ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی بیست و پێنج) (۲۵) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە
(بەشی بیست و پێنج)
بیرەوەرییە خۆش و ناخۆشەکانی دەیەی شەستی هەتاوی، ئەو قۆناغەی کە لە ڕۆژەهەڵاتی کوردستان پڕاوپڕ بوو لە گیانفیدایی و حەماسەخوڵقێنیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەگژداچونەوەی داگیرکەرانی کوردستان، قۆناغێک بوو بۆ دروستکردنی تەشکیلاتێکی بەهێز تا لاوانی ئەو سەردەمە لە شانە تەشکلاتییەکاندا لە دەوری یەک کۆببنەوە و بە بیری نیشتمانپەروەری پەروردە بکرێن، لەو سەردەمەدا سەرەڕای بەڕێوەبردنی خەباتێکی بەربڵاوی چەکداری، بەڵام کادرەکانی حیزبی دێموکرات قەت لەو غافڵ نەبوون لە کاری رێکخستنی خەڵک وئەو ڕاستییەیان زۆر باش دەرک پێ کردبوو کە بەبێ تەشکیلاتێکی بەهێز، خەباتی سیاسیی و پێشمەرگانە ناتوانێ وەک چاوەڕوان دەکرێ نەتیجە بدات. لەم پێوەندییەدا پێشمەرگە هەمیشە یاریدەدەرێکی گیانفیدای بەشێ تەشکیلات و کادرەکان بوو. زۆرجار دیتراوە کە پۆلێک پێشمەرگە لە گەڵ کادرەکان بۆ دیتنی چەند کەسێکی تەشکیلاتی لە قووڵای ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتوونە مەترسییەوە، یان لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان شەهید بوون.
بۆیە حیزبی دێموکراتی کوردستان هەمیشە تێکۆشاوە لە هەموو شێوەکانی خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران کەڵک وەرگرێ. گێڕانەوی بیرەوەری ئەم جار کە لە دوو بەشدا ئامادە دەکرێ تایبەتە بەم مەسەلەوە.
دەقیقەن وا هەڵکەوت دوایین مانگی هاوینی ساڵی ١٣۶٧ی هەتاوی ٨٨ی زایینی، کومیتەی شارستانی سەردەشت و هێزی گیاڕەنگ کە ئەو کاتە لە “سونێ” و “کونەمارێ” بووین، بەرەو ناوچە وەڕێکەوتین. بەرپرسی ئەو کاتەی کومیتەی شارستانی سەردەشت، شەهید کاک فەتاح عەبدولی‌مان لە گەڵدا بوو لە گەڵ کاک حوسێن پەیرەوان، فەرماندەری هێز و کۆمەڵێک لە فەرماندە و کادر و پێشمەرگەی دیکە بەرەو ناوچە وەڕێکەوتین. کاک فەتاح لە گەڵ ئەوی خەڵکی ناوچەی سەردەشت نەبوو، بەڵام بە هۆی لێهاتوویی و کەسایەتیی بەرزی خۆیەوە هەر زوو ناسراو و بوو بە یەکێک لە باشترین کادر و بەرپرسەکانی ئەو سەردەمە، هەم لە رووی سیاسی و هەم لە رووی تەشکیلاتییە کەسێکی زیرەک و داهێنەر بوو، زۆر زوو بوو بە جێگای باوەڕێ خەڵکی ناوچەی سەردشت و سەرنجی خەڵکی ئەو ناوچەیە و کادر و پێشمەرگەکانی بۆ لای خۆی و حیزبەکەی زیاتر ڕاکێشا. تەنانەت توانیبووی نفووز بکاتە نێو بەشێک لە مۆرەکانی رێژیم و بە قازانجی جووڵەی هێزی پێشمەرگە هاوکارییان دەکرد و زانیارییان لە سەر جموجۆڵی هێزەکانی رێژیم و پیلانەکانیان پێ دەگەیاند. ئەو کارە یەکێک لە باشترین کارەکانی کاک فەتاحی عەبدولی بوو کە زۆریشی تێدا سەرکەوتوو بوو.
لە سنووری دەشتی وەزنێ بەبێ زیان واردی ناوچە بووین. دوای ماوەیەک گەڕان و سەردان لە گوندەکانی ناوچەی بووڵفەتی سەردەشت، ڕۆژێک بۆ مانەوە چووینە داوێنی چیای “لانک” و لەوێ ماینەوە. ئەو ڕۆژە هەر زوو فەرماندە و کادرەکان کۆبوونەوە، دیار بوو خەریکی رێکخستنی بەرنامەیەکن، لە کۆبوونەوەدا وا بڕیار درابوو کە پێشمەرگەکان بکرێن بە چەند دەستە و، بۆ هەموو دەستەکانیش کار دیاری کرابوو. من لە گەڵ ئەو دەستە کەوتم کە کاک فەتاح عەبدولی و کاک حوسێن پەیرەوان لە گەڵیدا بوون. ئەگەر باشم لە بیر مابێ هەر ١۵ کەسێک دەبووین. بەڵام ئێمە نەماندەزانی بۆ کوێ دەچین و کاری ئێمە چیە.
ئێوارێ عەلی باساوی، کە ئەوکات سەرپەلی ئێمە بوو، بە منی گووت لە گەڵ کاک محەممد کەسرایی و کەسێکی دیکە دەچن بۆ شوێنک. ئێوارێ ئەو سێ کەسە بەرەو گوندی “دیواڵان” وەڕێ کەوتین. لە ڕێگا کاک محەممەد کەسرایی پێی گوتین بۆ کارێکی تایبەت دەچینە گوندی “سەرشیو”، بەڵام دەبێ زۆر وریا بین. لەگەڵ تاریک داهاتندا گەیشتینە بەرماڵی سەرشیو. لە خوار ماڵان ڕا بەرەو گوند دەچووەین، لە چەند ماڵێک ڕەت بووین، بەرەو نێوەڕاستی گوند کە چاومان لێکرد، سەربانی چەند ماڵێک پڕ لە جاش و پاسداربوو. دیاربوو چاوەڕوانی شتێکیان دەکرد. ئێمە لەوان تێپەڕ ببووین. بێخەبەر لەوەی نێوماڵانیش لە جاش و پاسدار جمەی دێ.
دەستەیەکی سێ کەسی بەرەو مەسیرێک دەچین کە هێزێکی گەورەی دوژمن بۆمان لە بۆسە و کەمین دان و دەیانهەوێ زەربەی خۆیان بوەشێنن. نێوانی ئێمە لە گەڵ جاشەکان هەر پەنجا میتر دەبوو، بەڵام ڕێگاکە کەمێک قووڵ بوو و ئێمە باش لە وان دیار نەبووین. بریاری گەڕانەوەمان دا. گەڕانەوەمان دەبوا بەهێواشی بێ بۆ ئەوەی هەست نەکەن کە بۆ دوا دەگەڕێینەوە. دەمەساتێکی زۆر ناخۆش و پڕمەترسی بوو. بەڵام خۆ ناکرێ ورە بەردەین و لەو ساتەوەختە ناسکەدا پێویست بوو خێڕا بڕیار بدەین کە چ دەکەین. بۆیە بەهێواشی یەکەیەکە کشاینەوە و بە بێ ئەوی هەست بەبوونی ئێمە بکەن لە چاوی دووژمن ون بووین.
دوای بۆمان دەرکەوت کە ئێمە بۆ دیتنی کەسێکی تەشکیلاتی چوینە گوندی سەرشیو، بەڵام ئێستاش ڕوون نەبوو دووژمن چۆنی پێ زانیبوو کە ئێمە دەچینە ئەو گوندە!!. کاتێک لەو داوە کە بۆمان دانرابوو ڕزگارمان بوو، سێ کەسی بەر گوندی کاژێ وەڕێ کەوتین، لە سەر کانییەک ئاومان خواردەوە و کاک محەممەد کەسرایی گووتی؛ کاک فەتاح عەبدولی و کاک حوسێن پەیرەوان و پێشمەرگەکانی دیکە بەرەو گوندەکانی بێشاسپ و تووژەڵ دێن و دەبێ ئێمەش بڕۆین لەگەڵ وان یەک بگرینەوە. لەوێوە بەرەو ئەو مەسیر وەڕێ کەوتین کە زۆریش نیزیک نەبوو، لە ڕێگا بە بێسیم تەماسمان لە گەڵ گرتن کە تووشی شتێکی لەم جۆرە بووین. کە چووین لە پشتی ماڵی تووژەڵێ لە سەرمان ڕاوەستا بوون، لەوێ یەکمان گرتەوە و چۆنیەتی بەسەرهاتەکەمان بۆ باس کردن. دوای پشوویەکی کورت بەبێ بیر لێ کڕدنەوە و لێکدانەوە حزووری ئەو هێزەی رێژیم لەو شوێنە و مەبەست و ئامانجە شاراوەکان، دیسان مەسیری خۆمان نەگۆڕی و بۆ دیتنی کەسێک دیکە هەمان ریگامان گرتەوە بەر کە بە بڕوای من کارێکی زۆر هەڵە بوو.
هەموومان بەرەو شۆێنی مانەوە وەڕێ کەوتین و چووین لە نیزیک گوندی بێشاسپ ماینەوە کە بەسەرهاتێکی سەرنجڕاکێشمان تووش بوو.
هاوڕێیانی خۆشەویست!
لە بەشێکی دیکەی ئەم باسەدا بە وردی سەرنجتان بۆ ئەو بەسەرهاتە ڕادەکێشم…..
وێنەکان سێ کە سیەکە حوسێن پیرەوان محمد کەسرای عەبدوڵای شەخسە
دەوری فێرگە .
یەک نەفەریەکەش مەعلوومە

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *