بەشی بیستەمی گەرانەوە(٢٠)له‌ نووسینی: عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی بیستەمی گەرانەوە(٢٠)
نووسینی عەلی سوورەچۆمی.
(٦)کەس بە فەرماندەری کاک خدر میراوەیی و ھەمزە گۆران لە ناوچەی (نەڵێنی)سەردەشت بووینە کێشە بۆ رژیم!دوو رۆژ بێ نان دەبین و چەند جارێک(دەورەگیران)بەیانییەکی زوو لە شوێنێک بە ناوی (ھەڵۆو پڕکانیان شەر روو دەدات….
لێرەش شەر لە گەڵ ئیرادە ناکرێ و فەرماندەیەکی گەورە دەکووژرێ..چاوەروان بن؟

بە یەکەوە سەفەرەکەمان دەست پێدەکەین،دەچینەوە مەڵبەندی تێکۆشانی پارتیزانەکانی دێموکرات و سەدان بە سەرھات دەگێرینەوە،رووداوەکان جێگای بایەخن و ھەوڵ دەدەین بچینە قووڵاییانەوە ئەوەی لێرە روویداوە ژیانی راستەقینەی سەدان کوورو کچی وڵاتی ئێمەیە،زۆر بڕگەی تایبەتی تێدایە لێرە ھەوڵ دەدەین شتەکان وەک خۆی بگێرینەوە چۆن ئەوان پێویستیان بە سیناریۆ داتاشراوەکان نییە،ئەگەر لە کاتی گێرانەوەیان دا ھەموو فکرتان لێرە بێ!ئەوە نیشانەی ئەوەیە لە چەقی رووداوێکی گەورە دان،بەڵام:راستەقینە.
ئێوە لە گەڵ من بەشێکن لە بە سەرھاتەکان و جیا نین! ھەنگاوێک لە یەکتر دوور ناکەوینەوە لە خۆشی و ناخۆشییەکان بە یەکەوە دەبین،بە یەکەوە ماندوو دەبین بە یەکەوە پێدەکەنین و بزەی شادی شاگەشکەمان دەکات،جار جار بە یەکەوە وچانێک دەدەین ھەر بەیەکەوەش لە زۆر جێگا فرمێسک چاومان دادەگرێ و ئامێز بە ھاورێی شەھیدمان دادەکەین و یەکتر بە جێناھێڵین.ئەگەر!بڕیاری ئەو سەفەرەت داوە با دەست پێبکەین.
لە جەنگەی کارو تێکۆشان دا کە زۆربەی ھێزەکانی حیزبی دێموکرات دەگەرانەوە قووڵایی کوردستان،دەفتەری سیاسی پێویستی بە پێشمەرگە دەبوو بۆ پاراستنی ئەمنییەتی خۆیان،ھێزی گیارەنگ بەردەوام (لکێکی)لە ھێزەکانی دەنارد بۆ مەئموورییەتی دەفتەری سیاسی،ئەو ھاوینە ئەو پۆلە لە کادرو پێشمەرگەکان بێبەش دەبوون لە گەرانەوە بۆ ناوچەکانی سەردەشت،ئەوەش دەبوو بە ھۆی دڵگرانی پێشمەرگەکان،بەڵام:بە ھۆی زەروورەتەکەو ھەستی بەرپرسیارەتی پێشمەرگەکان شانیان دەدایە بەرو جێبەجێیان دەکرد.
ساڵی (١٣٦٧)لکی ٢ ئەو مەئمووریەتەی پێ سپێردرابوو،لە (لکێک)پێشمەرگە چەند کەسێکی کەم مابووینەوە،زۆر جار لە گەڵ ھێزو جار جار ھەر ئەو چەند کەسە خۆمان ئامادە دەکردو دەگەراینەوە ناوچە،ئەوە کاک خدر میراوەیی باشتر دەزانێ!چۆن زیاتر سەربەخۆ کارمان دەکرد! بێ وەستان لە ھاتوچۆ دابووین چەند جارێک (تەقەمەنی)مان دەگواستەوە بۆ ناوچە،شەوێک بە چەندین بار مھیماتەوە چووینە ناو پایەگایەک کە لە جێگای خۆی باسی دەکەین:(شەرەکەی ئەو شەوەش گەلێک قوورس بوو).
ھاوینی ساڵی(١٣٦٧)مانگی گەلاوێژ لە سوونێ را بە ناوچەکانی قەندیل دا بەرەو ناوچە وەرێکەوتین،دەقیق لە دەشتی(وەزنێ)وە دەرچووین ناوچەکە زۆر میلیتاریزە بوو پێویست بوو زۆر وریاو چاو کراوە بین دوای شناسایی و دەست نیشان کردنی شوێنەکانی دەرباز بوون و بڕینی مەیدانی مینەکان و گۆرینی چەند مەسیرێک لە شەوێکی ئارامی ھاوینی دا پشتی سەری یەک و بە فاسلەیەک کە یەکتر ون نەکەین سەفەر دەستی پێکرد چەند جارێک پشوو دان و مەسیر گۆرین بە ھۆی کەمینەوە بە بێدەنگی بێ ئەوەی کەمینەکان ھەست پێبکەن دەرباز بووین،دەشتی جوان و دڵ رەفێنی وەزنێ لە مانگە شەوێکی ھاوینی دا باوشی بۆ ئێمە کردبۆوە تا ئەو سەفەرە نەوەستێ ئەو چەند کەسەی ئاشقی جوانییەکانی نیشتمان کە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بێ زیان تێپەڕ بن.
بە خوار ماڵە کانی کوونەمشکێ دا بەرەو بناری ھێلانە ھەڵۆ بە گیانی ئارەقاوی و ماندوویەتییەکی زۆر دەمانەوێ دڵی شەو ببڕین.پێشەنگی ئەو کاروانە ئەو شەوە لە دەستی تێکۆشەرێکی ناوچەی نەڵێن دایە!کە شاخ بە شاخ و دەوەن بە دەوەنی ناوچەکە شارەزایە،ئەو پارتیزانێکی خاوەن ئەزموون و پیاوێکی ئارامە ئەو بۆ خەونی رزگاری ھیچ بەربەستێک ناناسێ بێ ماندوو بوون و لەو پەڕی مەھارەت و لێھاتوویی دا پێشەنگی دەکات،ئەو دەیان شەوی ئاوای تاقی کردوونەوە تێیدا براوەو سەربەرز بووە.
ئەو پیاوەی رۆژگاری سەختی خەبات کاک(ھەمزە گۆران)ە لە کاتی پشوو دان و دەر کردنی ماندوویەتی چەند جارێک لە دەوری کۆدەبینەوە!پرسیار دەکەین؟کاکە چەندمان ماوە!لە کەمینەکان دەرباز بووین مەترسییەکان کەم بوونەوە!ھەموو جارێ بەو ئارامییەی خۆی کە پێی ناسراوە!وەڵام دەداتەوە نیگەران مەبن کاکی خۆتان کووری ناوچەکەیە بەڵێنتان پێدەدەم بە رۆژیش شوێنی وا شارەزام بێ ئەوەی دووژمن بزانێ دەربازتان دەکەم!ئیدی بەوە دەڵێن:ورە،بڕوا، ئیمان،باوەڕ،بە ئامانج…با بۆ مێژوو بە شاھیدی ئەو کوورانەی دەیانناسی شاھیدی بدەین بۆ ئەو لێھاتوویی و تایبەتمەندییە گەورانەی ھەمزە گۆران،چارەنووسی تاڵی ھەمزە گۆران و بنەماڵە شۆرشگێرەکەی پێویستە ببێتە بڕگەیەک لە مێژووی شۆرشی ئێمە بۆ رزگاری!ئێستا کە باسی چارەنووسی تاڵم کرد فرمێسک چاوەکانی گرتووم،دوای ساڵێک یا ساڵ و نیوێک لەو رووداوانەی ئێمە دەیانگێرینەوە ھەمزە گۆران بریندار دەبێ،چیرۆکی بریندار بوون و بە جێمانەکەی کە ھاورێکانی وا دەزانن شەھید بووە لە بەشەکانی داھاتوو باسی دەکەین!دوای ئەو بریندار بوونە کە دەبێتە چیرۆکێکی خێر بۆ حیزبی دێموکرات و پارتی دێموکراتی کوردستانی ئێراق!دوای ساڵێک و چاک بوونەوەی لە چیرۆکێکی لەوە تاڵتر دا شەھید دەبێ…ئەو کات لە ئێستاوە دەڵێم:فرمێسک چاوتان دەگرێ و بۆ چارەنووسی ھەمزەکانی وڵاتی ئێمە بە کووڵ دەگرین.ئەو برایەکی ساڵی (٦٥) شەھید بوو بە ناوی(سمائیل گۆران)کە من لە گەڵ بووم لەو شەرە)ھەروەھا دەکاتە برای تێکۆشەری خۆشەویست و پێشمەرگەی دەیان ساڵ خەبات کاک(حەمە گۆران)
کە بە ھۆی نەخۆشی لە ناو ریزەکانی حیزب کۆچی دوایی کرد و ئێستا بنەماڵە تێکۆشەرەکەی لە ناو حیزب دەژین.
ئەو شەوە رێگا درێژەکانمان بڕین و بۆ بەری بەیانی خۆمان کرد بە لێرەواری دیوی نەڵێن داو بە دنیایەک خۆزگەی جوان و ئارەزووی گەش خەوتین.
وێنە:
گڵکۆی تازەترین شەھیدی ئەو رێبازە شەھیدی فەرماندە قادر قادری.کاتی دوا فرمێسکەکانی ماڵ ئاوایی.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *