لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا! بەشی پێنجەم له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا!
بەشی پێنجەم
هەوڵی پێشمەرگەکان بۆ خۆ دەربازکردن!
دوای ماوەیەک لە ئاوربارانکردنی خانووەکە و چەند جارێکیش ھەوڵدان بۆھاتنە ژوورەوە. ئەو هەوڵانە بە ھۆی بەرگری پێشمەرگەکان ھەموو جارێ بێ ئاکام ببوو. پێشمەرگەکان گومانی ئەوەیان لا دروست بوو کە ھێزەکانی ڕێژیم تاکتیکی دیکە وەک؛ ئاوردانی خانووەکە ڕەچاو بکەن. ھەر لەبەر ئەو ھۆکارەش پێشمەرگەکان هەوڵەکانیان بۆ خۆ دەربازکردن چڕتر کردەوە.
پێشمەرگەکان بیریان لەوە کردەوە کە لە دەرگای چوونە ژووری ماڵەکەڕا تەقە بکەن بۆ ئەوەی دوژمن پێی وابێ ھەوڵدەدەن بەو دەرگایەدا دەرباز بن، بەڵام بە دەرگایەکی دیکەدا، کە لە لای ڕاستی ماڵەکە ھەلکەوتبوو، ئاڵقەی گەمارۆکە بشکێنن و خۆیان دەرباز بکەن. کاتێک یەکێک لە پێشمەرگەکان ئەو دەرگایەی کردەوە دەرکەوت کە بە ھۆی دەستڕێژی ھێزە پەلاماردەرەکەوە ئاور لە پەرژینی ماڵێکی جیران، کە دەکەوتە بەرامبەر دەرگاکە بەربووە. ئاگرەکە ڕووناکایی زۆری دروستکردبوو. بەڵام نەک بە ھۆی ڕووناکی ئاورەکە بەڵکو بەھۆی دەنگی دەرگاکەوە، ئەوچەکدارانەی کە لەسەربانی ماڵی جیرانەکە، ڕێک بەرامبەر دەرگاکە ڕاوەستابوون ھەر زوو ھەستیان بەم جموجۆڵەی پێشمەرگەکان کرد و دەرگاکەیان دایە بە دەستڕێژی چەکەکانیان. لە گەڵ یەکەم دەستڕێژدا فیشەکێک گاسکەی کرد و بوو بە ھۆی پێکانی دەستی یەکێک لە پێشمەرگەکان. پێشمەرگە بریندارەکە بۆ ئەوەی دوژمن بە برینداربوونەکەی نەزانێ بە ئەسپایی ھاوڕێکانی لە برینداربوونەکەی ئاگادار کردەوە. برینی بریندارەکە بە سادەیی پێچرا تا خوێنی زۆری لە بر نەڕوات. بە خۆشیەوە برینی ناوبراو ئەوەندە قورس نەبوو تا توانای شەڕکردنی نەمێنێت. دوای ئەو دەستڕێژە توندە، کە چەند دەقیقەیەکی خایاند، دووبارە چەکەکان بۆ ماوەیەک بێدەنگ بوونەوە. وادیار بوو چەکدارانی ڕێژیم دەیانویست بزانن ئاکامی دەستڕێژەکەیان چ بووە.
دەرگاکە بە دوای دەستڕێژە توندەکەدا بە ئاوەڵایی مایەوە. ئەوە دەرفەتی بە پێشمەرگەکان دەدا تا لەوێڕا لای ڕاستی ماڵەکە باشتر لە ژێر چاوەدێری بگرن.
بەرامبەر دەرگای ئەو ماڵەی پێشمەرگەکانی تێدا بوون بە کەڵەکە بەردێک ھەڵچندرابوو و ئاوری پەرژێنەکە لە سەرکەڵەکە بەردەکە دایسا. ئەوە وای کردبوو کە ڕوناکایی ئاورەکە بەرزتر لە دەرگای ماڵەکە بێت و دوژمن دەرگاکە باش نەبینێت.
ڕووناکایی ئاگری پەرژینەکە دەبووە ھۆی ئەوەی کە پێشمەرگەکان باشتر لای ڕاستی ماڵەکە و تەنانەت سەر سوێبانی ماڵی جیرانیش ببینن. یەکێک لە پێشمەرگەکان لە دەرگا کراوەکە ڕا چاوی بە ژمارەیەک چەکدارکەوت کە لە سەر سوێبانی ماڵی جیران ڕا چاوەدێری دەرگاکە و خانوی ماڵەکەیان دەکرد. بە ھۆی بەرزی ئاگری پەرژینەکە لە ڕاستی دەرگاکەوە، ئەۆان نێو ژووری خانووەکەیان نەدەدیت. پێشمەرگەکە دەستڕێژی لەو چەکدارانە کرد. لەگەڵ دەستڕێژەکە ھاوار لە چەکدارەکان ھەستا، بەڵام چەند کەسیان لێ کوژراو بریندار بوون ڕوون نەبۆوە. دوای ئەو دەستڕێژە تازە ھیچ چەکدارێک نەیوێرا بێتەوە ئەوشوێنە. خانووەکە بۆ جارێکی دیکەش لە ھەموو لاوە کەوتەوە بەر قورسترین دەستڕێژی چەکەکان. دوای چەند دستڕێژێکی توند ھێدی ھێدی دەنگی تەقە کەمتر دەبۆوە و تەنیا ناو بە ناو تەقە لە دەرگای چوونە ژوورەوە دەکرا.
دواین چەکدارەکانیش لە خانووەکە دوورخرانەوە!
چەند چەکدارێک لە لای چەپی ماڵەکە ڕا ماوە ماوە تەقەیان لە دەرگای چوونە ژوورەوەی نھۆمی خوارەوەی ماڵەکە دەکرد. ھەموو ھەوڵی ئەوان بۆ ئەوە بوو نەھێڵن پێشمەرگەکان بەوێدا دەرباز بن. پێشمەرگەکان شوێنێکیان نەدەدۆزییەوە تا لەوێڕا تەقە لەو چەکدارانە بکەن و لەوشوێنە دووریان بخەنەوەو و بەمجۆرە ڕێگایەک بۆ چوونە دەرەوە بکەنەوە. پاش ماوەیەک بیرکردنەوە دەرکەوت کە لە لای چەپی خانووەکە، ڕاست لەو جێگایەی کە پێشمەرگەکان پێش شەڕەکە خۆیان تێیدا حەشار دابوو پەنجەرەیەکی چووک ھەبوو، یەکێک لە پێشمەرگەکان لە پەنجەرەکە ڕا نارنجۆکێکی دەستی ھەڵدایە کۆڵانی ماڵەکە. بۆ ئەوەی دەرفەتی کەمتر بە چەکدارەکان بدرێ تا خۆیان پەنا بدەن، زامنی نارنجۆکەکەی لە ژوورەوە تەقاند و پاشان هەڵیدایە دەرەوە. ئەوە لە لایەن پێشمەرگەکانی دیکەوە وا لێکدرایەوە کە هێزی پەلامارودەر نارنجۆکی دەستی هەڵدابێتە ژوورەوە. بەڵام هەر زوو دڵنیا کرانەوە کە ئەوە هی خۆمان بووە و بەرەو دەرەوە بووە. دوای تەقینەوەی نارنجۆکەکە ئەو تەقەی لە دەرگای چوونە ژوورەوەش دەکرا بێدەنگ بوو.
دوای شەڕێکی قورس و نابەرامبەر، بۆ ماوەیەک دەنگی ھیچ تەقەیەک نەدەھات. تەنانەت دەنگی هیچ کەسیش نەدەهات. دەتگوت ئەو شوێنە ھیچ چەکدارێکی لێ نەماوە و ئەوەی تا ئەو کاتە بەردەوام بوو بوو فیلمێکی سینەمایی بووبێ، کە وێدەچوو کۆتایی ھاتبێت.
لە چاوەڕوانی هێرشی دووبارەدا!
پێشمەرگەکان ھەر چاوەڕوان بوون کە دوژمن دووبارە ھێرش بکاتەوە و ئەو بێدەنگیەیان وا لێکدایەوە کە مادام هێزەکە لە ژوورەوە زەفەیان بە پێشمەرگەکان نەبردووە لێیان دەگەڕێن تا بێنە دەرەوە و لە داویان بخەن. پێشمەرگەکان پاش ماوەیەک چاوەڕوانی، کە ھیچ ھەواڵێک لە ھێرشی دووبارە نەبوو، بڕیاریاندا یەک بە یەک لە ماڵەکە دەرچن و ئەوەی دەچێتە دەرەوە پشتیوانی ئەوانی دیکە بکات و ئەگەر پێویست بوو شەڕ بکات تا ھاوڕێکانی ڕزگار دەبن. یەکەم پێشمەرگە کە چۆ دەرەوەی ماڵەکە چاوەڕوان بوو لە گەڵ چوونە دەرەوە بکەوێتە بەر دەستڕێژی ھێزەکانی ڕێژیم، بەڵام ھیچ شتێک ڕووی نەدا. بەمجۆرە پێشمەرگەکان لە ماڵەکە وەدەرکەوتن.
هیچ کەس لە خەڵکی ئاوایی نەیدەوێرا لە ماڵەکان بێتە دەرەوە و وڵات بە تەواوی بێدەنگ بوو، کەسیش هەستی بە هاتنە دەری پێشمەرگەکان لە ماڵەکە نەکرد. لە کاتی دەرچوونی پێشمەرگەکاندا چرای ژمارەیەک لە ماڵەکان دایسا و ڕووناکی چراکان بەشێک لە نێو ئاوایی ڕووناک کردبۆوە، بەڵام هیچ جموجۆڵێک بەرچاو نەدەکەوت. وادیار بوو هێزی پەلاماردەر نەک لە دەوروو بەری ماڵەکە، بەڵکو لە شوێنەکانی دیکەی نێو ئاواییش پاشەکشەیان کردبێت.
گەرچی بە دەرکەوتن لە ماڵەکە هێشتا هەڕەشەی سەر ژیانیان بە تەواوی نەڕەویبۆوە، بەڵام هیوایەک بۆ درێژەدانی ژیان بۆ پێشمەرگەکان گەڕابۆوە و ئەوجارەش وەک دەڵێن ئەستێرەی ژیانیان لە جرێوە نەکەوتبوو و دوای لاواز بوونێکی کاتی دووبارە تروسکایی ڕووناکی بۆ گەڕابۆوە.
تاریکایی شەو باڵی بە سەر ولات دا کێشابوو و جموجۆڵی پێشمەرگەکانی ئاسانتر کردبوو. پێشمەرگەکان سەرەڕای ڕزگاربوونیان لە ماڵەکە ھێشتا بە تەواوی لە شوێنی شەڕەکە دوور نەکەوتبوونەوە. دوای دەرچوون لە ماڵەکە برینی دەستی پێشمەرگە بریندارەکەیان پێچا و بە چەند قسەیەکی خۆش پەیامی دەرچوونی یەکجارییان بە گوێی یەکتر داچپاند. پاشان خۆیان بۆ تێکشکاندنی یەکجاری ئاڵقەی گەمارۆ ئامادە کردەوە.
دواین شوێنی جێگای گومان تاقی دەکرێتەوە!
ئەو تەپۆلکەیەی کە لە ماڵەکە ڕا ماوە ماوە تەقەی لێدەکرا تا ھێزەکانی ڕێژیم نەتوانن لەوێڕا تەقە لە ماڵەکە بکەن، مابوو تاقی بکرێتەوە. هەروەک پێشتر گوترا، ئەگەر دەرفەتی تەقەکردن لەو تەپۆلکەیە ڕا بدرابایە، بێگومان جموجۆڵی پێشمەرگەکان زۆر سنوردار دەبوو یان زیانی گیانی پێشمەرگەکان زۆر دەبوو. ئەو تەپۆلکەیە گومانی بوونی کەمینی لێدەکرا. پێشمەرگەکان زۆر بە وریاییەوە ئەو تەپۆلکەیەشیان تاقی کردەوە و کاتێک زانیان ئەو تەپۆلکەیەش ھیچی لێ نیە، دڵنیا بوون کە لە گەمارۆی دوژمن ڕزگاریان بووە.
درێژەی هەیە…….

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *