لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا! بەشی پازدەهەم، دوایین بەش! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
لە نێو ئاڵقەی گەمارۆدا!
بەشی پازدەهەم، دوایین بەش!
بۆ کەسێک کە لە دوورەوە سەیری ڕووداوەکان دەکات، ڕەنگبێ زۆر ئاسایی بێت کە بڵێ چۆن خاوەنماڵ دەبێ چاوپۆشی لە کەسێک بکات کە ئەو بە تێڕادیوی بۆی باسکردووە پێشمەرگەی میوانە و ئەو چووە ڕاپۆرتی لێداوە و بووە بە هۆی ماڵوێرانی بۆ خاوەنماڵ؟ من بم چۆن ئەو کردەوە قێزەونەی لە بیر دەکەم و لێی دەگەڕێم جاسوس هەموو ڕۆژێ بە بەر چاومدا هاتووچۆ بکات؟…. خاوەنماڵ تەنیا دوو بژاردەی لە بەردەمدایە:
یەکەم؛ ئاشکراکردنی سیخوڕەکە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و لێپرسینەوە لێی. لەوەها حاڵەتێکدا کەسی سیخوڕ دەتوانێ، بە ئاگادار بوون لە ئاشکرا بوونەکەی، ماڵەکەی بار بکات بۆ شار. لەوێ دەستی پێشمەرگەی کەمتر پێڕادەگات و هەر بۆیەش ماوەیەکی زۆرتر دەتوانی ببێتە هۆی زەخت و زۆر بۆ سەر ئەو بنەماڵەیە. هەموو دامودەزگاکانی حکومەتیش پشتیوانی لێدەکەن.
دووهەم؛ ئاشکراکردنی سیخوڕەکە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و بارکردن و ئاوارەبوونی خۆی. لەوەها حاڵەتێکیشدا حکومەت وتەنانەت کەسو کاری سیخوڕەکەش دەست بە سەرهەموو شتێکی ئەواندا، کە نەیانتوانیوە لە گەڵ خۆیانی بەرن، دادەگرن.
لەو جۆرە هەل و مەرجانەدا خاوەنماڵ هەموو لایەنەکانی ئەو بژاردانە لێکدەداتەوە و پاشان بڕیاری خۆی دەدات. بە هۆی هەل و مەرجی زاڵ بە سەر کوردستاندا کەم بنەماڵە هەیە کەم تا زۆر ئاوارە نەبووبێت. ژیانی ئاوارەییش سەختە و بۆ زۆر کەس دەبێتە دوایین بژاردە. تا ئەو کاتەی دەرفەتی مانەوە لە ناو وڵاتدا هەبێ، بنەماڵەی کورد مانەوە نەک بە جێهێشتن هەڵدەبژێرێت.
بە لەبەر چاو گرتنی ئەم خاڵانەی سەرەوە، خاوەنماڵ بڕیار دەدات لە گوندەکەی خۆیدا بمێنێتەوە. زۆر بە ژانە، تۆ هەموو ڕۆژێ چاوت بە کەسێک بکەوێت کە بڕوات پێی کردووە و نهێنی ترین شت، کە دەبووایە وەکو خۆت دڵسۆزی کردبایە و پاراستبای لە لات باسکردووە. بەڵام ئەو بە دوور لە چاوەڕوانی خۆت کردوویەتیە هەواڵێکی زۆر گرینگ و بە دار و دەستەی حکومەتی ڕاگەیاندووە و بۆتە هۆی ماڵوێرانی تۆ و ئەزییەت و ئازاری زۆریش بۆ تیمێکی پێشمەرگە. لەوە بە داختر ئەوەیە، کەسێک کە ئەو هەواڵەی بە حکومەت گەیاندووە، نیزیکترین کەسی خۆتە. کەسێک کە لە ژیانی پڕ لە چەرمەسەری دێهات دا لە گەڵەتدا ئاگاداری هەموو هەڵس و کەوتێکی یەکتر بوون، بەڵام ئەو لە کاتێکی وەهادا خەیانەتی پێ کردووی.
ئاشکرا بوونی کەسی سیخوڕ؟
ئاشکرا کردنی کەسێک کە هەواڵەکەی بە دوژمن گەیاندووە زۆر ئاسان نیە، بەڵام کاتێک کەسێک بۆخۆی دانی پێداناوە کە ئەو، ئەو کارەی کردووە زۆرتر ئازارت دەدا. سیخور پێت دەڵێ؛ من ئەو کارەم کردووە. بڕواکردن بە وەش کە جاسوس داوای لێبوردن بکات زەحمەتە، کەوابوو ئەو بە خاوەنماڵ دەڵێت من ئەو کارەم کردووە و تۆ ناتوانی هیچ بکەی. تۆ وەک خاوەنماڵ چیت بۆ دەکرێ؟ تەنیا دەبێ ئەو ڕاستیە بسەلمێنی کە لە هەل و مەرجی ئەوڕۆی زاڵ بە سەر کوردستاندا، تۆ لە بەرامبەر ئەودا کەمترین دەسەڵاتت هەیە.
تەنیا ڕێگایەکی کەم تا زۆر گونجاو، لەو هەل و مەرجەدا بۆ کەسێک، کە پێشمەرگەی لە ماڵەکەی خۆیدا حاواندۆتەوە هەڵبژاردنی بێدەنگی و نەدانی بیانووی زیاتر بە دەست لایەنگرانی حکومەتە، تا زیاتر نەکەونە بەرغەزەبی دام و دەزگاکانی حکومەت.
ئەو مانەوە لایەنێکی دیکەشی ئەوەیە کە خاوەنماڵ بە سیخوڕ و حکومەت دەڵێت، زوڵم و زۆری ئێوە ناتوانن لە زێدی باب و باپیرانی خۆم وەدەرم بنێن. بە پێچەوانەی سیخوڕەکە، کە پێگەی تەنیا لای حکومەت و دەست و پێوەندەکانی بەهێز دەبێت، پێگەی خاوەنماڵ لە نێو دڵسۆزانی کورد و پێشمەرگەدا بە هێزتر دەبێت.
گۆڕانی هەل و مەرج بە پێی کات و شوێن؟!
هەل و مەرجی هەرشوێنێک و هەر کاتێک کە پێشمەرگە تییدا گەمارۆ دەدرێت لە گەڵ شوێنێک و کاتێکی دیکە جیاوازی هەیە. ئەوەی کە ساڵی ڕابردوو لە فڵانە گوند، سەرەڕای ئاشکرا بوونی پێشمەرگەش هیچ باس نەبوو، لە گەڵ هەل‌و مەرجی ئەمساڵ یەکتر ناگرێتەوە.
خەڵک کە پێشوازی لە پێشمەرگە دەکات پێویستە لە ئاست پاراستنی نهێنی دا کەمتەر خەم نەبێت، بەڵام ئەوەی لە هەموو شتێک گرینگترە ڕەچاو کردنی نهێنی لە لایەن پێشمەرگەوە خۆیەتی. هەل و مەرجی کوردستان بە تەواوی ئاڵو گۆڕی بە سەردا هاتووە و ئامرازەکانی پێوەندی پێشکەوتنی تەواویان بە خۆوە دیتووە. ئەگەر سەردەمانێک گەیاندنی هەواڵێک لە سەر بوونی پێشمەرگە پێویستی بە چوونی سیخوڕەکە بۆ شار یان نیزیکترین بنکەی سیخوڕی حکومەت هەبوو، ئێستا دەکرێ بە کورتە پەیامێک و هەر ئەو دەمەشدا کە لە گەڵ پێشمەرگە دانیشتووە، هەواڵەکە بە شوێنی مەبەست ڕابگەیەندرێت. ڕەنگە بگوترێ ئەوە جۆرێک لە ڕەش بینی و بێ متمانەیی بە خەڵکی کوردستانە. ئەو پرسیارەش دەورووژێنێت کە ئەدی چۆنە پێشمەرگە دەچێتەوە نێو خەڵک و بە سڵامەتیش دەگەڕێتەوە بنکەکانی؟ ڕاستە خەڵکی کوردستان پێشمەرگەیان زۆر خۆش دەوێ و بە گەرمی پێشوازییان لێ دەکەن، بەڵام ئەوە بەو مانایە نیە کە پێشمەرگە نابێ لایەنی ئەمنی خۆیی و خەڵک لە بەر چاو نەگرێ. ئەوە پێشمەرگەیە، کە بە ئاگادار بوون لە بارەی هەل و مەرجی ناوچەکە، بڕیاری دوایی دەدات کە چۆن تاکتیکی گونجاو لە کاتی گونجاو و لە مەیدانی کردەوەدا هەڵدەبژێریت؟
کورتکراوەی شێوەی ئاشکرا بوونی پێشمەرگەکان!
ساڵانێک بە سەر ئەو شەڕەدا تێپەڕی تا نهێنی ئاشکرابوونی پێشمەرگەکان و ئەو شەڕەی کە تووشی ئەوان بوو و ئەو ئازار وماڵوێرانیەی تووشی بنەماڵەکە بوو ئاشکرابوو. ئەو کات کە نهێنیەکە ئاشکرابوو، زۆر درەنگ بوو و کەسی سیخور” شیلان” زێڕین، ڵە ژیاندا نەمابوو و تەنانەت خاوەنماڵیش لە ساتەکانی کۆتایی تەمەنیدا ئەو نهێنیەی ئاشکرا کرد بوو، کە چەند ساڵ بوو لای خۆی پاراستبووی و نەیهێشتبوو، کەسی سیخوڕ ئاشکرا ببێت و لە لایەن پێشمەرگەوە لێپرسینەوەێ لە گەڵ بکرێت.
کاتێک کە “ئەحمەدە پیس”، چڵکن، هەواڵەکەی بە هۆی زێڕینەوە پێدەگات، بڕیار دەدات زیاتر دڵنیا بێتەوە. دەرکەوت کە “ڕەحمان” ئەو کەسەی کە ماوەیەک لە بەر دەرگای ماڵەکە لە گەڵ خانزاد قسەی دەکرد، بە مەبەستی دڵنیا بوون لە بوونی پێشمەرگەکان لەو ماڵەدا، لە لایان ئەحمەد چڵکن، ” ئەحمەدە پیس ەوە نێردرابوو. ناوبراو کە خانرادی خاوەنماڵ هیچ فەرمووی نەکرد، وێدەچوو نەیتوانیبێ هەواڵەکە پشتڕاست بکاتەوە یان تەنیا شکی بۆ چووبێ، کە نەتوانرابێت بڕیار لە سەر ئەو شک و گومانە بدرێت. دەکرێ ئەحمەد، کە زۆربەی هەواڵەکانی لە ڕێگای چەند ماستفرۆشێکەوە پێ دەگەییشت، زۆر هەواڵی بە درۆی دابێت بە هێزەکانی ڕێژیم و بڕاوایان پێی نەکردبێ کە ئەو هەواڵە ڕاستە؟!!! هەر ئەوەش هاتنی هێزەکەی وەدواخستبێت.
لەو نێوەدا “حوسێن بایزیدی” کە لە شەڕەکەدا کوژرا، بە پێی قسەی ئەو جاشەی لە شەڕەکەدا بەشدار بووە، لە لایان بووکی ماڵەکەوە نێو و نیشانی پێشمەرگەکانی بە تەواوی پێگەیشتبوو. بەو پێیە هەم زێڕین و هەم بووکی ماڵەکە لەو نێوەدا تاوانبارن. زێڕین هەواڵەکەی زووتر گەیاندبوو، بەڵام دووپات کردنەوەی لە لایان بوکی ماڵەکە، “زەمانە” ەوە، تەنانەت بە نێوی ئەندامانی تیمەکەوە، زیاتر دڵنیایی داوە بە هێزەکانی حکومەت تا بێن گەمارۆیان بدەن. هەواڵەکە زۆر زووتر لەوەی کە هێرشەکە بکرێت بە هێزەکانی ڕێژیم گەیشتبوو، بەڵام هێرشەکە بۆ وا وەدرەنگ کەوتبوو، تا ئێستاش بێ وڵام ماوەتەوە؟! کاتی هەڵبژادنی هێرشەکە بۆچی بە ئانقەست خرابووە دەورووبەری نانخواردنی ئێوارە یان دواتر؟!!! ویستی حوسێن ئاغاش بۆ بە بەدیل گرتنی پێشمەرگەکان، شک و گومانەکان دەباتەوە لای ئەو خواردنەی کە بۆ پێشمەرگەکان سازکرابوو، بە جۆرێک دەرمانی تێکرابێت، تا پێشمەرگەکان توانای بەرگریکردنیان لە دەست بدەن و بە دیلگرتن یان لە نێو بردنیان کەمترین تێچووی هەبێت. هێرشەکە وایکرد، کە پێشمەرگەکان پێڕانەگەن خواردنەکە بخۆن و ئەوەش ئاکامی شەڕەکەی پێچەوانە کردەوە و بوو بە هۆی زیانێکی زۆر بۆ ڕێژیم و دەربازبوونی پێشمەرگەکان.
خانزاد وەسیەت دەکات!
چەند ساڵ دواتر، کە داوەڵی مەرگ بەربینگی بە خانزاد گرتبوو و دوایین ساتەکانی تەمەنی تێپەڕ دەکرد، ئەو نهێنیە لە لای کەسێکی باوەڕپێکراوی خۆی دەدرکێنێ.
“دەمەوێ شتێکم لە دڵدایە بۆت باس بکەم. چەند ساڵە وەک نهێنیەک لای خۆم پاراستوومە، بەڵام نامەوێ لە سەر دڵم ببێتە گرێ و بۆ دەرکەوتنی ڕاستیەکان لە لای تۆی باس دەکەم. ئەوەی ڕاپۆرتی لە ئێمە دابوو کە پێشمەرگەیان لە ماڵێیە، کەسێک جگە لە “زێڕین”ی خوشکم (شیلان) نەبوو. شتەکەش بۆ خۆی بۆی باس کردبووم، بەڵام من نەمدەویست ئەودەم باسی بکەم، چوون ئەگەر پێشمەرگەکان بیانزانیبا کە ئەو بووە، سزایان دەدا. ئەو کارێکی غەڵەتی کردبوو. من تازە ماڵم وێران ببوو، نەشم دەویست ئەویش بە دەستی حیزب سزا بدرێت و زەرەر و زیانەکە لەوە زیاتر بێت.
دوایی

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *