لە پێناوی نیشتمان دا! بەشی سێهەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
بریندارێکی نادیار! هێشتا ئەو تیمەی ئێمە هەستیان بە برینداربوونی من نەکردبوو و ئەوانیش وەکوو من پێیان وابوو کە دەبێ تیمی دیاریکراو چووبنە شوێنی خۆیان. ئامرازی پێوەندی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەدا زۆر کەم بوو و ئەوەش وایکردبوو کە ئەو دوو تیمە زۆر ئاگایان لە یەکتر نەبێت. تیمەکەی من گوێیان لە هاواری خەڵکی گوند دەبێ و دەبینن کە کەسێک بە سواری هێسترێک و چەند کەسێک بە دەورەوە بەرەو دەرەوەی ئاوایی بەڕێوەن. بەڵام کاتێک دەگەنە بەتاڵایی ناودێ، لە پڕ دەگەڕێنەوە وبریندارەکە لە ناو پەرژینی ڕەزێکدا، کە تێکەڵاوێک لە چقڵی شیلان و مێوژیلکی ویشک بوو، دەشاردرێتەوە.ئەوان پێیانوابووە کەسێکی خەڵکی ئاواییە و دەیانهەوێ بیپارێزن. هێندە نابا هێزەکانی ڕێژیمیش دەگەنە نێو ئاوایی. تیمەکەی من کە هەست دەکەن، من لە لای ئەوان نەماوم بیریان بۆ ئەوە دەچێت کە بۆ لای تیمەکەی نێو قەبرستانەکە چووبم و لە گەڵ ئەوان یەکترمان گرتبێتەوە، بەڵام دەبینن کە هێزی ڕێژیمیش هێرشیان بۆ نێو ئاوایی دەست پێکردووە و هیچ هەواڵێک لە تیمەکەی دیکە نیە.
پێشمەرگەکان هەر زوو تێدەگەن دەبێ تیمەکەی دیکە نەچووبنە جێگای دیاریکراو و ئەو هێرشەش بۆ دۆزینەوەی بریندارەکە بێت. هێشتا دڵنیا نین کە بریندارەکە پێشمەرگە بێت، بەڵام کە وا بە پڕتاو شاردرایەوە، نابێ بێڵن بکەوێتە دەستی هێزی پەلاماردەر. ئەو خەڵکەش کە لە نیزیک پێشمەرگەکانن، باسی برینداربوونی پێشمەرگەکە ناکەن، تا نەکا سەربازەکان گوێ بیستی ئەوە بن. پێشمەرگەکان چاویان لە شوێنەکەیە و هەموو هەوڵیان ئەوەیە لە کاتی شەڕدا تەقە لەو شوێنە نەکەن. شەڕێکی قورس لە نێو ئاوایی و دەورووبەریدا دەستی پێکرد و هێزی دوژمن تا دێت ژمارەیانەوە زیاتر دەبێت. سەرەڕای هێزی زۆری دوژمن بەڵام دوای شەڕێکی قورس، پێشمەرگەکان هێرشەکەیان تێک شکاند.
هێشتا پێشمەرگەکان ئەوەندە دەرفەتیان نەبووە بەرەو لای بریندارەکە بێن، کە هێزەکانی دوژمن دووبارە هێرشیان کردەوە. هێرشی ئەمجارە بەربڵاوتر بوو. ئەوجارە تەنانەت بە نێو ڕەزەکەشدا هاتن و چەند میترێک لەو لای منەوە دەستیان بە بازدان لە کەڵەکی پەرژینە ڕەزەکە ڕا کرد. دووبارە دەستیان بە گەڕان بە دەورووبەری ئەو شوێنەدا کردەوە. پێشمەرگەکان بۆ جارێکی دیکەش گەڕانەکەیان لێ تێکدانەوە. یەک یان دوو کەسی هێزی هێرشبەر ئەنگێوترابوون، کە یەکیان چەند میترێک لە بەتاڵایی خوار منەوە کەوتبوو. دوای شەڕێکی توند، هێزەکانی دوژمن بۆ جاری دووهەم ناچار بە پاشەکشە بوونەوە. هێشتا ڕۆژ بە تەواوی ئاوا نەببوو، لێک جیاکردنەوەی چەکدار و بێ چەک زۆر ئاستەم نەبوو.
گڵ و خۆڵی ڕێگا و شاردنەوەی خوێن!
تەپ و تۆزی زۆری نێو ئاواێی وایکردبوو ھەڵگرتنی پێ و شوێنی من بەھۆی خوێن لەبەر ڕۆیشتنەوە ئاستەم بێت. لەو شوێنەی کە برینەکانم پێچران خوێنێکی زۆر لە سەر ئەرزەکە ڕژابوو، بەڵام نەک ھەر ئەو خوێنە بەڵکو ئەوەی لە مەودای نێوان شوێنەکە تا شوێنی شاڕدنەوەشم لە بەرم ڕۆیشتبوو بە گڵ و خۆڵەکە ون ببوو.
دواین و چەپەڵترین هێرش!
هێزەکە بۆ جاری سێهەم هێرشێکی بەربڵاویان بە مەبەستی دۆزینەوەی من و هێندێک مەبەستی تایبەتی دیکە دەست پێکردەوە. بەڵام ئەوجارە نەیانوێرا بەرەو ئەو شوێنە بێن کە منی تێدا شاردرابوومەوە. تاریکایی باڵی بە سەر گوندی قوڵەسوێرو و دەرووبەریدا کێشابوو، لێک جیاکردنەوەی چەکدار و بێ چەک زۆر ئاستەم بوو. دوژمن باش دەیزانی کە توانای خۆڕاگری لە هەمبەر پێشمەرگەدا نیە، بە هاسانیش ناتوانن لە گوندەکە بچنە دەر.
ئەوجارە بۆ خۆ پاراستن لە هێرشی پێشمەرگەکان و وەک پیشەی هەمیشەیی خۆیان، خەڵکیان کردە دیواری بەرگری لە خۆیان و ژمارەیەکی زۆری خەڵکیان بەم شێوەیە لە گەڵ خۆیان بەرەو مۆڵگەی گوند برد، تا بەمجۆرە ڕق و قینی خۆیان بە خەڵکی بێدیفاع بڕێژن. تەنانەت کوژراو و بریندارەکانیشیان بەو خەڵکە ڕاگواستبوو.
سەربازەکان ئەوەی دەستیان کەوت لە ژن و منداڵ لە گەڵ خۆیان بردیان. زریکە و هاواری ژن و منداڵ هەموو ئینسانێکی دێنایە گریان. تارمایی هەواڵێکی ناخۆش وەک قەلی ڕەش بە سەر گوندەکەوە دەیقراند. بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئاوایی بردرابوونە لای مۆڵگەی ئەو لای ئاوایی و بێ حورمەتیان پێدەکرا و ئازار و ئەشکەنجە دەدران. ڕەپێچەکدانی خەڵک وا بە بەربڵاوی دیمەنێکی زۆرسامناکی دابوو بە گوندەکە. گوندێکی پڕ لە جمو جۆڵی شەوانی ڕابردوو ئێستا وەک چۆڵەوانی دەچوو. ئەو کەسانەش کە بە جۆرێک توانیبوویان خۆیان پەنا بدەن تا نەبرێن بۆ مۆڵگەکە، هێشتا ترسەکەیان نەڕەویبۆوە، خۆیان دەرنەدەخست. تا بۆیان دەکرا خۆیان لە داگیرساندنی چرای ماڵەکانیان دەپاراست. ترسی زۆرتری خەڵکەکە لە دژکردەوەی مۆڵگەی ڕێژیم ڕۆژی دوای شەڕەکە بوو، ئەو کاتە کە ترسی بوونی پێشمەرگەیان نەمابوو.
ئەوانە کە لە نێو دێدا مابوون و ئەو پێشمەرگانەش کە لە دەورووبەری دێ بوون، گوێیان لە هاوار و ناڵەی ژن و منداڵ بوو، کە یان لێیان دەدرا و بێحورمەتیان پێدەکرا، یان ئەشکەنجەی پیاوەکانیان بە چاوی خۆیان دەدیت.
بوونی ژمارەیەک ماڵی ئاوارە!
گوندەکانی شوێنی عەمەلیاتەکە سەرەڕای دانیشتووانی خۆیان، پێشوازییان لە ژمارەیەک ماڵی ئاوارەی ناوچەی “ئالانی سەردەشت” یش کردبووزب. ئەو بنەماڵانە بە هۆی شەڕی ئێران و ئێراقەوە ئاوارەی ئەوێ بوو بوون. چەند ماڵێکیش لە گوندی قوڵەسوێرو حاوابوونەوە.
مانەوەم لە نێو پۆلە شیلانەکەدا!
ئەو کاتە کە بە برینداری لە نێو چەقڵە شیلانەکەدا شاردرابوومەوە، ئەگەر هێزەکانی حکومەت بیاندیبامەوە، توانای بەرگری کردنم نەبوو. چەکەکەم خراپ ببوو و لەو کاتەشدا، لە لایان خەڵکەکەوە شاردرابۆوە تا دەرفەتی دیتنەوەم بگاتە کەمترین ڕادە. هیچ نارنجۆکیشم پێ نەبوو تا لە کاتی ئاستەمدا بە خومیدا بتەقێنمەوە و بە برینداری نەکەومە دەست هێزەکانی ڕێژیم. ژیانی خۆم وەک فیلمێکی سینەمایی بە خێرایی بە بەرچاومدا تێدەپەڕی. هەر کە هێزەکانی ڕێژیم هێرشیان دەکرد، ژمارەی پێچەوانەی ژیانی منیش دەستی پێدەکرد. هەر هەنگاوێک کە هێزەکە بەرەو شوێنی منی دەهاتنە پێش، ژیانی منیش هەنگاوێک زیاتر لە کۆتایی خۆی نیزیکتر دەبۆوە. ئەگەر ئەوان فەرمانیان پێ بکرابایە، تەقە لە پەرژینی ڕەزەکان بکەن، بێ شک ئەو شوێنە یەکەم مەبەست دەبوو. دەکرێ هۆی تەقە نەکردنەکەش ئەوە بوو بێت، کە پێیانوابوو بێت، بریندارەکە لە ژووری ماڵێکدا شاردرابێتەوە، نەک لە نێو پۆلێک چەقڵە شیڵانی تۆزاویدا.
لە کاتی مانەوەم لەوێدا گوێم لە هەڕەشە و گوڕەشەی هێزی پەلاماردەر بوو و هەستم بە باز بازێنی سەربازەکان لە سەر کەڵەکە بەردەکەڕا دەکرد و تەنانەت جارێک لە کەلێنێکی مێوژیلکەکان ڕا چاویشم بە یەک یان دوو سەرباز کەوت کە چەند میترێک لەو لای منەوە لە پەرژینی ڕەزەکەڕا بازیان دایە خوارەوە. بێ چەک هیچ شتێکم لە دەست نەدەهات. بۆ پێشمەرگە هیچ شتێک لە، لە کارکەوتنی چەکەکەی ناخۆشتر نیە. بێتو لە نێو گەمارۆی دوژمنیش دابی، ئەوە حوکمی مەرگی خۆت ئیمزا کردووە. بۆ خۆم بە هۆی لە خۆبوردوویی خەڵکەوە تا ئەو کاتە لەوێ مابووم و ئەگەر ئەوان نەبانایە دەکوژرام یان بە دیل دەگیرام. زانینی شوێنی شاردنەوەم لە لایەن پێشمەرگەکانەوە، گەر چی لە سەرەتادا پێیان وابوو کەسێکی خەڵکی ئاواییە، بوو بە هۆی پاراستنی من لە تەقەی پێشمەرگەکان. لە چەند میتری خوارەوەی من کەلاکی سەربازێک کەوتبوو، بەڵام زۆر وەستایانە تەقەیان لێکرد بوو کە نەکا نیو میتر سەرتر بە ژمارەی زامەکانی جەستەی منەوە زیاد کەن یان شەهیدم کەن.
بە جێ هێشتنی پەرژینەکە؟!!!
تاریکایی باڵی بە سەر وڵاتدا کێشاوە و هێزەکانی ڕێژیم دوای تێک شکانی سێهەم هێرشیان و بە بارمتە گرتنی خەڵکی ئاوایی و بردنیان بۆ مۆڵگەکەیان ئەو ناوەیان چۆڵکردووە. ئەو خەڵکەش کە لە نێو ئاواییدا ماون، سەرەڕای ترسیان لە هێرشی دووبارەی هێزەکانی ڕێژیم، بە دیتنی پێشمەرگەکان دێنە دەرەوە و هاوکاری پێشمەرگەرکان دەکەن تا بێن و من بدۆزنەوە. تاریک داهاتووە و ئیمکانی هەڵکردنی چراش نیە تا بە دوای مندا بگەڕێن. پێشمەرگەکان پێیانوایە من بە هۆی لە بەر ڕۆیشتنی خوێنێکی زۆر دەبێ بێهۆش بووم، یان بە هۆی تینوێتی لە ڕادەبەدەر ناتوانم قسە بکەم، هەربۆیەش زۆر بە وردی دەستیان بە پشکنینی هەموو پەرژینەکە کرد. لە نێو پێشمەرگەکاندا دەنگی کەسێک بە نێوی “حەمەدەمینی مام قەرەنی” م ناسیەوە و بانگم کرد و گوتم وەرە لێرەم. بۆ پێشمەرگەکان جێگای سەرسوڕمان بوو کە توانای قسەکردنم مابوو. ئەوان پێیانوابوو برینەکانم زۆر کاری بوون و بە هۆی لە بەر ڕۆیشتنی خوێنێکی زۆریش بێهۆش بووبم. بەڵام من پێم گوتن کە برینەکانم سوکە. ئەگەر بە هۆی بارگرتنی لاقم، کە لە نێو پەرژینەکەدا توانای درێژکردنیم نەبوو، نەبووایە، دەمتوانی تا ڕادەیەک بۆ خۆشم بڕۆم. بە ھۆی ڕووداوەکانی ئەۆ ڕۆژە ھەموو لا خۆیان لە ھەڵکردنی چرا دەپاراست. بێ ڕووناکیش دەرهێنانی من لە پەرژینەکە تۆزێک ئاستەم بوو. دوای زیاتر لە کاتژمێر و نێوێک مانەوە لە ناو پەرژینەکەدا، پاش هەوڵێکی زۆر و قەبوڵکردنی چەند دڕکێکی دیکەی چەقڵە شیلانەکە ڕزگارم بوو و بە کۆڵی “حەمەدەمینی مام قەرەنی”٭ لەو شوێنە دوورخرامەوە.
——–
شەوی پێشتر لە یەکێک لە گوندەکان بۆ نانخواڕدن دابەش ببووین. لە گەڵ دوو کەس کە یەکیان ھەر ئەو حەمەدەمینی مام قەرەنی بوو وەبەر ماڵێک کەوتین کە زۆر قسەی خۆشمان کرد. حەمەدەمین لە ناو خەڵک و پێشمەرگەدا بۆ قسە خۆشی و ئازایەتیش بە نێوبانگ بوو. زۆرمان باسی “کەلانە” کرد. ژنی خاوەن ماڵ یەک بە یەک لە ئێمەی دەپرسی داخوا کەلانەمان پێخۆشە؟ حەمەدەمین کەلانەی پێخۆش نەبوو و نەشی دەویست باسی بکەین. کاتێک بە کۆڵیەوە بووم گوتم؛ ئەتۆ کەلانەت پێخۆشن؟ لە سەرخۆ گوتی وامزانی بریندار بووی هەموو شتێکت لە بیر چۆتەوە؟ گوتم جا خۆ سەرم بریندار نەبووە هەتا قسەم پێنەکرێ.
درێژەی هەیە….
٭محەمەد ئەمینی مام قەرەنی پێشمەرگەیەکی زۆر ئازاو و قسە خۆش بوو، هاوکات زۆریش بە هێز بوو. ناوبراو وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا و چۆوە نێو خۆ. دوای چەند ساڵێک بە هۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *