دووبارە گەمارۆ! بەشی سێهەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
دووبارە گەمارۆ!
بەشی سێهەم!
هەوڵدان بۆ دەرباز بوون!
داڵانی خانوەکە زۆر تاریک بوو و هاتنە ژوورەوەی کەسەکان کەمتر دەبیندرا. هێزەکەش وەک پێشوو هەروا بە هەڕەمەکی تەقەیان دەکرد، بەڵام هەر تەقەیەک لە لایان ئەوانەوە و لەو داڵانە تەنگەبەرەدا دەکرا ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە پێشمەرگەکان. لە پڕ دەستڕێژێک لە داڵانی ماڵەکە کرا و گڵ و خۆڵ و پرینچکە بەرد بە هەموو پاشخانەکەدا بڵاو بۆوە.لەو دەستڕێژە گوللەیەک گاسکەی کرد و بوو بە هۆی بریندار بوونی یەکێک لە پێشمەرگەکان. وادیاربوو ئەو دەستڕێژە هەر لە لای پێشەوەی خانوەکە ڕا کرابوو و بۆی نەهاتبوونە ژوورەوە تا پێشمەرگەکان بیانبینن. بە خۆشیەوە برینەکەی زۆر قورس نەبوو کە نەتوانێ شەڕ بکات، بەڵام دەبووایە ڕزگار بکرێت. بریندارەکە هێندێک برینی زۆر سووک، بە سەرتاپای لەشی دا بڵاو بوو بوونەوە. هەر بە هۆی دەستڕێژەکە چەند ددانێکیشی شکابوون و زمانیشی زامدار بوو بوو، بەڵام برینی گەورە لە ڕانی بوو و ساردبوونەوەی دەکرا ببێتە هۆی لە پێ کەوتنی ناوبراو. بەمجۆرە دەربازکردنیشی بە تەنیا یەک پێشمەرگە کارێکی زۆر ئاستەم دەبوو.
تەنانەت پێشمەرگەکەی دیکەش بڕێک بڕینچکە بەردی وێکەوتبوون و گەرمی پرینچکە بەردەکان، کە زۆر ورد بوون، یەک دوو جێگایان لە سەر و چاوی سووتاندبوو. خەمی بەرگری و هەوڵدان بۆ ڕزگارکردنی بریندارەکە وایکرد کە هەرچی زووترە هەوڵی دەربازبوون بدرێت.
هێرشی دووبارەی هێزەکانی ئەرتەش!
پێشمەرگەکان، خۆیان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی دووبارەی هێزەکانی ئەرتەش ئامادە دەکرد و بەو مەبەستەش لای پێشەوە و نهۆمی خوارەوەی ماڵەکەیان لە ژێر چاوەدێری گرتبوو. هێزێکی زۆر لە بەر دەرگای ماڵەکە کۆببوونەوە و بە تەمای لێدانی ئار پی جی لە خانوەکە و بە دوای ئەویشدا هێرشی دووبارە بۆ نێو ماڵەکە بوون. یەکێک لە پێشمەرگەکان، کە لە ژووری پێشەوە بوو، ئەوانی لە ژێر چاوەدێری گرتبوو. تەنیا ڕێگای دوورخستنەوەی هێزەکەی لەو کاتەدا لە هەڵدانی نارنجۆکی دەستی دادیت. تەقەکردن ئەو کاریگەرییەی نەدەبوو و دەبووایە دەستیش بە فیشەکەوە بگرێت. نارنجۆکێکی کێشا و لای خۆی زامنەکەی تەقاند، تا زووتر بتەقێتەوە و هێزەکە کەمترین دەرفەتیان بۆ خۆ پەنادان هەبێت. هێزەکە بە تەقینەوەی نارنجۆکەکە بە تەواوی پەرتەوازە بوون، نەک هەر لە بەردەکی ماڵەکە، بەڵکو لە بانەکانی دەورووبەری ماڵەکەش پاشەکشەیان کرد. بە هۆی تەقینەوەی نارنجۆکەکە تەپ و تۆزێکی یەکجار زۆر بەر ماڵەکەی بە تەواوی گرتبوو و لە مۆڵگەکانی دەورووبەری ئاوایی ڕا هیچ شتێک نەدەبیندرا. ئەو تەپ و تۆزە و هەڵاتنی هێزەکە دەرفەتی باشی بۆ پێشمەرگەکان ڕەخساند تا خۆیان دەرباز بکەن. خانوەکە دوو نهۆمی بوو و پێشمەرگەکانیش هەر یەکەی بە دەرگایەکدا هاتبوونە دەر. هیچکامیان ئاگاداری ئەوی تر نەبوو، بەڵام هەر دووکیان هاتبوونە دەرەوە. تەپ و تۆزی ئەو نارنجۆکە هێندە زۆر بوو کە کەس باوەڕی نەدەکرد نارنجۆکێک بووبێتە هۆی هەستانی تۆزێکی هێندە زۆر و بەردەوام، کە لانی کەم بۆ ۱۰ خولەک هیچ شوێنێک لە دەرەوەی ماڵەکە دیار نەبوو. ئەو نارنجۆکە لە نێو خەڵک دا بوو بوو بە وێردی سەر زمان کە، پێشمەرگە لەو شەڕەدا بۆمبێکی تایبەتی بە کارهێناوە کە بۆتە هۆی هەڵاتنی هێزەکە و شکاندنی ئاڵقەی گەمارۆ لە لایان پێشمەرگەکانەوە.
سەرسوڕمانی خەڵک لەو شەڕە؟!
یەکێک لە پێشمەرگەکان کە بە دەرگای سەرەوەی ماڵەکە دا هاتبووە دەرێ و لە نێو کۆمەڵێک لە خەڵکی گونددا، کە لە سەر موچە و مەزرا ڕا هاتبوونەوە ڕاوەستا بوو و چاوەڕوانی هاتنە دەری هاوڕێیەکەی دیکەی دەکرد. هێشتا خەڵکەکە بۆیان جێگای پرسیار بوو کە دەبێ ئەو تەقە چی بێت و ئەو هێزە بۆچی هاتبێ؟ کەسێک کە، هێشتا لە ئێسترەکەی کە دوو باقەگیای وەک بنبار لێ هەڵبەستبوو دانەبەزیبوو، پرسیاری کرد ئەوە چ باسە؟ ئەو تەقە چیە؟ لە بەر حەپەساوی نەیدەتوانی بیهێنێتەوە بیری خۆی کە ئەو پێشمەرگەیە خەڵکی گوندەکە نیە و بە چەکەوە لێرە چ دەکات؟ کە پێشمەرگەکە وڵامیدایەوە، ئەوە شەڕە و شەڕی پێشمەرگە و هێزەکانی حکومەتە، ئەو جار پرسیاری ئەوەی کرد، کوا پێشمەرگە؟ پێشمەرگەکە وڵامی دایەوە ئەوە نیە من پێشمەرگەم!!! کابرا زۆر سەری سوڕما. تەنیا ئەوەندەی پێ گوترا بڵێ ئەدی لێرە چ دەکەی؟ بۆ ناڕۆی؟ هەموو وڵات پڕە لە “نیرو” هێز. پێشمەرگەکە وڵامی دایەوە؛ هاوڕێیەکەم لە ژوورەوەیە و چاوەڕوانم ئەویش بێتە دەرەوە جا دەڕۆیین. هاوکات لە گەڵ پرسیارەکانی کابرا، خەڵکێکی زۆریش لەوێ کۆ ببوونەوە و بەشێکیان زۆر بە تامەزرۆییەوە دەیانویست پێشمەرگەکە درەنگتر بڕوات، بەڵام هەر لەو کاتەشدا نەیاندەویست گیانی بکەوێتە مەترسیەوە، بێ ترس لەوێ ڕاوەستابوون و چاودێری دیمەنەکەیان دەکرد.
دوایین سەربازیش ڕاودەندرێ!
سەربازێک، وادیار بوو هەستی بە بوونی پێشمەرگەکە لە نێو ئەو خەڵکەدا کردبوو. بێ خەبەر لەوەی کە پێشمەرگەکەش ئەوی بە تەواوی لە ژێر چاوەدێریدایە، خەریک بوو لە سەر بانی ماڵەکە ڕا بە پارێز بێت و بە بیری خۆی تەقە لە پێشمەرگەکە بکات. هەر کە نیزیک بۆوە پێشمەرگەکە دەست پێشخەری کرد و تەقەی لە سەربازەکە کرد. سەربازەکە پێکرا یان نا، باش دیار نەبوو چوونکی شوێنەکەی لە هی پێشمەرگەکە بڵیندتر بوو. دوای بێدەنگ بوون یان هەڵاتنی ئەو سەربازە، هێرشەکەش وادیاربوو دوایی هاتبوو.
——-
هەر دوای ئەوە، ئەو پشمەرگەی کە بریندار بوو و بە دەرگای خوارەوەدا هاتبووە دەر، هاواری کرد کە من هاتوومە دەر و تۆش وەرە دەرەوە. خەڵکەکە ڕێی دەربازبوونیان بە پێشمەرگەکەی دیکە نیشان داو و پاش ماوەیەکی کورت یەکتریان گرتەوە و بەرەو دەرەوەی ئاوایی وەڕێکەوتن.
———
پێشمەرگە گەمارۆدراوەکان، دوای هاتنەدەر لە ماڵەکە، تا دەرچوون لە نێو ئاوایی، چەند جارێک ئەو ماڵەی دیکەیان، کە تیمێکی دیکەی لێ مابوونەوە خستە ژێر چاوەدێری تا لە ئەگەری ئاشکرابوونی ئەوانیشدا بەرپەرچی هێرشی سەر ئەوانیش بدەنەوە و بە یەکەوە لە ئاوایی بچنە دەر، بەڵام وادیار بوو ئەوان ئاشکرا نەبوو بوون.
———
لە ڕێگای دەرچوون لە ئاوایی دا چاویان بە خاوەن ماڵی ئەو تیمەی دیکە کەوت و زۆر بە نهێنی تێیانگەیاند کە هەر ئێمە ئاشکرا بووین و بریندارێکی سووکمان هەیە، دەڕۆیین تا زووتر بیگەیەنینە نەخۆشخانە تا دەرمان بکرێت.
——–
بریندارەکە شارەزای هەموو ڕێگاکانی هاتن و چوونی نێوان ئاوایی و دەرەوەی ئاوایی بوو، هەر بۆیەش دەرچوون‌ لە دێ و گەمارۆ هاسانتر لەوە بوو کە پێشبینی دەکرا. دواتر دەرکەوت کە کاتی هاتنی هێزەکە بۆ گەمارۆدانی پێشمەرگەکان، ژمارەیەک سەرباز لە تەپۆلکەیەکی زاڵ بە سەر ئەو ڕێگایەدا، کە پێشمەرگەکان پێی دا دەرباز بوون جێگیر کرابوون، بەڵام کە هێرشی نێو ئاوایی تێکشکابوو ئەوانیش شوێنەکەی خۆیان چۆل کردبوو.
پێشمەرگەکان بەدەم ڕێگا ڕۆیشتنەوە ڕێگاکە و تەپۆلکەکانی دەورووبەریان تاقی دەکردەوە، کە نەکا لە مۆڵگەکانی دیکه ڕا بە مەبەستی ڕێگری کردن لە دەربازبوونی پێشمەرگەکان هاتبنە دەورووبەری ڕێگاکە و کەمینیان دانابێتەوە. پێشمەرگەکان تا گەیشتنە کوێستانی باژاڕی هیچ کێشەیەکیان بۆدروست نەبوو.
درێژەی هەیە…

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *