لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا! بەشی سێزدەهەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا!
بەشی سێزدەهەم!
نهێنیەکان ئاشکرا دەبن؟!
نیوەی یەکەم:
شیلان، باش ئاگاداری چاوەڕوانی خانزاد بوو و دەیزانی کە هەرچەند دیداری خەڵکی دیکەی ئاوایی سوکنایی بە دڵی دەدات، بەڵام چاوپێکەوتنی نیزیکترین کەسی خۆی و دڵ دانەوەی کاریگەری زۆرتری لە سەر ورەی خانزاد دەکرد.
شیلان لە دەروونی خۆێیدا هێندە هەستی بە خەتاباری دەکرد، کە نەیدەتوانی بە هیچ جۆرێک دەریبڕێ.
هیچکات بیری لەوە نەکردبۆوە کە ئەوەی ئەو لە حەسودی خۆی وەک خەبەر دەیگەیەنێتە دەست و پێوەندەکانی حکومەت، چ کارەساتێکی بۆ نیزیکترین کەسی خۆی بە دواوە دەبێ. هەر جارەی بە لای پاشماوەی خانووە ڕووخێندراوەکەدا تێدەپەڕی هەستی بە شەرمەزاری زیاتر دەکرد و پیشووی دەخواردنەوە، بۆچی وایکرد؟!!! ئەگەر مرۆڤ توانای گێڕانەوەی ڕووداوەکانی بۆ پێش ڕوودانیان هەبایە، بێ شک شیلان ئەو کارەی دەکرد تا بتوانێ خۆی لەو گێژاوی هەست بە شەرمەزارییە ڕزگار بکات. ئەو کە هەواڵەکەی بە ئەحمەد چڵکن گەیاندبوو، پێیوابوو هێزەکانی حکومەت دێن و دوای شەڕێکی کورت پێشمەرگەکان شەهید دەکرێن یا بە دیل دەگیرین. زەرەر و زیانێکی ئەوتۆش بەر ماڵەکە و ئەندامانی خێزانی کەسە خۆشەویستەکەی، کە خەبەری بوونی پێشمەرگەی لە ماڵی خۆیاندا بۆ باس کردبوو، ناگات. ئێستا کە هەموو پێشبینیەکانی بە پێچەوانەی چاوەڕوانی خۆی دەرچووبوون، شەو و ڕۆژی بە هەستکردن بە شەرمەزاری لە بەرامبەر خانزاد دا بەڕێدەکرد.
لەو لاوە خانزاد هەروا بەردەوام بە دوای وڵامی ئەو پرسیارەدا دەگەڕا کە هۆی هەڵس و کەوتی شیلان چیە؟
مەودای بیر و لێکدانەوەکانی خانزاد لەو بارەوە زۆر بڕی نەدەکرد. بە هیچ جۆرێک بۆی وەسەریەک نەدەکەوتەوە هۆی دوورەپەرێزی شیلان چی بێت؟ ئەو کاتانەش کە شیلان دەهاتە لای، هەڵس و کەوتەکانی باش نەدەهاتنە بەرچاو. خۆی لە ڕوانینە پڕ لە پرسیارەکانی خانزاد دەبوارد و زوو بە بیانووی جۆراوجۆر خۆی دەرباز دەکرد. تا دیدارێکی دی و دۆزینەوەی بیانوویەکی دیکەش ئەوە کات مابوو.
دوای ماوەیەک لەو بگرە و بەردە و دڕدۆنگی خانزاد لە هەڵسو کەوتی شیلان، دیار بوو کە شیلان چیتر ناتوانێ خۆی لە نیگاکانی خانزاد بدزێتەوە. خۆ ئەوان لە گوندێکی چکۆڵەدا دەژیان نەک لە شار یان گوندێکی گەورە، کە کەمتر لە ناو ئاواییدا بە لای یەکتردا ڕابرن و نیگاکانیان یەکتر نەخاتە ژێر وردبینی باس و خواسی نێو ئاوایی. دەر و جیران و خەڵکی دیکەی ئاواییش هەستیان بەو سارد و سڕییەی نێوان خانزاد و شیلان کردبوو. زۆر کەس وایان لێکدەدایەوە کە شیلان بە هۆی حاواندنەوەی پێشمەرگە لە لایان خانزادەوە، لێی توڕە بێت و بڕوای پێی نەبووبێت بۆی باس بکات. بەعزێک کەس پێیانوابوو شیلان ناڕازییە لەوەی کە خانزاد داوای هاوکاری لە شیلان نەکردووە تا ئەو بەڵا گەورەی بە سەر نەیەت. چەند کەسێکیش لەوە بە گومان بوون کە نەکا ئەو نیزیکایەتیەی نێوان شیلان و ئەحمەد چڵکن بووبێتە هۆی دڕدۆنگی خانزاد و ئەوەش بووبێتە هۆی توڕەبوونی شیلان.
——–
خانزاد ماوەیەک بوو ڕۆژانە لە ماڵەوە دەمایەوە و نەدەچوو بۆ شار. ئەو لە نیزیکەوە چاودێری کار و باری بنیات نانەوەی خانوەکەی دەکرد. شیلان بۆ خۆ بواردن لە نیگا مانادارەکانی خانزاد، نایەوێت خۆی لە قەرەی بدات. ڕۆژێک شیلان بە ئانقەست لە ماڵەوە دەمێنێتەوە و ناچێت بۆ شار بۆ فرۆشتنی ماست و بەرو بومی دیکە. خۆی مات دەکات تا دەبێنێ کە نێو ئاوایی کەم کەسی لێ ماوە. بە دەرفەتی دەزانی بۆ ئەوەی بچێت و ئەو نهێنیە لە گەڵ خانزاد دا باس بکات. خانزاد پێی سەیر دەبێت کە شیلان لە ماڵەوەیە و وا بە پڕتاویش خۆی بە ماڵی ئەواندا کردووە!!!
شیلان، هەر ‌زوو خانزاد لە مەبەستی ئەو سەردانە لە ناکاوەی تێدەگەیەنێت. خانزادیش هەر چەند دەمێک بوو زۆر نێوانی لە گەڵی خۆش نەبوو بەڵام هات و لە بەرامبەری دانیشت و چاوەڕوانی بیستنی ئەو شتە بوو کە شیلان دەیەویست بۆی باس بکات. ‌
شیلان بەر لەوەی دەست بە گێڕانەوەی بەسەرهاتەکە بکات، داوا لە خانزاد دەکات بەڵێن بدات ئەو نهێنیە لە نێوانیاندا بمێنێتەوە. خانزاد پێی وادەبێ باسەکە لە بارەی کەسێکی دیکەوەیە، بەڵام بۆ وەدەست خستنی سەرەداوێک و ناسینی دۆست و دوژمنی خۆی، ناچار بوو ئەو بەڵێنیە بە شیلان بدات. خانزاد پێی وابوو شیلان کە لە ڕێگای خانزادەوە بە بوونی پێشمەرگەکانی زانیبوو، چووە لە لای کەسێکی دیکەی بەڕواڵەت جێگای باوەڕی خۆی باسی کردووە. ئەویش لای یەکی دیکە تا هەواڵەکە گەیشتۆتە ئەو کەسەی بە دوای ئەمجۆرە هەواڵانەدا دەگەڕێت تا خۆی لای دەست و پێوەندەکانی حکومەت شیرین بکات. لەو لاشەوە دەیزانی کە لە گوندێکی چکۆڵەی چەند ماڵیدا هەموویان یەکتر دەناسن و ئەو کەسە باوەڕپێکراوەی شیلانیش لەوە دەچێ کەسی جێ متمانەی ئەویش بێت. تا ڕادەیەک بیری بۆ ئەوە چوو کە شیلان بۆ خۆی بووبێت، بەڵام نا نا…تۆ بڵێی ئەو ئەگەر وەک دەڵێن ئەحمەد زۆری نێوان لە گەڵ خۆشە و ڕەنگبێ دەنگ و باسی نێو دێی بۆ باس بکات. تۆ بڵێی ئەو کارەش لە گەڵ پێشمەرگە، ئەویش ناسیاو، و لە ماڵێ منیش دا بکات؟ شیلان تەنانەت ئەو کاتەش کە خانزاد خەریکی شەن و کەوکردنی دان یا نەدانی ئەو بەڵێنە بوو، سەری هەڵنەدێنا. زۆرجار کە کەسێک داوای بەڵێنێک لە کەسێکی دیکە دەکات، بە تەواوی دەیخاتە ژێر چاوەدێریەوە و جگە لە گووتنی وشەی بەڵێن بێ، نیگای چاوەکانیشی دەخاتە بەر دیدی خۆی کە نەکا زمانی جەستە و گوتاری یەکتر نەگرنەوە. ئەو جۆرە ڕوانینە لەو نێوەدا دیار نەبوو. شیلان هەر تەنیا بە گووتنەکەی ڕازی بوو ولە دڵی خۆیدا دەیگوت خانزاد بە ناچاری ئەو بەڵێنە دەباتە سەر. شیلان لە چاوەڕوانی بەڵێنەکەی خانزاد دا دەمێک بوو دەستی بە هەڵوەراندنی فرمێسکەکانی کردبوو و تاو نا تاوێک بە دەسرەکەی بەر پشتێندی خۆی، کە ئەویش زۆرتر پارچە پەڕۆیەکی پاشماوەی کراسێک بوو، فرمێسکەکانی دەسڕین و لوتی خاوێن دەکردەوە و جار نا جار دیوی ژوورەوەی داوێنی کراسەکەشی بۆ ئەو مەبەستە بە کار دێنا. دوای دڵەخورپەیەکی زۆر خانزاد بەڵێن بە شیڵان دەدا کە ئەوە تەنیا لای خۆی دەمێنێتەوە. دوای وەرگرتنی ئەو بەڵێنیە، سەرتاپای جەستەی شیلان دەستی بە لەرزین کرد و لوزەوی فرمێسکەکانی بە خوڕتر و لوشمە لوشمی لوتی زیاتر بوو و دەمو چاوی سوڕ هەڵگەڕان وگەروی ویشک بۆوە و قسەکانی پچڕ پچڕ بوون. خانزاد کە ئەوی بەمجۆرە دیت هییچ شک و گومانی نەما کە دەبێ کارەکە شیلان بۆ خۆی کردبێتی. شیلان پێی لێدەنێ کە ئەو بووە خەبەرەکەی بۆ ئەحمەد چڵکن بردووە. خانزاد بە سەر سوڕمانەوە لێی دەپرسێ: چۆن توانیت ئەو کارە لە گەڵ من بکەی؟ من بە تێڕادیوی بۆم باس کردی، بەڵام ئاوات چاکە دامەوە؟
شیلان بیانووی ئەوە دێنێتەوە، کە ماوەیەک بووە پێشمەرگە هاتووچۆی ماڵیان نەکردووە؟ خۆ ئەو پێشتر زۆرجار پێشمەرگەی لە ماڵی خۆیاندا حاواندۆتەوە…!!! ئەو بۆخۆی پێی لێدەنێ دەزانم پێشمەرگە بڕوا بە من ناکەن. ناوبراو دەڵێ: “هەردوای ئەوەی کە تۆ بۆت باسکردم کە پێشمەرگە و بە تایبەت تیمی تەشکیلاتیت میوانە، بۆم بوو بە گرێ کوێرە لە سەر دڵم و هێندە دڵم پڕ بوو، هیچم بە چاوی خۆم نەدەدیت و بیریشم لە هیچ شتیێک نەدەکردەوە… ئێستاش ئەوە ئەو کارەم کردووە و زۆر زۆر پەشیمانم، بەڵام تازە هیچم پێ ناکرێ”. تا دان پێدانانەکە تەواو بوو، لە بەر گریان و هەستکردن بە تاوانباری هەموو دەموچاوی سورهەڵگەڕابوو و هێشتا فرمێسکەکانی بە لوزەو دەهاتنە خوار.
———
لە تەواوی ئەو ماوەدا کە شیلان باسی ڕووداوەکەی دەکرد، بێجگە لەو دوو پرسیارە کورتە، خانزاد بە چاوی ئەبڵەقەوە تێی ڕامابوو. شیلانیش کە ئاگاداری ئەوە بوو سەری هەڵنەدەبڕی و تەنیا بە دەم ئاخ هەڵکێشانەوە دەیگوت و بیانووی دەهێنایەوە. ئەو بۆ خۆی باش دەیزانی هەر بیانوویەکی بیهێنێتەوە، ناتوانێ تاوانەکەی پێ پەردەپۆش بکات، بەڵام بە بڕوای خۆی دان پیدانانەکەی بڕێکی ویژدان ئاسودەتر دەکرد!!!
شیلان ئەوەی دەیویست باسی بکات و ،بە بڕوای خۆی، تۆزێک باری گرانی دەروونی خۆی سوک کردبوو، بە پەلە لە ماڵی خانزاد هاتە دەرەوە. هەر کە بەلای خانووە نیوە تەواوەکە، کە لە شوێنی خانوە ڕوخێندراوەکە دا دروست دەکرایەوە، تێپەری تەزویەکی سارد وەک بریسکە سەرتاپای لەشی تەنیەوە و ئەو هەست بە ئاسودەییەی دوای پێ لێنانەکەی لە بیر بردەوە.
نەکا کەسێک لە نێو ئاوایی هەستی پێ بکا کە گریاوە و چاوەکانی لە بەر گریانی زۆر سور هەڵگەڕاون، بە پەلە خۆی بە ماڵێدا کردەوە.
درێژەی هەیە…
تێبینی:
وێڕای سپاس بۆ چەند کەس لە خوێنەران.
دوای بڵاو بوونەوەی ئەو بیرەوەرییە، بە داخەوە خەڵک پێیان وابووە شیلان ناوی ئەسڵی ئەو کەسەیە، بەڵام شیلان لێرەدا ناوی خوازراوە و ناوی ئەسڵی شیلانی نێو بیرەوەرییەکە دواتر ئاشکرا دەبێت.










لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا!
بەشی سێزدەهەم!
نهێنیەکان ئاشکرا دەبن؟!
نیوەەی دووهەم:
دوای ڕۆیشتنی شیلان، خانزاد ماوەیەک لە جێگای خۆی دانیشتبوو و توانای تەنانەت هەستانیشی نەبوو. کەوتبووە بیرکردنەوەیەکی قوڵەوە و پرسیاری لە خۆی دەکرد و هەر بۆ خۆشی بە دوای وڵامەکان دا دەگەڕا…. ئەو دونیایە بۆ وای لێهاتووە؟ بۆچی کەسەکان هێندە بیر لە کردەوەکانیان ناکەنەوە؟ چۆن دەبێ کەسێک بڕوای بە نیزیکترین کەسەکانی خۆشی نەبێت نهێنی خۆیان لە لا بدرکێنی؟ کەسەکان لە پێناو چی دا ژیانی تەنانەت خۆشەویسترین کەسانی خۆشیان دەخەنە مەترسیەوە؟ ئەو جۆرە کەسانە چۆن دەتوانن ئەو پەڵە ڕەشە لە ژیانی خۆیان پاک بکەنەوە؟ لە گەڵ ئەو بیرکردنەوەشدا هێدی هێدی فرمێسکی هەڵدەوەراند.
خانزاد حەسرەتی بۆ ئەو ڕۆژانە دەخوارد کە دەورووبەرەکەی وەک ئەو بیریان دەکردەوە… لە بەر خۆیەوە دەیگوت؛ تازە خۆشیەکانی نێو دێی تەواو، لە کەسە نیزیکەکانی خۆشت دڵنیا نەبی دڵی خۆتیان لە لا بکەیەوە؟!!! وەک چۆن فرمێسکەکانی بەرچاویان لێڵ کردبوو و تارماییان لە سەر چاوەکانی دروست کردبوو، ئاواش، دوورەدیمەنی ژیانی لە نێو ئاڵقەیەکی تەم و مژاوی خزم و کەسەکانیدا، بە لێڵی دەدیت. ئەو ئێستا ئیدی بڕوای بەوە هێنابوو کە چەند کەسێک لەوانەی کە لە دەورووبەری دێن و دەچن، چ ئەوانەی لە سەرەتای ژیانیەوە لە گەڵیان گەورە بووە و چ ئەوانەی بە هۆی جۆراوجۆر وەک مێرد کردن و ژنهێنانی کچ و کوڕەکانیەوە لە گەڵیان تێکەڵ بوون، خەریکە پێکەی کۆمەڵایەتی و متمانە پێکراوییەکەی بنکۆڵ دەکەن. پێیوابوو ئەویش بە هۆی ئەوانەوە لای خەڵک بەد نێو دەبێ و سەرەڕای دڵسۆزییەکەی، هاواری دڵنیاکەرەوەی زۆر بڕ ناکات و دەبێ تەنیا بۆ خۆی پێیەوە بتلێتەوە.
———
دواتر بیری کەوتەوە کە هاکا ئەندامانی دیکەی بنەماڵە گەڕانەوە و ناکرێ هەروا لە جێگای خۆی دەستەوەستان دانیشێ. بیری کەوتەوە کە لە هەل و مەرجێکی وەک ئەوەی بنەماڵەی ئەوانی تێکەوتبوو، گریان و بێ ئومێدی وێ کاریگەری خراپی لە سەر هەموو ئەندامانی بنەماڵە دەبێت و بە پێچەوانەشەوە ورەی وێ دەبووە هۆی بەرزبوونەوەی ورەی ئەوانیش.
——-
خانزاد، دەمێک بوو هەستی بەوە کردبوو کە هەڵس و کەوتەکانی شیلان وەک جاران نەماون و ئەو گەرمیەی پێشتر لە دیدار لە گەڵ شیلاندا هەستی پێ دەکرد نەمابوو. ئەوەی ئەو چاوەڕوانی نەدەکرد، کردەوەیەکی ئاوا قێزەون لە لایان نیزیکترین کەسی خۆی بوو. بۆ ماوەیەک توانای بیرکردنەوەی نەبوو. نەیدەزانی چۆن هەڵس و کەوت بکات و چ بە شیلان بڵێت. لەمەو بەدوا چۆن چاو لە شیلان بکات و چۆن قەناعەت بە خۆی بێنێ هیچ دژکردەوەیەکی لە بەرامبەر ئەو کارەی شیلان دا نەبێ؟ ئەوە بیرکردنەوەی دەمو دەستی خانزاد بوو، بەڵام بە تێپەڕینی کات، هەستی تۆڵە ستاندنەوە و ڕق و قین جێگای خۆی دەدا بە بیرکردنەوە و لێکدانەوەی ئاکامەکانی وەها تۆڵە ستاندنەوەیەک.
خانزاد لە ژیانی پڕ لە چەرمەسەری خۆیدا زۆر سەختی دیتبوون و لە سەرکەوتن بە سەر ئەو سەختیانەدا ئەزموونی زۆری وەسەریەک نابوو. ئەو پێی وابوو ئەوە لە هەموو ئەو سەختیانە زیاتر هێزی بیرکردنەوە لە ڕێگا چارەیەکی گونجاوی لێ دەخوازێت. ئەوەی ئەو کارەی لە گەڵ کردبوو کەسێک بێجگە لە خوشکی خۆی (زێڕین) نەبوو، بەڵام بە بڕوای ئەو، هەڵە بە هەڵە وڵام نەدەدرایەوە و ئەویش لەو جۆرە کەسانە نەبوو کە هەستی تۆڵەکردنەوە لە ناخیدا بێت. پاشان تۆڵەش لە کێ بکاتەوە؟.
لایەکی دیکەی ڕووداوەکەش ئەوە بوو کە خانزاد لە بەرامبەر خوشکەکەیدا پێگەی خۆی بە لەرزۆکتر دەدیت. بە هۆی گەیاندنی ئەو هەواڵەوە پێگەی زێڕین لای حکومەت لە جاران بە هێزتر بوو و هەر دژکردەوەیەک بە دژی ناوبراو دژکردەوەی توندی دامو دەزگاکانی حکومەت و بنەماڵەی ئەوی بەدواوە دەبوو. خانزاد ماڵی لێ تێک چووبوو و دەبوایە سەرپەرستی بنەماڵەکەی بکات تا دووبارە ژیان بنیات بنێنەوە. ئاشکراکردنی شیلانیش، ئەگەر بەڵێنەکەشی بشکاندبایە، دەبووە هۆی سزادانی ناوبراو لە لایەن پێشمەرگەوە. ئەوە مانای وابوو ئەو سەرەڕای زیانی ماڵی کە قەرەبوو دەکرایەوە، تووشی زیانی گیانیش دەبوو کە قەرەبوو نەدەکرایەوە. بە لە بەر چاو گرتنی ئەو خاڵانە، خانزاد بڕیار دەدات هیچ هەڵوێستێکی توند لە بەرامبەر خوشکەکەیدا وەرنەگرێ.
ڕووداوەکە لە دەمی جاشێکی بەشدار لە شەڕەکەدا!
جاشێکی بەشدار لە شەڕەکەدا، کە زۆریش لە گەڵ چەکدارە کوژراوەکە تێکەڵاوی هەبووە، لە نێو کۆمەڵێک کەسدا ڕووداوەکانی ڕۆژی شەڕەکە ئاوا دەگێڕێتەوە:
“هەواڵی بوونی ئەو تیمە تەشکیلاتیە لە لایان بووکی ماڵەکەوە بە حوسێن ئاغا گەیشتبوو. تەنانەت ناوەکانیش ئاشکرا بوون کە کێن. حوسێن ئاغا لەو بارەوە ئەزموونی زۆری هەبوو و دەیگوت هەر دەچم بە دەست دەیانگرم”.
“بۆ من جێگای پرسیار بوو، کە ناوبراو هەموو جارێ بە کوژرانی پێشمەرگەکان قەناعەتی دەکرد، بەڵام ئەمجارە دەیەویست بە دیلیان بگرێ”، گوتەی چەکدارەکە.
ئەو چەکدارە ئاوا درێژە بە گێڕانەوەکەی دەدات؛ “کە گەیشتینە ئەوێ، هێشتا خەڵک هەر لە دەرەوە بوون و بە تەواوی نەچووبوونە ژوورەوە ماڵەکانیان. ژنێک لە دەرەوە بوو، مانگاکەی دەبەستەوە. هەر کە چاوی بە ئێمە کەوت بە دەنگی بەرز هاواری کرد”؛
“ئەوە دیسان گەیشتنەوە ئێرە؟ لە پێشمەرگان دەگەڕێن؟ ئێرە پێشمەرگەی لێ نیە، بڕۆن لە جێی دیکە بە دوایاندا بگەڕێن”.
“هەر کە ئەو ژنە هاواری کرد، لێوی خۆم گەست. گوتم ئەوە بۆ ئاگادارکردنەوەی پێشمەرگەکان وا بە توندی هاواری کرد، کە وابوو پێشمەرگەی لێیە. حسێن ئاغا هەر سوور بوو کە بچێت و پێشمەرگەکان بە دیل بگرێ. زۆرم داوا لێکرد کە ئاوا نابێ و ئەوانیش چەکیان پێیە و دەست دەکەنەوە، بەڵام فایدەی نەبوو. ئەوە بۆ من جێی پرسیار بوو کە ئەوجارە چ شتێک جیاوازە کە وادەکا حوسێن وا لە سەر بە دیل گرتنەکە سوور بێت؟!!!
چەکدارەکە بەو جۆرە درێژە بە گێڕانەوەکەی دەدات:
“کاتێک حوسێن هەروا سوور بوو و دەستی بە پشکنینی ماڵەکە کرد، هەروا چاوەڕوان بووین بزانین چ ڕوودەدا؟ زۆری پێچوو تا کار گەیشتە ئەوەی دەنگی تەقەمان هاتە بەر گوێ. شوێنی من لە نێو تەندووری ماڵێکی بەرامبەر بە لای چەپی خانوەکە بوو و ئەوانی دیکەش هەر کەسە و لە جێگایەک دامەزرابوون. شەڕێکی گەرم بوو و زۆر تەقە کرا، بەڵام هیچ هەواڵێک لە کوژران یان بە دیل گرتنی پێشمەرگەکان نەبوو. چارەنووسی حوسێن ئاغاش نادیار بوو. پێشمەرگەکان دەستیان دەکردەوە، بەڵام هیچ هەواڵێک لە چەکدارەکانی ئێمە کە چووبوونە ژوورەوە نەبوو”ٚ.
“دواین جار کە ئێمە زۆر شپرزە بووین و زۆرمان تەلەفات دا، کە هێزێکی زۆرلە لای چەپی خانووەکە دامەزرابوون و دەرگای چوونە ژوورەوەی ماڵیان لە ژێر چاوەدێریدا بوو. پێشمەرگەکان نارنجۆکێکیان هەڵدایە ئەو شوێنە، کە بوو بە هۆی کوژران و بریندابوونی ژمارەیەک. دوو کەسمان هەر لەوێ کەوتن. ئەو نارنجۆکە ورەی هێزەکەی ئێمەی بە تەواوی ڕوخاند”. ٭
٭هەروەک لە بەشی پێنجەمدا هاتووە، پێشمەرگەکان بۆ لابردنی زەختی چەکدارەکان لە سەر دەروازەی ماڵەکە، کە بە چەکی دیکە ئیمکانی نەبوو، نارنجۆکێکی دەستیان هەڵدایە کۆڵانی لای چەپی ماڵەکە و بە دوای تەقینەوەی نارنجۆکەکەشدا تەقەکردن لە دەروازەکە کۆتایی هات. پێشمەرگەکان لەوبڕوایە دانەبوون کە چەکدارەکان وا لە ماڵەکە نیزیک بووبن، بەڵکو لە مەودایەکی دوورترەوە تەقە لە دەرگاکە بکەن. نارنجۆکەکەش زیاتر بە مەبەستی دوور خستنەوەیان بوو.
بەڵام بە پێی گێڕانەوەی ئەو چەکدارە دەبێ هێزەکە زۆر لە دەورووبەری دیواری ماڵەکە بووبن. بە هۆی تەقاندنی زامنی نارنجۆکەکەش لە ژوورە و هەروەها تاریک بوونی شوێنەکە هەستیان بە هاتنی نارنجۆکەکە نەکردبێ یان ئەگەر کردبیشیان ئەوە زوو تەقینەوەی نارنجۆکەکە دەرفەتی خۆ دەربازکردنی پێنەدابوون.
درێژەی هەیە….






Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *