بەشی بیست و دووھەمی گەرانەوە(٢٢) له‌ نووسینی: نووسینی(عەلی سوورەچۆمی)

Posted by

بەشی بیست و دووھەمی گەرانەوە(٢٢)
نووسینی(عەلی سوورەچۆمی)
درێژەی رووداوەکانی پێشوو:
ھەستم کرد ئەو دەنگە لە ئێمە نزیک دەبێتەوە…خۆم نەگرت لە پەنا شاخەکە بە بێ ھەستی بێ ئەوەی ھاورێیان ھەستێنم و نیگەرانیان بکەم!بە ھێواشی چوومە سەر سەری کاک کەریم کۆدەڵەیی ھاورێم!بە ھێواشی کاکە..کاکە..ھەستە دەنگێکی زۆر نامۆ لە خوار ئێمە دێت و لە زیاد بوون دایە!(جا ئەو کوورە زەحمەتە شتێکی سەیرە!)وەڵامی داوە:ھا
چیت دەوێ ئێستا چاوم نەچوونە خەو..

باشە کاکە…دەنگێکی زۆر وەک ھەستی پێی ئینسان یا ھەر شتێکی دیکە بێ دێ!وا ھەست دەکەم لە ئێمە نزیک دەبێتەوە،ھەرچی بێ پێویستە بە ئارامی پارێز ببەین بزانین چییە!نەکا ھێرش بێ و دەورەمان گیرابێ! بە گرانی ھەستا! ئەو جار چوومە سەر سەری کاک خدر گووتم:کاکە دەنگێکی زۆر لە خوار ئێمە دێ ئەوە لە گەڵ کاک کەریم تا خوارێ دەچین بزانین چ خەبەرە!کاک خدر لە سەر جێگاکەی دانیشت و بەیەکەوە رۆیشتین بەرەو ئەو لێرەوارە چڕەی خوار خۆمان،تیژە باسکێک ھەبوو خۆمان گەیاندە ئەوێ!دانیشتین و ھەستمان راگرت..ئەھھا دەنگەکەت گوێ لێیە! تاریک بوو مانگ ئاوا ببوو لە پڕ تارماییەک تووند رەد بوو بە خوار ئێمە دا!کاکە دیتت!!؟ ئائا بەڵام:نەمزانی چی بوو!ترس و دڵە خوورپەی ئێمەش زیاتر بوو لە شوێنی خۆمان چاوەروان ماینەوە..لە پڕ سێ چوار دەعبای گەورە گەیشتنە سەر سەری ئێمە راست بووینەوە من زۆر ترسام! بە جۆرێک دەرپەڕین سەیر!کاک کەریم گووتی:ئەوە (بەرازن)ئیدی ئێمەش ترسمان نەماو تێگەیشتین ئەوە بۆ ئاو خواردنەوەو دەرھێنانی ریشەگیاکان دێنە سەرئاوەکە.گەراینەوە شوێنی خۆمان.راستی تا ئەو کاتە من بەرازم لە نزیکەوە نەدیتبوون ھەر بە ھێنانی ناوەکەشیان خۆفێکم ھەبوو،دواتر بۆم دەرکەوت دڕندە نییەو بە زۆریش بە کۆمەڵ دەگەرێن.
دوای ئەو سەفەرە جارێکی دیکە و لە ناوچەیەکی دیکە لە نزیک (ئالان)بە بەری ئێراقەوە لە شوێنێک بە ناوی (شاناخسێ) »یەکانەیەک«بە گژمان دا ھات شوێنەکە تەلان بوو ئەو لە سەرێ را ھاتە خوار،پێشمەرگەکان لە توولە رێگایەک دا کە ھەر بەرازەکان پێیدا رۆیشتبوون و چۆڵەوانی بوو سەردەکەوتن،ھەر چوار دەوریشی »دڕوو«بوو،لە ناکاو گووتیان بەراز بە جۆرێک ھات و نەگەرایەوە،کە دیارە:
گەرانەوەشی ھەر نەدەکرا! ھەرچی پێشمەرگە بوو خۆی فڕی دایە ناو دڕوان برینداری دەست و پەل ھیچ! ھەر بۆمان دەرنەدەھاتنەوە!بە ھەرحاڵ.
ھاتینەوە بە دڵنیایی زیاتر بۆ شوێنەکانمان،کاک خدر:کوورەکان گەرانەوە چ خەبەر بوو؟بۆمان باس کرد چی رووی داوە!…ئەو جار کۆدەڵەیی گووتی:دڵت تۆقێ لێدەگەرێی بخەوم.!
ئاسمانێکی شین و پڕی ئەستێرە تەزووی بایەک بنار دەبڕێ و وردە وردە دەنگی ھەناسەکانی دێت،دوای خۆم کاک ھەمزە گۆران بانگ دەکەم و دەچمە سەر جێگاکەم،بەیانی بە دەنگی چەند تۆپێک لە خەو راپەرین وا دیار بوو رێژیم تۆپ بارانی ناوچەکەی دەست پێکردبوو،سەری گۆمێ و ھەڵۆو پڕکانیان و دەورووبەری قەڵاتی گوێزیلێی تۆپ باران دەکرد،زۆری پێ نەچوو کاک خدرمیراوەیی کە پێش ئێمە ھەستا بوو چوو بوو تا بە دووربینەکە چاوێک لە ناوچەکە بکات و بزانێ چی تازە ھەیە!کە گەرایەوە،بە ئارامی و لە سەرەخۆییەک کە پێی ناسراوە بەرەو ئێمە ھاتەوە گووتی:کوورینە! پێشی ھێزەکانی دوژمن گەیشتۆتە سەری شاخی گۆمێش!ھەر پێمان سەیر بوو!واتە:سەر سەری ئێمەش گیرا بوو وردە وردە تەقەشیان دەست پێکرد!ئێمەش بە ورەیەکی بەرزەوە خۆمان بەست و چاوەروان ماینەوە بزانین چی روو دەدات،ھێزەکانی دووژمن و (زەربەتی میراوێ) کە زیاتر جاشەکان بوون گەمارۆ دانی ناوچەکەیان دەست پێکردبوو،نەک ھەر ئەوە رێگریان لە خەڵک دەکرد بۆ کوێستانەکان سەرکەون ھێزە زۆرەکەی ئەوان لە بیری ئەوە دان زەربەیەک لە ئێمە بدەن و کەمی تیمەکە وەک خاڵی لاواز لە بەرابەر ھێزی زۆری خۆیان دا بقۆزنەوە،لە بەرابەر دا:ئێمە دەمانھەوێ لە ھەر جێگایەک رووبەروویان بووینەوە وەک کەلتووری ئازایەتی و شەرەفی دێموکرات بوون دەرسیان دا بدەین.ئێمە لە ناو دارستانەکە چاوەروان ماینەوە بزانین ھێزەکانی گەمارۆ دەری ناوچەکە جوورئەتی ئەوە دەکەن لە شوێنی ئێمە نزیک ببنەوە!کەچی لە بەرزاییەکان مانەوە تا درەنگانێک،بۆ ئێوارەکەی بە ھۆی ئەوەی نان و پێخۆری ئێمە تەواو ببوو دەبوا جارێکی دیکە بە پێی بەرنامەیەکی رێک و پێک یەکێک لە گووندەکان بکەینە مەبەستی ئەو شەومان و سەردانی بکەین،بۆ ئەو مەبەستە کۆبووینەوە تەواوی رێنوێنییەکانمان لە بەرپرسەکانمان وەرگرت ئێمەش سەرنجەکانی خۆمان باس کرد و ساغ بووینەوە،لە گەڵ ئێوارەیەکی دیکە دوور لە چاوی دوژمن میوانی سفرەی دڵی ھەژارانی کوردستان بین،کاتێک لە گەڵ شۆڕ بوونەوەی سێبەرەکان و ماڵ ئاوایی خۆر لە گووندی(شێواوکان)نزیک بووینەوە دەرکەوت تەواوی گووند و رێگاوبانەکان تەنراون بە ھێزێکی زۆر،بە ناچاری گەراینەوە بۆ پشت و پەنای ھەمیشەییمان چیاکانی ناوچەکە،بەیانی سەرکەوتین بۆ نزیک بەرزایی ھەڵۆوپڕکانیان تا بەو دیوی دا ئەگەر مەڕدار یا چادری لێ بن پێخۆر و نان وەربگرین،لە شوێنێک بە ناوی(گۆرێ شێربەگی)یا کانیە شێربەگی تووشی کەسێک بووین!کە کاک خدر گووتی بانگی بکەن،کە ھات و گەیشتە لامان کاک خدر لە دوورەوە ناسی و گووتی:ئەوە فڵان(….)کەسەو خەڵکی میراوێیە کەسێکی باش نییەو دڵنیام دووژمن بۆ ھەڵگرتنی پێ و شوێنی ئێمەی ناردوە،دوای ئەوەی قسەی لە گەڵ کرا و بە وردی پرسیارمان لێکرد:دەرکەوت ھیچ بیانوویەکی وای پێ نەبوو تا باوەڕ بێنین بۆچی ھاتووە!بە تەواوی باوەڕمان ھێنا کە تەنیا بە دوای شوێنی ئێمە دا دەگەرێ و ناردوویانە،ئەو جار کاک خدر ھەرەشەی لێکرد گووتی:ئێمە دەتوانین ھەر ئێستا بە تاوانی غەیانەت بتکووژین ئەو پێشمەرگانەت دیتوە بۆ رزگاری ئێوە چ ئازارێک دەچێژن!تۆش دەبیتە نۆکەری بێگانەو ھاتوویی تا لە داویان بخەی!بەداخەوە بۆ کوردی وەک تۆ!سەری داخستبوو تەنیا دەپاڕاوە!کاک خدر گووتی:سوور دەزانم بچیەوە یەکسەر دەچی و ھەواڵ دەنێری!بەڵام:بڕۆ پیاو بە!من بە خاتری ناسیاوی و دەرفەت پێدان رێگا نادەم ئەو پێشمەرگانە بتکووژن!چاویان لێبکە چۆن لە ئارەقە دا رەش ھەڵگەراون ئەوان ترس ناناسن با دووژمن بێ ئەوە ئێمە لێرەین! بڕۆ ئاوڕ نەدەیەوە.
دوای ئەوە ئێمە سەرکەوتین و نانێکی زۆر کەممان وەرگرت لە شوانێک،بۆ شەوەکەی ھاتین لە نزیک ھەڵۆو پڕکانیان ماینەوە بەرنامەمان ئەوە بوو بەیانی بەدرەنگەوە سەرکەوین بۆ سەری گۆمێ و شەوەکەی بگەرێینەوە بۆ قەندیل،لە(٢٥)ی گەلاوێژ نزیک دەبووینەوە دووژمن تەواوی ناوچەکەی پڕ کردوە لە ھێزێکی زۆر لەوەش زیاتر دەزانێ ئێمە تیمێکی کەمین،ئێمەش کەمی تیـمەکەمان کردۆتە خاڵێکی بە ھێزی جووڵەی بە ھێزو سەر لە دوژمن شێواندن.شەوەکەی سارد بوو بە ھۆی ئەوەی ناوچەکە کوێستانە،لە دەوری یەک کۆبووینەوە چەند رووداوێکی خۆشی ئەو جەولە بۆ یەکتر دەگێرینەوە
ھەروەھا دوا بڕیاری گەرانەوە بە ھۆی فشارەکان و کەمی تیمەکەمان دەدەین باسی ئەوەمان کرد ئەگەر شتێک پێش بێ ئێمە ھیچ چەکێکی قوورسمان پێ نییە لە کڵاشینکۆف و چەند مەخزەنێک زیاتر!وا بە مەسڵەحەت زانرا بگەرێینەوە،دوای درەنگانێک نیگابانەکان دیاری کران و خەوتین،بە یانی تاو لێی دا بووین و تیشکی رۆژەکە خەریک بوو سەرمای ئەو شەوەمان بۆ قەرەبوو بکاتەوە چەند خۆشە دوای لەرزین و خۆ کرمۆڵە کردن بە ھۆی سەرمای ئەو شەوە ئارام بگری و چەند سەعاتێک بخەوی!لە پڕ لە دەنگە دەنگی کاک ھەمزە گۆران و(م)وەخەبەرھاتین!م…دەیگووت:کاکە من نۆبە ئێشکم تەواو بووە..کاک ھەمزە سوور بوو کە نۆبەت ھاتۆتەوە خۆ من پەلێک پێشمەرگەم پێ نییە!شەش کەسین!نۆبە دووبارە تێ سووڕاوەتەوە،ئێشکگرەکەی ئێمە باسکێک ھەبوو لە سەرەوەی خۆمان دەبوا بچیتە ئەوێ،حەل نەبوو کاک ھەمزە ھەرەشەی کرد ئەگەر پێشمەرگە بی دەبێ بچی!ئیدامەی ھەبوو تا کاک خدر میراوەیی گووتی:کاکە تەواوی بکەن من دەچم!چوونی فەرماندەکەمان بە خێر تەواو بوو ئێمە لە ترسان قسە ناکەین و وا نیشان دەدەین لە خەو داین،ئێی نەکا یەخەی ئێمە بگرێتەوە…!
کاک خدر دووربینی ھەڵگرت و رۆیشت لای سەعات ١٠ی بەیانی نزیک بۆتەوە،
ئێمەش خەوتینەوە ئەو جار بە دڵنیایی زیاتر،نازانم چەندی پێ چوو ھەر ئەوەندە دەزانم لە پڕ یەکێک گووتی:کوورینە ھەستن!وەخەبەر ھاتم…چی بووە؟کاک خدر :
کوورینە نیرو ھات ئێستا دەگاتە ئێرە قووربانتان بم رۆژی تەنگانەیە!ھەر بەراستی رۆژی تەنگانەیە بەو کاتە زووە..
گووتی:کاکە لە قەڵات ھێزێکی زۆری لێیە بریسکەی نفەنگەکانیان ھیچ دیار بوو ھێزێکیشیان بەرەو ئێرە دێن نزیک بوون!
ھیچ دەرفەتێک بۆ پاشەکشەو خۆ لادان نییە شوێنی ئێمە جۆرێکە بەرەو ھەر مەسیرێک بڕۆین ھێزەکانی دوژمن دەمانبینن!ھیچ جۆرە چەکێکی دوورھاوێژمان پێ نییە!بە پەلە دابەش دەبین فەرماندە دەڵێ:دوو کەس ھەر لێرەوەمێنن چوار کەس بەرەو ھێزەکانی دووژمن بۆ شەر کردن!خۆشەویستان لە گەڵمان بن بەڵێن بێ ھیواکانی دێموکرات بوون لێرە نانێژین ئیرادەمان سەرەرای سەختی رێگاکە بە قەت باوەرەکانمان گەورەن،کاک خدر:کوورەکان بتانبینم ھیچ فیشەکێک نابێ بتەقێ تا سینگی داگیرکەرێک نەپێکێ..(وڵاخیان)پێن وڵاخەکان مەکووژن!کاک ھەمزە ھەڵی دایە:وەڵا ئەمن پێیان ھەڵدەپڕژێنم جا چاوت لێ بێت چی دەکەم… وێرای ئەو تەزوانەی بە گیانمان دادەھاتن بەڵێنمان دا:چەکی دەستمان بەو بەڵێنەوە یەکەم فیشەک لە لوولەکانیان درەچێ..لە سەر خاکی خۆمان دوژمن بۆ ئێمە دەگەڕێ لێرە ئیرادە قسەی یەکەم دەکات نەک ھێزی زۆر! قووربانتان بم دەی قۆڵی لێ ھەڵماڵن،کاک خدر: دەبینە دوو تیم کاک ھەمزەو کاک کەریم لە پێشەوە لێیان بدەن من و سوورەچۆمی پشتیان لێدەگرین!بەڵێنی:شەرەفمان داو بەرەو ھێزەکانی دووژمن رۆیشتین!ھێشتا من و کاک خدر بە تەواوی سەرنەکەوتبووین کە یەکەم رەگبارەکانی کڵاشینکۆف بێدەنگی ناوچەکەی شکاند..کاک ھەمزەو کاک کەریم ناگەنە سەرێ بە تەواوی کە تێکەڵاوی یەک دەبن!بەداخەوە ئەوە وای کرد پلانەکەی ئێمە وەک خۆی نەچێتە پێشێ،لە گەڵ یەکەم رەگبار دووژمن کووژراوی ھەیە سەرکەوتین بە پەلە ھاوار و چریکەی چوار پێشمەرگەی رۆژانی تەنگانە وێرای فەرماندەکانیان لە پێشەوە ھاوار دەکەن دەی قووربانتانبم دەرسیان دا بدەن گووڕەو ھاواری ئێمە تێکەڵاوی دەنگی چەند جاشێک دەبێ کە لە ترسان ھاوار دەکەن و بە ناو گوێنی و تیروێکانی شوێنەکە دا ڕادەکەن!راکردنێک کەکەس ئاوڕ لە کەس ناداتەوە
ئێمە بە دوایان دا رادەکەین و ئەوان چەند کیلۆمیترێک ئەو لای ئێمە لە قەڵاتی میراوێ و گوێزیلێش رایان کردوە
کەس ئاگای لە کەس نەماوە دابڕدابڕێک کەوتۆتە ھێزەکانیان ئیدی بە کەس نابیندرێنەوە!تەنیا ھەر کەسەو ئازا بێ خۆی نەجات بدات!فەرماندەری ئەو ھێزە بە ناوی(حبیبی)کە فەرماندەری (اطلاعات)ی میراوێشە کەوتۆتە دەستی ئێمە جەنابی بە سواری ھاتووە!دوو وڵاخ،کڵاشینکۆفێکی مزەلی بە نۆ مەخزنەوە لە گەڵ دووربینێک کەوتۆتە دەستی ئێمە.سەعات»١١«ی بەیانی ١٥/٥/١٣٦٧(ە)
دووژمن زۆر پەرۆشی ئەو فەرماندەیە بۆ بەشی داھاتوو بزانن دواتر چی روو دەدات.
تێبینی و رەخنەو پێشنیار لە سەر چاوم دادەنێم…
وێنەکان:
وێنەکەی بە تەنیا شەھید ھەمزە گۆران

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *