بەشی پێنجەمی گەڕانەوە (٥)له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی پێنجەمی گەڕانەوە (٥)
نووسینی:عەلی سوورەچۆمی
پێداچوونەوەی: ھەمزە ئاگوشی
چارەنووس بەرەو پێشمەرگایەتی……
ھێمن گوتەنی:

“ئەگەر خەرمانی عومرم ئێستاکانە پاکی با بیبا…
بە مەرگی تۆ مچوڕکم بە دڵدا نایە، با بیبا”
دوای گەرمداهاتنەوەم و گێڕانەوەی رووداوەکە بۆ خاڵم، هەرچەند بە گوێیانیش زۆر گران بوو، بەرەو ماڵ وەڕێ کەوتم …ئەو ماوە دڵم زۆر خۆشە…جار.. جار دە ڕۆم بۆ کاروانی…لەسەر پێی خۆم وەستاوم و ھەست دەکەم گوندەکەی خۆم زیاتر لە رابردوو خۆش دەوێ. ھەستی بەرپرسیارەتی وردە وردە چەکەرە دەکات و مڵک و رەزو باغەکان بە ھاوکاریی کاک “ئەحمەد”ی ئامۆزام ڕەعەمەل دێنم. خۆم فێری”ماڵەغانکێشان” کردووە..ھەر چەند ھێشتا زۆر شلکم، کەچی دەستم پێ کردووە خۆم دروێنەی خۆم دەکەم…ئاخ …(ئیدی ئێستا نە ئاسەوارێک لە پەڵە وێنجەکەی بەردەم ماڵی خۆمان و نە ئاسەوارێک لە خانووە بەردینەکەمان ماوە…)، بەڵام مەبەستی باوکم لە ھێشتنەوەی من لە ئێران….
باوکم دەیەوێ واز لە ھەموو ئەو شتانە بێنم و خۆم بۆ سەفەری شار ئامادە بکەم… دوای داگیرکردنەوەی ناوچەکەمان..قوتابخانەکانی شۆڕش کۆ کراونەتەوە… باوکم دەیەوێ لە شاری سەردەشت درێژە بە خوێندن بدەم. ئەو رووداوانە ھاوکاتن لەگەڵ گەرمەی شەڕی ئێران و عێراق. ئیدی ئەوجار بۆردوومانی شارەکان دەست پێ دەکات و بابم ترسی رێدەنیشێ و کاتێ دەبیسێ وەزع ئاوایە، لە چوونە شاری من پەشیمان دەبێتەوە. تا ئێرە و بۆ درێژەی خوێندن ھیچ ناکۆکیمان نییەو دەمەوێ خوێندنەکەم درێژە پێ بدەم. بە ھەرحاڵ..جارێ با ئەوە بڵێم تا پێش ئەو سەفەرەی کە تووشی ئەو رووداوە ھاتم، دایکم ماوەیەک لەگەڵ من لە ئێران بوو، ئیدی خوێندنەکەم بۆ جێبەجێ نەبوو و بابم چاوەڕوانی باشبوونی وەزعەکەی دەکرد…..
ئێستا بۆ زۆر شوێن بە تەنیا سەفەر دەکەم… بەرە بەرە ھەست دەکەم بۆ یەکەم جار دەرگایەکی تر بەڕووی دڵمدا دەکرێتەوە….ئەو دەرگایە بەدەر لە دەرگای ئەوین و خۆشەویستی بۆ کچێکی جوانی لادێی ھیچی دیکە نییە….
ئیدی سەیرە!! بەرە بەرە ھەست دەکەم ھەموو شتێکی گوندەکەم و یادگارییە جوانەکانی منداڵی و خەڵکەکەی و مووچەو مەزراو کانیاوەکانی لام خۆشەویستتر دەبن.
لە بیری ئەوەی دام قەناعەت بە بابم بێنم مەڕەکان بفرۆشێ و لە شاری سەردەشت دوکانی پێ بکڕین…
ئیدی کاتی ئەوە هاتووە بە بابم بڵێم: “بابە گیان من گەورە بووم، خۆ ھێندە ماڵێکی گەورە نین..بنەماڵەیەکی سێ کەسین… دایک و باوک و کوڕێک…
ئەوجارە بابە گیان تۆ پشوویەک بدە و من دەتوانم ھەموو شتێک بەڕێوە ببەم! تۆ بڵێی قەناعەت بکات؟؟!!! ئیدی بیر لە ھەموو شتێک دەکەمەوە جگە لە پێشمەرگایەتی…
با ئەوەش زیاد بکەم و لە گەڵ رووداوەکان راستگۆ بم…لە ھێندێک رەفتاری پێشمەرگەکان لە کاتی بوونیان لە ناوچەکاندا، جۆرێک نیگەرانی ھەیە…بەھەر حاڵ ھەموو خەڵک چەکی لە شانە..روونە زۆر جار ھێندێک شت روو دەدەن کە ئاسەواری خراپ لە دوای خۆی جێ دەهێڵێ…ئێستا دەزانم ھۆکاری ئەو رووداوانە چی بوون و بۆ روویان داوە…
ئێوارەیە و دڵم زۆر خۆشە…دڵم پرییەتی لە کڵپەو ئەوین…. ھەناسەم تووندتر..ھەست دەکەم ترپەی دڵم زیاد دەکات و پێم خۆشە گوێ بۆ مۆسیقا بگرم…”رەشید فەیزینەژاد” کاسێتێکی تازەی دەرچووە و لە تەواوی ئەو کاسێتەدا یەک گۆرانی ھەیە کە ھەست دەکەم ناخم داگیر دەکات…سییەکانم ھەستی پێدەکەن… حاڵێکم پێدەدا خەریکە ون دەبم تێیدا..کاسێتەکەم کڕیوە…کاک “ئەحمەد”ی ئامۆزام زەبتێکی بچووکی ھەیە و جاربەجار کاسێتەکەم لێ وەردەگرێ و دەیخاتە سەری….کە گوێم لێ دەبێ بەرەو دنیای خۆم دەفڕم..سۆز و ئەوینێکی شێتانە و خەیاڵ، تێکەڵاوی یەک دەبن…لە گۆرانییەکەدا،”فەیزینەژاد” دەڵێ: “کوانێ ئەھدو وەفاو پەیمانی جاران…چۆن وا دەبێ ئازیز بەڵێنی یاران….”
لە چارەڕەشی من، کاک “ئەحمەد” زۆری کەیف پێی نایە!!
دەڕۆمە ھەر جێگایەک ھێشتا نەرۆیشووم لە بیری گەڕانەوە دام..ھێشتا دەرگای ناخۆشی و نەھامەتی نەکراوتەوە، کەچی نازانم زۆر لێم نزیکەو خەریکە دەکرێتەوە کە ھەرگیز بەسترانی نییە.
ئێوارەیەک تازە لە شار گەڕاومەوە…لەپڕ لە نێوان گوندەکانی “سوورەچۆم” و “قەلەڕەشە” بوو بە تەقە….(لە بەشەکانی پێشوودا باسم کردووە و لەوێ گوتوومە دەگەڕێمەوە سەری لە کاتی خۆیدا) ئیدی لە ھەموو پایەگاکانی دەورووبەرڕا بوو بە تەقە و رۆژی حەشر. چڕە دووکەڵ بەری ئاسمانی گرتووە…بەڵێ ئەوە کەمینە. دەستەی٤ی شەھید “کاوە مارەغانی” دایانناوەتەوە…ئەوە ھەر ئەو کاک “حەمە عەزیزە”یە لەگەڵ پۆلێک پێشمەرگە کە باسم کرد. کۆماری ئیسلامی زەربەیەکی زۆر قورسی خواردووە و دەیان کەسی لەناو بڵێشەی ئاگردا بوونەتە خەڵووز… ئێمە تا درەنگانێک و تەواوبوونی تەقەکەو خۆمپارەباران، لەژێر زەمینەکان داین!
ئەوە سەرتای گوڕینی رێڕەوی ژیانی ئێمەیە…..
بۆ بەیانی تیمێکی سوپای پاسداران بە ناو دێ وەربوون.ئەوەی دەستیان کەوت لە پیرو جوان کۆیان کردنەوە…ئەزییەت و ئازاری خەڵک دەستی پێ کرد. پرسیاری ھەموو شتێکیان دەکرد و یەک بە یەک خەڵکەکەیان لە تەنیشت چایخانەی ماڵی مامم ریز کردبوو. منیش لە ریزی راگیراواندا بووم. فارسیشم چاک نەدەزانی. مامم “حاجی شێخە”ی رەحمەتییان بانگ کرد…(ئەوان پێیان وابوو باوکم یەکێک لەو پێشمەرگانە بووە کە ئەو زەربە قورسەیان لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی داوە) منیش بانگ کرام و لە حاڵێکدا ھەموو گیانم وەک مێژوکەی دەلەرزی، فەرماندەری سوپای پاسداران کە ناوی “موسەوی” بوو، گوێی گرتم و گوتی: “بڕۆ بە باوکت بڵێ بڕنەوەکەی خۆی بفرۆشێ و بێتەوە ئەویش بۆ خۆی. ئێمە کارێمان پێی نییە… دەنا تۆش بڕۆ بۆ لای ئەو…”. زۆر ترسام… مامم وەڵامی دایەوە: “چشم ھر چە جناب گویند”.
زۆر ترسام….باشە چی بکەم….چۆن بڕوا بە باوکم بێنم و بگەڕێتەوە..نا…نا، ئیدی ئەمەیان ئاسنی سارد کوتانە. ئەوەی لە باوکم گوێ لێ بووە، بیروباوەڕەکەی زۆر لەوە پتەوترە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ژێر دەستەڵاتی ئەو ستەمکارانە کە زەمانی “شا”ش سەربازی بۆ نەکردن و ئەو دەمیش بەینابەین هەر بە شاخانەوە بوو. دڵەڕاوکێم زیاد دەکات. ئەی چی بکەم؟ جوابی فەرماندەری سوپای پاسداران نەدەمەوەو ھەر وا دانیشم؟ ئەوەش ناکرێ…دەڕۆم بۆ لای باوکم….
جا لە بەشی داھاتوودا نەھامەتی دەست پێ دەکات….
زێدەکەم سوورەچۆم .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *