بەشی سێھەمی “گەڕانەوە(٣) له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی “

Posted by

بەشی سێھەمی “گەڕانەوە(٣)”
نووسینی: عەلی سوورەچۆمی
پێداچوونەوەی کاک(ھەمزە ئاگووشی)
ئەو ئێوارە پۆلێک رۆڵەی دڵ پڕ لە ئەوینی نیشتمان، ھەناسەیان تێکەڵاوی ھەناسەی گەلێک دەبێ…ئەو کاروانە دەمێکە رێگا دەبڕێ و بە درێژایی مێژوومان درێژ بۆتەوە… ئەوان شەرەفی گەلێکن…گەلێکی پەلاماردراو. بست بە بستی خاکی جوانم، ھەموو شیوو قەد پالێکی،پەنا چیاو زۆزانێکی، لەبن ھەر دەوەنێکی، لەژێر ھەر تاشەبەردێکی، لە لووتکەی ھەر شاخێکی، یادگارێکی بە جێماوی ئەوانی لێیە.

یا پشتێنێکی جێماوە، یا تاکە ئەدیداسێکی پێی رۆڵە کوردێکی شەھید کراوە، یا جامانەیەکی خوێناوی! سەرم بەرز دەکەمەوە و چاو دەگێرم، دەبێ لەسەر ئەو خاکە، تا کەی دڵی پڕ لە ئەوینی لاوانی وڵاتی من لە لێدان بکەوێ؟زاڵم لاوانی وڵاتی من دەمرن،بەڵام سەری بەرزیان نەوی ناکەن! ئێمە وەستاوین،ھەر کۆرپەیەکی لە دایک دەبێ. “حەمە عەزیز”ێکە! خەیاڵتان خاوە لەو رۆژگاری بێکەسییەدا، تا “حەمە عزیز”ەکان و “حەمەدەمین مەلا عەزیز”ییەکان و “شاباز”ەکان و ھەزاران رۆڵەی ترمان ھەبێ و ببنە قووربانی بۆ رزگاری، نائومێد نابین. ھیچ پەلاماردەرێک و داگیرکەرێک، لەسەر خاکی ئێمە نامێنێ و تا ھەشبێ ئاسوودە دانانیشێ. نیشتمانی ئێمە، دەبێتە دۆزەخ بۆ خەونی داگیرکارانەتان…بە دەم رێگاوە، بە دەم جوانییەکانی نیشتمانەوە کە ئاوێتەی خەیاڵی جوانین،خەیاڵی شاد بوونەوە بە مووچە و مەزرای جوان، بە رەز و باخ و کانیاو و سەرچاوەی جوانم،دوا جار بە کۆڕی گەرم و دڵی پڕ لە چاوەروانیی ماڵە دێھاتییانم، لەپڕ بە دەم ئەو ھەموو خەیاڵانەوە، لە حاڵێکدا گشت گیانم شەڵاڵی ئارەقەیە، دەنگێک بە ئارامی دەڵێ: “کووڕینە! ھاوڕێیان! وچانێک بدەن…ئاوێک بخۆنەوە”. ئای ئێرە کانی “پیرەفاتێ”یە”. ھەموومان تینووین، لێرە ھەناسەیەک دەدەین و ئارەقەی ماندوویەتی بە دەم شنەی شەماڵەوە دەر دەکەین. لەو شوێنە لووتکەی بە ھەیبەتی شاخە “خوارە”دیارە (ئەھا بیرم کەوتەوە ساڵی ١٣٦٢ کە ناوچەکە کەوتە بەر پەلامارێکی گەورەی دوژمن، باوکم لەو شاخە بۆ پارێزگاری لە نیشتمان سەنگەری گرتبوو،کە گەڕایەوە، داستانی ئەو شەڕەی دەگێڕایەوە. شتێک کە نیشانی خەڵکەکەی دەدا، شوێنی چەند گوللەیەک بوو کە بەر جلوبەرگەکەی کەوتبوو، کەچی بەخت یاوەری ببوو و دەربازی ببوو… دوو، دوو دەکەوینە رێ… ئێستا زۆری نەماوە بگەینە ئەو شوێنەی کە بەسەر دۆڵی “بێوران”دا دەڕوانێ…زێدی کاک “حەمە عەزیز”، شوێنی لەدایکبوونی، ئەو ناوچە زێدی یارێکی وەفاداری ئەوەیشە… ھاوسەنگەر و ھاوڕێ و خۆشەویستی ژیانی پێشمەرگایەتی کاک “حەمە عەزیز “، کاک “حەمەدەمین مەلا عەزیزی”. بە یەکەم نیگا ھەموو ئەو یادەورییانە زیندوو دەبنەوە کە ساڵانێکی زۆر بەیەکەوە ھاودەم و ھاو رێبازی ئامانجێک بوون. زۆر شوێنی کوردستان بەیەکەوە گەڕاون، ئێستا ئەو رۆژانەی بیر دەکەوێتەوە کە کاک “حەمەدەمینی مەلا عەزیز”ی لە پەلامارێکی ھێزە دژی گەلییەکاندا، بۆ بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان شەھید دەبێ و رێگاو رێبازی بە “حەمە عەزیز”ەکان و ھاوسەنگەرانی دەسپێرێ. ھەر کات باسی کاک حەمەدەمین و رابردووی دەکرێ، ھەرچی سیفەت و تایبەتمەندیی بەرزی مرۆڤێکی گەورەیە، دەبینرێ. ئەو کەسایەتییەکی گەورەی ناوچەکەیە و لە لایەن دۆست و دوژمنەوە حیساب بۆ کراوە… حیزبی دێموکرات و گەلی کورد بە شەھیدبوونی کاک “حەمەدەمین” رۆڵەی بەوەفای دێموکرات و فەرماندەری ئازاو بە توانا، تووشی کارەساتێکی گەورەو زیانێکی قەرەبوو نەکراو دەبن. باش لە بیرمە خەڵکی ناوچەی سەردەشت و بەشێکی کوردستانی ئەودیو، بۆ لە دەستدانی ئەو جوامێرەی گەلەکەیان چەند بە پەرۆش و داخدارن. ھەنگاوەکان تووندتر دەبن بەر لەوەی تەواو تاریکی باڵ بەسەر سرووشتدا بکێشێ و بگەینە سەر جادەی “بێوران –باوێ”. لە پڕ داوی خەیاڵ دەپسێ و تیمی پێشەوە ھاوار دەکات ھێزێکی رێژیم بە چەند دەزگا ماشێن و چەند ماشێنێکی تر کە بە جەریسەقیل ھەڵگیراون، بەرەو پێشمەرگەکان دێن. ئاگادار کراین وریا بن….دڵی ھەمووان لێدەدا و ھەناسەکان تووندتر دەبن. چەند چرکەیەکی نەبرد، شریقەی کڵاشینکۆفی پێشمەرگە بێدەنگیی ئەو ئێوارەی شکاندو رووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت دەستی پێکرد. ھێزە دژی گەلییەکان،ئەوانەی چاوی پیسی تەماحکارانەیان بڕیوەتە خاکی ئێمە، یەک بە دوای یەکدا رەوانەی دۆزەخ دەکرێن. خەریکە ھەموو شتێک تەواو دەبێ… سەرکەوتنێکی دیکە بە گوێی خەڵکی ئازارچێشتووی ناوچەی سەردەشت دا دەدرێ. دوا برینداری ئەو شەڕە ماوە و پێشمەرگەکان و لە پێشیانەوە کاک “رەسوڵ” بەرەوڕووی دەچن، لەو کاتەدا کاک “حەمە عەزیز” ھاوار دەکات: “نەکەن… نەیکووژن، بریندارە!”.کاک حەمە مەبەستییەتی سیاسەتی حیزبەکەی کە رەچاوکردنی ھەموو پرنسیپەکانی شەڕو رەوشتبەرزییە، وەک خۆی جێبەجێ بکرێ. خۆی گەیاندۆتە سەنگەری پێشەوە… ئا لەو کاتە دا کە بەرەو بریندارەکە دەچێ،دەکەوێتە بەر دەسڕێژی گوللەو بەداخێکی زۆر گرانەوە زۆر بە تووندی بریندار دەبێ. کاک “رەسوڵ” زۆر لێی نزیکە، بە پەلە باوەشی پێدا دەکات و ھاوار دەکات:”کووڕینە بگەنێ کاکم بریندارە …….”.دوابرینداری ئەو شەڕە، پاسدارێکی دڵ پڕ لە قینە…. ئەو پێدەچێ “سەروان ئەکباتانی” بێ کە بەرپرسی گشتیی تۆپخانەکانی سەردەشتە. چەند لەحزە دواتر، دڵی گەورەی فەرماندەکەمان لە لێدان دەکەوێ. ھەی مەخابن…. چەند کۆستێکی گەورەیە….ھێزی ئەژنۆمان و گەورەترین پاڵپشت و کێوی خۆڕاگریمان پێکراوە. ھاواری کاک “رەسوڵ” لە گوێمدا دەزرینگێتەوە کە دەیگوت: “پشتم شکا رەفیقان….”. ئای چ ئێوارەیەکی شوومە، سەرتای چ خەسارێکی گەورەیە. ئێستا سەنگەرێکی گەورە، چرای ھیوایەکی گەورە بۆ رزگاریی گەل دەکووژێتەوە. با کەمێک بوەستین، بیر بکەینەوە. ھەمووتان لەگەڵ من وەرنە ناو ئەو دیمەنە ناخهەژێن و کاریگەرە…قەڵافەتی شێرانەی کاک “حەمە”، ئێستا بە پشتی ھاوسەنگەرانییەوەیە. هەر لەبەر چاومە، باوکم دەستی بە پێیەکانییەوە گرتووە فرمێسکان هەڵدەوەرێنێ. ئێستا “دووکانان”،ئەو ھەواڵە جەرگبڕە بە گوێی “بێورانی خوارێ” دادەدا. ھەواڵی شەھیدبوونی یارو یاوەری کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەی سەردەشت، لە ماوەیەکی کەمدا بڵاو دەبێتەوە. خەڵک رەشپۆش دەبن. با ئەوە بڵێم :لە کوردستانی ئێمەدا ھێندێک بنەماڵە ھەن کە ھەرگیز ناتوانی بە هیچ نرخێک پاداشتیان بدەیەوە. ئەوەندە لەو شۆڕشەدا قوربانییان داوە، ھیچ شتێ ناکاتە بارتەقای ئازارەکانیان. چەندین جار بۆ ئازیزانت ئەژنۆی حەسرەت لە باوەشگرتن دەبێ چەند دشوار بێ؟!! تەنیا شتێک کە دەتوانین بیکەین، کڕنۆشبردن بۆ روح و باڵایانە. رۆژی رزگاری لە گۆرەپانی ھەموو شارێکی وڵاتەکەمان پەیکەریان بۆ دروست بکەین و بیکەین بە زیارەتگای ئەویندارانی رزگاری. فرمێسک لە چاوی ھەموومان دەبارێ… شتێک کە ھەموومان بیری لێ دەکەینەوە، چی بکەین لە ئازار و ئێشی کاک “رەسوڵ”ی برای کەم بکەینەوە،کە تەنیا ھاواری ئەو، ئەوەیە: “براگیان پشتت شکاندم…”. سەرەڕای ئەو خەمە قوورسە و ئەو کۆستە گەورەیە،دەبێ ئەو ھەواڵە جەرگبڕە، بە باوکی و دایکی و بە ھاوسەری کاک “حەمە” واتە براژنە “خەجیج”و خووشک و براکانی رابگەیەنێ. ئیدی لێرەوە چوار مناڵی چاوگەشی وڵاتەکەم لە نازو نیعمەتی باوکیان بێبەش دەبن و ئیتر نایبیننەوە…… تۆ بڵێی ئەو چیرۆکە تاڵانەی وڵاتی ئێمە تاکەی درێژەیان هەبێ؟!! تاکەی منداڵە جوان و چاوگەشەکانی نیشتمانی ئێمە دایکان و باوکان و خوشک و براکانی ئێمە،ئەو داستانە پڕ لە تراژیدییانە لە سەریان دووبارە و چەند بارە ببنەوە؟!! ئاخ…. وەک باسم کرد، رۆژێک دواتر لەنێو ئازارو خەمێکی گەورەدا، کاک “حەمە عەزیز”، لەو شوێنەی ئاواتی بوو، لەنێو دنیایەک کەسەرو ئاخ و ئۆفی ھاوسەنگەرانی و برای داخداری، بە خاکی پیرۆزی کوردستانمان سپارد. ئەو خاکەی بۆی ژیا و گیانی خۆی پێ بەخشی و تاجی هەرمانی بۆ کردە سەر و بۆی شەھید بوو……
ئەو چیرۆکە تاڵە جارێکی دیکە دووبارە دەبێتەوە.جارێکی دیکە برینەکان نوێ دەبنەوە،باکووتی کرێوەو تۆفانی نەھامەتی سەر ھەڵدەداتەوە.برینەکان دەبن بە دوو کۆستەکان گەورەتر دەبن… مەخابن مێژوو دووبارە دەبێتەوە….دووبارە بوونەوەی،مێژوو لە چیرۆکی تاڵی شەھید بوونی”کاک رەسوڵ” دا خۆی دەبینێتەوە.
لە کۆتایی ئەو یادەوەرییە تاڵە دا..حوورمەت و رێزی دووبارەی شەیدایانی رزگاری بۆ بنەماڵەی خۆراگری “مام عەزیز”،بۆ دایکی شەھیدان، ئامۆژنە “مریەم”بۆ براژنە “خەجیجی” خۆراگرو سەر بەرز،کە بوو بە نموونەی ئازایەتی وشێرە ژنێکی
گەورە……
رووحی شەھیدەکانمان شاد بێت

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *