شکۆی گەرانەوە له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

پاشکۆی گەرانەوە
بەھاری ساڵی ١٣٦٧ بوو:
دوای سازماندھی کە پێشتر مقەرمان لە ( گۆڕێ کچان)بوو.. نەقڵ ببووم بۆ (لکی٢) بۆ سوونێ.
ئەوکات :کاک رەسوڵی عەزیزی جێگری پەلی پەلێک لە پێشمەرگەکان لە (لکی٣)
بوو،لە گۆڕێ کچان.لە جێگای خۆی دا باسی (سوونێ)و ژیانی خۆمان لەو ناوچە بە گشتی و دۆخی خۆمان لە وێدەکەم.ئەوە تەنیا بیرەوەرییەکە لە سەر خۆم.
ئێوارەیەک کاک ھەمزەی مام عەزیزی،کە دەکاتە برای شەھید کاک رەسووڵ و ئێستا لە(سوێد)دەژی.ئاگاداری کردم کە بە سەردان بچین بۆ لای کاک رەسوڵ.

بەیانییەکەی تۆپ باران بوو،ئێوارەکەی ئێمە وەرێکەوتین.(وەڵاخێکمان) پێ بوو،تا لە (پردە بردینێ )رەد بووین و لە چۆمەکەی پەرینەوە،کاک ھەمزە سوارو من بە پێ لە پێشیەوە دەرۆیشتم،کە پەرینەوە،دابەزی و بە زۆر واداری کردم کە من سوار بم.بە ھەر حاڵ سوار بووم،بە دەم قسەی خۆش و بە سەرھات گێرانەوە،وردە وردە رێگامان دەبڕی،جار جار دەنگی رەگباری دۆشکەی دەھات،کە لە بەرزایی جاسووسانەوە،دایم میوانمان بوو،
ئێمە گەیشتینە:خوار گۆڕێ کچان.لە دەم چۆمەکەی کە سەر دەکەوتین،بەر لەوەی
گۆڕێ کچان و مقەرەکانمان لێ دەرکەون،لە ناو کەڵپە شاخەکان سەر دەکەوتین.من رەخت و تفەنگم پێ بوو.
لە بەر ھاشەی چۆمەکە دەبوا کەمێک،بڵند قسە بکەین.باسی ئێمە زیاتر باسی تۆپبارانەکان بوو.
لە ناو شاخەکان زۆری نەمابوو دەرچین.کاک ھەمزە لە پێشەوە دەرۆیشت.لە پڕ زەڕبەیەکی زۆر قوورسم بەر کەوت،ھەناسەم بۆ ھەڵنەکشا!بانگی کاک ھەمزە بکەم…تەنیا دەنگێک….وەک ئا…..ی…قەتیس بوو!
کەوتمە خوارەوە یانی بەربوومەوە..کاک ھەمزە کە ئاوڕی دایەوە من لە دەم رێگا کەوتبووم،دەمویست بانگی بکەم….دەنگم دەرنەدەھات..ئەو لە تەقەی نفەنگەکەم را کە بەر بۆوە ئاوڕی دایەوە…زەربەکە زۆر تووند بوو بە جۆرێک زۆری نەما…بخنکێم!
ئازاری کەلەکەم بە جۆرێک بوو،بە زەحمەت ھەناسەم دەدا:دەی کاک ھەمزە دەستی گرتم و کەمێک راستی کردمەوە..کە توانیم قسە بکەم…تەنیا شتێک بە زارم داھات گووتم:بگەرێ لە ناو شاخەکان بزانە کێ بوو!؟.باوەڕم وا بوو کەسێک رەفیقێک بە شۆخی،شتێکی پێداداوم.دەی پاش شاخەکان و نێو بەردەکان گەڕا ھیچ دیار نەبوو،باشە ئەی چی بوو!!؟.نە من نە ھاورێکەم فکرمان بۆ ھیچ نەدەچوو.
ئازاری من جۆرێک بوو رەختەکەم کردەوە.لەوێ دانیشتین..چۆن بەراستی لە مردن گەڕابوومەوە.
ئەدی کاک ھەمزە چۆن باوەڕ بکات…کاکە ئێرە کەسی لێ نییە!؟.ھیچ نابیندرێ.ئاخر تۆ چیت بە سەر ھات!
دەی لە چۆمەکە ئاوێکی بۆ ھێنام خواردمەوە،شتێک باشتر بووم.وردە وردە،ھەناسەم بۆ دەکشا و ئازارم کەمتر دەبوو.
دەی کاک ھەمزە باشترم با بڕۆین..وڵاخەکە( تێرەی)پێوە بوو.کە ویستم راست ببمەوە سەرکەوم..بۆنی سووتاوی دەھات..گووتم کاکە دەڵێی:بۆنی سووتانێکی زۆر دێ….دەی سووتانی چی؟چۆن باوەڕ بکەم…!کە سەرم بڵند کرد تێرەکەم میزان کرد…..دیتم!چی ببینم؟….(گووللە دۆشکەیەک) لێواری تێرەکەی بە تەواوی سووتاندوە..!ھاوارم کرد…..کاک ھەمزە گووللە دۆشکە…. کە دەستم دایە….بۆ بەدبەختی ھێند گەرم بوو…سەری پەنجەم زۆری نەما بسووتێ.ئیدی تێگەیشتم چی رووی داوە.زانیم ئەو گووللە بەر کەلەکەی من کەوتوە….رەختەکەم کردەوە..کە چاوم لێ کرد لە بەینی خەشابەکانم!بەشێکی فانووچقەکەمی بڕیبوو…!پشتێندەکەم کە کردەوە زۆری قاڵ ببوو….واتە:یەک دوو قەفی بڕیبوو..
ئەو جار بۆم دەرکەوت چ رووی داوە.ئەگەر بەر سەرم کەوتبا.چیرۆکی ژیانی ئێمە زووتر کۆتایی دەھات!لە کۆڵ خەمی رۆژگار دەبووینەوە.
گووللە دۆشکەکە لە چیای جاسووسان راھاتبوو،ھەر ئەو رەگبارانەی کە رۆژانەو بە درێژایی ژیانی ئێمە بەردەوام بوون.جەنابی سارد ببۆوە لەو ئاسمانەی را ھاتبۆ خوارێ..!لەوێ بوو بە میوانی ناخێری من..ئیدی ناجاتم بوو.
رەنگە کە شاھیدم نەبا باوەڕ کردنی زەحمەت با………!
تا جارێکی دیکە ھەر بە خۆشی بژین

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *