نهێنیەکانی پشت کامێڕا! بەشی یەکەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
بەشی یەکەم!
بە درێژایی مێژووی خەباتی گەلی کورد بۆ وەدەست هێنانی مافە نەتەوایەتیەکانی، نیشاندانی بەڵگە و سەنەدی بوونی خەبات و ڕەوایی ئەو خەباتە، کێشەی سەرەکی هەموو جووڵانەوەکانی کورد بووە. وەنەبێ کورد لەو پێناوەدا، دەستەوستان دانیشتبێ و هیچ هەوڵی نەدابێ، بەڵام توانایی دوژمنەکانی ئەو گەلە، بۆ نیشاندانی لایەنە خراپەکان یان سازکردنی درۆ و بوختان بۆ ئەو جوڵانەوانە، زۆر لە هی کورد خۆی زیاتر بووە.
بە داخەوە وڵاتانی دەرەوەش زۆرتر دەوڵەتەکان و ئارشیوی ئەو بەڵگە و سەنەدانەی لە لایان کەسانی سەر بەوان دابین کراون، وەک سەرچاوەی جێگای متمانە چاو لێکردووە. ئەوەندە بەڵگەش کە کورد توانیویەتی نیشانی بدا، بەشی نەکردووە. تەنانەت بەشێک لە مێژوونووسە کوردەکان و ئەوانەی هاتووچۆی کوردستانیان کردووە، زۆرتر بە پێی مەسڵەحەتی وڵاتی خانەخوێ یان ئەو بەڵگەنامانەی دەستیان پێڕاگەیشووە، نووسیویانە. بە هاتنە پێشی دەرفەت بۆ کورد و هاتنە مەیدانی پسپۆڕ لە بوارە جیاجیاکاندا، نووسین و خستنەڕووی ڕاستیەکان لە بارەی کوردیشەوە زۆرتر لە ڕاستیەوە نیزیک بۆتەوە.
ئەوەی لەو نێوەدا و بە تایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر لە مێژ نییە جێگای خۆی کردۆتەوە، بە کار هێنانی کامێڕا بۆ تۆمارکردنی ڕووداوەکانە. هەر چەند کامێرای ویدئۆ زۆر درەنگ گەیشتە نێو حیزبە کوردییەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەڵام کەسانێک لە نێو ئەو حیزبانەدا زوو هەستیان بە پێویستی هەبوونی کامێڕا، نەک تەنیا لە سەرکردایەتی، بەڵکو لە نێو بەشەکانی دیکەی حیزبیشدا، کرد. هەر لە سەرەتای شۆڕشەوە، ئەو بەشەش، بە پێی ئیمکان ئاوڕی لێدرایەوە و بە هەوڵی بێوچانی کەسانی شارەزای وەک ” تەیفور بەتعایی” و چەند کەسێکی دیکە، لە ڕێگای فیلمەکانی وەک؛ ” نان و ئازادی” و ” ژیان و شۆڕش” و ژمارەیەک کورتە فیلمی بەڵگەنامەیی”مستند” هەوڵی تۆمارکردنی ڕووداوە گرینگەکانی سەرەتای شۆڕش درا. بە داخەوە ئەو ڕەوتە زۆر بەردەوام نەبوو و بە گیرانەوەی ناوچەکانیش لە لایان ڕێژیمەوە ئەو دەرفەتە هێدی هێدی لە دەست دەچوو.
کاتێک حیزب یەکەم دووربینەکانی فیلمبەردای بە سەر هێزەکاندا دابەشکرد، ئەزمونێکی ئەوتۆ لە بە کارهێنانی ئەو دووربینانەدا نەبوو. ئەوەی دەکرا زۆرتر وەک پشتبەستن بە ویستی ئەو کەسانە بۆ فێربوون و دڵسۆزی بۆ تۆمارکردنی قارەمانەتی پێشمەرگە و ئاوڕدانەوە لە ژیانی خەڵکی کوردستان بوو. دەورەیەکی ئەوتۆ نەبوو، کە ئەو کەسانە تەنانەت فێری سەرەتاکانی هونەری فیلم هەڵگرتن بکرێن.
یەکەمجار کە من فێری سەرەتاکانی فیلم هەڵگرتن بووم، بەهاری ساڵی ۱۳۶۶ لە عەمەلیاتی “خدراوێ”، لە سەر ڕێگای پیرانشار- سەردەشت بوو. ئەو کاتە (ح.پ) فیلم هەڵگر بوو. ئەو بە هۆی بەرپرسایەتی نیزامی خۆی، نەیدەتوانی ئەو ئەرکەش بەڕێوە بەرێت. هەموو دەورەی فیلم هەڵگری من ئەوجارە بوو و لەمەودوا من هاوکات لە گەڵ ئەرکی هەواڵنێری ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران، وەک فیلم هەڵگری کۆمیتەی شارستانی سەردەشتیش دەست بە کار بووم. هەوڵێکی زۆرمان دەدا، تا بتوانین کتێب و نووسراوی تایبەت لە بابەت هونەری فیلم هەڵگرتنەوە وەدەست بخەین، بەڵام ئەوەی بە دەستمان دەگەیشت، ئەوە نەبوو کە ئێمە دەمانەویست.
ویستی تۆمارکردنی فیلمێکی باش لە کاتی قارەمانەتی پێشمەرگەدا، هەستێکی تایبەتی دەدا بە فیلم هەڵگرەکان. ئەوان لە پێناو تۆمارکردنی فیلمێکی باشدا، زۆرجار گیانیان بە جۆرێک دەکەوتە مەترسیەوە، کە ڕەنگە تیمی هێرشی پێشمەرگەش حاڵی لەوان باشتر بووبێت. ئەوانەی لە کاتی شەڕدا فیلمیان هەڵگرتووە یان ئەوانەی لە نیزیکەوە وەک پارێزەر لە گەڵ فیلم هەڵگرەکان بوون زۆر باش ئەو کاتانەیان دێتەوە بەرچاو، کە بە چەندان جار بوونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی بەکرێگیراوانی ڕێژیم و جارجاریش بەردەم و دەورووبەری فیلم هەڵگر بە گوللە کۆڵدراوە. بەڵام ئەوە نەبۆتە هۆی دەست هەڵگرتنی فیلم هەڵگر لە کارەکەی و بەوپەڕی تواناوە ئەرکەکەی خۆی بە جێ گەیاندووە.
شتێک کە لەو نێوەدا جێگای سەرسووڕمان بوو، بێ ئاگایی هێزەکانی ڕێژیم بوو. پێیانوانەبوو حیزب دووربینی فیلم بەرداری داوە بە هێزەکان و هەموو چالاکی پێشمەرگە فیلمی لێ هەڵدەگیرێتەوە. ئەوان پێیان وانەبوو حیزب بەو قەناعەتە گەیشتبێت یان ئەو توانایەی هەبێت لە عەمەلیاتی پێشمەرگە فیلم هەڵبگرێت. زۆرجار خەڵکیش بۆی باس دەکردن کە پێشمەرگە دووربینی فیلمبەرداریان پێبووە و فیلمیان لە شەڕ یان ناوچەیەک هەڵگرتۆتەوە، بەڵام ئەوان باوەڕیان نەدەکرد.
ئەوەی من وەبیرم بێت، یەکەمجار کە هێزەکانی ڕێژیم لە ناوچەی سەردەشت بە تەواوی لەوە دڵنیا بوونەوە پێشمەرگە دووربینی فیلم بەرداریان پێیە، ساڵی ۱۳۶۶ی هەتاوی لە کاتی دەست بە سەرداگرتنی دوو مۆڵگەی گوندی “زێوەی” ناوچەی بوڵفەتی سەردەشتدا بوو. بە پێچەوانەی جارانی پێشوو لەوێ دوو فیلم هەڵگریش بووین. ساڵی ۱۳۶۶ی هەتاوی ساڵێکی پڕ لە سەرکەوتن بوو بۆ هێزی گیاڕەنگ. یادی بەخێر “حەسەن کتابی”٭، لە دەفتەری سیاسی بوو و بە مەبەستی لە نیزیکەوە بەشداریکردن لە مەئمورییەتەکانی پێشمەرگە لە ناوچەدا هاتبووە کومیتەی شارستانی سەردەشت و بۆ ئەو عەمەلیاتە لە گەڵ بوو.
بە دوای ئەو عەمەلیاتەدا بوو، کە گەڕان بە دوای فیلم هەڵگردا ئامانجی لە پێشینەی هێزەکانی ڕێژیم لە کاتی هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر مۆڵگەکانیاندا بوو.
هەر لە گوندی زێوە بوو، کە دوای دەست بەسەرداگیرانی مۆڵگەکان، چەند جاشێکی خەڵکی گوندی زێوە کە خۆیان لە نێو ماڵاندا شاردبۆوە، یەکەم فیشەکیان بە مەبەستی لە کارخستنی دووربینی دەستی من هاویشت. بە خۆشیەوە نە هیچ کەس و نە دووربینەکەش کە بە دەستمەوە بوو، نەپێکران.
درێژەی هەیە….
٭حەسەن کتابی کوڕێکی زۆر دڵسۆز و زەحمەکێشی حیزب بوو و زۆر هەوڵی خۆ پێگەیاندنی دەدا. لە بواری فیلم هەڵگرتنەوە زۆر شارەزا ببوو و بەردەوام پەرەی بە زانیارییەکانی لەو بوارەدا دەدا. بە داخەوە لە کاتی کۆڕەوەکەی ساڵی ۱۹۹۱ی خەڵکی باشوری کوردستان دا، هەر لە کاتی فیلم هەڵگرتنەوەدا، بێ سەروشوێن بوو.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *