بەشی شانزدەھەمی گەرانەوە(١٦)له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی شانزدەھەمی گەرانەوە(١٦)
نووسینی(عەلی سوورەچۆمی)
(لە پەنا شاری سەردەشت وامان نیشاندا ئێمە زەربەتین).ئاخ چی بکەم ھاوارم بۆ کوێ بەرم دەمھەوێ دەردی نیشتمانێک و ئازارەکانی باس بکەم،دەمھەوێ ببمە قەڵەمی کورانی شۆرش و پڕ بە گەرووم ھاوار بکەم، دەمھەوێ لەو بێکەسییەی نیشتمانەکەم دا ببمە دەنگی ئێوە ببمە تۆزی رێگای شەوانی دووری ئێوە ببمە مێژووی ئازارەکانتان،چاو دەگێرم بۆ ئەدەبییاتی حەماسی بۆ ئەو مێژووەی ئێوە خووڵقێنەری بوون رەنجتان بۆ دا،کەچی وەک پێویست ئاوڕی لێنەدرایەوە،تکایە ئاوڕی لێبدەنەوە بۆ ئەوان نا!

بۆ خووڵقێنەرانی نا!بۆ ئەوەی مێژووی بەرگرییمان زیندوو بێ بۆ نەوەکانی داھاتوو،پێویستە ئەوان بزانن لە مێژوومان دا چۆن بەرگری کراوە ئاخر چۆن نەگریم! لاوی وڵاتی من نەزانێ شەری سێ مانگە چۆن کراوە!لە چیای نۆڕی چی روویداوە!جادەی پیرانشار سەردەشت چۆن گیراوەتەوە.ئەوە ھەر وەک نموونە و باقی کوردستان پڕییەتی لەو بەرگری و گۆمی خوێنە،ئەو دیمەنانەی بە دەستی ھێزی پێشمەرگە تۆمار کرابوون و بە فیلم ھەڵگیرابوونەوە ئەویش تێدا چووە چۆن و لە سەر دەستی کێ!کەس نازانێ؟
بۆیە لە بەر پێنووسی دەستی کڵۆڵم دەپارێمەوە،ھێزم پێبدە نائوومێدم مەکە
سینگی پڕ لە ئەشق و ئەوینی نیشتمان و پڕ لە دەردم بۆ گووزارش بکە،با بە ئاسوودەیی ھەناسە بدەم بۆ ھەر جێگایەک خەیاڵم كرد لە گەڵم بە،قەرزداری ھاورێ شەھیدەکانمانین،قەرزداری کەم ئەندام و پێشمەرگە دڵ پاکەکانی شۆرشین.
رووداوە گرینگەکە!
دەھەی شێست جەنگەی شەرێکی قوورس و بێوێنەیە،بەھاری ساڵی “١٣٦٩”مانگی “٢”تیمێک لە پێشمەرگە ئازاکانی ھێزی گیارەنگ بە گەشتێکی سیاسی نیزامی بەرەو ناوچەکانی”ھۆملی”سەردەشت وەرێکەوتین، تیمێکی چواردە کەسی بووین، ئامانج ئەوە بوو تیمێکی کراوە بێ لە سەر پێ و بتوانێ زوو زوو جێگا گۆرکێ بکات ئەوانەی لە یادم ماون:رەسوڵ عەزیزی فەرماندەری گشتی”سەعدوون مارەغانی”رەئووفە شۆکە”تۆفیق مارەغانی”مەنسوور رەحیمی”برایم زیبڕ” شێخە قەلەرەشی” کەریم شەھرنیا”ئارام ر”رەحمان رەشەرمێی”ئامانجی ئەو گەشتە سەردانی خەڵکی ناوچەکەو کاری تەبلیغی و(شناسای)بوو،ئەو ناوچە بە یەکێک لە ناوچە حەساسەکانی ناوچەی سەردەشت ھەژمار دەکرا،بە دەیان پایەگای رێژیم و جاشخانە لە گووندەکان دانرابوون تیمەکانی زەربەتی جاشەکان کە ئەو سەردەمە زیاتر لە جاش سەربازەکان پێک ھاتبوون بە ناوچەکە دا دەگەران،خاڵێکی جێگای سەرنجی ئەو تیمانە ئەوە بوو کە:بە تەواوی بێ متمانەیی رێژیم و باوەڕ نەکردنی بەو کەسانە روون بوو،ئەویش ئەوە بوو:تەنیا بەرپرس و بێسیم چی و جێگرەکەی خەڵکی غەیرە بوومی بوون!ئەوانی دیکە لە کوردەکان پێک ھاتبوون!بە ھەرحاڵ دوای سەردانی بەشێکی زۆر لە گووندەکانی ئەو دەڤەرە رێژیم ھێزێکی زۆری کۆکردبۆوە بۆ زەربە لێدانمان شوێنی گەشتەکەی ئێمە زۆر ئاستەم بوو لە نزیک”شار”ھەڵکەوتبوو دەمێک بوو ھێزی پێشمەرگە بەو جۆرە لە ناوچەکە نەمابۆوە بە دەر لە تێپەر بوون بە ناوچەکە دا،ئێمە پارتیزانانی بە توانامان لە گەڵ بوون وەک کاک سەعدوون مارەغانی،تۆفیق مارەغانی رەئووفە شۆکە،کاک رەسوڵ خۆی و ھاورێیانی دیکەمان،چەندین جار خۆمان پاراست لە ھێزەکانی دووژمن و کەمینەکانیان ئاشکرا دەکران.
خاڵێکی دیکەی جێگای سەرنج وەرزی بەھارەو رۆژەکانی گەلێک درێژ بوون،دوژمن فریای ھەموو بەرنامە ریزییەک دەکەوت، لە درێژەی ئەو گەشتەمان دا دوای سەردانی چەندین گووندی ناوچەکەو پێشوازی گەرمی خەڵک ئێوارەی رۆژی(١٥/٢/١٣٦٩)
لە باسکی کۆڵەسە وە دوای ئەوەی لە گووندی “زەلاوان”نان و چاییمان خوارد،بە ھۆی ئەوەی کە ھەواڵی جموجۆڵی ھێزەکانی رێژیممان بۆ ھات
بە پەلە ھاتینەوە نزیک گووندی مارەغان
„مینێکی“ تانک شکێنمان بۆ ھێزەکانی رێژیم لە سەر جادەی پایەگای جەماڵە کۆسە دانایەوە،پێشتر کاک سەعدوون لە گەڵ دوو ھاورێی دیکە بە نەھێنی چووبوونە ناو گووندی مارەغان بۆ بینینی چەند کەسێک بەرنامەیەک ھەبوو کە دوای شناسایی و زانیاری ورد لە رێگای ھەستەکانمانەوە بەرنامەی گرتنی پایەگای مارەغان جێبەجێ بکرێ کە دیارە ئەوە بۆ دواتر دەکرا
ھاتین بە نزیک گووند دا بە سەر رەزان دا ھاتین و بە گڵەشینەی دا لە ئیسفاڵتی پەرینەوە ھاتینە دەشتی ھەرزاڵان و بە خوار چیای قووچی دا تێپەڕ بووین.
تۆفیق و سەعدوونەکان و رەئووفەکان دەتگووت ئاگرن وەک پریشکە لە ھات و چۆ دا بوون،گوورج دەرچووین ھاتینە نزیک گووندی “رەشەرمێ”لەوێ وچانێکمان دا دەبوا بڕیار بدەین چی بکەین بە پەلە بەرپرسەکان کۆبووینەوە شوێنی مانەوەمان دەست نیشان کردو بە تیمەکەمان راگەیاند،بڕیار بوو بچین لە شاخی”بەللیس”بمێنینەوە چیایەکی بڵندەو بە سەر گووندەکانی ناوچە دا دەڕوانێ بە جۆرێک زۆربەی مۆڵگەکانی رێژیمی لێوە دیارە،نەک ھەر ئەوە تەواوی گووندەکان لە پردی”کۆڕبناوەوە”بە زنجیرە دێیەکانی ئەو ناوچە تا گووندی”گووڵینێی”لێدیارە.بەڵێ:لە پڕ بەر لەوەی وەرێبکەوین”رەحمان رەشەرمێیی”ھاتە بن گوێم و گووتی:کاکە ئەو شوێنە بۆ مانەوە نابێ!بۆ کاکە؟ (رەحمان زۆر لە مێژ نەبوو ھاتبوو بۆ پێشمەرگایەتی)گووتی:کاکە سەر شاخەکەی“تامینی“بۆ دێن و رۆژانە بزنە گەلی لێیە! زۆر جار رێیان دەکەون و شوانەکەی دەگرن بۆوەی بۆیان بدۆشێ جاری واش ھەیە ھەر خۆیان بزنەکان دەگرن و شیرەکەیان دەدۆشن!دەی جا کاکە خۆ ھەموو رۆژێ ئەوە روونادات!رەحمان:وەڵا جا لە سەر من ئاگادار کردن بوو!کەمێک مەشکووک بووم!چوومە لای کاک رەسوڵ و کاک سەعدوون گووتم:رەحمان ئاوا دەڵێ!کەمێک قسەمان کرد من پێم باش نەبوو بچین کاک سەعدوون گووتی:نا ھیچ نابێ و شوێنی باشە و چاومان لە تەقینەوەی “مێنەکەش”دەبێ زۆر خۆش دەبێ!بە ھەر حاڵ پەشیمان نەبووینەوە،بە پەلە لە بەینی گووندی بانوو و رەشەرمێ پەرینەوە… ھەورازمان بڕی تا گەیشتینە شوێنی مانەوە ئیدی ئێمە بێ خەبەرین لەوەی کە”جاسووسێکی” رێژیم مەسیری مانەوەی ئێمەی دەست نیشان کردوە،گەیشتینە شوێنی خۆمان و لە شاخەکان دا دابەش بووین بە بێدەنگی و بڕیار بوو بەیانی تا درەنگانێک کەس جووڵەی نەکات و تەنیا نیگابان لە شوێنێک بۆ خۆی چاوەدێری دەورووبەر بکات،ھەر کەسەو بۆ خۆی چۆ دڵی شاخێکەوە دنیایەکی ئارام و سرووشت تا بڵێی جوان بەھاری جوانی کوردەوارە و وەسف کردنی زەحمەت،ھەمووان خەوتین خەوی نیشتمان بە ماندوێتی خۆشەو شەوی ساردو گیانی ئارەقاوی رێگر نین.(وەک ھەموو جارێک من ھیچم پێ نییە بۆ خەوتن چۆن نامھەوێ قرژ بم!؟نیگابانەکان من دیاریم کردن و خەوتین،لەو چیایە بەدەر لەو پۆلە ھەڵۆیە ھیچ شتێک لەو درەنگانی شەوە دەنگی نایە ھەتا جریوەی باڵندەکانیش نایەو لە خەو دان تەنیا ھەناسەی شەماڵ نەبێ کە تێکەڵاوی ھەناسەی ئەو پۆلە پارتیزانە دەبێ کە دەمێکە خەونێکی گەورە خەوی ئەوانی حەرام کردوە،ئەوانیش خەویان دێ ماندووش دەبن سەرماش کاریان تێدەکا!ئەوانیش مرۆڤن!بەڵام:دەبێ بەرگە بگرن و بێ ئەوەی ھەست بە ھیلاکی و نیگەرانی بکەن بەردەوام بن.کەس نازانێ لەو درەنگی شەوە لەو شاخە ھەر یەک لەوان ئەو شۆکە چ خەونێک دەبینێ،ھەر یەکەو ھەڵگری تاسەیەکە!چ لە بینینی کەس و کار چ لە بینینی دەزگیران و ھەتا ماڵ و منداڵ.
منیش خەونم زۆرن و حەز دەکەم پێیان بگەم…ئێمە خەوتین پڕخەی چەند ھاورێیەک و ناڵەی ماندووێتی تێکەڵاوی یەک بوون.
لەو شوێنە و لە ناو شاخەکان دا کە بەرامبەر دەیان پایەگای داگیرکەرە!دوای چەند سەعاتێک و شەق کردنی دڵی شەو لە پڕ دەنگی رەگبارێک!دوور لە چاوەروانی و کاتێکی زۆر خەتەر کە ھێشتا شتێک لە سەعات١٠ی بەیانی تێپەریوە!خەوی تاراندین
لە گەڵ یەکەم رگبار بریندارمان ھەیە…… بە زوویی چاوەروانی رووداوە سەیرەکە بن بزانن چۆن شەرەکە دەکەن و چییان بە سەر دێت.
پێشمەرگەکان ناچار دەبن خۆیان دەکەن بە ھێزی زەربەتی دوژمن!ئیدی ئەوە چۆن روو دەدا!ئێوە چاوەروان بن قووربانتان بم،ئیدی کوورانی ئەو سەردەمە شتە مەحاڵەکانیش دەگۆڕن……..

تێبینی:کێ لە گەڵ بووە با ناوی زیاد بکەم

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *