بەشی حەوتەمی گەرانەوە(٧)له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی حەوتەمی گەرانەوە(٧)
نووسینی عەلی سوورەچۆمی
تێبینی:
سەرگەرمی نووسینی ئەو دێرانە بووم،کە ھەواڵێکی ناخۆشم پێگەیشت،ھەواڵی نەخۆش کەوتنی:ھاورێ و برای شیرینم کاک ھەمزە ئاگووشی،ھیوای ھەرچی زووتر چاک بوونەوەو گەرانەوەی تەندرووستی بۆ برای خۆشەویستم،سەرەرای برایەتی ئێمە،ھاوکارو ھاندەرم بوو:وەک زۆر ھاورێ و برای خۆشەویستی ژیانی پێشمەرگایەتی بۆ نووسینی یادەوەرییەکان،لەوەش زیاتر بە قەڵەمە رەنگین و بەبڕشتەکەی پێداچوونەوەی بۆ ئەو نووسینانە دەکرد،کە ناوم ناوە گەرانەوە……

بە بەڵێنی خۆم وەفادارم ھەوڵدەدەم لەو بەشەدا:باسی ھێرشێکی داگیرکەرانی کوردستان بۆ سەر شاخی(قووچی) و قووڵە گورگێی” مارەغانی بکەین لە
– [ ] رێکەوتی ھەشتی گەلاوێژی ١٣٦١ دا..رێژیمی تازە بە دەستەڵات گەیشتوو،ھێرشێکی ھەمەلایەنەی بۆ سەر کوردستان دەست پێکردووە..بێرەحمانە جینایەت دەخووڵقێنێ لە سەر خاکی کوردستان،بەزەیی بەھیچ کەس دانایە..شارەکان گەمارۆ دەدا دێھات و مووچەو مەزرای خەڵک دەداتە بەر رەھێڵەی تۆپ و فانتۆمەکانی..ھێلیکۆپتەرەکانی بە ئاسمانەوەن بۆ خاپوور کردنی کوردستان..کورد ھەموو رێگایەکی بۆ خۆ دوور خستنەوە لە ئاگری ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە تاقی کردۆتەوە..تەنیا تاوانی ئەو گەلە پەلامار دراوە،ئەوەیە کە:داوای مافی ئینسانی و نەتەوەیی خۆی دەکات..ئەھریمەنەکانی شەر!کە تازە بە دەستەڵات گەیشتوون.. سواری شەپۆلی شۆرش و رەنج و قووربانی گەلانی ئێران بوون..دەیانەوێ بەر لەوەی ماھییەتی راستەقینەیان دەرکەوێ رێگای گەیشتن بە مەرامەکانیان تەخت بکەن..لە ئێرانی ژێر دەستەڵاتیان تەنیا کوردستان تەسلیم نابێ و داوای مافی خۆی دەکات..بە تەنیا مانەوەی کوردستان لە سەنگەری خۆراگری دا،سەرەرای نەبوونی بەشەکانی دیکەی ئێران،دەبێتە:رقێکی گەورە لە دڵی ئاخووندەکان دا.
ئەو دۆخەی ئێمە باسی دەکەین لە سەرتاسەری کوردستان درێژەی ھەیە.ھێزی پێشمەرگە،ھەروەھا ھێزی بەرگری میللی کە لە خەڵک پێک ھاتووەو یارمەتی دەری پێشمەرگەیە لە شەرەکان دا:شەوو رۆژ خەریکی پارێزگاری لە خاکی کوردستانن..ئەوان بەردەوام لە سەنگەر دان.باقی خەڵکی دیکە بە تایبەت شێرەژنانی کوردستان لە ھەموو ماڵێکی کوردستان خەریکی دابین کردنی پێداویستی بۆ رۆڵەکانیانن..ئەو شەڕە لە کوردستان لەو پەری بێدەنگی دا بەرێوە دەچێ..گەلی کورد ھیچ پشتیوانێک شک نابات،تەنیا بە ئیرادەی خۆی و خەڵکەکەی قۆڵی لە بەرنگاری ھەڵماڵیوە..بە حەق مێژوو شاھیدە خەڵکی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی چ جۆرە فیداکارییەک دەکات و چۆن بۆتە سەنگەرێکی لە گیران نەھاتوو بۆ دوژمنەکانی.
بەربەرەکانی بۆ پاراستنی گەل بەردەوامە..(درووشمی ھەموو شتێک بۆ جەبھە و ھەموو ئیمکاناتێک بۆ سەنگەر)بۆتە درووشمی گەورەو بچووکی خەڵکی کوردستان..رۆژ نییە لە سەر ھەر بستەخاکێکی کوردستان حەماسە نەخووڵقێ و دوژمن زەربە نەخوات.. ھێرشەکانی دوژمن و سووپا داگیرکەرەکەی تووشی شکست و تەلەفاتی زۆر دەبن..بۆ ئەو سەرکەوتنانە گەلی ئێمە قووربانی دەدا.گیانبازی ئەو جار مان(کێوی قووچی) و (قووڵە گورگێی) مارەغانییە.
کێوی قووچ دەکەوێتە رۆژئاوای سەردەشت،دووری ئەو شوێنە نزیکەی دە کیلۆمیترە لە شاری سەردەشت،چیایەکی بڵند کە بە سەر بەشێکی زۆری رۆژئاوای سەردەشت دا دەروانێ..دوژمن چەند جارێکە ھێرش بۆ ئەو ناوچە دەھێنێ بە مەبەستی داگیر کردنەوەی..دوژمن بۆ درووست کردنی چەترێکی ئەمنییەتی بۆ شاری سەردەشت دەبێ ئەو شوێنانە کونترۆڵ بکات بە ھەر نرخێک بووە،لەوەش زیاتر بەرامبەر گردەسوور ھەڵکەوتووە،کە بە سەر شاری سەردەشت دا دەروانێ..
ئەو کات بنکەی لکی٣ ی شەھید مووعینی لە گووندی قەلەرەشێ بوو کە عەلی مەحمەد ئاژانی فەرماندەری لک بوو..دوو دەستە لە پێشمەرگەکانی لکی ٣سێ کە پێک ھاتوون لە: ئەرکانی دەستە کە رەحمەتی کاک مەلا برایمی دۆڵەگەرمی فەرماندەری بە توانای حیزب فەرماندەییان دەکات، کە پێک دێت لە دوو پەل،کە عەزیزی مەولان پوور،ناسراو بە”عەزیزی حەمە درەوێشی” و خدری کوێخا ئەحمەدی “قەلەرەشێ سەرپەلیان دەبن.. لە بەرزایی شاخی قووچ سەنگەر دەگرن.دەستەیەکی دیکە لە قووڵە گوورگێ کە فەرماندەری بەوەج خاڵە رێبوار سەرپەرستیان دەکات.چەند رۆژێکە رێژیم ھێزێکی زۆری لە پاسدارو بەسیجی و ئەرتەشی ھێناوە بۆ شاری سەردەشت،جاشەکانیش کۆکراونەوە.
ئەو رۆژانە ھێزی پێشمەرگە ھەستی بەو جموجۆڵە کردوە،ھەر بۆیە لە ئامادەباشی تەواو دان.شەوێک پێش ھێرشی رێژیم لە لایەن ھەستەیەکی تەشکیلاتی حیزبەوە،کە کەسێکی زۆر جێگای باوەرو لە شوێنی ھەستیار کار دەکات،لە شارەوە ھەواڵ دەھێنێ بۆ حیزب و پێشمەرگەکان….کە رێژیم بەنیازی ھێرشە”کاک مەحمەد ئەحمەد پوور کە خۆی بەشداری ئەو نەبەردییە بووە،ئەوەی بۆ گێرامەوە:گووتی ئێوارەی پێش ھێرشەکە کە بە بێسیم لە سەر خەت بووین لە پڕ کەسێکی فارس ھاتە سەر ھێڵەکەی ئێمە کە خۆی بە ئەرتەشی ناساند و بە شان و ھەیبەت و ئازایەتی پێشمەرگەی ھەڵدا،پرسیارمان لێکرد؟ ئەگەر راست دەکەی چ خەبەرە!،لە وڵام دا،گووتی:وریا بن ھێرش دەکرێ…ئەو زانیارییە دەقیق لە گەڵ زانیاری ھەستەکەی تەشکیلاتی و ئەو جمو جۆڵانە تێکی دەکردەوە کە ھەبوون،دواتر کاک مەلا برایم ھات و قسەی لە گەڵ کرد،ھەمان شتی دووبارە کردەوە.دوای ئەو ھەواڵانە کە دەلالەتی تەواو بوون بۆ ھێرشێکی گەورەو ھەمەلایەنە.بە پەلە لە گەڵ لکی٣ێ و دەستەی زەربەت لە گوندی بێورانی خوارێ کە کاک حەمەدەمین مەلاعەزیز سەر دەستەی دەبێ قسەمان کرد،،بەڵێنیان دا ھێزێکی زۆری پێشمەرگەو ھێزی بەرگری رەوانە بکەن بۆ شوێنی مەبەست.ئێمەش تەقسیمی کارمان کردو ھەموو شوێنەکانی خۆمان ئاگادار کرد،کە:ئامادە باش بن.
ئێوارەیەکی کزو ماتە سرووشت شێوەی بریندارێک دەنوێنێ،دوا تیشکی ئەو ئێوارە شوومە دوا تیرێژی خۆی داوێ.کەس نازانێ ئەو ئێوارە دوا ماڵئاوایی ھەتاوە،لە پۆلێک ھەڵۆی شاخ.لە پۆلێک پێشمەرگەی دڵ پڕ لە ئەوینی خاک،ئەو شەوە خوێنی ئاشقانی جوانی و پاکی خاک تێکەڵاوی ئەو خاکە دەبێ کە بۆی دەژین،کە شەوو رۆژ بۆ پاراستنی لە سەنگەر دان.
چاوەروانی دوا رووداوو بەشی کۆتایی بن کە زۆر خەمناک و دڵتەزێنە لە تۆماری رۆژەکانی بەرگری دا………..

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *