بەشی نۆزدەھەمی گەرانەوە(١٩)له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی نۆزدەھەمی گەرانەوە(١٩)
نووسینی عەلی سوورەچۆمی
درێژەی بەشی ھەژدەھەم و کۆتایی.
لێرە لە گەڵ رووداوەکانی شۆرش ماندوو نابن ھەست بە شەکەتی ناکەن ،ھیچ قەڵەمێک ناتوانی وەسفی ئەوان بکات ،ئەوان بە خوێن تابڵۆی شەرفمەندی دەنەخشێنن،ھەموو شتێکیان بەلاوە ناوە تا خۆری رزگاری ھەڵدێ و مووژدە بە دایکی شەھیدان دەدەن.
تۆ تا ھاودەمی ئەوان نەبی نەچیتە قووڵایی دنیای ئەوان ناتوانی چێژ لە بە سەرھاتەکانی ئێرە وەرگری.

ھەنگاو بە ھەنگاو ئارام ئارام ئەو سەفەرە دەست پێدەکەین،با بزانین خەونی ئەوان بۆ ئەوەندە گەورەیە ئیلھامی ئەو ئەشقە جوانە لە کوێوە ھاتووە،لە رێگا دشوارەکان جێم مەھێڵن لە شەوە تاریک و ئەنگووستە چاوەکان لە ھەورازەکانی چیا لە دڵی جەنگەڵەکان لە شەوە ساردەکانی پاییزی بەیەکەوە دەبین،بزانین ئەوان چی وا کۆیان دەکاتەوە!دوا جار لە دێھاتەکان لە ناو دڵی خەڵکی ھەژار و چاوەرێی ئەوان بە یەکەوە دەبین،لە ماڵە ھەژارەکان چۆن پێشوازی کراون،ئەمشەو چوونە ئاوایی نیوە شەو ھاتووە لە ئاوایی دەردەچن بۆ بەیانی لە قەد پاڵی چیا میوانیان دەبین بزانین:ئەوان چییان لە گەڵ خۆیان ھێناوە جیا لە خۆشەویستی و ئەوین کۆڵەپشتییەکانیان پڕی پێخۆرە،یەک پەنیری ھێناوە یەک رۆنەکەرەی پێیە یەک ھەنگوینی ھێناوە یەک بەو درەنگی شەوە گۆشتی ھێناوە،ھا کوورینە ئەو ماڵە دوای یەک ھەفتە جێژنی قووربان چاوەروانی پێشمەرگەکان بووە تا بێبەش نەبن.
(ئێستا درێژەی رووداوەکە)
دوای ئەوەی کە داوای تەسلیم بوونیان لێ دەکرێ،تا نەبنە قووربانی و گیانیان پارێزراو بێ!کەچی جواب نادەنەوە ئەو ھێزە کە ھی (تیپی ابولفضلی سپاە)بوون و لە گووندی (ئاڵۆتان)نیشتەجێن ھێزێکی مەشق پێکراوی سنووری و لە دەیان فەرماندە پێک ھاتوون گوێ بە تەسلیم بوون نادەن!کەواتە:با بەیەکەوە شاھیدی شەری سەختی ئەو ھێزە دەورە دیدە و پارتیزانەکانی دێموکرات بین بزانین چی روودەدات!لێرە شەری ئیرادەو باوەڕە لە گەڵ ھێزێکی داگیرکەری مەشق پێکراو……شەرە قوورسەکە بە یەکەم رەگباری تیمی لای کاک حەمە نارستی دەستی پێکرد ئێمەش ئەڵقەی گەمارۆمان بە جۆرێک تووند کرد کە ھیچ شانسێک بۆ دەرباز بوون نەماوەتەوە،قرمژنی کڵاشینکۆفی دەستی پێشمەرگەو نارنجۆکە یەک بە دوای یەکەکانیان لە داوێنی شاخ دەنگ دەداتەوە،ھەڵمەتی کوورانی رۆژی تەنگانە ئەوانەی دەیان دۆزەخی ئاوایان بۆ داگیرکەرانی کوردستان درووست کردوە بە جۆرێکە کە نەک ئەو دوژمنە ترسنۆک و شکست خواردوە ھیچ ھێزێک ناتوانێ بەرگە بگرێ،ئەوان زیاتر فێر بوون خەڵکی ھەژارو بێدیفاع لە سەر رێگاو مووچەو مەزراو ناو ماڵەکانیان بە بێ تاوانی شەھید بکەن.
لەو حەڤدە کەسە ئەوانەی رزگاریان بوو لە یەکەم رەگبارەکان بریاری شەریان دا و سەنگەریان لە پێشمەرگەکان گرت!
سەیرە!ئەو ھێزە بەو ھەموو چەک و چۆڵەوە چۆن توانیویانە لە یەک(مێگ زەمینی)دا جێگای خۆیان بکەنەوە!با بیرتان بخەمەوە ئەو ھێزە بەو (ئارایش) ی لێی پێک ھاتبوون و بە چەندین دووربینی پێشکەوتوو بۆ چاوەدێری ناوچەکە ھاتبوون تا ئاگر بارانی ناوچەکە دەست پێبکەنەوە،ئێمە بووینە سێ تیم تیمێک لێواری جادەکە تیمێک ناوەراستی جادەکە و من لە گەڵ سێ کەس پشت جادە..چەند کەسێکیان بەرەو ئێمە ھاتن کاک حەمە ھاواری کرد بەرەو ئێوە ھاتن!گووتمان خەمی ئێمەت نەبێ ھەموو شتێک لە ژێر چاوەدێریمان دایە…فەرماندەکەیان کردنی بە دووبەش!بەشێک لە نێوانی ئێمە و تیمی کاک حەمە سەنگەریان گرت،فەرماندەکەیان کە جێگری فەرماندەری(تیپ)بوو کەسێکی زیرەک بوو ئەو تیمەی دانا تا لە پشتەوە دیفاع لە پاشەکشەی ئەوان بکەن و لە گەڵ ئێمە کەوتنە شەرێکی سەختەوە…خۆشی بەرەو ئێمە ھات و بە کەڵک وەرگرتن لە ئەو جۆگەی جادەکەی دا بڕیبوو کەوتە شەر کردن و پشرەوی ،شەرێکی سەخت دەستی پێ کردووە،ھاوارو ھەڵمەتی شێرانەی پێشمەرگە چۆک بە ھەموو نەیارو بەربەستێک دا دەدا.ئێرە کوردستانە کوردستان،لە دڵی ھەزاران پارتیزانی دێموکرات دایە(داخەکەم خۆ ئەمڕۆ نییە)!!؟؟
کە نزیک بوونەوە تیمی خوارەوەی ئێمە نارنجۆکێکیان بۆ فرێ دا!کەچی:دوور لە چاوەروانی بۆ لای پێشمەرگەکانی فرێدایەوە بەر لە تەقینەوە! لە نزیک پێشمەرگەکان تەقییەوە!ئیدی ئەوە دووژمنە و جاری وا ھەیە تا دوا ھەناسە دەکەوێتە شەر لە گەڵت!کە وامان دیت ئێمە نزیک بووینەوە لە گەڵ ئێمەش کەوتنە شەرەوە!زۆری نەما ھاورێیەکمان شەھید بکات،کاک حەمە بێسیمی کرد:لە کاکتان نەکەوێ وەک کاکی خۆتان ھەڵمەت بەر بن….ھەر لە سەر بێسیمەکە! نانا زۆر وریا بن ئەو سەرکەوتنە نابێ تاڵ بێ! زۆر بە پەلە بە بێسیم قسەمان کردو دوو دەستە سەرگەرمیان کرد!لێرەدا دەبوا تاکتیک و چاو کراوەیی پێشمەرگە دەور بگێرێ…بەڵێ:سەر گەرم کران تا تیمەکەی ئێمە شوێنی خۆمان گۆری گەیشتینە سەر سەریان دوا جار ھیچ رێگایەکیان بۆ نەمایەوە………
لە ھەموو بەرەکان سەرکەوتین دەیان کەلاکی داگیرکەر لە مەیدانی شەر کەوتن،لەو حەڤدە کەسە تەنیا یەکێک تەسلیم بوو ئەویش بەو پەری رێزەوە گیانی پارێزرا.
یەکێک بە کەڵک وەرگرتن لە زۆری کووژراوەکان لە حاڵێک دا چەند جار چووینە سەر سەریان!بەڵام:لە ئەخلاقی ئێمە و پرنسیپمان نەبوو بە گووللەی خەلاس دابێژ دابێژیان بکەین!بە برینداری وەک کووژراو خۆی نیشان دا بوو،لە حاڵێک دا ئێمە مەیدانی شەڕمان جێ ھێشتبوو،کەچی:ھیچ ھێزێک نەیوێرا بوو بێتە مەیدانی شەر!بریندارەکە کە ئێمە دوور کەوتبووینەوە تویبەکانی ماشێنەکە رادەکێشێ و لە چۆکانی دەبەستێ و تا نزیک کوونەمشکێ کە مەودایەکی یەکجار زۆرە لە سەر چۆکان دەڕوا تا دوا ھەواڵی شکستێکی گەورە بۆ ئاغاکانی بباتەوە گیانی خۆشی رزگار بکا،لە حاڵێك دا ئەگەر ئێمە زانیبامان بریندارە رزگارمان دەکرد کە دەیان جار ئەوە رووی دا بوو
ئەوەی بە برینداری خۆی تەسلیم کرد برینەکانی تەداوی کران.
سێ ھەواڵ کە دواتر لە سەر ئەو شەرە بۆ حیزب ھاتن:(یەک) بەداخەوە ھەموویان(لور)بوون کە لە شێوەی شەرکردنیان دەبێ رەگەزێکیان کورد بێ
(دوو:)لە فەرماندەرانی یەک (تیپ)تەنیا فەرماندەری تیپ دەرباز بووە:ئەویش لە مەرەخەسی بووە:
خاڵی (سێھەم):ئەو سەربازە کوردانەی لە (خرم اباد)سەرباز دەبن و خەڵکی سەردەشت دەبن تا دوو ھەفتە ھیچ کەسێک ناتوانێ لە شوێنی خزمەتی خۆی دەربکەوێ!فەرماندەی پادگان دەڵێ:کوردەکان لە سەردەشت جینایەتیان ئەنجام داوە ئاگاداری خۆتان بن کەس نەڵێ من خەڵکی سەردەشتم!!
بە پەلە تەواوی چەک و چۆڵ و ئەو دووربینە تایبەتانەی پێیان بوون کە یەکەم جار بوو دەست ھێزی پێشمەرگە دەکەوتن کۆ کرانەوە،ئێمە دەبوا بەرەو خاڵی سنووری پاشەکشە بکەین کاتێک سەردەکەوتین داوا کرا ئەوانەی شارەزای ھەڵگرتنەوەی(مینن)بێنە پێشەوە بە(احتیاط)دەرۆیشتین بریندارەکە کە میھرەبانی پێشمەرگەکانی تاقی کردبۆوە کە بینی خەریکین بە وریایی دەمانەوێ دەرباز بین!ھاتە پێشەوەو گووتی:بڕۆن نیگەران مەبن ئەو شوێنە ھیچ مینێکی لێ نییە؟ ھەر لەوێ بۆمان دەرکەوت کە یەکێک لە (مھندسان)ی تەخریب و دەستەی شناسایی ناوچەکەیە.ناوی مەحمەد بوو دواتر رەوانە کرا بۆ زیندانی حیزب دوای ماوەیەک باوک و دایکی ھاتن بۆ سەردانی خۆشی لە زیندانی حیزب بوو بە نانەوا تا کاتی ئازاد کردنی.
ھەر وەک ئاگاداری بۆ ئێوەش ئەوە بەشێک لە بەرپرسایەتیەکانیان:
(سرگرد) ١ نەفەر معاون تیپ ابولفضل سپاە…
دەرجەی(ستوان) ٣ نەفەر
(ستوان یکم) ١ نەفەر
(استوار یکم)تا سێھەم ٣ دانە
باقی بەشی(حفاظت)بەشی(سیاسی)بەشی
(مھندسی)تەخریب و شناسای و دیدەبان.
ئیدی ئێرە کوردستانە پارێزەرانی کوردستان وەک شێر ئامادن بۆ دیفاع لە خەڵکی خۆیان داستانی وا تۆمار کراوە کە ئەمڕۆ زۆر ئەستەمە بیریشی لێبکرێتەوە،کوردستان وەک ئەمڕۆ بێکەس نییە،چاوەروانی مەرگی کارەساتبار بین رۆژھەڵات ببێتە پردی پەرینەوەی ھەمووان و کەسیش بیری لێنەکاتەوە شۆرشگێرانیشی پڵینگە ئازاکانی بێ مراد بن و لە گەڵ گەلی خۆیان چاوەروانی مەرگی لە سەرەخۆ بن!
کۆتایی ئەو بەشەو ئەگەر تەمەن باقی بێ و رووداوەکانی شۆرش جێگای سەرنج!ئەوە بەردەوام دەبین.
دووبارەی دەکەمەوە بۆ ھەموو سەرنج و پێشنیارێک بۆ باشتر دەرخستن و بەرجەستە کردنی ئەو مێژوو چاوەروانیم لێتان ھەیە
بەراستی و لە دڵەوە سووپاس بۆ کۆمێنتە جوانەکانتان کە دەبێتە ھێزو ھەتوان بۆ بڕینی ئەو رێگایە.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *