بەشی پانزدەھەمی گەرانەوە(١٥)له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی پانزدەھەمی گەرانەوە(١٥)
نووسینی عەلی سوورەچۆمی.
رێگاکان دەبڕین و بەیەکەوە دەگەرێینەوە بۆ زێدی خەونە جوانەکانمان بۆ مەیدانی رۆژانی بوونی راستەقینەمان،بۆ شوێنی یەکەم رۆژەکانی بەڵێنی جوانی پێشمەرگایەتی بۆ مەیدانی کردەوەی کووڕە ھەژارەکانی شۆرش بۆ ئەو شوێنەی سەنگەریان لێ گرت و وەک کێو وەک قەڵا بە گژ ھێزی رەشی داگیرکەر دا چوونەوە،ئیرادەی ئێوە بەس بوو بۆوەی گەلێک ھەست بە شانازی بکات و سەری بەرز بکات.لە گەڵ ئێوەمە فەرماندەو پێشمەرگەو کادرە خۆ بەخشەکانی رۆژانی بەرگری رەوا.بە مێژووی ئێوە سوێند دەخۆم بە بەڵێنی ھاوسەنگەرە شەھیدەکانتان سوێند دەخۆم ئێوە لووتکەی ئازایەتی بوون ناسنامەی مانەوەی گەلێک بوون،دوای چەندین ساڵ دابڕان ھەموومان دڵمان بۆ ئەو رۆژانە لێدەدا،ھێشتا سەرمایەی ئەو شۆرشە مێژووی پڕ لە قووربانی ئێوەیە.

سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی ھێزی گیارەنگ دووژمنی تووشی ھەراسانێکی بێ ئەندازە کردوە،دوژمن دەکەوێتە کاناڵ کەشی و دەیەوێ بە درێژایی ھەزاران کیلۆمیتر کەناڵی گەورە لێ بدات بۆ جیا کردنەوەی مەرزەکانی و پاراستنیان،بە دەر لەو کارە “مین”رێژکردنی مەرزەکان و بەستنیان بەسیمی خاردار بۆتە سیاسەتی رێژیم و بوودجەیەکی گەورەی بۆ ئەو کارە تەرخان کردوە،زۆر جار لە کاتی گەرانەوەمان دا دەبوا چاو ساخەکانی ھێزی بە ھێزی پێشمەرگە چەند رۆژ پێشتر سەرگەرمی گەران بن بە درێژایی کوێرە رێگاکان و شوێنە ئەستەمەکان بۆ پەیدا کردنی دەریچەیەکی بچووک بۆ دەرباز بوون،لەوەش زیاتر دەبوا ئیبتکاری وا بنوێنن دوژمن ھەست بە جموجۆڵی ئێمە نەکات،ئەو مێژووە ناتوانرێ بە ھیچ جۆرێک وەک ھەبووە وێنا بکرێ،ھێزی پێشمەرگە تاکتیکی وا بۆ روو بەرووبوونەوەی دوژمن بە کار دێنێ کە دوژمن خەیاڵی ناکات.کوورە شۆرشگێرەکانی ریزەکانی شۆرش ئەوەندە خاوەن ئەشق و باوەڕن بۆ باوەڕی رزگاری کە لەو رێبازە دا زۆر زوو گەشە دەکەن ناتوانی باوەڕ بکەی چ رۆڵێک دەگێرن و چۆن دەبنە پاڵەوانانی راستەقینەی ئەو رێبازەو دووژمنیان بە چۆک داھێناوە،پەرچەم داری ئەو جووڵە گەورە لە سەرتاسەری کوردستان ئەو کەسانەن،فەرماندەو ژنراڵ و خاوەن کۆلێژە نیزامییەکان و ھێزە پۆشتەو دەورە دیدەکەی دوژمن بە چۆک داھاتووە.باسی ئیبتکارن کرد!لە زۆر جێگا لە بەردەم چەند میتری پایەگاو مۆڵگەکانی رێژیم تێپەر دەبووین،تیمە قارەمانەکانی پێشرەو لە زۆر جێگا چاوەدێری ھێزەکانی رێژیمیان دەکرد تا مینەکانیان دادەنانەوە لە چەند مییتری ئەوان خۆیان حەشار دەدا ھەر دوای دەرچوونی ئەوان “مینەکانیان” لە شوێنی خۆیان ھەڵدەگیرانەوە! دواتر بە جۆرێک دادەنرانەوە کە ئەوان ھەست بەو دەستکاری کردنە نەکەن.لە بەشەکانی داھاتوو دا دەگەمە سەر چۆنییەتی میلیتاریزە کردنی کوردستان).بەڵێ:ھێزی گیارەنگ و سوونێ قەڵای خۆراگری حیزبێکەو دواتر دەبێتە دەروازەی گەرانەوەی ھێزەکانی دیکەی حیزبی دێموکرات،فشارەکان زیاتر دەبن و دوژمن لە رێگای”عوامیلی” ناوخۆیی و دەست و پێوەندەکانی دەکەوێتە خۆی بۆ نا ئەمن کردنی رێگاکانی ھات و چۆی پێشمەرگەکان،بە ھۆی ئەو کارە تێکۆشەرانی وەک:مەحمەد خەمبار،عوومەر کانیەرەشی،عەلی حاجی،رسوڵ نەڵاسی، مەحمەدفەقێ عەلی و رەنگە کەسانی دیکەش …دەکەونە سەر مین،کەسێکی دیکە لە تێکۆشەرانی باشووری کوردستان کە بۆ سەردانی تێکۆشەرانی حیزب ھاتبوو،بە ناوی “سلێمان خەبات”کەوتە سەر مین و لاقی پەڕی.
کە بەداخەوە ئەو رووداوانە جێگای داخ و خەسارێکی گەورە بوون بۆ ئێمە.لەوەش زیاتر لە رێگای ناردنی تیمەکانی خۆیان کە زیاتر لە جاشەکان پێک ھاتبوون لە فشارەکانیان بەردەوام بوون لە چوارچێوەی ئەو پیلانەشیان،لە خوار گوومرگی “گۆمەگایە” و پشتی کوونەمارێ مقەرێکمان بۆ پارێزگاری دانابوو کە کەوتە بەر ھێرشی “ئاربی جی “و بیکەیسی” جاشەکانی رێژیم دوو پێشمەرگە بە سووکی بریندار بوون،کە یەکیان پێشمەرگەی ئازا و فەرماندەی خۆشەویست کاک “عەلی شێلمان” و ئەوی دیکە ئێستا لە ناوخۆیە، ساڵی (١٣٦٧) بەردەوام دەبوا کەمینی پێشـەرگە ھەبا،تا بەرگری بکەین لە زیانەکانی ئەو ھێرشانە،بۆ دانانەوەی مینەکان حیزب کەوتە خۆی ئەو دەستە بنبڕ کراو رێژیم ھەناسە سارد.
دەبوا بۆ ھێرشەکانی شەوانە و تەمبێ کردنی جاشەکانیش بەرنامەیەک ھەبێ،بەو پێیە لە کوونەمارێ کۆبوونەوەیەک کرا ئەو کات شەھید کاک رەسوڵ عەزیزی سەرپەلی پەلی فەرماندەیی و عەلی سوورەچۆمی جێگری پەل و فیلم بەرداری ھێز بوو.
بەڵێ:بریار درا بکەوینە خۆ بە پێی بەرنامە ئەو شوێنانەی مەزەندەی ئەوەی لێدەکرا جاشەکان لێوەی بێن و زەربە بوەشێنن” مین” گووزاری بکەین،ئەو کارە بە پەلی فەرماندەیی سپێردرا،کە بەردەوام دەکەوتە بەر پەلاماری ئەو ھێرشانەی شەوانی جاشەکان،ئەو کات تیمێکی جاشەکان کە نەفەری بەناوبانگیان برایم سەرسپی بوو بەردەوام دوای پێوشوێنی پێشمەرگە دەکەوتن،ئەوە بوو ساخ بووینەوە کە دوای یەک دوو جار بێدەنگی و دانەخۆرە کردنیان زەربەی خۆمان بوەشێنین(کاری ئێمە دانانەوەی مینی نەفەری لە شوێنی دیاری کراو بۆیان بوو)ناوچەکە زۆر قەرەباڵغ و پڕ ھات و چۆ بوو،دەبوا بۆ ئەو کارە زۆر وریا بین نەکا بە کارەکەمان بزانن یا زیان بە خەڵک بگات،پشوو درێژی دەویست ئەو کارە شەو دوای تاریکی ھەوا ھەتا دوور لە چاوی پێشمەرگەکانی خۆشمان دەبوا تیمەکە بڕوات،بەیانییەکەشی دەبوو بەر لە رووناک بوون ھەڵیان بگرینەوە،ئەو کارە وەک خۆی ئەنجام دەدرا.
شەوێکی تیمی جاشەکان ھاتن نیگابانی ئێمە یادی بەخێر تێکۆشەری سادق و زەحمەتکێشی دێموکرات “عەوڵا دۆڵەیی بوو،یەکەم ئاربیجی لەو شوێنەرا لێیان داین کە ئێمە دیاریمان کردبوو لە گەڵ رەگباری بیکەیسی،کاک عەوڵا پیاوانە تا ھاتینە دەر وەخۆ کەوت بە “ژ٣”مزەلییەکەی
تەقەی کردەوە.تا پێشمەرگەکان ھاتنە دەرو تەقە دەستی پێکرد لای بەیانی بوو،کاک عەوڵا دۆڵەیی ھەر زوو ھات گووتی:بە چاوی خۆم بینیم!بەر لەوەی تەقە بکرێ ئاورێک لەو شوێنە ھەستاو دەنگی تەقینەوەیەک ھات،دیارە:ئەو نەیدەزانی ئێمە مینمان داناونەوە،شەوێکی پاییزی سارد بوو، دوای سەعاتێک کاک رەسوڵ لە گەڵ تیمێک سەرکەوتن بۆ شوێنی تەقەکە کە دەگەنە ئەو شوێنە!دەبینن مینەکە تەقیوەتەوە یەکسەر سەر دەکەون بە دوایان دا کەمێک تاریک دەبێ،کە دەگەرێنەوە ھەوا رووناک دەبێ،دەبینن جاشێکیان بە برینداری لەوێ بەجێھێشتوە،لە حاڵێک دا دەیانتوانی لە گەڵ خۆیان بیبەن!ئاورێکی چووکەی کردبۆوە بە پووشی دەوری خۆی، دەچنە سەر سەری لاقی پەڕیوەو رەفیقە جاشەکانی ھەرچەند خزمیشنی لە ترسان بە جێیان ھێشتوە،لە پشت ئەو شوێنە رێگای کاروانچییەکان ھەبوو زۆر داوای لێ کردبوون و بانگی کردبوون کە زانیبوویان جاشە! کەس جوابی نەدابۆوە.جا برای دەمن بە چووت لاقێکی ئیسلامییەوە لەوێ مابۆوە!ھێنایانە خوارێ،جووت لاقێکی ئیسلامی پێبوو،ئەویش دوای خزمەتێکی زۆر و تیمار کردنی برینەکانی بەرێکرا بۆ نەخۆشخانەی حیزب بۆ بناری قەندیل بۆ “بۆڵێ”.دوای چەند مانگێک و چاک بوونەوەی حیزب وەک سیاسەتی ئینسان دۆستانەو پڕنسیپە جوانەکانی خۆی بەرێی کردەوە بۆ ئێران(جا ناخۆشییەکەی ئەوە بوو پێشتر چەند ساڵێک پێشمەرگە بوو کوورێکی ئازا بوو خەڵکی زێوەی بوو ناوی رەحیمە چکول بوو). ئیدی ئەوە گەورەیی حیزبی دێموکراتە”کابرا ھاتووە بتکووژێ!
لە کۆتایی ئەو بەشەدا کە نیازم ھەیە ئەوجار باسی شەرەگەرمەکان و چوونەوە ناوچە بکەین و بیرەوەرییەکانی ئەوەێ:
با سووپاسێکی بنەماڵە گەورەکەی “حاجی خدری بەر قسڵی وکوورەکانی بکەین کە دیارە حاجی خدر بە تۆپ باران شەھید بوو لە ناو پەڵە گەنمەکەی بەر دەرگای خۆیان،مام نەبیش لە ژیان دا نەماوەو سەیارە لێی دا،رووحیان شاد بێ.ھەرچی بۆ ئەو بنەماڵە بگووترێ ھێشتا کەمەو ناکاتە زەحمەتەکانی ئەوان،نموونەی وەفا و خۆشەویستی بوون بۆ پێشمەرگەکان بنەماڵەیەکی بە شەخسیەت و کورد پەروەر و دایم شوێنی حەسانەوەی ئێمە.باخەکانی ئەوان بە رەزو ھەنارو ھەنجیرو سێوەوە کراوە بوون بۆ ئێمە،تکای مام نەبی رەحمەتی ھەر ئەوەندە بوو کاکینە زۆریان لک و پۆپەکان مەشکێنن.بەراستی ئینسان نازانێ چۆن باسی گەورەیی ئەوان بکات کە بەردەوام یارمەتی دەری ئێمە بوون و قەت رووی تاڵیان نیشان نەداین،رێز بۆ ئەوان و ھەزاران رەحمەت بۆ گۆری
حاجی خدرو مام نەبی و سڵاوی تێکۆشەرانی دێموکرات بۆ ئەوانەی لە ژیان دا ماون………………………..

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *