لە پەرواێزی گەرانەوە دا:بەشی(٣) له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

لە پەرواێزی گەرانەوە دا:بەشی(٣)
بە بۆنەی لە دایک بوونی تێکۆشەر و کادری بەوەجی دێموکرات کاک(مەحمەد کەسرایی)
ئەمرۆ ساڵرۆژی لە دایک بوونی تێکۆشەر کاک(مەحمەد کەسرایی) بوو.
تێکۆشەری خۆشەویست کاک مەحمەد کەسرایی پێ دەنێتە(٥٧)ەمین ساڵی تەمەنی،وێرای پیرۆزبایی لەو ھاورێ و ھاوسەنگەرە خۆشەویست و خۆشناوەمان بە پێویستم زانی وەک وەفایەک بۆ تەمەنی پڕ لە خەبات و تێکۆشانی بە چەند دێرێک:وێرای پیرۆزبایی بیر ھاورێ و ھاوسەنگەرانی رۆژانی سەختی خەباتی بخەمەوە(کە دڵنیام بیرنەچۆتەوە).
سیمای جوانی ھاورێ کەسرایی بیر خەرەوەی زۆر یادەوەری شیرین و پڕ لە ھەستی جوانە بۆ تێکۆشەرانی ھێزی گیارەنگ،مرۆڤێک پڕ لە جوانی بەردەوام خەندەکانی دەرخەری ھیوا بوون بۆ ئێمە.

چارەنووس و شۆرشی گەلی ئێمە بۆ رزگاری بە ھەزاران گەنج و لاوی دڵ پڕ لە ئەوینی نیشتمانی تاو دا بۆ ریزەکانی ئەو شۆرشە،یەکێک لەوانە ئەو پیاوە بە ئومێدو تێکۆشەرەی رێبازی دێموکراتە کە بۆ ئێمە بوو بە مامۆستای وانە جوانەکانی رێبازی کووردایەتی و خەونە جوانەکانمان.
ئەوانەی لە نزیکەوە دەیناسن باش دەزانن،پێناسە کردنی ئەو تێکۆشەرە کارێکی زەحمەتەو ئەو نووسینەی من ناگاتە باڵای ئەو پیاوە شۆرشگێرە.
ئەو کادرێکی بەوەجی دێموکرات و خاوەن بەھرەی زۆرە،لە باری سیاسییەوە یەکێک لەو کادرانەیە کە بۆ حیزبی ئێمە سەرمایەیەکی گەورەو بەنرخە، بۆ ئیسپاتی ئەو قسەم روو دەکەمە تێکۆشەرانی ھاوسەنگەری و پێشمەرگەکانی ھێزی گیارەنگ،ئەوانەی بەشداری کلاسە سیاسیەکانی کاک مەحمەد بوون بۆ بردنە سەری ئاستی ئاگاھی و زانیارییەکانیان
ھەر کاتێک بۆ باسی سیاسی نۆبە دەگەیشتە کەسرایی بۆ وانە گووتنەوە،ساڵۆن یا شوێنی کۆبوونەوە پڕ دەبوو لە کادرو پێشمەرگەو بە شەوقەوە گوێمان دەگرت بۆ باسەکانی.
زۆرێک لە ئێمە قەرزداری ئەو کادرە دڵسۆزەی ھێزی گیارەنگ و کومیتە شارستانی سەردەشتین.
رەنگە لە نووسینێکی ئاوا کوورت دا زەحمەت بێ ئاوڕ لە ھەموو لایەنەکانی ژیانی بدەینەوە،بەڵام:بە کوورتیش بێ ئەو نووسینە بە پێویست دەزانم.
ئەو سەرەرای خاکی و خاکەرایی بوونەکەی لە زۆربەی جەولەکان ھاو دەم و ھاورێی شەوە تاریک و رێگا درێژەکانمانە، راستی ئەو قەلبی تەشکیلاتی ناوشارە،داینەمۆو رێکخەری ھەستە نەھێنییەکان و شانەکانی ناو شارە،بێ وچان رێگا دەبڕێ بۆ ئەو ئەرکەی،لە تیمی بچووک و مانەوە لە ناوشار بگرە تا ھاودەمی تیمەکانی پێشمەرگە،بێوچان دێت و دەڕوا.
ئەوانەی چەند جارێک ھاورێی بووبن بۆ حەمەلیاتەکانی ناو شار ھەست بەو راستیەو پێگە بەھێزە دەکەن.
من ناچمە سەر بەرپرسایەتی و ئەرکە قوورسەکانی تەنیا بەو تایبەتمەندییانە قەناعەت دەکەم کە بۆ ئێمە بیرخەرەوەی مێژوویەکی جوان و لە بیر نەکراوە.
من بۆ یەکەم جار ساڵی(١٣٦٥) لە جەولەیەک لە جەنگەڵی سووراو لە نزیکەوە ناسیم،کە رەنگە خۆی بیری نەمابێ،ئێوارەکەی کە دوای پشوو و تەحەموولی گەرمایەکی زۆر ئێوارە ھات و ویستمان بێینە دەرو خۆمان ببەستین بۆ وەرێکەوتن بەرەو گووندی بنەوخەڵێف،لە ناو لێرەوارەکەو لە ژێر سێبەرەکان لە سەرەوەی خۆمان دیتم روو بە ئێمە بە پێکەنینێکی جوان و سیمایەکی شاد خەریکی بەستنی رەخت و فیشەکدانەکەیەتی،ریشی کەمێک ھاتبوو دەم و چاوێکی سپی ریشێکی رەش،ئیدی ئەو رۆژە ھەستم کرد پڕییەتی لە ئەوین لە جوانی کە بە ھاسانی ناتوانی لە بیری بکەی.بە درێژایی ژیانی پێشمەرگایەتی لێی نزیک بووم و لێی فێر بووم،بە تایبەت لە دێگەڵە کە زیاتر دەمانخوێندەوە،ھاوکاری دەکردین و کتێبەکانی ئەومان وەردەگرت بۆ خوێندنەوە.
لە گەڵ کوورەکانی گیارەنگ زۆر تێکەڵاو بوو ھەستت دەکرد لە گەڵت لە ناو یەک بنکەو مقەڕی پێشمەرگانە دایە.
بیرتان ماوە لە مسابقەکانی فووتباڵ چ دیفاعێکی بۆ دەگرتین و چ ھیوایەک بوو ھەر چەند خۆی زۆر مایل نەبوو بەڵام:لە بەر دڵی ئێمە وەک شوورە دەوەستا.ئەو بۆ خەونی رزگاری زۆر جار مەترسی گەورەی قەبووڵ کرد،چ لە مانەوە لە ناوشارو خانە تیمییەکان و چ بەشداری دەیان و بگرە سەدان مەئموورییەتی پڕ مەترسی.
با بیروەرییەکی کوورت باس بکەم تا کاتی خۆی بە درێژی باسی دەکرێ.
با ئەوش زیاد بکەم شانازییەک کە باس کردنی بۆ خۆم و ھاورێکانی ئەو رۆژە بە پێویست دەزانم،ئەو رۆژە بوو کە لە ناوچەی ئالانی سەردەشت دەورەیان گیراو ھەرشەی مەرگ لە چەند قەدەمی ئەو ھەروەھا تێکۆشەر حەمە رەسوڵ کەریمی و ھاورێکانیان بوو.
ئەو رۆژە لە پێناو رزگار کردنی ئەوان دا کارێکمان کرد کە ناچێتە خانەی بیر کردنەوە،بەڵام:چی دەکەی چ لەوە گەورەتر بە قیمەتی گیانیشت بێ بتوانی ھاورێکانت لە گەمارۆی بە سەدان پاسدارو ئەرتەشی نەجات بدەی.بۆوەی لە بەڵێنی شەرەف و سۆزی دێموکرات بوون کەم نەبێتەوە،ئەو کارەمان دوای شەرێکی سەخت و دەستەویەخەی ئەو رۆژە بە سەربەرزی تێپەراندو بوو بە ئاسوودەیی ویژدان و شەرەفێکی گەورە بۆ ھەموومان،کە لە داھاتوو دا ئیشارە بەو کوورانە و ئەو رۆژە دەکەین لە جێگای خۆی دا،ئەوە تەنیا وەک شانازییەک باسم کرد کە ھەموومان پێی دەنازین.
لە کۆتایی دا:تەمەن درێژ بی کاک مەحمەد کەسرایی تێکۆشەری رۆژانی سەختی خەبات و خۆشەویستی ھەموومان.زەحمەت و ئازارەکانی کەسانی وەک ئێوە ھەرگیز لە بیرناکرێن و گەلێک پێیان دەنازێ.
ببوورە کە بێ بیر کردنەوەو راوێژ لە گەڵ بەرێزتان یا رەفیقانـم ئەو شەو بە پەلە بە بۆنەی لە دایک بوونتەوە ئەو چەند دێڕەم نووسی،ئێوە زۆر لەوە زیاتر ھەڵدەگرن.تەمەن درێژ بی بۆمان .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *