ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی بیست وسێ یەم) (۲٣) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەوڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە
(بەشی بیست وسێ یەم)
لە کاتی نووسینی ئەم بیرەوەرییە وەک هەمیشە دەچمەوە ئەو سەردەمەی کە خەبات و بەرخۆدان لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لووتکەی خۆی‌دا بوو، هێزی دوژمن لە حاست هەڵمەتی شێرانەی کوڕانی دێموکرات زەلیل و داما بوون و بست بە بستی ئەم نشتیمانە داگیرکراوەیان لێ ببوو بە دۆزخ، شەو و ڕۆژ لە ترسی تێکۆشەرانی ڕاستەقینەی ڕۆژەسەختەکان خەویان لێ نەدەکەوت .
تا دێ لە دەست پێکی عەمەلیات نیزیک دەبینەوە و کاتژمێرەکان بە خێرای تێ دەپەڕن.
لە نێو دارستانێکی چڕە ماوینەوە، نابێ کەس بمانبینێ جیا لەو کەسانەی کە هەمێشە یارو یاوەرمان بوون و بەشێک بوون لە مێژووی ڕۆژە سەختەکان کە بەشێوی جۆرجار لە گەڵمان بوون و تەداروکیان دەکردین.
پێشمەرگەکان وەک ڕۆژانی دیکە بە شێوەی ئاسایی خەریکی حەسانەوە و پشوودان بوون .فەرماندەکان لە کۆبونەوەدا بوون بۆ ئەوەی گەڵاڵە عەمەلیاتەکە داڕێژن و پێشمەرگەکان رێک بخەن. زۆربەی پێشمەرگەکان هەوڵی ئەوەیان دەدا لە تیمی هێرشدا بن، بۆیە دوای تەواوبوونی کۆبونەوەی فەرماندەکان هەموومان هەوڵی ئەوە مان دەدا ئاخۆ لە تەقسمی کار دا لە کام تیم دا سازمان دراوین .
ڕۆژی ۱۷ی پووشپەڕی ١٣۶٧ی هەتاوی، تا ئێوارێ تەواوی کارەکان دابەشکران هەرتیمە و بۆ شوێنی خۆی دیاری کرا. ئەوەی لە بیرم بێ هەموو پێشمەرگەکان بە حەوت دەستەی دابەشکران دەستەی یەکەم پێک هات بوو لە؛ عەبدوڵڵا شە قاز کۆمەڵێک لە فەرماندە و کادرو پێشمەرگەکان بۆ دەستبەسەرداگرتنی پایەگای نێوگوندی “بووبانە”. دوو دەستەی دیکەش لە تێکۆشەرانی ئەوکاتەی هێزی گیاەنگ هەر لە گەڵ ئەو تیمە وەک دەستەی پشتیوان بۆ لێدانی پایەگای نێوگوند و پایەگای نارەست دیاری کران تا لە ژێر ئاوری ئەم دوو دەستەیەدا هێرشی خۆیان بۆ سەر هەدەفی دیاریکراوجێبەجێ بکەن.
ئەو سێ دەستە لە پێشمەرگە کان دەبوو ئێوارێ لەگەڵ تاریکداهاتن دا بەرەو مەسیری دیاریکراو، لە داوێنێ چیای گیاڕەنگ وەڕێکەون. ئێوارێ ئەم ڕۆژە دوای ماڵاواییکردن لە یەکتر هەموویان بەوپەڕی ئەرک وەخۆگری و بیرکردنەوە لە ئامانجی بەرزی شەهیدان و رێبازی پیرۆزی میللەت، شێرئاسا بەرەو شوێنی خۆیان وەڕێ کەوتن.
ئای…چەندە ناخۆشە ئەو کاتانەی کە کۆمەڵێک مرۆڤی شۆڕشگێڕ و ڕەفیقی گیانی‌بەگیانی بەرەو مەسیرێکی نادیار هەنگاو دەنێن و مەعلووم نیە جارێکی دیکە بەدیداری یەکتر شاد دەبنەوە یان نا…. ئەوانە ناخۆشترین ساتەوەختەکانی ڕۆژانی سەختی ئەو سەردەمن کە ئێمە لەگەڵی ڕا هاتبووین .
دەستەیەکی دیکە لە پێشمەرگەکان بەفەرماندەیی شەهید حەمە نارستی، فەرماندە هەمیشە چاونەترسەکەی سەردەشتی سەرسەوز بۆ دەستبەسەرداگرتنی پایەگەی شاخی “کونێ” دیاری کران، کە ئاستەمترین نوقتەی ئەم عەمەلیاتە بوو. منیش لە گەڵ پۆلێک لە فەرماندە و کادرو پێشمەرگەکانی دیکە لەم تیمەدا بووم.
تیمێکی دیکە بۆ لێدانی پایەگای “خۆڵە پۆل” دیاری کران. پایەگای خۆڵە پۆل بەسەر هەردوو پایەگاکاندا زاڵ بوو ئەم تیمە ئەرکی کۆنترۆڵ و لێدانی ئەم پایەگایە بوو بۆ ئەوە نەتوانێ وەک پێویست بەهانای بەکرێگیراوانی ئەم دوو مۆڵگەی دیکەوە بچێ.
تێمێکی دیکە وەک تیمی پشتیوان لە سەر ڕەزەکانی بووبانە جێگربوون و بۆ ئەوەی لەوێوە هەردوو پایەگای شاخی کونێ و ناوماڵان ئاورباران بکەن .
تیمی حەوتەم کە پێکهاتبوو لە فەرماندەری هێز کاک حوسێن پیرەوان و چەند کادرو پێشمەرگەیەکی دیکەکە لە داوێنی چیا سووران جێگیر کرابوو تا تەواوی مەیدانی شەڕەکە لە ژێرچاودێری بگرن و هەماهەنگی لە نێوان تیمەکاندا درووست بکەن .
بۆ رۆژی ١٨ی پووشپەڕی ١٣۶٧ی هەتاوی هەمووتیمەکان لە شوێنی خۆیان جێگیر بوون. هەموو جموجۆڵی هێزەکانی دووژمنیان لە ناچەکە خست بووە ژێر چاودێری خۆیان تا لە کاتی دیاریکراوی خۆی‌دا هێرش بۆ سەر دووژمن دەست پێبکەن. لەم ڕۆژە دا هیچ جموجۆڵێکی بەرچاو لە ئارادا نەبوو .
درێژەی هەیە……
وێنەکان دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ
دەستەیەکی دیکە لە پێشمەرگەکان کە کاک نەبەزی مستە فاپوور فەرماندەی ڕۆژەسەختەکان وەکاک سەیدخدر پێشمەرگەی ئازو چاونەترس .
وێنەی سێ هەم گوندی بووبانەو دەستەیەک پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە ساڵی ۸۷ناوگوندی بووبانە .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *