بەشی چل و ھەشتەمی گەرانەوە(۴٨) نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by
بەشی چل و ھەشتەمی گەرانەوە(۴٨)
نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
بەشی:(٣)
„ شەری ناو گووردانی وەردێ“
………………..
مانگی گەلاوێژی ساڵی(١٣۶٩)ی ھەتاوی“یە،مانگی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات“,بۆ دوژمن ئەو مانگ“ە مانای تایبەتی دەدا.
لە سەرتاسەری کوردستان دەبێتە مانگی حەماسەو دەرخستنی ھێز و توانای بەرنگار بوونەوە، وە نا گووتن بە داگیرکەر.بۆ دوژمن دەبێتە مانگی ترس و بێ ئۆقرەیی ،سەرەرای ئامادە باشی و تەنینی ھەموو رێگاو بانێک،کەچی: دەبێ بە لێشاو جەنازەی پیسی پاسدارە داگیرکەرەکانیان بەرێبکەنەوە بۆ بەشە جۆراوجۆرەکانی ئێران.ئەوە نیشانەیە بۆ لە سەر پێ بوونی کوردستان وەک سەنگەری لە شکان نەھاتوو.گەلی ئێمە شەرخواز نییە، ئاشتی خوازە،ئەوە داگیرکەرانن چڵە زەیتونەکانی“ ئاشتی لە دەستی ئاشتی خوازانەی ئێمە دا خوێناوی دەکەن،لە سەر خاکی خۆمان پەلاماری شەرف و کەرامەتی ئێمە دەدەن،ئەوان ھیچ زمانێک جگە لە گووللە“نازانن.
چەند رۆژێکە لە ھێزی گیارەنگ ھەست بە ھامەشۆی زیاتری بەرپرسانی نیزامی دەکرێ.ھەموو ئاماژەکان ئەوە دەڵێن:کە ھێزی گیارەنگ خۆی بۆ گەرانەوە بۆ ناوچە ئامادە دەکات.جۆری بەشداری بەرپرسانی نیزامی و کادرو پێشمەرگە ھێمایە بۆ گەڵاڵەیەکی گەورەی نیزامی.
بەڵێ:دڵە خوورپە زیاد دەبێ !وە پرسیاری ئەوەی کە ئامانج کوێی دوژمن“ە ؟.ئەو پێشمەرگانەی لە بەرپرسان نزیکن ھەوڵی ئەوە دەدەن زانیارییەکان بزانن!ئەوە سەرەرای نەھێنی بوونی بەرنامەکە…………..
بەر لە وەرێکەوتن.
ئێستا پێویستە زانیارییەکی دیکە باس بکەم.چەند رۆژێکە کەسێک بە ناوی (حەسەن کتابی)بە خۆی و دووربینی فیلمبرداری“لە دەفتەری سیاسی“یەوە ھاتۆتە ھێزی گیارەنگ،ئەو کادرێکی فەننی و شارەزای کاری فیلم“درووست کردنە،مامۆستای ئەو دەورانەیە کە لە حیزبی دێموکرات دا دوای گەیشتنی دووربینی فیلمبرداری“بۆ ھێزەکان بەرێوە دەچن ،من لە نزیکەوە دەیناسم.ئەوەندەی من ئاگادار بم و دواتریش کە قسەم لە گەڵ کرد،ئەو مەئموورییەتی ھەیە تا لە سەر ژیان و دۆخی کادرو پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان لەو ناوچە شاخاوی“یە فیلمێک“درووست بکات.بە باوەری من ئەو بە ھیچ جۆرێک مەئموورییەتی گەرانەوە بۆ ناوچەی پێ نەدراوە.ئەوەندەی بیرم مابێ! ئەوەم لە خۆی گوێ لێ بوو،ھەتا دواتر دەنگۆی ئەوە ھەبوو کە لە سەر ئەو کارەی سەرکۆنە کرابێ(ئەوانەی من زانیارین)باش….با ئەوەش بڵێم:ئەو کادرە باشەی حیزبی ئێمە کە سەرمایەیەکی گەورە بوو بۆ حیزبەکەی،لە گەڵ دەست پێکردنی راپەرینی“باشووری کوردستان بە مەئموورییەتی حیزبی لە شارەکانی کوردستان لە گەڵ ھێزەکانی بەرەی کوردستانی“فیلم ھەڵدەگرێتەوە !کەچی بەداخەوە لە شاری کەرکووک بێ سەروشوێن دەبێ!ئەوەندەی من ئاگادار بم تا ئێستاش ھیچ شتێک لە چارەنووسی دیار نییە.نە بە شەھید بوون نە بە ئەسیر بوون! راستی کوورێکی خاوەن ئیرادە، شارەزا، لێھاتوو،لەوانەی خزمەتی زۆری حیزبەکەی کردو زۆر پێویست بوو بۆ حیزبی دێموکرات.من ھێشتا خەندە جوانەکانی ئەوم لە بەرچاوە.لەوەش زیاتر بۆتان باسی ئەوە دەکەم ئەو رۆژە چۆنی ئێمە سەرسام کرد بە ئازایەتی و ورەی خۆی.
……………………..
ئێستا باسەکەی خۆم:
تا ئەو جێگایەی بیرم مابێت ئێوارەی ١٩/۵/١٣۶٩ی مانگی گەلاوێژ ھێزێکی زۆری پێشمەرگە و فەرماندەرانی نیزامی لە سوونێ“و کوونەمارێ“را وەرێکەوتین ھێشتا زەردەی خۆر ماوە کە ھەنگاوەکانن بەرەو نیشتمانی خەونەکانن دەنێین.تیمەکانی پێشرەو ئەوانەی شارەزای ناوچە“کەن ئامادەن تا مەترسی ئەو شەوە ببڕن و لە سەر سنوورەکانی کوردستان بە نێو کەمین و تێلدروو و مەیدانی مین رێژکراوی دوژمن دا جێ پێیەکی بچووک بۆ پێشمەرگەکان بکەنەوە،ئێستا دوای تاریک داھاتن ئێمە ھێزێکی دەیان کەسی لە سنوورە مەترسیدارەکان نزیک بووینەوە،چەند رێنماییەکی ورد بە تاک تاکی پێشمەرگەکان دەدرێ!پێیەکانتان چۆن دابنێن ،ھەست چۆن بپارێزن ،کاتی پێشھاتێک چی دەکەن،شوێنێکی مەترسیدارە تیم تیم کراوین و خۆمان بۆ دەرباز کردنی مەترسییەکان ئامادە کردووە.با ئەوەش بیر بخەمەوە!گەورەترین مەترسی بۆ تیمی پێشرەوە ئەوان دەبێ بە ھەنگاوە وردەکانیان بە زیرەکی,دوژمن خافڵگیر بکەن،راستی ئەوان چەند کەسێکی کەمن و سەرەرای مەترسیەکان دوژمنی خۆیان باش ناسیوە.
زۆری نەبرد تەلسمی داگیرکەر لە سەر سنوور لە ژێر پێی ئێمە دا توایەوە،توانین بە ھەر سەختییەک بووە رێگا بکەینەوە ،شوێنەکەش بۆ دوژمن وەک خۆی لێبکەینەوە ،تا بۆ بەیانی ھەست بەوە نەکەن چی رووی داوە.دەیان پێشمەرگەی وڵاتی خۆر لە ژێر مانگە شەوی ئەو شەوەدا دڵیان بۆ شاد بوونەوە بە نیشتمانی داگیرکراو لێدەدا،ئەوان زوو زوو ئارەقەی ناوچاوان بە پەرۆکانی دەستیان یا بە جامانەی ملیان دەسڕن.رێگا خۆی ناگرێ و شەوێکی درەنگ دەگەنە شوێنی مانەوە لە کەشێکی بە تەواو نەھێنی دا دەمێنینەوە،بەیانی درەنگانێک سیما ماندوو و تۆزاویەکان ،کوورانی رەنگ خۆڵەمێشی بەرە بەرە ڕا دەبن دەست دەکەن بە چایی لێنان و خواردنی نانی کۆڵەپشتییەکانیان.
ئەو رۆژە لە بێدەنگی و پاراستنی نەھێنی کاری دا تێدەپەرێ،چەند کەسێکی جێگای باوەر نەبێ کەس ئەوان نابینێ.ئێوارەکەی لە گەڵ تاریک داھاتن جارێکی دیکە وەرێدەکەوین،ئەو جار چووین لە یەکێک لە چیا بەرزەکانی ناوچە ماینەوە!شوێنێک کە بەر ھەتاو بوو نە سێبەری ھەبوو نە بۆ وچان گوونجاو بوو،ھێشتاشی لە گەڵ بێ من نەمزانی ئێمە بۆ مانەوە بۆ چووینە ئەو شوێنە،دیارە:ھێندێک زانیاری کە ئیمە دەستمان کەوتن گۆیا لە نزیک ئەو شوێنە ھێزێکی زۆری دوژمن یا مۆڵگەیەکی گەورە ھەبووە کە ئەویش لە بەرنامە دابووە،دەکرێ دوای ھەڵسەنگاندن بەو قەناعەتە گەیشتبن کە شوێنێکی گوونجاو نییە بۆ ھێرش و شەری پێشمەرگانە ،من ھاورێیەکی خۆم بۆی گێرامەوە:کە گۆیا مەزەندەی ئەوە کراوە بە چەندین شەھید بگیرێ!.نا ئێمە بۆ ھەر کارێک کەمترین زیان دەخەینە سەر کاغەزەکانی تەرحی دوژمن تاسێن،لە شەرێک کە لەو پەری بێ ئیمکاناتی و لە بێدەنگی دنیا دا بە سەرمان دا سەپاوە،لە بەرابەر ھەر پارتیزانێک دا تەلەفاتی دوژمن بیست و پێنج“ کەس تا سی“کەسە.شەری کوردستان شەرێکی سەخت و بەربەرەکانییەکی بێ وێنەیە،ئەوەندە بەسە بڵێین:سەدان ھەزار پاسدارو ئەرتەشی لە کوردستانن تا کۆتایی بەو بەرگرییە بێنن.وەرن یادەوەری فەرماندەکانیان لە کوردستان بخوێننەوە،ئەوان لە ئاستی بەرزترین بەرپرسایەتی دا ھاتوونە شەری پێشمەرگە،پیاوی تارمایی قاسم سلێمانی“مووحسین رەزاییەکان و ئەحمەدی نەژاد و شیرازییەکان لە کوردستانن تا ئیرادەی گەلێک تێک بشکێنن. لێرەوە ھەمووتان چاو ورد بکەنەوە بزانن چی روودەدا.
پێشمەرگەکان شۆرشێک بە خوێن دەسوورێنن…….
……………………….
رۆژی دواتر جێگاگۆرکێ:
ئاخ وشەکانم بۆ ئەو رۆژگارە ھەروا بە ھاسانی بۆ ناین،ئێستا بۆ رۆژی٢١/۵/١٣۶٩/دەگەینە شوێنێک کە لەوێوە دەبێ دوای تەقسیمی کار و دیاری کردنی وردی خاڵەکان وەرێبکەوین.
باسێک لە سەر شوێنی ئێمە,مەوقعییەتی دوژمن و گووردان“
…….
مەوقعییەتی ناوچەکە:
ماوەیەکە لەو شوێنە دوورین،سەردەشت لێرەواری زۆرە ئەوەش جووڵەی پێشمەرگانەی ھاسان کردوە،سەرەرای ئەوەش دەبێ شارەزای بە کار ھێنانی سرووشتی ناوچەکەش بی بە دژی دوژمن،دەمێکە ئێمە لە شەرێکی قوورس داین لە گەڵ دووژمن، فێری زۆر شتی ئەو بووین. ئەزموون گەیشتۆتە جێگایەک،ھەموو شتێکی ئەرتەشی شەرکەر بە دژی ئێمە روو بووە،ئەگەر بەیانییەک بکەوینە کەمین و رێگای دوور کەوتنەوە نەبێ لە شوێنی مەترسی ،بۆ بەیانی دەزانین دوژمن لە کوێ بە دوای ئێمە دا دەگەرێ،ئەگەر لە کاتی شەرێکی قوورس داین دوای تەواو بوون مەزەندەی درووستی ھێرش و تۆپخانە دەکەین،ئەزموونێک کە ھەروا بە ھاسانی دەست نەکەوتووە،لێرە کوورە نەخوێندەوارەکان،شوان و گاوانەکانی دێھاتی کە بە دەستی ئەنقەست لە ھەموو پێشکەوتنێک بێبەش کراون بوونە فەرماندەو چۆک بە ئەرتەشێک دادەدەن…لەو مەڵبەندە:حەمە نارستییەکان ،عەلی باساوەییەکان، قادر مەمۆکان ،عەوڵای فەقێ عەلی ،عەلی بەردەسووری و خالید نێوچوانییەکان بوونە ئاور بۆ گیانی داگیرکەران .لێم گەرێن با جوانترین ھەیبەتی کوورانی شۆرشتان بۆ دەربخەم،گووتم:دەبێ سووجدە بۆ ئازایەتییان ببەین.
……………
راستی بۆ بەیانی کە ھەوا رووناک بوو کاتێک چاومان لە دەورووبەری خۆمان دەکرد گریانت دەھات بۆ لێرەوارو تەبیعەتی ئەو ناوچەیە،لێرە تۆپخانە وەک کێلگە ئێرەی کێڵاوە،لق و پۆپی جوانی دارەکان و دەوەنی ناوچەکە دوای شکان بە دارەکانەوە شۆڕ بوونەوە،گەڵاکان ویشک بوون.بەڵێ:ئەو دیمەنە دەلالەتی ھێرشێکی تووندی تۆپخانەیە بۆ سەر ناوچەکەو دوور خستنەوەی مەترسی پێشمەرگە لە خۆیان
………………….
مەوقعییەتی (گووردان)
تکاوەرەکانی ناو گووردان زۆر لە خۆبایی و ھێزێکی شەرکەرو دەورە دیدەی دوژمنن،پێشتر لە ھێرشێکی ھێزی پێشمەرگە دا بۆ سەر ئەو شوێنە بەداخەوە دوو رۆڵەی قارەمانی ناوچەکە و ھەر گووندەکانی دەرووبەری گووردان” بە ھۆی کەوتنە سەر مین“شەھید بوون،شەھیدان:عەوڵای فەقێ عەلی و رەحمان گڵکەندی“،نەتوانراوە گووردان بگیرێ.لێرەوە ھەر لەو ناوەندی سەرکووتەوە سەرپەرستی ئەمنییەتی ناوچەکە دەکرێ،لێرەوە بڕیاری ئازاری خەڵکی ناوچەو قۆڵ بەست کردنیان دەدرێ،لێرە باری کاروانچییان رادەگیرێ و سەروەت و سامانی ئەوان لە ناو دەچێ. ھەر لەو گووردانەوە“خەڵکی باشووری کوردستان کە بۆ سەردان یا کاسبی روو لەو بەشەی کوردستان دەکەن ئازار دەدرێن،لە ناو حەساری گووردان”تۆپخانەیەک”ھەیە بۆ ھێرشی بەردەوام ،ھەر لێرەوە ناوچەکە ئاوار باران دەکرێ،ھەر وەک باسم کرد سروشتی ناوچەیەکی جوان و دڵرفێنی تێک دا بوو
.ھەر لە خۆمپارەی ۶٠“ەوە تا ١٢٠“و چەندین بێ ١٠“ ھەیە.
کەواتە:ھێزی پێشمەرگە لە ھەموو گەڵاڵەیەکی عەمەلیاتی دا چەندین پەیامی ھەیە بۆ دووژمنەکەی!ناوەندێکی ئاوا دەبێ بە ھەر نرخێک بووە بسڕێتەوە!
بۆ بەشی داھاتوو:
شەرێکی قوورس
وەستانی ئاربی چی“یەکی خۆمان بۆ ماوەیەکی کوورت دەبێتە کارەسات
چاوەروان بن
تێنینی:
وریای سەرمایەو مێژووی حیزبەکەمان بین.نابێ خۆمان نەبان بکەین ئێمە بە سەرکەوتن و کەم و کۆرییەکانەوە ئەوە بووین کە ھەین
دوا بەشی نووسینەکانم.تا دەرفەتێکی دیکە……….
.سووپاسی ھەموو ئەو قەڵەمانە دەکەم کە منیان بە ئێرە گەیاند.
وێنەی دوو شەھیدی پێش ئەو شەرە کە لێرە شەھید بوون.
شەھید عەوڵای فەقێ عەلی.
شەھید رەحمان گڵکەندی.
تۆڵەی خوێنی ئێوە بە سەر دووژمنەوە ناچێ،چەند دڵۆپە خوێنێکی دیکە نووقمی خاک دەبن.
تۆڵە بە سەبرە،بەڵام:بەزەبرە.
لە ئێوارەیەکی نیشتمان دا لە شەرێکی دەستەویەخەی ۵۵ دەقیقەیی دا لە ناو گووردان مێژوو دەنووسینەوە.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *