لە پەراوێزی گەرانەوە دا: نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by
لە پەراوێزی گەرانەوە دا:
بەشی(٨)
نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
…………..
لە فەیسبووک سەرگەرمی چاو خشاندن بە سەر چەند وێنەیەک دا بووم.
لە نێو چەندین وێنەی پێشمەرگەکانی ھێزی گیارەنگ دا کە لە لاپەرەی”دۆڵی دەرماناوە)داندرابوون،وێنەیەک سەرنجی راکێشام.دوای چەند ساتێک بیرکردنەوەو تێرامان خەمێکی گەورە دایگرتم.
خەمی گەورەو ژانی من بە ھۆی بینینی وێنەی دوو کادری لاو،دوو تێکۆشەری رێگای رزگاری،شەھیدان عەوڵا بناوەیی(مەحمەدزاد)و شەھید کەریم تووژەڵی بوو.
نازانم چۆن دەکرێ لە نووسینێک دا باسی رابردوو بکەین.تۆ بڵێی چ چارەنووسێک ئەوانی پەلکێشی رووداوێک کردبێ کە رەنگە بۆ جارێکیش ئەو چارەنووسە نە بە خەیاڵی خۆیان و نە بە خەیاڵی ھاوسەنگەرانیان داھاتبێ.راستی وێنەکە”وای کرد بنووسم و بڵێم:ئەوانەی دەبن بە رێبواری ئەو رێگایە ھەموو جۆرە مەرگێک بۆ ئەستاندنی گیانی ئەوان لە کەمین دایە.لێرە تاوێک رادەوەستین بیر لەتێچووە قوورسەکانی ئەو رێبازە دەکەینەوە.
کەریم تووژەڵی،عەوڵا بناوەیی،دوو کادری شۆرشێک بوون بۆ ئاواتی رزگاری،ئەوان وەک ھیوا زۆر زوو دەردەکەون،لەو پەری ئەوین بۆ بیرووباوەرەکەیان ھەنگاوەکان دەست پێدەکەن.خوێندنەوە،گەران بە دوای کتێب و خۆ پێگەیاندن،لە شەرایتی ئەو کاتدا رەنگە ھێندە ئاسان نەبێ.با کەمێک واقع“بین بین،بە دەرخستنی رووی راستی رووداوەکان مێژوو بکەینە ئەو فاکتەی کە دەبێ لێی فێر بین.
زۆر بوون ئەو لاوە خوێن گەرم و شۆرشگێرانەی کە بیریان لە زانست و خۆ پێگەیاندن دەکردەوە،سەرەرای بەربەست و گرفتەکانی کە بۆیان پێش دەھات،کەچی:ئەوان لە بڕیاری خۆیان پەشیمان نەدەبوونەوە.تاوانبار کردن و زۆر جار تانە لێدان بە بیانووی جۆراوجۆر یا بە ھۆی بوونی کەسانێک کە خۆیان بەرھەمی دۆخێکی ناھەموار بوون و نەیاتوانیبوو لە درێژەی ژیانی شۆرش دا دەرک بە ھێندێک راستی بکەن کە بۆ ئەوان و لاوەکانی وەک:کەریم تووژەڵی و عەوڵا بناوەیی“یەکان،دەکرا دەرمانی دەردێکی پڕ لە ئازارو ئێش بێ.
سامانێکی گەورە،ھێزێکی ئینسانی زۆر لە شۆرشێک دا دەکەونە کار،خاڵی جێگای سەرنج ئەوەیە:چی بکرێ بۆوەی ئەو ھێزە گەورە سەرەرای بوونی بەربەستەکان بتوانێ زۆرترین کاریگەری ھەبێ.راستی ئەوە کاتێک دەکرێ کە بە دوور لە دەمارگرژی و پاساوی نالۆژیکی بتوانین جارێکی دیکە ئاوڕ لە رابردوو بدەینەوەو خەسار ناسییەک بۆ دۆخی خۆمان بکەین.
ھیچ کارێک نابێ لە دەرەوەی ئەو ھاوکێشەیە چاو لێ بکرێ،بە بیانووی بە پیرۆز کردن و دوژمن بە خۆ خۆش کردن بیخەینە پشت گوێ.
با کەمێک وردتر بین!بەراستی رەنگە بۆ بەشێک لە ھاورێ و ھاوسەنگەرانی ئەو دوو شەھیدە بەشێک لە رووداوەکان دیار بن،ئێستا لە گەڵ نووسینی ئەو چەند دێڕە بەو باوەرە بگەن کە بەڵێ:دەکرا!ئەوان تووشی ئەو چارەنووسە نەبن.
ھەر یەکێک لەو دوو کادر”و پێشمەرگەی رۆژانی خەبات بە دوو رووداوی جیاواز دا دەبنە مەسیری چارەنووسێکی تاڵ!ئەوان دواجار لە سیاچاڵەکانی رێژیم و لە ژێر ئەشکنجەی جەللادەکانی رێژیمێک دا خۆیان دەبیننەوە کە بە خوێنی ئەوان تینوو بوو.
بە کوردی ئەوەی دوژمن لە مەیدانی راستەوخۆو رووبەرووبوونەوە دا نەیتوانی پێی بگات لە رێگایەکی ھاسان و کەم ھەزینەوە پێی دەگات.
دەبێ قەبووڵ بکەین یەکێک بە دڵ شکاوی و یەکێکیان لە نائومێدی و بە ھۆی دەست بە سینگ نانەوە جارێکی دیکە رێگایەک ھەڵدەبژێرێ بەرەو ھەندەران کە باوەری پێی نەماوە.
کاک عەوڵا بناوەیی بە دڵ شکاوی دەگەرێتەوە رۆژھەڵات و لە نزیک گووندەکەی خۆی دەکەوێتە داوی قەدەرێکی چاوەروان نەکراو.
خۆ رەنگە دوای گرفتار بوونیش کەمێک دیققەت کرابا رێگا ھەبوو بۆ ئازاد کردنی،چۆن کاتێک یەکێک لە پیاوەکانی رێژیم لە زیندانی”حیزب ئازاد کرا ئەوە بوو بە ھۆی مەترسی تەواو بۆ سەر گیانی ئەو،راستی ھەر واشی لێ ھات.
کاک کەریم تووژەڵی دوای سەفەرێکی تاڵ لە رێگای ھەندەران”بەو باوەرە گەیشت کە جارێکی دیکە بیر لەو مەسیرە نەکاتەوە,کەچی:دوا جار لەو پەری نائومێدی دا دووبارە گەرایەوە تورکیە”لەوێ بە ھاسانی بوو بە نێچیری دوژمنێک کە ھەنگاو بە ھەنگاو بە دوایدا دەگەرا.
لێرەوە باسی ئەو چارەنووسە خەم ھێنەرە بەسە بۆوەی لە کارەسات تێبگەین.وەرن با رووداوەکان بە تەنیا بە ملی کەس دا نەدەین،بەڵام:بوێرانە ھەوڵ بدەین مێژوو و ھەڵەکانی بکەین بە خاڵی وەرچەرخان و لێ فێر بوون،ئاخر دەبێ ئەوە بزانین زۆر جار مێژوو دەبێتە ئاوێنەی داھاتوو،ئەویش ئەو کات بەشێک لە رووداوەکانی بە نرخێکی قوورس وەستابن لە سەرمان.
دوای ئەو چارەنووسە کەس ناتوانێ نکۆڵی لەو راستییە بکات کە باوەری پتەوی ئەوان بۆ رزگاری وەک کێوێکی قایم لە ژێر شکنجەو فشارەکانی زیندان دا خۆی دەردەخات،ئەوان بە شاھیدی ئەوانەی ھاوبەندی“ ئەوان بوون باش ئەو راستییە دەزانن.
کاک کەریم بەرپرسی تیم”ی تەشکیلاتی لە ناوچەی بڵفەتی”سەردەشت و بەرپرسی ھەرێمێک کە رەنگە دەیان ئەندامی حیزبی نەک ھەر تێدا ناسیبێ،بەڵکوو:خۆی رێکخەرو درووست کەریان بوو بێ.
کاک عەوڵا”بە کردەوە بەشدار بوو لە ئەندام گیری داو خەڵکێکی زۆری دەناسی.
ئەوە سەرەرای ئەوەی ئەو زانیارییانە لە چاوی رێژیم دیار بوون و بە دوایان دا دەگەرا،لە راستی دا:ئەوان کلیلی ئەو زانیارییانە بوون.
نازانم چۆن بڵێم:دەمھەوێ جارێکی دیکە بیھێنینە بەرچاوی خۆمان و بیر لەو باوەرە مەزنە بکەینەوە کە چۆن دەبێتە قەڵایەکی لە شکان نەھاتوو و میلەکانی زیندان”و باتووم”و تەواوی ھۆکارەکانی ئەشکەنجە بە قیمەتی گیانی خۆی شەرمەزار دەکات.
ئەو فیداکارییە بێ وێنەیە دەبێ لە کوێی نووسین دا جێگای بێتەوە.
چاو لێبکەن’ ئەو دوو کادرەی دێموکرات و خۆشەویستی خەڵکی ناوچە،سەرەرای فیداکارییەکی بێ وێنەو جێگای شانازی نەک ھەر نابنە ھیچ مەترسییەک بۆ سەر تەشکیلاتی نەھێنی حیزبەکەیان و دەیان لاو لە رێکخستنەکانی ناوخۆ ،بەڵکوو:زۆر زوو حیزبەکەیان و خەڵکیش ئاگادار دەکەنەوە کە ئەوان ئامادەن بە سەربەرزی بمرن،بەڵگەی ئەو قسەیە نەک ھەر لای حیزب بوونی ھەیە،بەڵکوو:لەوەش زیاتر لە رێگای ھاوبەندی و چەند رایەڵکەیەکی پێوەندییەوە دەرکەوت.
راستە ژیانی ئێوە بەو دراما”تاڵە کۆتایی ھات،بەڵام:خەمی ئێمە چەند گەورەیە،ئازارەکان چەند قوورسن بەو رادەیە ئێوە سەربەرزن،ئاخر چۆن بتوانین پشت لە باوەرێک بکەین کە ئێوە دەبنە پێناسەی بۆ مان و مەوجوودییەتی گەلێک.
خەندە جوانەکانی ئێوە نامرن ھیوای ئێمە بۆ رزگاری بە ئێوەوە زیندووە سەربەرزە.
………
بەڵام بۆ ئەمڕۆ……
ئەگەر مێژووی ئەوانت نەخوێندۆتەوە تکایە بێ رەحمانە مەیدە بەر تیری رەخنەی رووخێنەر،بە مێژوومان کارێک دەکەین پێوەرەکانی رەنج و قووربانی خەباتی ئەوان وا بکات ئاورێک لە خۆتان بدەنەوە،ئێمە کووری ئەو مێژووەین ورەنجی شۆرشێک،وەرە چاوێک لە قووربانییەکانی ئێرە بکە و سیلەی چاوت لە سەر رۆژھەڵات بێ.
وەرن چاو لێبکەن ریشەی خەباتی ئەوان جۆرێکە قەت بیرناچێتەوە،ئەمرۆ رۆژھەڵات و خەڵکە شۆرشگێرەکەی خاوەنی ھووشیارییەکی گەورەیە،ئەوەی جمھووری ئیسلامی لە بەشەکانی دیکەی کوردستان سەرەرای پێشکەوتنەکان دەتوانێ فریو کاری بکات و بە رواڵەت خۆی بە دۆستی ئەوان بزانێ !ئیدی ئەوەی لە رۆژھەڵات بۆ نەچۆتە سەرێ،بیرووباوەری دێموکرات و کەریم تووژەڵییەکان”عەوڵا بناوەییەکان وای کرد ئەمڕۆ سەربەرز بین.
ئەمرۆ باوەری چرچە بارام میرزا،خدرە سوور،شاپوورفیروزی،سەرگورد کەریمی عەلیار،وەستا ئەحمەد و چەکۆ رەحیمی و ھەزارانی دیکە لە ھەموو شەقامێکی رۆژھەڵات دەبیسترێ،ئەمرۆ بە ئەندازەی ئەو خوێنانەی بۆ ئازادی گەلێک رژان ھیوا بە رزگاری نزیکە.
کوردستانی رۆژھەڵات“لە سایەی ئەو کەلتووری قووربانی و فیداکارییەوە جێگای ھیچ سیناریۆیەکی ناحەزی لێ نابێتەوە.
خەیاڵتان ئاسوودە بێ ئێرە:کوردستانی رۆژھەڵاتە،ئێرە:ھۆڵەکانی سنەو شارەکانی کوردستانن.
رووحتان شاد بێ ھاورێیانی خۆشەویست،ئێمە سەربەرزین گەلێک ئەمرۆ سەربەرزە بە ئێوە.ـ
………
سوئێد”٢۵/١٢/٢٠١٨

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *