ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی بیست ودووهەم) (۲٢) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە
(بەشی بیست ودووهەم)
بۆ نووسینی بیرەوەری ئەوجارەش بە بیر و خەیاڵ دەچمەوە دەیەی شەستی هەتاوی ئەو دەورانەی کە لێواولێوو بوو لە گیانبازی و فداکاری و بەرخۆدانی شۆڕشگێڕانە بۆ پاراستی بست‌بەبست نیشتمانی خۆشەویستمان .
ئاخرکام ناوچەی کوردستان دەبینی کە لە دەیەی شەست‌دا دەیان داستان و نەبەردی تێ‌دا تۆمار نەکرابێ و لمبۆزی داگیرکەرانی تێ‌دا لە خۆڵ وەرنەدرابێ .
ناوچە هەمیشە سەرسەوزەکەی سەردەشت کە بەدرێژایی مێژووی جووڵانەوەکان و بەتایبەتی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەو ناوچەیە هەمیشە بەرچاتر بووە و تا ئێستاشی لە گەڵ بێ مەکۆ ودەروازەی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات و هێزی پێشمەرگەی کوردستانە و زۆر داستان وعەمەلیاتی گەوری لێ تۆمار کراوە کە بۆوەی دەبێ بەسەدان لاپەڕەی لە سەر بنووسرێ.
***
لە بەشێکی دیکەی بیرەوەرییەکان‌دا باسە لە داستانێکی دیکەی پێشمەرگە تێکۆشەرەکانی هێزی گیاڕەنگ دەکەم کە لەو شەڕەدا هێزی دووژمن زەبەیەکی قورسی دیکەیان بەدەستی تێکۆشەرانی هێزی گیاڕنگ وێ کەوت .
بەدوای عەمەلیاتی سەپێکان و شەهیدبوونی چەند کەس لە فەرماندەکان و پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕنگ، فەرماندەکانی ئەو کاتی هێز گەڵالەعەمەلیاتی دەست بەسەرداگرتنی دوو پایەگای “بووبانە”یان خستە بواری جێبەجێ کردنەوە. بۆ ئەوەی شتەکان وەک خۆی باس بکرێن، کاک حوسێن پەیرەوان فەرماندەری هێزی گیاڕنگ بوو، ئێمە سێ لک بووین فەرماندەری لکی سێ حەمەنارستی، لکی دوو ساڵە ڕەبەتی و لکی یەک عەوڵڵا شەخسە بوون.
گەڵالەی عەمەلیاتەکە ئامادە کرابوو. با ئەوەش باس بکەین کە کۆمەڵێکی دیکە لە بەرپرسانی ئەو هێزە وەک جێگری لک، سەرپەل لە ئەسڵی کارەکەدا بەشدار بوون و هەریەک لەوانە بۆ شوێنێک دیاری کرابوون، بەڵام ناکرێ ناوی هەموویان بنووسین.
ڕێکەوتی ١۵ی پووشپەڕی ١٣۶٧ی هەتاوی ۸۸ی میلادی هێزێکی تێکەڵاو لە هەموولک و پەلەکان و بەشێک لە کادرەکانی کومیتەی شارستانی سەردەشت بەهەموو ئەو شتانەی کە بۆ ئەم عەمەلیاتە پێویست بوون لە ئێوارەیەکی درەنگ‌دا بەرەو ناوچە وەڕێکەوتین. بە هۆی سەختی مەرزەکە نەماندەتوانی شەوی یەکەم لە مەرز دەرباز بین. ڕۆژەکەی لە نزیک مەرزەکە لە دەورووبەری گوندی “تووژەڵ” ماینەوە. ئەم ڕۆژەش وەک زۆر ڕۆژی دیکە تا ئێوارێ زۆر خۆش تێپەڕبوو. لە گەڵ ئەوەیکە زۆر شۆخی و قسەی خۆش کرا بەڵام دیسانیش ماندووکەر بوو.
ئێمە، لکی سێ لە یەک جێگادا بووین. شەهید خدر چووکەڵ کە لەیەک پەل بووین، بەمنی دەگووت تۆ لەو عەمەلیاتە شەهید دەبی.!! منیش دەمگووت نا تۆ شەهید دەبی!!. زۆرمان قسەی لە جۆر باس کرد، یادی ئەم ڕۆژە بەخێر. ئێوارێی ئەم ڕۆژە دەبوو خۆمان ئامادەبکەین تا وەڕێ کەوین هەر زوو دەستەیەک لە پێشمەرگە بەڵەدەکان بەرەومەرز وەڕێ کەوتن و سەرەڕای سەختی مەرزەکە ڕێگەیەک بدۆزنەوە کەئەو هێزە دەر باز بێت.
دوای گرتنی تەماسی ئێمە لە گەڵ تیمی پێشڕەو بەرەو مەسیری ئەوان وەڕێ کەوتین. لەسەر سنوور یەکمان گرتەوە تا هەموومان بەیەکەوە وەڕێ کەوین سەختی ڕێگا لێرەوە دەست پێدەکات. ڕێگەیەکی باریک، دوو میتری خوارەوەی و دوو میتری سەرەوەی پڕە لە دوژمنی شاراوە!! واتە مینی ژێر زەوی. نابێ لە ڕێگەکە هەنگاوێک لابدی دەنا کارت تەواوە. هێزێکی زۆر و خەتەرێکی زۆر، نابێ دەنگی لاقەکانت بێت، چونکی پایەگا زۆر نیزیکە ودەوروبەریش چەندین جۆری مین تێدا ژێر خاک کراوە و شاردراوەتەوە. ئەگەر ژیرانە هەنگاو نەنێی تووشی کێشە و زیان دەبین. بۆیە دەبوو ڕێنوێنیەکانی تیمی پێشڕەو لە بەرچاو بگرین، چوونکی هەر شتێک ڕوو بدات، دەرباز بوون چەند سەخت بوو، گەڕانەوە زیاتر. بۆیە لێرە لەم ساتانە ئەوەی بەرەو مەنزڵگای سەرکەوتنت دەبا، بەکارهێنانی هوشیاری و گۆێ گرتن لە هاوسنگەرانتە و هەماهەنگی دەتوانێ کۆسپەکانی سەرڕێگا لابەرێ. هەرچۆنێک بێ، بەهێواشی بەرەو مەسیری خۆمان وەڕێ کەوتین تا لە مەیدانی مین تێپەڕبووین و لە چاوی پایەگا دەربازمان بوو. ئەو جار دەبێ وریاتر بین چونکی دەوروبەری گوندی کانیەزەرد ناوەندی کەمین گرتنی دووژمنە. دەبێ لەوێش دەرباز بین، سەرەڕای هەمووسەختیەکان ئەو هێزە زۆرە بەبێ زیان لە جادەی قاسمەڕەش – سەردەشت تێپەڕ بووین ئەجار بە هێواشی بەرەو زنجیرە چیای “سووراو” وەسەر کەوتین بەرەوشوێنی خۆمان دەورووبەری شوێنی عەمەلیاتەکە و لە نیوەشەوێکی درەنگ‌دا گەیشتینە شوێنی مانەوە .
رۆژی دواتر فەرماندەکان بەسەرپەرستی فەرماندەری هێز کۆبوونەوە، هەموو پێشمەرگەکان بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەو عەمەلیاتە بەچەند دەستە دابەشکران.
لە بەشی بیست و سێهەم‌دا چۆنیەتی دستپێکی عەمەلیاتەکە وئازایەتیی پێشمەرگەکان و زەبوونیی هێزی دوژمن دەگێڕمەوە.
چاوەڕوان بن
وێنەکان وێنەی یەکەم شەهید حەمەنارستی شەهید خالید نێوچوانی برادەرێکی دیکە.
وێنەی دووهەم کاک حوسێن پیرەوان عەبدووڵا شەقاز

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *