لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا! بەشی نۆھەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا!
بەشی نۆھەم!
ڕۆژی ناشتنی تەرمی چەکدارە کوژراوەکە!
وەرزی بەهارە و هەوا ڕۆژ دوای ڕۆژ گەرمتر دەبێت. زۆر کەس هەوڵ دەدات خۆی لە گەرمای زۆر بپارێزێت و ئەو شتانەی پێویستیان بە چوونە دەرەوەیە بەیانی پێش گەرم داهاتنی وڵات تێکیان پەڕێنێ. خەڵکی شار زۆر تامەزرۆی کڕینی ماستی تازەن، کە خەڵکی بەشێک لە گوندەکانی دەورووبەری شار، بەیانی زوو بۆ فرۆشتن دەیهێنن بۆ شار.
ئەو ڕۆژە کەمی ژمارەی ماستفرۆشەکان، بە بەراورد لە گەڵ ڕۆژانی ڕابردوو جێگای پرسیار بوو. خەڵکی شار ئاگاداری ئەوە نەبوون کە بەشێکی ماستفرۆشەکانی چەند گوندێکی دەورووبەر ڕێگایان پێنەدراوە بەیانی زوو بەرەو شار بێن تا بەرهەمەکانیان بگەیننە کڕیارەکانیان. بەشێکیش لە ماستفرۆشەکان بە ئاگاداربوون لە ھەواڵی شەڕەکە، بە ئانقەست ویستبوویان بە درەنگەوە بێن بۆ شار، نەکا زوو ڕۆیشتنیان بۆ شار تووشی کێشەیان بکات. دوای ماوەیەک چاوەڕوانی، ماستفرۆشەکانی ئەو گوندانەش تاق تاق خۆیان دە گەیاندە نێو شار، بەڵام کڕیارەکان کەم ببوونەوە و ماستفرۆشەکان لەوە دەچوو بەشێک لە کەل و پەلەکانیان بەسەردا بکەوێتەوە.
———
سەرەڕای ماستفرۆشەکان بەشێک لە خەڵکی ئاواییەکانی دەورووبەری شار کە لە ڕێگای کرێکارییەوە بژیوی ژیانیان پەیدا دەکەن بەیانی زوو خۆیان دەگەیەننە شار، تا بتوانن فریای کاتی هاتنی خاوەنکارەکان بکەون و کەسێک لە گەڵ خۆیان بەرێ بۆ کار. بەمجۆرە ڕۆژێکی دیکەش بە ئارەقەی نێوچاوانی خۆیان، خۆیان لە چاو لە دەستی ئەم و ئەوبپارێزن. ” پێشینان گوتوویانە دەستی ماندوو لە سەر زگی تێرە”ٚ. لە کیس چوونی ڕۆژێکی کار بۆ کەسێک کە کرێکاری دەکات زۆر گران تەواو دەبێت. کاری ئەوانیش وەک زۆر کاری دیکە لە کوردستان وەرزییە و کەس ناتوانێ لەوە دڵنیا بێت کە کاری تەواو وەختی دەبێت، هەر بۆیە دەبووایە هەموو دەرفەتەکان بۆ وەگیرکەوتنی کار بقۆزرێنەوە. ڕۆژی کاری بە تایبەت لە وەرزی بەهاردا زۆر درێژ و تاقەت پڕوکێن بوو و یاسایەکی تایبەت بە ماوەی کارکردنی ڕۆژانە نەبوو. بەڵام کەسی کرێکار هیچ دەرفەتێکی دیکەی بۆ پەیداکردنی بژیوی ژیان شک نەدەبرد و دەبووایە بەوەی هەیە ڕازی بێت. بەشێک لە کرێکارەکان، کە زۆر خۆیان ماندوو دەکرد و بە قسەی خاوەنکار کرێیەکەیان حەڵاڵ دەکرد، لە لایان وەستا و خاوەنکارەکانەوە پەسەند دەکران و کاری ماوەیەکیان مسۆگەر دەبوو. بە ڕۆژێک دواکەوتن ڕەنگە ئەو دەرفەتەیان لە دەست چووباو و کەسێکی دیکە جێگای گرتبانەوە.
ڕێگای ساناتر بۆ پەیداکردنی نان!
ڕێگای ئاسانتر بۆ نان پەیداکردن وەک؛ چەک هەڵگرتن یان جاسوسی کردن بۆ حکومەت هەیە. خەڵک باش دەزانن کە بەمجۆرە بەڕێچوونیان سەقامگیرتر دەبیت، بەڵام ئەوە شتێک نییە بە هەموو کەس بکرێت. تەنیا ژمارەیەکی کەم نەبێ کە لە ڕووی ویستی خۆیانەوە پاڵ وە حکومەت دەدەن و ئامادەی هەموو خۆشخزمەتیەکن، باقی چەکدارانی حکومەت تەنیا بۆ بەڕێوەچوونی ژیانی خۆیان ئەو ڕێگایە دەگرنە بەر. ھێندێک کەسیش کە ھاوکاری حکومەت دەکەن تەنیا بۆ ڕایی کردنی کاری ڕۆژانەیانە نەک لە پێناو وەرگرتنی پوڵدا. لە ڕوانگەی بەشی ھەرە زۆری خەڵکی کوردستانەوە نەبوون یان کەمی کار نابێتە پاساو بۆ چەک هەڵگرتن یان جاسوسی کردن بۆ حکومەت. لەبەر ئەو هۆکارە ئەوان لە نێو خەڵکدا بە چاوی سوک تەماشا دەکرێن.
ھەڵسو کەوتی ھێزەکانی حکومەت!
ڕۆژ زیاتر و زیاتر بەرز دەبۆوە و تا دەهات گەرما زیاتر ئێنسانەکانی بەرەو بن سێبەرەکان ڕەپێچەک دەدا. خەڵک هەستیان بە جیاوازیەک لە هەڵسو کەوتی هێزەکانی سەر بە حکومەت و چەکدارە کوردەکان کردبوو، بەڵام کەم کەس دەیەویست یا خۆ دەیوێرا پرسیار لە چەکدارە کوردەکان بکات و بەمجۆرە خۆی تووشی کێشە بکات. جموجۆڵی هێزەکانی سەر بە حکومەت بە چەکەوە لە ڕۆژانی دی بەرچاوتر بوو. لەولاوە دەنگی هێلیکۆپتێر دەھاتە بەرگوێ کە بە سەر ئاسمانی شاردا دەسوڕانەوە. هاتنی هێلیکۆپتێر بۆ شار شتێکی دوور لە چاوەڕوانی نەبوو، بەڵام سوڕانەوەی هاوکاتی زیاتر لە یەک دانە لەوان، بە تایبەتیش هێلیکۆپتێری شەڕکەر، پرسیاری لای خەڵک دروست کرد بوو، ئاخۆ چی ڕوویداوە کە هێلیکۆپتێری شەڕکەر وا بە دەوری شاردا دەسوڕێنەوە؟ خەڵک گومانی ئەوەی لا دروست ببوو کە هێزەکانی ڕێژیم خۆیان بۆ هێرشکردنە سەر پێشمەرگە ئامادە کردبێ!!!
بە تێپەڕینی کات شتەکان ڕوونتر دەبوونەوە و خەڵک وڵامی پرسیاری یەکەمیان دەستکەوت. هێلکۆپتێرەکان بۆ چاودێریکردنی کاروانێکی نیزامی هاتبوون کە تەرمی چەکدارێکی کوژراوی حکومەتیان بە مەبەستی ئەسپاردەکردن لە نێو شار ڕا بەرەو شاروچکەیەکی دەرەوەی شار، نیزیکتر لە شوێنی لە دایکبوونی ناوبراو دەبردەوە. کاروانی ماشێنەکان بە ڕادەیەک دوور و درێژ بوو کە زۆر کەس تەنانەت باسی سەدان ماشێنیشیان دەکرد. بەشێکی زۆری بەرپرسانی نیزامی و ھەواڵگری حکومەت لە گەڵ کاروانەکە دابوون و هەر ئەوەش بوو کە هێندە گرینگی بە باری پاراستنەکەی درابوو. ڕیزبوونی ئەو ھەموو ماشێنە بۆ بەڕێکردنی تەرمی چەکدارێکی خۆماڵی حکومەت، بۆ خەڵک جێگای پرسیار بوو کە تۆ بڵێی لە کەیەوە چەکدارانی خۆماڵی وا بەقەدر و قیمەت بووبن تا بەم شێوەیە بەخاک بسپێردرێن؟ بەڵام ھەرلەو کاتەشدا دیار بوو کە کوژراوەکە چەکدارێکی ئاسایی نەبووە و هەر بۆیە بەمجۆرە بە خاک بسپێردرێت.دواترئاشکرا بوو کە ئەو چەکدارە یێکێک لە بە ناو بانگترین و جێ متمانەترین جاشەکانی ڕێژیم بووە، ھەربۆیەش بارتەقای خزمەتەکانی بە دەستەڵات، ڕێزی لێ دەگیرا.
شک و گومانی خەڵک لە کوژرانی چەکدارە؟!!!
زۆر کەس تا ئەو کاتە ھیچ ھەواڵێکیان لە سەر شەڕ و تێکھەڵچوونی نێوان پێشمەرگە و ھێزەکانی ڕێژیم لەو چەند ڕۆژەی دواییدا نەبیستبوو و ماوەیەکیش بوو تێکھەڵچوونی نێوان پێشمەرگە و ھێزەکانی حکومەت کەم ببۆوە. کوژرانی کەسێکی ئاوا بە نێوبانگیش بەم دواییانە ھێندەی دیکە پرسیاری لای خەڵک دروست کردبوو. ھێندێک کەس شکیان لەوە بوو ناوبراو ترۆر کرابێت. بەشێکیش بیریان بۆ کوشتنی ناوبراو بە شێوەی تر جگە لە شەڕ لە گەڵ پێشمەرگە دەچوو. زۆر جار کێشەی نێوخۆی نێوان ھێزە جۆراو جۆرەکانی ڕێژیم کوژراو و برینداری لێدەکەوتەوە و تا ئێستاشی لە گەڵ دابێت ناو بە ناو ڕوو دەدات. زۆرجاریش ھەڵدەکەوێ کە چەکدارێکی سەر بە حکومەت زیاتر لەوەی ڕێگە پێدراوە دەسەڵات پەیدا دەکات و لە درێژماوەدا دەبێتە ھۆی سەرئێشە بۆ بەرپرسانی و ھەر بۆیە دەبێ بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ناو ببرێت. زۆرجار دەڵێن فڵانە چەکداری ڕێژیم لە ناکاو مرد، بەڵام کەس ئاگای لە پشت پەردەی ڕووداوەکان نییە. ڕێژیم دوای کوشتنیان ھەموو ڕێوشوێنێکی ڕێزگرتنیشیان بۆ بەجێ دەگەیێنێت و زۆریش ڕێز لە خزمەتەکانیان بە دەسەڵات دەگرێت، خۆ تازە ناوبراو نەماوە تا ببێتە ھۆی دەردی سەری زیاتر بۆیان. ھەرلەو کاتەشدا بە چەکدارانی دیکەشی دەڵێت ئێوە نابێ لاقتان لە بەڕەکە زیاتر ڕابکێشن.
بڵاوبوونەوەی ھەواڵی شەڕەکە!
ھەواڵێ تێکھەڵچوونەکە ئاوا لە نێو خەڵکدا بڵاو بۆوە کە؛ ناوبراو ئێوارەی ڕۆژی پێشتر لە ھێرشێکی ھێزەکانی ڕێژیم بۆ سەر تیمێکی پێشمەرگە لە یەکێک لە گوندەکانی نیزیک شاردا کوژرابوو و ئەو ڕۆژەش بە مەبەستی بە خاک سپاردن بەرەو ئەو شارۆچکەیە بەڕێدەکرا. ناوبراو کە بە یەکێک لە دڕەندەترین چەکدارە خۆماڵییەکانی شار دەژمێردرا، لە شەھیدکردنی چەند پێشمەرگەدا دەستی ھەبوو بوو. ئەو چەکدارە لە ناو شاریشدا زۆر ئازاری خەڵکی دەدا و لە ھیچ خۆشخزمەتیەک بە ڕێژیم خۆی نەدەپاراست.
چەکدارانی خۆماڵی دەدرێنە بەر تانە و تەشەر!
کۆمەڵێک ناسیاو هەواڵی شەڕەکەیان لە کاناڵی تایبەتی خۆیانەوە بیستبوو و دەیانزانی ئەحمەدیش بەشدار بووە و بە حاڵێکی شڕەوە خۆی دەرباز کردبوو. ئەحمەد ڵە ماڵی خۆی ڕا بەرەو شوێنی دەستکەوتنی هەواڵ، لای ماستفرۆشەکان، بەڕێوە بوو، لێیان پرسی؛
حاجی چۆنی؟ چ خەبەرە؟ چۆن دەرچووی؟ وڵامی ئەحمەد وەک هەموو جاشەکانی هاوپیشەی خۆی بە دابارینە سەر دوکتۆر قاسملو دەستی پێکرد. ئاخر ئەوان بۆ خۆ ڕزگار کردن لە تانە و تەشەری خەڵک هەموو جارێ یان بە هەڕەشەی بە گرت دان یان بە جنێودان بە حیزب و دوکتۆر قاسملو دەستیان پێدەکرد. دوای شەهید کرانی دوکتۆر قاسملوش ئەو جار گۆڕەکەی وە بەر جنێوان دەدرا. زۆر جار کە ئەوان جنێویان دەدا، هەروا بە سەریاندا تێدەپەڕی یان دەمەودەست هیچیان پێنەدەگوترا. ئەحمەد لەوەشدا بێشانس بوو. هەر لە گەڵ نێوهێنانی گۆڕی دوکتۆر قاسملو کەوتە بەر لێدان و سەرەڕای ماندوویی و هیلاکی هەڵاتنی شەوی ڕابردووی، لەوێش بڕێک کوتانی خوارد. وەرگیراو لە قسەی کەسێکی ئاگادار.
بڵاوکردنەوەی ھەواڵی شەھید بوونی پێشمەرگەکان!
ھاوکات لە گەڵ بڵاو بوونەوەی ھەواڵی شەڕەکە و کوژران و بریندار بوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ھێزەکانی ڕێژیم، ھەواڵی شەھید بوونی پێشمەرگەکانیش لە شەڕەکەدا، لە لایەن دەست و پێوەندەکانی ڕێژیمەوە بڵاو دەکرایەوە. ئەوەش زۆرتر بە مەبەستی شاردنەوەی شکستی پیلانەکەیان لە لایەن پێشمەرگەکانەوە بوو.
ڕێژیم زۆر جار تەرمی ئەو شەھیدانەی کە دەکەوتنە بەر دەستیان بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک بە شەقامەکانی شاردا دەگێڕان. ئەو جارەش خەڵک بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕوان بوون تەرمی پێشمەرگەکان بە نێو شاڕدا بگێڕن. دەست و پێوەندەکانی ڕێژیم تەنانەت ھەواڵی بە دیل گرتنی پێشمەرگەکانیشیان بڵاو دەکردەوە، بەڵام کات ھەروا تێپەڕ دەبوو و خەڵک ھەروا چاوەڕوانی بیستنی ھەواڵێک لە چارەنووسی پێشمەرگەکان بوون. حکومەت هیچ بەڵگەیەکی لە سەر چارەنووسی پێشمەرگەکان پێشانی خەڵک نەدەدا و تەنیا درێژەی بە دووبارەکردنەوەی هەواڵە درۆیەکە دەدا. ڕێژیم هیچ هەواڵێکی لە سەر زیانە گیانیەکانی هێزەکانی دیکەی بڵاو نەدەکردەودە.
. دوای ڕوون بوونەوەی چۆنیەتی ھێرشەکە و شێوەی کوژرانی چەکدارەکە، ھەموو سرنجەکان لە سەر ئەوە بوون کە ئاخۆ پێشمەرگەکان چیان بە سەرھاتووە. خەڵک دەیانویست زیاتر لە بارەی چەندی و چۆنی ئەو شەڕەی ناوبراوی تێدا کوژرابوو بزانن، بەڵام کەس نەیدەوێرا بە ئاشکرا پرسیار بکات. دەست و پێوەندەکانی حکومەت شکیان دەخستە سەر ھەموو ئەوانەی دوو دوو و سێ سێ بەیەکەوە ڕادەوەستان، کە نەکا باسی شەڕەکە بکەن. زۆر بە ئاسانیش دەکرا خەڵک لە سەر پرسیار کردن تووشی گێچەڵ بکرابایە. لە ڕاستیدا زۆریش نەبوون ئەوانەی کە شتێکیان لە بارەی شەڕەکەوە دەزانی. ڕێگاکانی وەرگرتنی هەواڵی ڕاست خەڵکی گوندەکە و گوندەکانی نیزیک شوێنی شەڕەکە بوون، بەڵام خەڵکەکە بە هۆی پێش پێگرتنیان، ئەو ڕۆژە کەمتر توانیبوویان دەربازی شار بن. لەوانەش کە خۆیان گەیاندبووە شار بەشێکی کەم لەوان ئاگاداری شەڕەکە و ئاکامەکەی بوون.
شێوەیەکی دیکەی بیستنی هەواڵی ڕاست لە ڕێگای خەڵکی باوەڕپێکراو لە نێو دامودەزگاکانی وەک نەخۆشخانە و هێزە ئەمنییەکاندا بوو، ئەوەش بۆ هەموو کەس ئاسان نەبوو شتێک لەو بارەوە بزانێت. زۆر جار کە چەکدارێکی حکومەت تەنانەت هەواڵێکی ڕاستیش بۆ کەسێکی ئاسایی باس دەکات بە دڕدۆنگیەوە هەواڵەکەی لێوەردەگیرێت کە نەکا بۆهەڵسەنگاندن و دواتر لە داوخستنی کەسانی دڵسۆزی پێشمەرگە بێت.
سەرچاوەی ھەرە باوەڕپێکراو لەو سەردەمەدا ڕادیۆ دەنگی کوردستان بوو، کە تا ئەو کاتیش ماوەی چەند ڕۆژێکی پێویست بوو. ھیوای ئاگاداربوون لە چارەنووسی یەکجاری پێشمەرگەکانیش لە سەر خوێندنەوەی ھەواڵی شەڕەکە لە ڕادیۆوە ھەڵچندرابوو.
درێژەی ھەیە…

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *