بەشی حەڤدەھەمی گەرانەوە(١٧)له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی حەڤدەھەمی گەرانەوە(١٧)
نووسینی(عەلی سوورەچۆمی)
درێژەی بەشی شانزدەھەم
کاک کەریم شەھرنیا(ھەژار شڵماشی)کادری بوێرو خۆشەویستی ناوچەی سەردەشت
لەو جەولە دا بەشدار بووە،ئێستا لە ئەمریکا دەژی.چاوی ماچ دەکەین)
لە گەڵ دەنگی یەکەم رەگبار پێشمەرگەکان راپەرین……..

رووداوەکە
دوو ھاورێمان کەوتبوونە لای خوارەوەی شاخەکان تا ئەو جێگایەی لە یادم مابێ کاک سەعدوون و کاک رەئووف بوون من لە ناوەراست بووم بە ھۆی ترسێک کە لە شوێنی مانەوەکە ھەم بوو وە بە ھۆی سەرمای زۆری ئەو شەوە نەمتوانی زۆر بخەوم ھەر وەک باسمان کرد دوو”تامین”کە لە سەر شاخەکانی سەرەوەی ئێمە بوون بە لای چەپی ئێمەدا دوای ئەو شوان و بزنەگەلە کەوتبوون کە باسم کرد،بزنەکانیش وەک ئەوەی زۆر جاری دیکە ئەو ترسەیان تاقی کردبێتەوە شوان لە پشتیانەوە بزنەکانیش لە پێشیەوە رایاندەکرد،کە لە ئێمە نزیک بوونەوە چاوەدێریمان کردن ویستمان ئەگەر ئاشکرا بووین بێ تەقە بیانگرین تا کەس ھەست بە ھیچ شتێک نەکات بەو کاتە زووە….لە دەنگ و ھات و ھاواری دوو تامینەکە و شوانەکە پێشمەرگەیەکمان بە نێوی”برایم زیبڕ”لە پڕ راست دەبێتەوە بزانێ چی روودەدا! ئێمە کەسمان لە خەو ھەڵنەستاند بوو!ئەوە بەرنامەکەی ئێمەی تێک دا،ئەو کەمێک خەواڵوو دەبێ ھەر کە راست دەبێتەوە ئەوان کە دوو کەس بوون یەکیان چەکی پێ بوو ئەوی دیکە وا دیار بوو چەکەکەی لە سەرێ بەجێ ھێشتبوو تا باشتر بتوانی راوی خۆی بکات!ئەوەی چەکی پێبوو کاک ئیبراھیم زیبڕ دەبینێ!وەک پێی بڵێن:ئەوانە پێشمەرگەن رەگبارێکی پێوە نان لە حاڵێک دا:ئێمە پێمان وا نەبوو کەس خەبەری بۆتەوە گووللەکان زیاتر لە شاخەکەی دەدرێن ئەو فریا ناکەوێ تەواو خۆی نەوی بکات کاک ئیبراھیم بریندار دەبێ،دەقیق نێوچاوانی و بەشی سەرەوەی سەری لە خوێندا سوور بوو ئەو دووکەسەی کەوتبوونە لای خوارێ و ە من کە لە ناوەراست بووم دوو یا سێ فیشەکمان تەقاند،فیشەکێک بەر شانی و یەکێک بەر لاقی کەوت چەکەکەی لە دەست بەر بۆوە گوورج ئامادەین و بەپەلە ھاوارمان کرد کەس تەقە نەکات!شوێنەکە بەیەکێک لە ناوچە ھەستیارەکانی سەردەشت حیساب دەکرا!بە دەیان پایەگا گەمارۆ درابوو نەفەری یەکەم کەوت گەیشتینە سەری نەفەری دووھەم ویستی رابکات و کەمێک دوور کەوتەوە…نامانەوێ تاکە یەک فیشەکی دیکە بتەقێ بۆوەی کەس ھەست نەکات ئەوە دەرگیری بووە!ھەتا سێ چوار کەس نەبێ یەک کەس نەمان ھێشت لە شاخەکان دەرکەوێ،دوو کەس لێی دامەزران ھەرەشەیان لێکرد دوور بکەویەوە دەتکووژین،بێ چەک من لێی نزیک بوومەوە گووتم:بڕۆی خۆت و رەفیقەکەت دەکووژین!رەفیقەکەت بریندارە،ئەو جار لە خوارەوە بە رەفیقەکەی گووترا:بانگی بکە: بانگی کرد و ئیدی وەستا.
پێشمەرگەکان خۆیان بەستوە ئامادە بەرامبەر پایەگای”جەماڵە کۆسە” و پایەگای گووندی “بێران” شوێنێکی مەترسیدارەو دەبێ بڕیار بدەین چی بکەین،وەک رەوشتی بەرزی پێشمەرگانەمان کادری دەرمانی خەریکی دەرمان کردنی بریندارەکەی دوژمن وێرای ھاوسەنگەرەکەی خۆمان بوو،ئێمەش کۆبووینەوە بڕیارێک بدەین دوو نەزەری جیاواز ھەبوون یەکیان ئەوە بوو ھەر لە شوێنی خۆمان بمێنینەوە،نەزەری دووھەم ئەوە بوو کە دەبێ ئەو شوێنە بە جێبھێڵین،راستییەکەی شەوەکەشی کە ھاتین ئیشارەم پێکرد ئێمە لە مانەوە لەو شوێنە ھێندێک دوو دڵ بووین.بە ھەر حاڵ نەزەری (رۆیشتن)قەبووڵ کرا شوێنەکە بگۆرین،قسەی ئێمە ئەوە بوو:لانی کەم نیوەرۆ بۆی ھەیە خواردنیان بۆ بێنن،ئەو کات کە دەبینن نەفەرەکانیان لەوێ نین دوای پێو شوێنیان دەکەون.
شوێنی ئێمە لێرەواری نەبوو رووتەن بوو ھەر لە کاوەشاخەکان دەرکەوتباین دیار دەکەوتین.
بریارە گرینگەکە:
بەرەو شار دەڕۆین لە چۆمی دەپەرینەوەو دەچینە نزیک پایەگای!ھەم لێرەواری ھەیەو ھەم وەک تاکتیکێکی جێگا گۆڕکێ سەر لە دووژمن تێک دەدەین،کات نزیک دەبێتەوە لە سەعات(١٢)ە باشە چۆن بەو کاتە بە بەرچاوی پایەگاو خەڵکی ناوچەکەدا لە نێوان گوندی رەشەرمێ و بانوو بپەرینەوە!لە پڕ یەکێک لە کوورەکان:خۆمان وەک زەربەت نیشان دەدەین! بیرۆکەیەکی چاوەروان نەکراو!بەڵام:زوو وەرگیرا.تەنیا شانسی سەرکەوتنی ئەو پلانەمان گەرانی بەردەوامی زەربەتەکان و ھاتووچۆیانە بەو ناوچە دا!کەواتە:کوورینە خۆتان گوورج بکەن و کۆڵەپشتییەک بدەنە ئەو ئەسیرە ھەروەھا دارێک لە پشتی بچەقێنن وەک ئانتێنی بێسیمی (PRC77)با ژ٣“کەش بەو بێ پشتی سەری یەک دەڕۆین وەک تیمی زەربەتەکان!ئەویش پێش خۆمان دەدەین و بە دوای دا!زۆرباشە تا ئێرە؟دەی ئەدی بریندارەکە چی لێبکەین؟زۆر ھەوڵماندا لە گەڵی دەڵێ:ناتوانم بڕۆم…دەیکووژین!نا ئەوە دوورە لە پرنسیپی ئێمە..دەی کوورینە با بڕیارێک بدەین؟کاک سەعدوون:ئێوە بڕۆن حەقتان نەبێ من جێبەجێی دەکەم،ئێمە وەرێکەوتین…….
خاڵێکی جێگای سەرنج لە بیر مەکەن!شەوەکەی پێم گووتن ئێمە بە ھۆی جاسووسێکەوە شوێنمان ھەڵگیراوە….!(٣٠٠)کەس ھێزی دوژمن لە سەردەشتەوە لە مەسیرێکەوە ھاتووە کە دەکەوێتە پشت سەری ئێمەو تەنیا شوێنێکە ھیچ دیدێکی ئێمەی بە سەر دا نییە ئەو ھێزەی دوژمن دوور لە چاوی خەڵکیش چۆتە(حفاضتی)پشتی ماڵەکانی سوورەچۆم واتە:نێوان سوورەچۆم و قەلەرەشە ھەمووی بە(ئۆنیفۆرمی)نیزامییەوە کڵاو(اھنی)لە سەر کۆڵەپشتی پێوە ھەتا کیسەخەویان پێ بوو،ئەگەر ئێمە شوێنی خۆمان نەگۆریبا دەبوا لە سەعات(١) را شەرێکی قوورس و بێ ئەمان دەست پێبکەین!
زۆر جار کە بیر لە رابردوو و رووداوەکانی شەری کوردستان دەکەمەوە،دەھێنمە بەرچاوم دەبینم ئەو ناھاوسەنگییە گەورە لە نێوان ئێمەو دووژمنەکەمان دا ھەبووە!ئەی چی وایدەکرد ئێمە سەرکەوین و دوژمن داماوو شکست خواردوو! بە دەر لە ئیرادەی پۆڵایین و خۆراگری رۆڵەکانی دێموکرات و گەلی ئێمە دەبێ ھێزێک بووبێ کە لە غەیبەوە چاوێکی لە سەر ئێمە بووە…یا ھەر ئەوەی کە دەڵێن:ھێزی ھەق بە سەر ناھەق دا.
ئێمە وەک ئەوەی کە بڕیار بێ وەک ھەموو جارێک بڕیاری بوێرانە بدەین و ئیمان بە سەرکەوتن بە ورەی بەرزەوە ئەو شوێنەمان جێ ھێشت و پشتی سەری یەک ھاتین.ئەوەتان بیربخەمەوە کاک سەعدوون ھیچی بۆ لە گەڵ بریندارەکە نەکرابوو بە ناچار جێی ھێشتبوو زۆر دوور نەکەوتینەوە گەیشتەوە ئێمە..ئێمە لە پردەکە پەرینەوە ئەو خەڵکەی لەو دەورووبەرە بوون یا لە رێگاکەوە تێدەپەڕین پێیان وابوو ئێمە گرووھی زەربەتی جاشەکان یا گرووھی ویژەین. سەرکەوتین بە ئاراستەی پایەگاو پاش ماڵەکانی بانوو،ئەو مەسیرەمان زۆر تووند بڕی گەیشتینە پشت رێگا لە پڕ رەفیقان ھاوریان کرد وریا بن ئەو بەری خۆمان پڕ بووە لە ھێزی دوژمن ھەر ئەو شوێنەی لێی مابووینەوە پڕ ببوو لە نیروی دوژمن.
لە رێگاکە دا درێژ بووین یەک یەک و دوو دوو سەرکەوتین بۆ سەرتر کارێزێکی ئاوی لێ بوو خۆمان گەیاندە ئەوێ،بەرامبەر ئێمە پڕ بووە لە نیروی دوژمن ئێمەش ماندوو ھیلاک باش بوو گەیشتینە ئاو تینوەتی بڕستی لێ بریبووین،ھێزەکە کە دەگاتە شوێنی پێشووی ئێمە بریندارەکە دەبیننەوە،(جا یەکێک لە کارەکانی کاک سەعدوون ئەوە بوو تا دوور دەکەوینەوە وا بکات بریندارەکە شوێنی ئێمە نەزانێ)
ئەوان گەیشتنە سەر بریندارەکە!سەیر ئاڵۆز بوون،تیروێ و شاخ و گوێنییەکانیشیان دەپشکنین زۆر سەریع بەرەو شوێنی ئێمە دەھاتن!بەرامبەر ئێمە رەش ھەڵگەرابوو!دەی بڕیارێک بدەین….چەند ئەگەرێک…!
ئەگەر بڕۆین پایەگای گووندی بێران دیارە لەوێوە دەمانبینن و لە دوورەوە ئاشکرا دەبین!کارێک بکەین دوژمن نەمانبینێ تا ھەموو نیروەکە دەپەرێتەوە بەری خۆمان ئەو کات باشتر دەتوانین زەربەیان لێبدەین،یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شەری ھێزی پێشمەرگە ئەوە بوو:لە کاتی رووبەروو بوونەوەی لە گەڵ ھێزەکانی دوژمن ھەوڵی دەدا لە نزیکەوە لە کەمترین ماوە دا زەبری خۆی بوەشێنێ تا دوژمن خافڵگیر بێ و بە ھۆی کووژراوەکانی بە جۆرێک ورەی دابەزێ کە خیرەتی ئەوە نەکات لە ھێزی پێشمەرگە نزیک بێتەوە ،تاکتیکێک کە زۆر کاریگەر بوو لە سەر ھێزەکانی جمھووری ئیسلامی.ماندووین ئەسیرو بریندارێکی خۆشمان پێیە!
لەو قسانە دابووین..نەفەرێک لە نێو دێی را بەرەو ئێمە ھات…گەیشتە لامان چاوێکی لێکردین!بۆ خۆشی بە سەرباز دەچوو،گووتی:کێن؟بە فارسی زەربەتین
رەحمان:کاک عەلی ئەوە سەربازە لە پایەگای……..فڵان
چاوێکی لێکردینەوە!گووتی:ئێوە پێشمەرگەن نا کاکە پێشمەرگە نین! بۆ وا دەڵێی!؟ئەوە نییە رەحمانتان لە گەڵە تازە بۆتە پێشمەرگە!دەی ھیچ نەکرا ئەی تۆ؟راست و رەوان گووتی:من جاش سەربازم!ئیدی ھێزەکە بەشێکی پەریوەتەوە بۆ بەری ئێمە ئێمەش ئامادەی لێدانیان!ھیچ رێگایەکمان شک نەدەبرد…جاش سەربازەکە!ئێوە چی دەکەن وا تووشی شەر دەبن ئەو نیروە زۆرە نابینن؟با بەڵام:چار نییە شەر دەکەین!جا ھەمووتان تێدا دەچن!دەزانن ئەو ھێزە زۆرە بەو کاتە شەری لە گەڵ ناکرێ!یەکێک لە رەفیقان زۆر قسە مەکە…بۆ چی ھاتی بۆ ئێرە؟وەڵا ئەورۆ بە مەرەخەسی ھاتمەوە ماڵێ…….!کاک رەسوڵ و کاک سەعدوون بانگیان کرد:وەرە ئێرە!کوورە گووتی لە من نیگەران مەبن!کاکە من لە گەڵ ئێوە شەر دەکەم!بەڵام:بە قسەی من بکەن با لێرە ھەرچی زووتر دوور بکەوینەوە!چۆن:کاکە؟ ئاوا دەڕۆین بەرەو فڵان شوێنی ھەم بۆ شەر باشترە ھەم باشتر خۆمان حەشار دەدەین لەوێ!دەی جا فڵان پایەگا رووبەرووی ئەو شوێنەیە دەمانبینێ؟نا کاکە ئێمە لە مێژە لەوێ لە سەر ئەوە ساخ بووینەوە بە ھیچ جۆرێک تەقە لە پێشمەرگە ناکەین ھیچ،ھەر لێمان نزیک ببنەوە پایەگاکەشیان تەحویل دەدەین،کاکە من پێشتان دەکەوم ھەمووی شارەزام!باش دەی کاکە!سەربازەکە:کاکە رەخت و تفەنگی بریندارەکە بدەنە من!ھەر یەکسەر پێی درا خۆی بەست و تفەنگ لە دەست دا پێشمان کەوت زۆر بە پەلە لەو شوێنە دوورکەوتینەوە.
ئەو ھێزەی ھاتە خوار بە دوای ئێمە دا تا خوار ئێمە ھاتن و دواتر مەسیریان گۆڕی و بەشێکیان چوونە نێو گووندی بانوو بەشێکی دیکەشیان بەرەو گووندی رەشەرمێ ھاتن،لەوێوە کە کات بەرەبەرە درەنگ دەبوو بەرەو گوندی بەردەسپیان و گردمریشک و کانیەرەش رۆیشتن و ماشێنێکی زۆری نیزامی تا لای ئێوارە ھاتن لە پشتی گووندی گردمریشک چاوەروانی ئەو ھێزە زۆرە بوون،ئێمەش دوا بە دوای ئەوان و بەرامبەریان لە نێو رەزو دەوەنەکانی بەرامبەر گووندی بەردەسپیان چاوەدێریمان دەکردن بە ھۆی ئەوەی وردە وردە کات لە ئێوارە نزیک دەبۆوە ئیدی نیگەرانییەک نەمابوو،دوا بە دوای ئەوان چووینە گووندی بەردەسپیان و لە وێوە بۆ گووندی گردمریشک و کانیەرەش خەڵکەکە کە ھێشتا کات زوو بوو سەریان سوورمابوو!پشتی سەری نیروەکە ئێمە بووین ھەر ئەوان لە ناو گووند دەردەچوون ئێمە دەچووینە ناو گووند،راستی خەڵکەکە بە لایانەوە سەیر بوو کە دەمانگووت پێشمەرگەین!پێشمەرگە تازەکەشمان سەرووچاوی خۆی داپێچابوو بۆوەی کەس نەیناسێ،
راستی ئەو رۆژە رووداوی سەیر پێش ھاتن و بە شێوەیەکی چاوەروان نەکراو نەجاتمان بوو،کە ژیانی پێشمەرگایەتی پڕییەتی لە رووداوی وا ئەگەر ئەمرۆ بیخەیە سەر لاپەرەکانی مێژوو و بیگێڕیەوە رەنگە بۆ ئەو نەوەی ئێستا باوەر کردنی زەحمەت بێ.
ئێوارە لە کانیەرەش فریادرەس و پێشمەرگە تازەکەمان گووتی:براینە دەبێ بڕۆمەوە بۆ پایەگا زۆریش وەخت درەنگە!بە پێکەنینەوە رێگا نەدەین(زد انقلاب)!؟نزیک ببنەوە! یەک بە یەک لاچاوی ماچ کردین و داوای کرد وریا بین…ئێمەش باوەشمان پێداکردو بۆ ھەموو چاکەکانی و وەفای و نیشتمان پەروەرییەکەی سووپاسمان کرد.ئێمە لە گووندی کانیەرەش نان و چاییمان خورداردو بەپەلە وەرێکەوتین ئەو شەوە رێگایەکی دوورمان بڕی و بۆ سیوادی بەیانی دۆڵی کانیەزەردو قاسمەرەشمان تێپەراندو مەیدانی مینەکانمان بڕین و خۆمان گەیاندەوە سوونێ.
ئەسیرەکە لە گەڵ من بوو بە برادەر بە ھۆی ئەوەی ئامۆزایەکی منی دەناسی لە سوورەچۆم کاک عەوڵای ئامۆزام،ئەو لە(حفاضتی)پشتی گووندەکەی ئێمە بوو،کە ماندووش دەبوو ھەر دەھاتە لای من یادی بەخێر کاک ئیبراھیم زیبڕ ھەر ھەرەشەی لێدەکردن،ئەو ماوەش کە لە زیندان بوو لە کوونەمارێ دەھاتە مقەڕی نێو پێشمەرگەکان.
لەو تیمە ئەوانە شەھید بوون…
١-رەسوڵ عەزیزی فەرماندەری لک
٢-سەعدوون فاطمیان فەرماندەری لک
٣-رەئووف ئیبراھیم زادە کادری دەرمانی
٤-تۆفیق سووری سەرپەل
٥-مەنسوور رەحیمی جێگری پەل
٦-ئیبراھیم زیبڕ
سڵاو بۆ رووحیان و بۆ رێبازەکەیان ئەوانە لە درێژەی ئەو شۆرشەدا خاوەنی مێژوویەکی گەورەو دەیان و سەدان سەروەری بوون،ھیوا بوون بۆ رۆژانی تەنگانەو وەک کێو بەرامبەر دووژمن دەوەستان،ئەوان چگواراکانی مێژووی ئێمەن جیاوازی ئەوان لە گەڵ شۆرشگێرە بە ناوبانگەکانی دنیا تەنیا ئەوەیە شۆرشی ئەوان سەرکەوت و دنیا کەوتە پێدا ھەڵدان و وەسف کردنیان و بە سەدان و ھەزاران قەڵەم لە پشتیان وەستان و مێژووی ئەوانیان نووسییەوە،شۆرشگێرەکانی ئێمەش بێکەس و تەنیان و چیرۆکە تاڵەکانی ژیانی ئەوان بە تەواو نەکراوی ماونەوە.
………………………………………….

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *