارێکی هەر لەو دەور و بەرە بووین، مەحموودمان لێ پەیدابوو. کە هات، عومەر دیواڵی کە کادری دەرمانی بوو خەریکی ئامادەکردنی دەرزییەک بۆ پێشمەرگەیەککەنەخۆش بوو کە لێی بدات، مەحموود لە عومەری پرسی ئەوە چی دەکەی؟ ئەویش لە وڵامدا گووتی؛ دەرزی لەو پێشمەرگە دەدەم. مەحموود وتی: یانی بەڕاستی دەزانی دەریش لێ بدەی؟!.. عومەریش گووتی؛ بەڵێ. مەحموود گووتی؛ بەخوای مادام عومەر فێری دەرزیلێدانێ بوو حیزبی دێموکرات دانیشگایە. *** ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی۱۹۹۴ میلادی ئێمە تیمێک لە کادر و پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ لە ناوچە بووین، دوای ماوەیەک لە گەشت و گەڕان لە گوندەکانی ناوچەی “بووڵفەت”ی سەردەشت، ڕۆژێک بۆ مانەوە چووینە خوار ماڵان لە گوندی گردێنە و لەوێ ماینەوە. ماوەیەک بوو حەماممان نەکردبوو و جل و بەرگەکانمان پێویستیان بە شۆردن بوو. بۆیە لەو دەرفەتەمان ئیستفادە کرد و لە کۆبوونەوەی ئێوارەماندا بڕیاردرا بۆ نان و چای خواردنی شەوێ بچینە گوندی کۆدەڵێ . ئێوارەێ سەرکەوتین بۆ کێوی جەنگی کە دەڕوانێتە سەر ماڵی کۆدەڵێ. هەموومان لەوێ دانیشت بووین چاوڕوانی ئەوەمان دەکرد ڕۆژئاوا بێت و بچینە نێو ئاوایی .بە دوربین چاوەدێریی ناوچەکەمان دەکرد، لە پڕ کۆمەڵێک چەکدارمان بەرچاو کەوتن کە لە مەسیری کانیلان بەرەو گوندی کۆدەڵێ دەهاتن. وامان هاتنە بەرچاو کە جاش بن. چونکی دوو کەسیان بە لیباسی ڕەشەوە لە گەڵ بوون. ئەوان لە نێو وێنجەیەک لە دەوری یەک کۆببوونەوە. ئێمەش ساغبووینەوە مادام لەم شوێنە لەبارە و بەو ئێوارە بۆمان هەڵکەوتوون، دەکرێ زەبەیان لێ بدەین. بەرنامەی لێدانیانمان داڕ شت و بووین بە سێ دەستەی پێنج کەسی؛ دەستە یەکەم؛ کەریم تووژەڵی و چوارکەسی دیکە بۆ خوار ماڵان. دەستەی دووهەم لە لای ساوان ڕا بۆیان بێن و دەستەی سێهەمیش کە خۆم لە گەڵیان بووم. بە پێی بەرنامە دەبوایە ئێمە یەکەم تەقە دەست پێ‌بکەین. بەمجۆرە هەر دەستەو بەرەو شوێنی خۆی دەچوو. ئێمە کە بەرەو شوێنی خۆمان دەچووین، مەڕی خاڵە مەحموود لەسەر ڕێگای ئێمە بوو. کە چاوی بەئێمە کەوت، خاڵە مەحموود لەبەر خویەوە دەیگووت؛ هەو نین بۆ کوێ؟!! ئێمەش پێمان وابوو لە بەر خۆیەتی تا شەڕ درووست نەبێ. بۆیە گوێمان پێ‌نەدا و بەخێرایی بەرەو شوێنی خۆمان دەچووین. کاتێک گەیشتینە شوێنی مەبەست و خۆمان بۆ لێدانی ئەوان ئامادە دەکرد، خاڵە مەحموود بەپەلە هات و ڕاست لەو کاتەدا کە خەریک بوو تەقەیان لێ بکەین، هاواری کرد؛ نەکەن، دەست ڕاگرن کورە، ئەوە حمەنارستی‌یە!!. لەگەڵ هەرالێکردنمان جنێوی پێ‌داین و گووتی؛ هۆ نیزامی کەللە ڕەق بۆ وادەکەن ڕاوەستین ئەوە هێزی زمزیرانن . بەم شێوەیە خاڵە مەحموود فریامان کەوت و نەیهێشت کارەسات روو بدات. دوایی ئێمە و هێزی زمزیران لە دەوری یەک کۆبووینەوە و خاڵە مەحموودیش زۆری قسەی خۆشی تێکەڵ بە جنێوە تایبەتییەکانی خۆی بۆ کردین. ئەگەر خاڵە مەحموود نەبا و فریا نەکەوتبا ڕەنگە لە یەکەم دەستڕێژدا چەند کەس لە هاوسەنگەرانی خۆمان شەهید بووبان. بۆیە تاماوم ئەو دڵسۆزیەی خاڵە مەحموود لە بیر ناکەم . لە کۆتایی ئەم بەشە لە بیرەوەرییەکان‌دا با شتی خۆش ون نەبێ؛ خاڵە مەحموود بە شەهید حەمەنارستی دەگووت، ئەگەر من نەبام وزعت شڕ دەبوو. کاک حەمەیش حاڵی دەگیرا و ئێمەش دەمانگووت وڵلا خاڵە مەحموود ڕاست دەکا. کاک حەممە نارستیش دەیگووت؛ خاڵە مەحموود تویش و هەموو ئەو کوڕانە باش من دەناسن و دەزانن هەروا بە ئاسانی شڕ نابم. جارێکیان هەر لە سەر ئەو بەسەرهاتە خاڵە مەحموودیان لە ئیداری ئیتلاعاتی سەردەشت بانگ کرد بوو و پێیان گوتبوو، بۆ نەتهێشتوە تەقە لێک بکەن، ئەویش حاشای لێ کردبوو. لە کۆتایی‌دا سڵاو لە خاڵە مەحموود و تەواوی ئەو کەسانەی کە بە شێوەی جۆراوجۆر خۆنەویستانە و بە بێ هیچ چاوەڕوانییەک، یارمەتیدەر و پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو. وێنەی یەکەم شەهید عەبدووڵای سەدیقی غەفوورواوەی ئەحمد نەڵاسی . وێنەی دووهەم هەمان ڕۆژ کە خاڵ محمودهاتە لامان عومەردیواڵی خەریکی دەرزی لێ دان بوو لە کانیلانی کۆدەڵێ .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *