نهێنیەکانی پشت کامێڕا! بەشی سێهەم! له‌ نووسینی : محه‌ممه‌د بایزیدی

Posted by
نهێنیەکانی پشت کامێڕا!
بەشی سێهەم!
بە دوای بڵاوبوونەوەی بەشی دووهەمدا، کۆمێنتێکی زۆر لەو بارەوە نووسرابوون. سەرەڕای دەستخۆشی بۆ نووسینی ئەو بیرەوەرییە، بیرەوەری خۆیان لە سەر دروستی سیاسەتی حیزب لە مەڕ بە دیل گرتن و ڕوونکردنەوەی ئەوان لە سەر ئامانجەکانی حیزب و جوڵانەوە گێڕابۆوە. هاوکات لە گەڵ ئەوە، بیرەوەرییەکی خۆشم لە سەر کاریگەری ئەو سیاسەتە و فیلمێکی کورت کە بە داخەوە نازانم فیلمهەڵگرکێیە و ئەمڕۆژانە بەڕێزێک داینابۆوە، دەکەمە نێوئاخنی بەشی سێهەم. پێموابوو ئەو بیرەوەرییانە لە نووسینەکانمدا، دەبێتە هۆی سەلماندنی زیاتری ڕاستی و دروستی ئەو سیاسەتەی حیزب.
ئەوە بیرەوەری کاک خەلیل ئەسپەندار. ناوبراو کەمئەندامی حیزب بوو، کە بە ناچاری چۆوە ئێران، بێ دەستکاری؛
” بوبەڵگە شتێکی حاشاهەڵ نەگر لەسەر بەرخورد دەگەڵ دیلەکانی شەر من خۆم ساڵی ۱۳۹۵لە تاران بەمەبەستی نوێ کردنەوەی لاقی مەسنووعی لەشەقامی شەریعەتی پرسیاری شوێنی دوکتورم لەکوریکی کرد کەلە پڕ کابراێکی بەساڵداچوودەستی منی گرت لێ پرسیم بە فارسی توکردی منیش کەوەک حادەتی خۆم هەر بە جلکی کوردی سەفەرم دەکردوبە جلکەکانم زانی کوردم گوتم ارە کردم دستی گرتم و ماچی کردم و گوتی کوردمە ردن و هەرکار ێکت هەبێ لە خزمتتدام منیش دەست خۆشیم لێکردو وتم خاڵە بۆ واکوردت خۆش دەوێ بە زمان ولەجەی خۆی زۆرلە ئاخوندەکان تۆڕە بوو گوتی کوریکی من ساڵی ۱۳۶۷بە دیل گیراوەو بەڵام خەبەری بەسەربڕاوی لەلایەن حیزبی دیموکرات بۆمان هات ئیمە بەو خەبەرە زۆرلەکوردکان وکوردستان بیزاربووین و دەم هەویست خۆم بچمە شەر و تۆڵە لەکورد بکەمەوە بەڵام پاش شەش مانگ کورکەم هاتەوەو هەموو ئەوخەبەرانەی سەبارەت بەکورد بەگویی ئێمە داچرپاببو کورەکەم وابە تامووچێژبەرخوردو خزمەتپکردنەکەی بوباسکردێن هەمووی سیرنەوەو دڵی ئێمەی سەبارت بەکوردستان هەزار دەرەجەگۆری وەک ئەوپیاوە گوتی نوکر دمکرات و کرد هەستم منیش دووبارە پیاوەکەم لەباوەش گرتوو ماچم کردنەترسانە گوتم منیش لاقم لە ناو ریزی حیزب دیموکرات پەریوەو لە خزمەتت دام وماڵم لە سەردەشتە و هەر کاتیک هاتیە کوردستان وەک ماڵی خۆت لە خزمه تت دایە دەستی لە گیرفانا پوڵم بداتی کە زۆردەس خۆشیم لیکردو گوتم پوڵم لازم نیەبەڵام ئەوشتانەی کە باسی دەکەی بۆ خەڵکتیرش باسیبکە چاوی پربوون لە ئاووهەتا شوێنی کارەکەم لە گەم هات من بەغروورێکی کوردانەوە ماڵ ئاوایم لێکرد بە ڵێ فەر موودەکانی رێبەری زانامان ئاشتی خوازانەو مرۆڤ دۆستانەو بەیەکەوە ژیان بوون”.
بیرەوەری دووهەم؛
ساڵی ۱۳۷۱ی هەتاوی، ڕاوەدوونانی کاروانچییەکان لە ناوچەی بوڵفەتی سەردەشت لە لایان هێزەکانی ڕێژیمەوە زۆر پەرەی ستاندبوو. دیارە ڕێگاوبانەکان وەک ئێستا نەتەندرابوون و کاروانچیەکان برێک بە ئازادی هاتووچۆی ئەو دیو سنووریان دەکرد. ئەو هێزانە بێ ترس لە بوونی پێشمەرگە شیو ودۆڵی ئەو ناوچەیان بە دوای ئەو بارانەدا دەپشکنی و دەیانگرتن.
هەر بە هەوای ڕۆژانی ڕابردوو، ئەو ڕۆژەش تیمێک لەو هێزانە بە دۆڵی ” بنەوخەڵێف” و “وەردێ” و “کانی زەرد” دا بە دوای کاروانچیەکاندا گەڕابوون ژمارەیەک ئەسپ و هێستریان بە بارەوە گرتبوو. بە تەما بوون بەرەو مۆڵگەکانیان بەرن. لەوێ دەستیان بە سەر بارەکاندا، کە زۆرتر سیگاری گران قیمەت بوون.
بێ خەبەر لەوەی ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە لەو ناوەدا ماونەوە. پێشمەرگەکان کە ئاگاداری هاتنی ئەو هێزە بوون، لێیان وەدەست هاتن. دوای شەڕێکی کورت خایەن، ژمارەیەکیان لەو هێزانە بە دیل گرتن. چەند کەسێک لەوان کە هێشتا زەبری پێشمەرگەیان نەدیبوو بڕێک بەرگرییان کردبوو و کوژرابوون یان بریندار ببوون. یەکێک لە بریندارەکانیش بە دیل گیرابوو.
لە نێو دیلەکاندا یەکێکیان هەر کە گوێی لە پێشمەرگەکان ببوو کە پێشمەرگەی حیزبن، یەکسەر دەستی بە نیشانەی خۆ بە دەستەوەدان بەرز کردبۆوە. دواتر دەرکەوت کە ئەو نەک هەر تەقەی نەکردبوو، بەڵکو تفەنگەکەشی فیشەکی لە بەر نەبوو!!! لە هەموو دیلەکانی دیکەش کەیف خۆشتر بوو کە بە دیل گیرابوو. کاتێ پێشمەرگەکان بە مەبەستی نان خواردن لە نێو گوندی “دۆڵێ خانوان” بە سەر ماڵاندا دابەش دەبوون. دیلەکانیش یەک یەک لە گەڵ دوو پێشمەرگە دەناردرانە ماڵێک. جگە لە ناوبراو هەموویان ماڵئاوایی و تەنانەت گەردن ئازادیشیان لە یەکتر کرد. پێیانوابوو بەوجۆرە دەبرێن بۆ ئێعدام کردن.
لە بیرمە ئێمە چەند کەسێک بە لای خانوویەکی نیوەتەواودا تێپەڕین. ئەو دیلانەی لە گەڵ ئێمەدا بوون پێیانوابوو ئەوە شوێنی ئێعدامی ئەوانە و دەستیان بە پاڕانەوە کرد، کە نەیان کوژین، ژن و منداڵیان هەیە و منداڵیان وردە. ڕەنگبێ بەشێکیان هەر بە خەیاڵیش ژن و منداڵیان هەبووبێت. هەرچی دەمانگوت ئێوە ناکوژین، ئەگەر مەبەستمان کوشتنی ئێوە بایە، پێشمەرگەکان هەر لە شوێنی شەڕەکە دەیانکوشتن، هیچ دادی نەدەدا.
وا بڕیاردرا کە دوای نانخواردنی شەوێ، کۆ بکرێنەوە و قسەیان بۆ بکرێ و پاشان تەحویلی شوڕای دێ بدرێن تا بەیانی بەرەو شاری سەردەشت بیان نێرنەوە. ئەرکی قسە بۆکردنەکە لە لایان بەرپرسی کومیتەی شارستان، کاک “م. م” ەوە، بە من سپێردرا. هەموو دیلەکان لەو ماڵەی ئێمە نانمان لێ خواردبوو، کۆ کرانەوە.
شەهید قاسم ڕەحمانی ئەو کات فیلمهەڵگری کومیتەی شارستان بوو و فیلمی هەڵدەگرت. کاتی خۆ ناساندنی دیلەکان ئەو پرسیارەیان لێکرا، کە پێیانوایە ئازاد دەکرێن؟ چەند کەسێکیان هەر دڵنیا نەبوون. ئەوەی کە نە فیشەکی لەبەر تفەنگەکەی بووبوو و بە داخیش بوو لە بە دیل گیرانەکەی گوتی؛
“من همین کە شنیدم دمکرات هەستین خودمو تحویل دادم، حتی تفنگم هم مسلح نبود”. لێم پرسی خەڵکی کوێیە و چۆن زانیویێتی پێشمەرگەی دێموکڕات نایکوژن؟. گوتی؛ ” من اهل آمل در شمال ایران هستم. تا سطح دیپلم ناقص درس خواندەام. عضو تیم ملی امید ایران بودەام. وقتی پدر و مادرم با خبر شدند کە من بە کردستان اعزام شدەام، بە من توصیە کردند کە هر وقت با دمکرات درگیر شدی خودت را تسلیم کن. آنها با اسرا خوب رفتار میکنند و شما را آزاد میکنند”.
ئەوە کە بریندار بوو، لە لایان کادری دەرمانی پێشمەگەوە دەرمان کرابوو. هەموو سەروچاوی پاندی پێوە بوو. لەوێ ڕاکشابوو. ئەو تەنانەت دوای قسەکانی سەربازە ئامولیەکە و ڕوونکردنەوەکانی کادری حیزبیش هەر دڵنیا نەبوو، کە ئازاد دەکرێ. دیارە ئەو بە هۆی برینەکانیەوە هێندرابوو، تا شەو لە شوێنی شەڕەکە نەمێنێتەوە، ئەگینا بریندارەکان زووتر ئازاد دەکران. ئەوانی دیکەش تێیان دابوو کە دڵنیا نەبوون، ئەویش هەروا زوو ئازاد بکرێن. کاتێک دوای تەواوبوونی قسە بۆکردنەکە، ناردمان بە دوای شۆڕای گۆنددا، تا دیلەکانیان تەحویل بدەین، پێیوابوو کەسی لە دەورە نەماوە، لە سەرخۆ پرسیاری کرد؛ “برادر؟” گوتم چیە؟ گوتی؛ ” تو جون زن و بچەات بگین ما رو آزاد میکنین یا با خودتون میبرین؟” دووپارە بۆم دووپات کردەوە کە ئێوە ئازاد دەکەین. ئەوجاریش گوتی؛” وللە مشکوکم”. دواتر کە تەحویلی شۆڕای دێمان دان، یەکێک لەوان گوتی؛ ما رو آزاد میکنین، بعد میرین جای دیگە کمین میزارین”. گوتم این دیگە بە خودمون و برنامەی بعدیمون مربوط میشە.
سێهەم؛
لە کورتە فیلمەکەدا کە بە داخەوە نازانم فیلمهەڵگرەکەی کێیە و دیلەکان لە کوێ بە دیل گیراون، دیلەکان بۆ خۆیان باس لە بێ بنەمابوونی تەبلیغاتی ژاراوی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەکەن. دەکرێ ئەوەی لە ویدئۆیەکەدا زۆر بە پێشمەرگە هەڵدەڵێن واوێبچێ بیانەوێ بەوجۆرە سیلەی ڕوحمی پێشمەرگە بجوڵێنن تا ئازادیان بکەن، بەڵام زۆرجاریش هەبووە کە دیلەکان تەنیا نێوی خویان و شوێنی خزمەت و بەدیل گیرانیان باسکردووە. لەوە زیاتر تەنیا بە بەڵێ یان نەخێر وڵامی پرسیارەکانیان داوەتەوە. کەسیش لەو بارەوە زۆری لێ نەکردوون تا قسە بکەن.
درێژەی هەیە…

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *