ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی بیست وشەش) (۲۶) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەوڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە (بەشی بیست وشەش) ساتە هەستیارەکانی سەردەمی خەباتی پێشمەرگانە و تەشکیلاتی هێندە زۆرن ڕەنگە لە توانای نووسینی کەسانی وەک مندا نەبێ . گێڕانەوەو نووسینەوی ئەم هەمووسەروەریانە ڕەنگە کارێکی هەروا ئاسان نەبێ. بەڵام باشترین خزمەت بە درەوشاوەترین خەباتی ئەوسەردەمەی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نووسینەوە و وەبیرهێنانەوەی ئەوخەباتەیە کە شێرە کوڕەکانی دێموکرات لە قووڵایی ناوچەکانی کوردستان لە دەیەی شەست کردیان، بە دوژمنیان سەلماند کە تەسلیمبوون و لە میدان چونەدەر کاری میللەتی کورد نیە کە بۆ ئازادی تێدەکۆشێ. هەر وەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد، لە پشتی ماڵاڵەکانی ئاوایی تووژەڵ یەکمان گرتەوە. دوای پشوویەکی کورت بە بێ بیرلێکردنەوە کە بەڕاستی هەڵە بوو بەرەو ئەو مەسیرە چووین کە ڕۆژی پێشتر قسەی لێ کرابوو. دەکرا ئێمە مەسیرمان بگۆڕین بەرەو شوێنێکی دیکە چووباین، بەڵام ئێمەش زۆر جار هەڵەمان کردوە کە بۆتە هۆی ئەوەی کە زەربەمان وێ کەوێ. سەرەڕای ئەو کەمتەرخەمیە چووینە شوێنی مانەوە لە نێوان گوندەکانی تووژەڵ و بێشاسپ. ئەو کاتەی کە ئێمە چووینە شوێنی مانەوە، نزیک بە سەعات دوازدەی شەو بوو. دوای دانانی نیگابان، هەموومان خەوتین . بەیانی تازە تیشکی خۆر لە سەر چیاکانی کەپری و مەیدانچۆغە دەردەکەوت. ئیمەش چەند کەسێک هەستابووین، یەک لەوان کاک حوسێن پەیرەوان بوو، ئاورمان کردبۆوە، زۆری نەکێشا دەنگی زەنگووڵی مێگەلە بزنێک لە دەوری ئێمە پەیدا بوو. ئێمەش بێدەنگ بووین تا شوانەکە هەستمان پێ نەکات. شوانە پەیدا بوو، لە نیزیک ئێمە هەڵوێستەیەکی کرد وەک ئەوەێ هەستێکی کردبێ، یان شتێکی دیبێ، دوای وەستان و ڕواننینێکی کورت بە گۆرانی گووتن وخۆگێلکردن جوڵا و ڕۆیی. هەر کە ڕۆیی ئێمە گوتمان ئەوشوانە ئێمەی دی، با بانگی کەین، گووتیان نا ئێمەی نەدیوە و بەقسەیان نەکردین. شوانە ڕۆیی و ئێمە هەر لە شوێنی خۆمان ماینەوە! ڕۆژ خەریک بوو درەنگ دەبوو. دەوروبەری سەعاتی یەکی دوانیوەڕۆ دەنگی دوو گوللە تۆپ لەلای هەڵوێ‌وە هات!. لێی مەشکووک کەوتین، کاک حوسێن پەیرەوان بەمنی گووت وەرە بابچین تەماشاکەین. هێشتا دووسەت میتردوور نەکەوتبووینەوە کە تەماشامان کرد، دەورەمان بە هێزێکی زۆرگیراوە، بەپەلە خۆمان گەیاندەوە لای کوڕەکان، خۆمان بەست و وێڕانەگەیشتین شتەکان کۆکەینەوە، دووسەت میتریک بۆ خوار خۆمان داگەڕاین. پۆلە جەنگەڵێکی پڕی لێ‌بوو، لەوێ خۆمان مات دا. چونکی نەماندەویست خۆمان دەرگیر بکەین. چونکی هێزی دوژمن زاڵ بوو بەسەر ئێمە دا و ناوچەکەش زۆر پڕمەترسی بوو. زۆری نەکێشا جاشەکان هاتن بۆ شوێنی ئێمە و تەواو لێمان نزیک بوونەوە و شتەکانی ئێمەیان دیتەوە. ئەوان لە ئێمە دیار بوون، زۆر نیزیک، بەڵام نەدەکرا لێیان ودەست بێین. چونکی هێزێکی زۆر لە دەوری ئێمە بوو، بەڕاستی لەحزەیەکی زۆر ناخۆش بوو، جاشەکان باشیان دەزانی ئێمە لە خوار خۆیانەوەین. بەڵام چونکی خواروی ئێمە پایەگایەکی کۆنی لێ بوو و پڕ لە هێز و تۆپخانە بوو، هەر جووڵا باین لەوان دیار دەبووین. فاسیلەیەکی زۆر کەم بوو. بەڵام جاشەکان لە شوێنی خۆیان نەجووڵان، دووکەسیان داگەڕان بۆ لای ئێمە، ئێمە خۆمان بۆ شەڕی مان و نەمان ئامادە کردبوو. گوێمان لێ بوو فەماندەکەیان بە جاشەکانی دەگوت؛ وەرن با بڕۆین لێرە نەماون ئەوانە ئێرەیان چۆل کردوە !. کە چووینە نێو پۆلە دەوەنەکە، کاک حوسێن پیرەوان گووتی تائاخیرین فیشەک شەڕدەکەین بەڵام کاک فەتاح گووتی کاک حوسێن با نەجاتمان بێ لەشەڕ گەڕێ لەو کاتە سەختەدا کەدوەرمان گیرا بوو، ئەوە قسە کانی کاک فەتاح وکاک حوسێن بوو. دیارە هەموومان خۆمان ئامادە کردبوو بۆ شەڕێکی خوێناوی لە گەڵ هێزی دوژمن . بەڵام ئەو جارە جاشەکان شەڕیان لە گەڵ ئێمە نەکرد دەنا هەر زوو دەرگیر دەبوون . بەرەبەرە هەوا بەرەو تاریکی دەچوو و هێزی دوژمن پاشەکشەی کرد. لە گەڵ خۆیان ئێسترێکی ئێمەیان لە گەڵ هێندێک کەتری و شت برد و پاشەکشەیان کرد. ئێمەش لە گەڵ تاریکی هەوا بەرەو گوندی تووژەڵ هەڵکشاین، خۆمان لە ماڵان نیزیک کردبۆوە. ئێوارێ بە خەڵکیان گووتبوو کە ئەوشۆ کەس هەقی نیە لە ژوورێ بێتەدرێ. لە پشتی ماڵان بووین، زۆر نیزک لە گوند، چەند کەسێک چووین بۆ نانهێنان؛ من وعەلی باساوەی و دوو کەسی دیکە لە یەکەم ماڵ وە ژوور کەوتین. کە چووینە ژوورێ، ئاگاداریان کردین کە نێوگوند پڕە لە جاش و پاسدار. ئێمەش دەستبەجێ گەڕاینەوە. نانەکەمان بۆنەهات، لە چەند میتری ماڵەکە بووین کە جاشەکان هاتن، گوێمان لێ بوو دەیانپرسی ئەوە کێ بوون هاتنە ئێرە؟ جاشەکان ئێمەیان دیبوو، بەڵام بۆیان مەعلووم نەبوو داخوا شەخسین یان نا .. هاتینەوە لای کوڕەکان و بەرەو مەسیری خۆمان وەڕێ کەوتین . دیارە ئەو شەوە تەوای گوندەکانی ئەو دەورو بەرە بەهێزی دووژمن گیرا بوون. چونکی وایان دانابوو کە ئەو تیمە کە فەرماندەی هێز و بەرپرسی کومیتەی شارستانی لە گەڵە، لە نێویان بەرن. بەرەو گوندی دیواڵان هاتین، چووین لەوێ هێندێک نان بێنین، ئەویش پڕ بوو لە جاش و پاسدار. دیاربوو داوێکی زۆر گەورەیان بۆ دانابووین . لەوێش نەوەستاین و بۆ مانەوە چووینە بناری چیای لانک و لەوێ ماینەوە . بەم جۆرە جارێکی دیکە لە داوێکی گەورەی دووژمن ڕزگارمان بوو. هەرچەند هەڵەی خۆشمانی تێدابوو دەنا دوژمن بەرنامەی لەنێوبردنی ئەو تێمەی داڕشتبوو. کاک محەممەد کەسرایی دەڵێ؛ ئێمە بۆ دیتنی مۆرەیەکی دووژمن چووینە ناوچەکە کە تەنیا من و کاک حوسێن پەیرەوان دەمانناسی و قەرار بوو کاک فەتاحی عەبدولی چاوی پێ بکەوێ. ئەوەی ڕاستی بێ تا ئێستاش ڕوون نەبوو کە ئایە ئەو گووزارشە ئەو کەسە دابووی کە قەرار بوو ئێمە چاومان پێ بکەوێ یان شوانەکە ڕاپۆرتی دابووین ‌‌! ڕێز و سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدانەی کە ئەو کاتە لەو جەولەدا بەشدار بوون، سڵاو بۆ ئەو کادر و فەرماندە وپێشمەرگانەی لەو جەولە بەشدار بوون. ئەوکەسانەی لەو جەولەیەدا بەشدار بوون، بریتی بوون لە؛ شەهید فەتاح عەبدولی، حوسێن پەیرەوان، محەممەد کەسرایی، عەلی باساوەیی، کەریم کۆدەڵی ، کەریم تووژەڵی، خدر بەگ و چوارکەسی دیکە کە لە ڕۆژهەڵاتن و ناوی دوو بۆ سێ کەسی دیکەم لە بیر نەماوە. کاک محەممەد گروێسی کە یەکێک بوو لە پێشمەرگە تێکۆشەرەکانی هێزی گیاڕەنگ ئەو کاتە لە ڕۆژهەڵات بوو و سەرباز بوو و پێوەندی لە گەڵ حیزب هەبوو، بەڕێزیان دەڵێ من لە گەڵ ئەو هێزە بووم کە بۆ ناوچەکە هاتین و دەڵێ؛ ئەو هێزە هێزێکی زۆر بوو وێنەکان دەستەیەک لە پێشمەرگە تێکۆشەرەکانی هێزی گیاڕەنگ . گوندەکەش گوندی تووژەڵە.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *