بەشی سێزدەھەمی گەرانەوە(١٣) له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی سێزدەھەمی گەرانەوە(١٣)
نووسینی (عەلی سوورەچۆمی)
……………..
دەگەرێینەوە باوەش بە خاک دادەکەیینەوە،ریشەیەکمان لەو خاکە دایە.چی دیکە نامھەوێ لە ژێر ئاسمانێکی پڕ لە ھەورو لە ژێر ئەستێرە نامۆکان دا ھەناسە بدەم،بەسییەتی چاوانی پڕ لە چاوەروانیم با لەوە زیاتر کز نەبن.
دڵی پڕ لە ئەوینم بۆ ژوانی خاک لە سەرەمەرگ دایە.بەڵێنم شکاندوە!لە ژێر قوورسایی تاسەی خەونە جوانەکانم بە کووڵ دەگریم.کاکە، ھاورێم ھاوسەنگەرانی دێرینم بێ ئێوە سەرم گێژوو لەشم بێ تینە،کوا بەرگەی دووریتان دەگرم.

درێژەی باسەکە………
بە پەلە و بە دڵێکی پڕ لە پەژارە لە ژێر رەھێڵەی تۆپ بارانەکانی ئەو رۆژەدا:کە ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٦٦ بوو.بۆ سوونێ وەرێکەوتم لە رێگا بە ھۆی بیسیمەکەی کاک رەسوڵ عەزیزی دڵنیایان دەکردم و دڵخۆشیان دەدامەوە،کە ئاگاداری خۆم بم و وەزعی دایكم باشە.ھێشتا نازانم چەندم پێ چوو!چۆن گەیشتم.کە گەیشتمە نزیک بنکەی ھێز چاوەروانی من بوون،دایکم تیکەی تۆپی بەر سینگی کەوتبوو،وەزعی زۆر خراب و پڕ مەترسی بوو، رێک تۆپەکە بەر ماڵی ئێمە کەوتبوو،خانوەکەمان لە گەڵوەرەز وەک نیشانەیەک بەرامبەر جاسووسان ھەڵکەوتبوو! ھاواری دایکم تەنیا ئەوە بوو:عەلیم بۆ بێنن… برینەکەی بۆ تەداوی کرابوو،دەبوا بە پەلەو بێ وەستان بگاتە نەخۆشخانە،مامۆستا مەلاحەسەن گووتی:بە زوویی بەرێی بکەن،لە گەڵ بنکەی سنوور قسەی کردبوو کە ئەوکات بنکەی سنوور لە (شیوەرز )بوو داوای کردبوو (جیبەکەی)خۆی بنێرن،تا ھەرچی زووتر بگاتە نەخۆشخانە. دایکم سواری وەڵاخ کرا بۆ سەیتەرەی (گۆجاڕ)
کە عەرەبەکانی لێ بوون،تۆپ باران ھەروا سەخت دەبوو ئێمەش بە ناچاری دەبوو ھەرچی زووتر ئەو رێگا پڕ مەترسییە ببڕین،لە رێگا بارانێکی تووندیش دەھات،زۆر دڵنیا نیم چەند کەس بووین تەنیا ئەوەندە دەزانم کاک ھەمزەی مام عەزیزی برای شەھید کاک رەسووڵم لە گەڵ بوو کە لە قەڵادزەوە بە سەردان ھاتبوو بۆ لامان.عەرەبەکان لە ترسی تۆپ بارانە بێ ئەمانەکە لە سەنگەرەکانیان دا بوون و کەسیان دیار نەبوو,کە گەیشتینە (سەیتەرەکە)ویستمان بچینە ژوور…قیف..قیف..دەستی پێکرد.ھەر چەند کردمان سوودی نەبوو دیارە:کوردیشیان لە گەڵ بوون (زابت) کە توورە بوو قسەی لە گەڵ نەدەھات ئەوان لە سەنگەر داو ئێمەش لە ژێر تۆپ باران.کەمێک گەراینە دواوە! ناچاریان کردین.بێسیمم کرد کە رێگا نادەن بڕۆین،بە پەلە مامۆستا مەلا حەسەن ئاگادار کرا…چەند سانییەیەکی پێ نەچوو پێوەندی پێوە کردم،وەزعەکەم بۆ باس کرد،گووتی:ئێستا بۆ خۆم دێم… دیتم :بە سواری ئەسپ و بارانی لەبەر گەیشتە لامان،ئەوە لە حاڵێک دا تۆپ بارانەکان بەردەوام بوون و باران بێ وەستان،دیمەنی مامۆستام لە بەر چاوە،چەند بە گوورج و گۆڵی و خاوەن ئیرادە.ئەوانەی شارەزای ئەو ناوچەن باش دەزانن مەودای سوونێ تا سەیتەرەکە چەندەو چۆن کەوتۆتە بەرامبەر جاسووسان کە دیدەبانەکان ھەموو شتێک لە ژێر چاوەدێرییان دایە.
با ئەوەش زیاد بکەم(مامۆستا مەلاحەسەن بە سواری ئەو ئەسپە ھات کە ھی ئەو میوانانە بوو کە لەو پەری ھەست نزمی و بە دوور لە ھەموو ھەستێکی ئینسانی و کووردانە و لە بەرگی خزمایەتی و ھاورێیەتی دا بۆمبیان بۆ ھێنا بوو).مامۆستا دوو سێ پێشمەرگەی لە گەڵ بوون،ھەر کە گەیشت یەکسەر ھاواری کرد!بڕۆنە ژوور!
گەراینەوە چووینە ژوورەوە !عەسکەرەکە کە مامۆستای بینی بێ وەستان بەرپرسەکەی ئاگادار کرد،مامۆستا بە عەرەبی و زۆر بە تووڕەیی ھاواری کرد!کەسیان متەقی لێنەھات. ماشێنەکە گەیشتبوو چاوەروانی ئێمە بوو:دایکم زۆری سەرما بوو ھەر ھاواری دەکرد ئاگاداری خۆتان بن لێگەرێن بڕۆن با ئەمن بمرم!.چووینە ژوور گەیشتینە لای ماشێنەکە،کاک ھەمزە لە گەڵی رۆیشت بۆ قەڵادزێ دایکم دەگریاو دەیگووت:عەلی خەمی منت نەبێ تەنیا ئاگاداری خۆت بە.لە قەڵادزە را ھەر ئەو شەوە بە پەلە بەرێکرابوو بۆ سەنگەسەر بۆ نەخۆشخانەی (عەسکەری) بۆ چارەسەر کردن،نەیانتوانی بوو (تیکەکە) دەربێنن لە بەر ئەوەی شوێنەکەی پڕ مەترسی بوو و نەدەکرا عەمەلیاتی بۆ بکرێ،تا ساڵی(٢٠١٠) کە لە ھەولێر لەو پەڕی بێکەسی و تەنیایی دا بووین!برینەکەی ژیایەوە ناچار بووم بە پەلە بیبەمە دووکتۆرو بۆی عەمەلیات بکەم. بە ھەر حاڵ کە گەراینەوە چووم بۆ (گەڵوەرەز) چی ببینم! لە پێش پەنجەرەکەی دا بوو،باوکم جووتێک کەوی ھەبوون لە سەر پەنجەرەکە جێگایان بۆ ساز کرابوو،ئەوانی ھەڵدا بوون بۆ ژوورێ بە قەفەسەوە ھەر بە سەوت و بایەکەی،پریشکەکانی تۆپەکە زیاتر ھەستا بوون بەرەو سەقفەکەو تەواوی دارە راکە تا سنووری برینەوەی ھەڵی وەشاند بوو.رووداوی لەوە تاڵترو کارەساتبارتر تەقینەوەی ئەو بۆمبە بوو لە دەستی مامۆستا دا تەقییەوە رووداوێکی ئەوەندە تاڵ و ناخ ھەژێن بوو کە ھەرگیز لە بیر نەکراو کاریگەرییەکەی بە قووڵی لە ژیان و داھاتووی ئێمە دا رەنگی دایەوە.بە ھۆی ئەوەی وەک رووداوێکی گەورەو زیانبار زۆر باس کراوە ناچمەوە سەر وردەکارییەکانی و کەم و زۆر لە سەری نووسراوە.بۆ من ئازارەکەی زۆر زیاتر و رووخێنەر تر بوو،کاتێک بیرم لە گەورەیی و خەم خۆری ئەو فەرماندە خەڵکی و دڵسۆزە بۆ خەڵک و حیزب دەکردەوە،باشترین بەڵگەم بۆ وەفاداری ئەو فەرماندە گەورە بە ھاناوە ھاتنی ئێمە بوو لەو رۆژە پڕ مەترسییە دا.ھێزی گیارەنگ و پێشمەرگەکانی فەرماندەیەکی گەورەو خاوەن ئەزموونی خۆیان لە دەست دا،لە ھەموو لک و مقەڕەکان و کومیتەی شارستان وە بە گشتی ناوچەکە بێدەنگییەکی سامناک و پڕ پرسیار و جێگای سەر سووڕمان زاڵە!ئاخر دووژمن ھەموو رێگایەکی تاقی کردبۆوە بۆ زەفەر ھێنان و شکستی ھێنا بوو،کەچی:ئەمجار لە سەر دەستی کەسانێک بە ئامانج گەیشت کە بە شێک لە جەستەو ئاوو خاکی خۆمان بوون بە ھیچ پێوەرێک دڵ رەقی وا جێگای نابێتەوە!ئاخ کورد…………!؟
لێرە بە دواوە ئارایشی ناوچەکە دەگۆڕێ و لە باری ئەمنییەتییەوە دۆخەکە خراب تر دەبێ،بەرەبەرە لە رێگای بە کار ھێنانی(عوامیل)ی نەفووزی و دانانی مین لە سەر رێگاکان و شەوانە بە ناردنی تیم کە زیاتر لە جاشەکان پێک دەھاتن لە ھەوڵی فشاری زیاتر دا بوون.
با لێرە ئیعترافێک بکەم!بە شاھیدی ئەوانەی لەوێ دەژیان سەرەرای ھەموو فشارەکان ئیرادە بە ھێزە و پێشمەرگە کە رووخساری جوانی وڵاتێکە ھیوا بە سیمایانەوە دیارە،ئەوەی ناچێتە خانەی حیساب بۆ کردن دووژمن و پیلانەکانییەتی،ئەوان بە خاک دا رۆچوون و ریشەیان جۆرێکە داکووتاوە ھێز نییە لە بنی بێنێ.سەرم سووڕماوە لەو عەزم و ئیرادە بە ھێزە،ئاخ بۆ قەڵەمێکی بە توانا و خاوەن بڕشت تا جەوھەری راستییەکان بخاتە سەر لاپەرەکانی مێژووی حەماسەو بەرخۆدانمان،تکا دەکەم بە چاوانی پڕ لە فرمێسک دەپارێمەوە رێگا مەدەن مێژووی پڕ لە قووربانی و خۆ نەویستی پێشمەرگە لە بڕگە و لایەکانی مێژوو ون بێ و تۆزی بێ مروەتی لە سەر بنیشێ و توونێلە تاریکەکانی بێکەسیمان بیسڕنەوە.ئەی ھاوار دەستی ئەو کەسانە بگرن و ھاوکاریان بکەن بۆ زیندوو کردنەوەی ئەو رۆژانە،با نەوەکانی داھاتوو یەخەی ئێمەی کووڕە ھەژارەکانی شۆڕش نەگرن و گلەیی ئەوە نەکەن ئەرکی خۆمان بە چاکی بە جێنەھێناوە!
تا ئەو جێگایەی رووداوەکانی شۆڕش پێوەندییان بە فیداکاری و گیانبازی ئێمەوە ھەبوو رووحی خۆمان بۆ لە سەر بەری دەست دانابوو بێ ھیچ چاوەروانییەک خوێنمان بۆ دا……لە کۆتایی ئەو بەشە دا با باسی( تۆپ)ە کوێرە بکەین.سەرەرای ھەموو پاڵەپەستۆو فشارەکان بە شاھیدی ئەوانەی لەوێ دەژیان نە تۆپ بارانی قوورس نە کەمین و ھێرشەکان نەیاندەتوانی باوەڕی ئێمە لەق بکەن.
بەڵام:”تۆپە کوێرە”چۆن دەھات چی دەکرد با بۆ بەشی داھاتوو بێ چۆن زۆر تایبەتە
بە قەولی ھاورێیان بەشەکان با کەم بن و ئەگەر بکرێ پووخت!دەلێم:پووخت چۆن دەکرێ نەمتوانیبێ ئەو کارە بکەم
چاوی منن .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *