لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا! بەشی چاردەهەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا!
بەشی چاردەهەم!
بە دواداچوون بۆ ڕووداوەکە!
ماوەیەک دوای گەمارۆکە، کاتێک خاوەن ماڵ لە زیندان ئازادکرابوو، تیمێکی تەشکیلاتی بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆیەکانی گەمارۆدرانی پێشمەرگەکان سەردانی گوندەکەیان کرد. پێشتر لە گەڵ چەند کەسێکی جێگای باوەڕ و ناسیاو لە نێو گونددا چۆنیەتی ڕوودانی گەمارۆکەیان تاوتوێ کرد. بەم ئاکامە گەیشتن کە ئەو کەسانەی پێشتر شکیان لە سەر بوو، دەستیان لەو کارەدا بووبێت، هەر ئەوان بۆ خەڵکەکەش جێگای گومان بوون.
ئەو کەسەی کە بە ڕۆژ هاتبوو بۆ بەر دەرگای ماڵەکە و بۆ تاوێک لە گەڵ خانزادی خاوەنماڵ قسەیان کرد بوو، خەڵکی نێو دێ شکیان لێی بوو.
پێشمەرگەکان لە ڕێگای کەسێکی باوەڕپێکراوەوە بنەماڵەکەیان ئاگادارکردەوە کە دەیانەوێت سەردانیان بکەن. کاتێک پێشمەرگەکان زانیان کە خاوەنماڵ نایەوێت دەست بە ڕووی پێشمەرگەکانەوە بنێت بچنە ماڵەکەیان، زۆر بە نهێنی سەردانیان کردن. ئەوان هێشتا هەر لە ژێر چاوەدێریدا بوون و چوکترین پێوەندییان لە گەڵ پێشمەرگە بە دووپاتکردنەوەی تاوانی، بە ڕواڵەت پێشوویان، لە قەڵەم دەدرا. بە هۆی ڕووداوەکەش بڕێک شک و گومان کەوتبووە نێوان ئەندامانی بنەماڵەکە، کە وەک پێشوو نەیاندەتوانی یەکدەنگ و بە نهێنی پێشوازی لە تیمی تەشکیلاتی بکەن. سەرەڕای ئەوەش خۆیان لە پێشوازی کردن لە پێشمەرگەکان نەپاراست. ئەوان ئێستا لە خانووی کرێدا دەژیان.
شتێک کە زیاتر لە چاوەڕوانی پێشمەرگەکان هەستی پێدەکرا ورەی خانزادی خاوەنماڵ بوو. ڕاستە ترس و دڵەڕاوکێ لە لای ئەندامانی دیکەی بنەماڵە هەستی پێدەکرا، بەڵام نیشانەیەک لە ترس بە ڕووخساری خاوەنماڵەوە نەدەبیندرا. ئەوەی لە ڕوخسار و لێدوانەکانی بە دی دەکرا، خەمێکی قوڵ بوو. خەمێک لە بارەی زانینی ئەو کەسانەی کە تووشی ئەو کارەساتەیان کردبوو. وەک ئەوەی بڵێت با زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە. تێکچوونی ماڵ و حاڵ قورسە، بەڵام هی ماڵی خانزاد لەوەش قورستر بوو. ئەو لە لایان نیزیکترین کەسی خۆیەوە خیانەتی لێکرابوو، بەڵام ئەودەم هیچی لە بارەوە نەدرکاند و تەنیا بە نازانم وڵامی پرسیارەکانی دەدایەوە.
——-
پێشمەرگەکان سەرەتا بە داخبوونی خۆیان لەوە کە ڕوویدابوو و ئەو بنەماڵەیە تێیدا تووشی زیندان و ماڵوێرانی ببوون، دەربڕی. هیوایان خواست کە هیچکات ئەوە ڕووی نەدابایە. ڕاستە پێشمەرگە لە کاتی دەورەگیراندا شەڕ دەکەن و ئەوەش زۆر جار بەمجۆرە کۆتایی پێدێت، کە پێشمەرگەکان شەهید بوون. بەڵام پێشمەرگە هیچکات نایەوێت ئەو ماڵانەی کە پێشوازی لە پێشمەرگە دەکەن و لە ماڵەکانی خۆیاندا دەیانحاوێننەوە لە دەست بدەن، هەربۆیەش ئەوپەڕی نهێنی پارێزی دەکەن. پێشمەرگەکان، لانیکەم لەو ڕووداوەدا،، هیچ خەتایان نەبوو.
بە سەرهاتی خاوەنماڵ لە زینداندا!
دواتر خاوەنماڵ بەسەرهاتی خۆی لە لە زینداندا بۆ پێشمەرگەکان گێڕایەوە. یەکەم شت کە بەلای پێشمەرگەکانەوە زۆر جێگای سەر سوڕمان بوو، ورەی خاوەنماڵ لە کاتی گیرانی لە زینداندا دابوو. ئەو سەرەڕای ئازار و بێحورمەتییەک کە لە لایەن هێزەکانی حکومەتەوە پێی کرابوو، بەڵام لەوێش زانینی هەواڵی چارەنووسی پێشمەرگەکان یەکەم پرسیار بوو بوو کە بۆی بە دوای وڵامێکی دڵنیا کەرەوەدا گەڕابوو!!!
“هەر کە هاتن بۆلام لێم پرسین پێشمەرگەکانیان چ لێکردن؟ بە دیلیان گرتن؟ یان شەهیدیان کردن و لە پشتی ماشێنیان خستن؟
کاتێک پێیان گوتم کە پێشمەرگەکان ڕزگاریان بووە، پێموابوو تەنیا بۆ دڵدانەوەی منە و بڕوام پێنەدەکردن….!!! بۆ من زۆر ئەستەم بوو باوەڕ بکەم پێشمەرگە لەو گەمارۆیە، ئەویش بە کەمترین زیانەوە، ڕزگاری بووبێت. دواتر کە زانیم پێشمەرگەکان ڕزگاریان بووە، ئەوجار بیر و هۆشم هاتەوە لای ئەندامانی بنەماڵەکەم و ئەوەی بە سەرمان هاتبوو. لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا حەسرەتێکی زۆر لە چاوەکانی خاوەنماڵدا بەدیدەکرا. ئەو مرۆڤە بە هیوایەی ڕۆژی مانەوەی پێشمەرگەکان، تەنیا بە لەش لە لای پێشمەرگەکان بوو، بەڵام تارمایی خەمێکی قورس وەک پەڵە هەورێکی چڵکن بە سەر سەرییەوە هەست پێدەکرا. خەمێک کە ئەو وای بە باش دەزانی هەر لای خوی بمێنێتەوە و بە تەنیا ئەو بارە قورسە هەڵگرێ و لە گەڵ خوێ بیباتە ژێر گڵ یان بۆ ئاسودەیی ڕوحی خۆی لە لای جێ متمانەترین کەسی خۆی بیدرکێنێت.
وەبیر هێنانەوەیەک؟!
پێشمەرگەکان بۆ جارێکی دیکەش وەبیر ئەندامانی بنەماڵەکەیان خستەوە کە زۆرمان هەوڵدا بەو قەناعەتە بگەن، هەل و مەرج گۆڕاوە و دەبێ زۆر بە وریاییەوە بجوڵێنەوە، بەڵام هەموو جارێ دڵنیاتان دەکردینەوە کە هیچ باس نیە. کاتێک باس هاتە سەر ئەوە کە ئەوان پێیانوایە کێ ئەوکارەی کردووە؟ زۆر بە سانایی گوتیان کە ئێمە شکمان لە کەس نیە ئەو کارەی کردبێت. ئەوەی بە قسە لە لایەن خاوەنماڵ وڵام دەدرایە ئەوە بوو بەڵام بە بۆچوونی پێشمەرگەکان خاوەن ماڵ نهێنی ئاشکرابوونەکەی دەزانی بەڵام نەیدەویست کەسێکی دیکە بێجگە لە خۆی و ئەو کەسەی دیکە بەو نهێنیە بزانێت. ڕوون نەبوو ئاخۆ ئەندامانی دیکەی بنەماڵەش ئاگاداری ئەو نهێنیه بن کە خانزاد دەیزانی. لای ئێمە باوە دەڵێن؛ “ئەگەر کەسێک خراپەیەکی دەرهەق بە تۆ کرد لە بێ دەسەڵاتی خۆت دەڵێی محەوەل بە خوای دەکەم”. لە تەواوی ماوەی پرسیارکردندا جارێک خانزاد یان کەسێکی دیکەی بنەماڵەکە ئەو قسەیەی بە دەم دا نەهات. وادەر دەکەوت کە کەسی جاسووس لە نێو ئاڵقەی بنەماڵەدا بێت.
شک و گومانی پێشمەرگەکان زۆرتر بۆ لای بووکی ماڵ دەچوو کە وەک پێشتر باسیکرا خوشکی جاشێکی حکومەت بوو. ئەوە جاشێکی بەشدار لە شەڕەکەشدا باسی کردبوو.
——
تیمی پێشمەرگە لە سەرەتادا یەک بە یەک پرسیاریان لە ئەندامانی بنەماڵە دەکرد و هەر ئەودەم دیار بوو کە هەموویان وەک یەک وڵامی پرسیارەکانیان دەدایەوە. شکیان لە کەس نەبوو هەواڵەکەی بە دامودەزگاکانی ڕێژیم گەیاندبێ. دواتر کە هەموو ئەندامانی بنەماڵەکە لە لای پێشمەرگەکان بوون و ئەو پرسیارە دووبارە کرایەوە، هەر ئەو وڵامە درایەوە. خاوەنماڵ هەموو جارێک بە تێ بینیەوە وڵامی پرسیارەکانی دەدایەوە کە ئێمە ئاگاداری ئەوە نین کێ ڕاپۆرتی دابێ. هەموو جارێک بە سیلەی چاویش لە ئەندامانی دیکەی بنەماڵەی دەڕوانی و دەیگوت نازانین. وا وێدەچوو بە ئەندامانی بنەماڵە بڵێت کە ئەوەی من دەیڵێم ئێوەش هەر ئەو وڵامە بدەنەوە. ئەندامانی دیکەی بنەماڵەش هەموو جارێ قسەکانی ئەویان دووپات دەکردەوە. پێشمەرگەکان لەوە دڵنیا بوون کە نهێنیەک لەدوای ئەو وڵامانەدا هەیە کە خاوەن ماڵ لە بەرامبەر پرسیاری پێشمەرگەکاندا دەیانداتەوە. بەڵام ڕوون نەبوو بۆچی خاوەنماڵ ئەوەی دەشاردەوە؟ لەوە دەترسا ئەگەر کەسێک لە ئەندامانی بنەماڵەکە ئەو کارەی کردبێت لێ پرسینەوەی لە گەڵدا بکرێ. بە لەبەر چاوگرتنی ڕابردووی ئەو ماڵە، پێشمەرگەکان زۆر کەم شکیان لە ئەندامانی بنەماڵەی خانەخوێ هەبوو.
هاتنی دەستەی زربەت!
پرسیارکردن لە ئەندامانی بنەماڵەکە هێشتا کۆتایی نەهاتبوو، پێشمەرگەکان ئاگادارکرانەوە کە هێزەکانی حکومەت لە بەرامبەر ئاوایی بیندراون و بەرەو خوار ئاوایی بەڕێوەن. دەرکەوت کە هێزەکانی حکومەت لە دوای شەڕەکە ڕا هەموو ڕۆژێ لە دەورووبەری ئاوایی کەمینیان دانابۆوە. ئەوان لەوە ئاگادار بوون کە ڕۆژێک دێت پێشمەرگە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاشکرا بوونیان و دەورەگیرانیان سەردانی ئەو گوندە دەکەنەوە.
هەواڵی هاتنی هێزێ زەربەت ترس وخۆفێکی زۆری خستە ناو دڵی بەشێک لە ئەندامانی بنەماڵە و خانزادیش تا ڕادەیەکی زۆر. خاوەنماڵ نەیویست بە ئاشکرا بە پێشمەرگەکان بڵێ کە باشترە، لە گوندەکە بچنە دەرەوە، بەڵام بە هێما و ئیشارەکانی جەستەی داواکەی دەەگەیاند. خاوەنماڵ هێشتا لە ژێر چاوەدێریدا دابوو و پێشمەرگەکانیش نەیاندەویست بۆ جارێکی دیکە ببنەوە هۆی دووبارە بوونەوەی ئازار و ئەزییەتی ئەوان لە ژێر ڕەحمەتی دامو دەزگاکانی حکومەتدا.
لە کاتی هاتنەدەر لە نێو ئاوایی دەرکەوت، کە هێزەکە لە خوار ئاوایی خەریکی دابەش بوون بە سەر شوێنی کەمینەکاندان بوون و هێشتا نەگەیشتبوونە شوێنی مەبەست. پێشمەرگەکان بێ ئەوەی هێزەکە هەست پێ بکەن لە ناو ئاوایی وەدەرکەوتن.
———-
بەردەوامی لێکۆڵینەوە!
پێشمەرگەکان لێکۆڵینەوەکانی خۆیان هەروا درێژە پێ دەدا، بەڵام سەرەداوێکی ئەوتۆیان دەست نەدەکەوت کە کێ لە پشت بردنی ئەو هەواڵە بۆ هێزەکانی حکومەتەوە بووبێت. شک و گومانەکان زۆر لە سەر چەند کەسێک بوون کە بە هۆی ڕەچاو نەکردنی باری ئەمنییەتی یان بڕوای لە ڕادەبەدەری ئەندامانی بنەماڵە بە هێندێک کەسی نیزیکی خۆیان، بووبنە هۆی دزەپێکردنی هەواڵی بوونی تیمی تەشکیلاتی پێشمەرگە لە ماڵەکەی خۆیاندا.
مردنی زێڕین!
تەمەنی خەڵکی لای ئێمە، بە تایبەت گوندنشینان بە هۆی چەرمەسەری ڕۆژگار و نەبوونی ژیانێکی ئاسودە لە تەمەنی خەڵکانی دەورووبەرمان کورتترە. ڕووخساری ئینسانەکان زۆر پیش ئەوەی تەمەنی کەسەکان باس لە چوونە سەری ژمارەی ساڵەکان بکات، باس لە ژیانێکی پڕ لە چەرمەسەری کەسەکان و بڕینی خێراتری قۆناغەکانی ژیانیان دەکات.
چەند ساڵێک بە سەر ڕووداوەکەدا تێپەڕ بووە و تەمەن بەرەو هەڵکشان دەچێ. وادیارە تەمەنی “زێڕین” بەرەو کۆتایی دەچێت و زۆر نابا دەفتەری ژیانی پێکەوە دەندرێت. خزم و کەس لە دەوری ئاڵاون و بە خەمەوە گەردن ئازادی لێدەکەن. بەڵام چاوەکانی بە دوای کەسێکی دیکەدا وێڵن. زێڕین لە ماوەی تەمەنیدا هیچ کەسێکی دیکەی ئەوەندە ئازار نەدابوو و لە بەرامبەر کەسی دیکەشدا ئەوەندە هەستی بە شەرمەزاری نەکردبوو. خانزادی خوشکی تەنیا کەس بوو کە بە لێبوردن و گەردن ئازادکردنی دەیتوانی بڕێک بە وتەی زێڕین، لە قورسایی هەست بە تاوانباری وێ کەم بکاتەوە.
ئەوانەی لە دەورووبەری زێڕین کۆببوونەوە هیچیان بە نهێنی نێوان ئەو دوو خوشکە و هۆی سستی پێوەندییەکەیان نەدەزانی. سەرەڕای ئەوەی دەرهەقی خانزادی کردبوو، بەڵام ئەو نەیدەویست خوشکەکەی بمرێ. بەو حاڵەش خواستەکەی بە جێ گەیاند و گەردنی ئازاد کرد.
درێژە هەیە……

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *