ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی بیست وچواریەم) (۲۴) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە
(بەشی بیست وچواریەم)
…. ئەوڕۆ دەبێ لە ڕۆژان زۆر وریاتر بین تەواوی شوێنی عەمەلیاتەکە بخەینە ژێر چاودێریی خۆمانەوە نەکا ئاڵوگۆڕێک لەو دەوربەرە بێتە پێشێ و ڕێگر بێ لە بردنە پێشی کارەکەمان. فەرماندەکان ئەم ڕۆژە لە هەموو کەس وریاتر بوون و بەردەوام لە جمووجۆڵدا بوون. ئەرکی ئەوان لە هی ئێمە زۆر قوورستر بوو، ئێمە زۆربەمان جەوان بووین غروورێکی زۆرمان هەبوو تەنیا بیرمان لە تەقاندنی یەکەم فیشەک و دەست پێکی عەمەلیات دەکردەوە، بەڵام بۆ ئەوان مەسەلەکە زۆر قورستر لەو باسانە بوو، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی عەمەلیات و بەراوەردی هەزینەکان و کاریگەریی ئەم عەمەلیاتانە لە نێو خەڵک‌داو لەبەرچاوگرتن سیاسەتەکانی حیزب و زۆر شتی دیکە. دەبوا بە تەواوەتی بیری لێ کراباوە.
هەر وەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد بەرەبەرە لە کاتی دەستپێکردنی عەمەلیات نیزیک دەبووینەوە. هەموو تیمەکان دەست لە سەر پەلاپیتکەی تفەنگ چاوەڕوانی دەستووری فەرماندەری عەمەلیاتیان دەکرد. زۆری نەکێشا کە لە هەموو قۆڵەکانەوە هێرش کرایە سەر دوژمن. دوای ئاگربارانکردنی سەختی هەردوو مۆڵگەی دوژمن لە نێو گوندی بووبانەوە، شاخی کونێ لەلایەن چەند تیمێکی هێزی پشتیوان، تیمەکانی هێرش و پەلاماری هەردوو تیم بۆ سەر ئەو دوو مۆڵگە دەستی پێکرد. پێشمەرگەکانی هەر دوو تیم شەڕێکی سەخت و دەستەویەخەیان لە گەڵ هێزی دووژمن بەڕێوە دەبرد، شەڕێک کە تا دەهات دژوارتر دەبوو، بەڵام پێشمەرگەکان هەڵۆ ئاسا بۆ تێکشکاندنی هێزی دوژمن هەڵمەتیان دەبرد. ئێمە کە لە پایەگای شاخی کونێ بووین و شوێنێکی زۆر ئاستەم بوو، بۆ ماوەی زۆر شەڕێکی سەخت و دژوارمان لە گەڵ بەکرێگیراوانی ئەم مۆڵگەیە دست پێکرد. دوو هێز لە بەرزای شاخی کونێ کە هێندە لە هێزەکانی دووژمن نزیک ببوونەوە کە بە نارجۆک بە دوژمنیاندا دەدا و تەنانەت چەند جارێک چووینە نێو بەشێک لە مۆڵگەکان و کەوتنە دەستی ئێمە. بەڵام لە بەشەکەی دیکە چەند جاشێکی خۆفرۆش بەسەختی شەڕیان لە گەڵ دەکردین.، لە سەنگرە قایمەکانی خۆیانەوە سێرەیان لە ئێمە دەگرت. ئێمەش تەنیا بە سەنگەری بیر و باوەڕی شۆڕشگێڕانەوە بە گژیاندا دەهاتینەوە.
لە شەڕی سەنگەربەسەنگەردا بووین، بە هۆی قایم بوونی پایگاکەو و سەنگەرەکانیانەوە نەمانتوانی بە تەواوەتی دەست بە سەر مۆڵگەکەدا بگرین. لە شەڕی نێو سەنگەرەکانی پایگای رێژیم لە شاخی کونێ پێشمەرگەی تێکۆشەر و ئازای هێزی گیاڕەنگ، خدر عەزیزی ناسراو بە خدر چوکەڵ شەهید بوو و برایم نەزمیش بەسووکی بریندار بوو و لە بەرانبەریش دا ژمارەیەک لە هێزەکانی رێژیم لە نێو مۆڵگەکەدا کوژران و بریندار بوون.
کاتێک حەمەنارستی وەک فەرماندەری ئەم بەشە لە پایەگای شاخی کونێ دەرکی بەوە کرد کە ناکرێ ئەم مۆڵگەیە بە تەواوەتی بگرین، دەستووری پاشەکشەی‌دا. ئێمەش وێڕای گواستنەوەی تەرمی شەهید خدر لە شوێنەکە دوور کەوتینەوە.
بەڵام شێرەکوڕانی تیمەکانی دیکە لە بەفەرماندی عەبدوڵا شەقاز و چەند تێکۆشەری دیکە، توانیان بەتەوای دەست بەسەر مۆڵگەی نێوماڵاندا بگرن و هەموو بەکرێگیراوانی نێو مۆڵگەکە بە تاوانی خیانەتکردن بە گەل و نیشتمان سزا بدەن و هەروەها ئاگر لە مۆڵگە بەردەن. لەو عەمەلیاتەدا نیزیک بە سی کەس لە هێزەکانی دوژمن کوژران و کەلاکی ۱۷کەس کەوتە دەستی پێشمەرگەکان و چەک‌وچۆڵێکی بەرچاوی مۆڵگەی نێوماڵان کەوتە دەستی هێزی پێشمەرگە. لەم نێوەدا بەداخەوە پێشمەرگەیەکی دیکەی ئازا و قارەمان کە لەگەڵ هێزی پشتوان بوو، لە سەر ڕەزەکانی گوندی بووبانە بەناوی خالیدزوورەی بەقەنناسەی هێزەکانی پایەگای شاخی کونێ، شەهید بوو.
تیمەکانی دیکەش کە بۆ پایەگای نارەست و خۆڵەپۆل دیاری کرابوون تا کۆتای عەمەلیات ئەو دوو مۆڵگەیان بەسەختی ئاور باران دەکرد و ئەرکی خۆیان بە باشی جێبەجێ کرد. دوای داهاتنی تاریکایی هەموومان لە پشتی دۆڵێ خانوان کۆبووینەوە و یەکمان گرتەوە.
دوای ڕاوێژکردنی فەرماندەکان دەبێ ناوچەکە چۆڵ بکەین، ناوچەکە بەسەختی لە ژێر ڕەهێڵەی تۆپبارانی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیدا بوو. سەرنجام بڕیاری گەڕانەوە بۆ سوونێ درا، گەڕانەویەکی سەخت، دوای عەمەلیاتەکە دەبێ وریا بین نەکا دووژمن دەرفەتی دەست بکەوێ و زەربەمان لێ بدات. بەشێوەیەکی پارتیزانی هێزێکی زۆر، دوو شەهید لە سەر پشتی چەند وڵاغێک کە پێمان بوون بەرەو مەرزی قاسمەڕش و باسکی ڕێوی وەڕێ کەوتین. هەموو قاییمکارییەک کرابوو، بۆ ئەوی ئەو جارەش بێ‌کێشە لە مەرز دەرباز بین، نەکا دوژمن کە دوای ئەو زەربە خواردنەی لە سەر هەستە بیهەوێ تۆڵەی خۆی بکاتەوە. بەئارامی و هێواشی خۆمان گەیاندە چەقالاوێ، شوێنی دەرباز بوون زۆر نزیکی پایەگای پشتی قاسمەڕشە، نابێ هەستمان پێ بکەن. بە بێ‌دەنگی و بێ هەستی لە سنوور دەرباز بووین. لە نیوەشەوێکی درەنگدا گەیشتینەوە کونەمارێ، زۆر ناخۆش بوو، دوو کەس لە هاوسەنگەرانمان شەهید ببوون. یەک لە شەهیدەکان، خدر چوکەڵ چەند مانگێک بوو ژیانی هاوبەشی پێک هێنابوو. کەش و هەوایەکی زۆر ناخۆش باڵی بەسەر بنکە و بارەگاکاندا کێشابوو. بەڵام جیا لە قەبوڵکردنی واقعیەتێکی ناخۆش هیچی دیکە نەدەکرا.
بەیانیی ڕۆژی نۆزدەهەم لە نێو کۆڕی گەرمی هاوسەنگەرانیاندا تەرمی هەردوو شەهید، لە گۆڕستانی شەهیدانی “بەرقسڵ” بەخاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردران. ڕووحی شەهیدکان شادو ڕێز و خۆشەویستیم بۆ ئەو کادر و پێشمەرگانەی کە لەم حەماسە قارەمانانەیەدا بەشدار بوون و قارەمانەتیان لەخۆ نیشاندا. سڵاو بۆ گیانی پاکی هەموو ئەوانەی ئێستا لە ژیاندا نەماون، ڕێز و خۆشەویستیم بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە ئێستا لە ژیانداماون.
بەم جۆرە ئەو حەماسە قارەمانانەیەش وەک لاپەڕەیەکی زێڕین لە داستانەکانی دیکە، چووە ڕیزی داستانە لەبیرنەکراوەکانی دیکەی ناوچەی سەردەشت و هێزی گیاڕەنگ.
وەک پیشەی هەمیشەیی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەڵوێستیان دەرحەق بە خەڵکی کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی پێشمەگەکانی حیزب دوای وەها زەربەخواردنێک، بەو پەڕی بێ‌ڕێزیکردنەوە بەرخوردیان لە گەڵ دەکردن. کاک حوسێن پەیرەوان، یەکێک لە فەرماندەرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەم پێوەندییەدا کە چۆن باوکی سێ کەس لە تێکۆشەرانی حیزبیان لە ئیداری ئیتلاعاتی شاری سەردەشت بێ ڕێزیان پێ کراوە لە سەر ئەو عەمەلیاتە . ئاوا دەنووسێ:
باوکم بۆی گێڕامەوە گوتی ڕۆژێکی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت بانگیان کردم، کە چووم بۆ ژوورەوە باوکی کاک کاوەی پەیرەوان، خاڵەحەمە لە گەڵ باوکی کاک حەسەن قادرزادە، ئەندامی دەفتەری سیاسیی ئێستای حیزب لە ژوورەکە بوون، زۆری نەکێشا پاسدارێکی منداڵکارە هات و ملی خاڵە حەمی گرت و بەدیواریدا کێشا، خاڵەحەمە هەستایەوە و گووتی: کەریم! عەلی! کەی ئەوە ژیانە؟! پاشان هەر ئەو پاسدارە لە باوکی کاک حەسەنی دا کە شەقەی بەدستەوە بوو. شەقەکانی لە دەست پەڕین و کەوتنە سەرعەرز بەو حاڵەش باوکی کاک حسن خاڵە مینە وەک شێر بەسەریان دا دەگووڕێنێ بێترس قسەی خۆی دەکات . منیش پێم گووت: بۆ وادەکەی؟ تاوانی مە چیە؟ پاسدارە مشتەکۆڵەیەکی لە دەمی من دا و ددانەکانم کە مەسنووعی بوون کەوتنە خوارێ. دیسان پێم گوت؛ بۆ وادەکەن؟ کوتی لیستی کوژراوەکانی پایەگای بووبانەیان لە پێش داناین.
ئەوان کە لە مەیدانی شەڕدا دەرەقەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان نەدەهاتن بەم جۆرە ئازار و ئەزیەتی بنەماڵی پێشمەرگەکانیان دەدا و بە خەیاڵی خۆیان تۆڵەیان دەکردوە.
وێنەکان چیای سەرکەشی گیاڕەنگ
وێنە چواکەسیەکە شەید قاسم ڕەحمانی کاک مستەفا مەولودی کاک کەریم فەرخە پوورکاک عەلی عەزیزی
کاک حسن خۆشکەلا ئاسۆنێوەژی

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *