ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی بیست وهەشت) (۲٨) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەوڕۆژانەی قەت لەبیر ناچنەوە (بەشی بیست وهەشت) بەکۆڵێک ئاوات و ئارەزووی وەدینەهاتووەوە، بەنووسینەوە و گێڕانەوە بەرەو سەردەمانێک هەنگاودەنێین کە تا ئێستاش هەموومان شانازی پێوە دەکەین. سەردەمێک کە جموجۆڵی پێشمەرگانە لە لووتکەی هەر بەرزی فیداکاری و لەخۆبردوویدا بوو، دەورانێک کە پێشمەرگە بەهاوکاری خەڵکی بەئەمەگی کوردستان بەدوژمنیان دەگووت؛ ئێوە ڕاستە بەزەبری چەک و سەرنێزە کوردستانی ئێمەتان داگیر کردوە، بەڵام دەبێ ئێوە باش ئەوە بزانن کە ئێوەی داگیرکەر ڕۆژێک دادێ فریای ئەو چەکانە ناکەون کەهەزاران کەستان لە نیشتمانی ئێمە پێ قەتڵووعام کرد تەنیا بەتاوانی داواکردنی مافە سەرەتاییەکانی خۆیان . بەڕێزان هەروەک لە بەشی پێشوو دا باسم کرد، لە نێو گوندی گردێنە کە یەکێک لەو گوندانە بوو هەمیشە جێگەی حەسانەوی پێشمەرگەکان بوو، خەڵکی هەمیشە بەخزمەتی ئەم گوندە لەڕۆژێکی ناخۆشی زستاندا دەرگای ماڵەکانین بۆ ئێمە کردەوە و خزمەتی زۆریان کردین. بڕیاری گەڕانەوە لە لایەن فەرماندەرانی نیزامی درا کە هەرچۆنێک بێ دەگەڕێنەوە. ئەو تەقەمەنیانەی پێمان بوون لە ناوچە کە شاردمانەوە و ئامادەی گەڕانەوە بووین. هەرچەند چەندکەس لە پیاوە بەتەجروبەکانی گوندی گردێنە بەتایبەتی خاڵم، خواڵێخۆش بوو “عەلی عەبدولی” داوای کرد نەڕۆین گووتی تووشی کێشە دەبن. بەڵام ئێمە لە کۆتاییدا لە ئێوارەیەکی ناخۆشی زستاندا بەرەو دەشتی مردواوێ وەڕێ کەوتین!! کاتێک وەڕێ کەوتین من و سەلیم‌ئاغا لە پێشێ بووین، لەبیرمە من بە کاک خدر میراوەیی و مەحموودخاس کە مەسئولی ئێمە بوون، گووت؛ لێرە تا ماشێنە شکاوەی دەشتێ ڕەنگە کێشەمان نەبێ، بەڵام لەوێ ڕێگە بزر دەکەین و هەرواش بوو. بەهەرحاڵ وەڕێ کەوتین، بایەکی تووش هەڵیکرد، ئەو بەفرەی دێنا و لوولی دەدا، بەزەحمەت پێش خۆت بۆ دەبینرا. بەرەبەرە جەوەکە ناخۆشتر دەبوو، ناوچە تەنیا سپی دەچوو، تا لە دەشتی مردواوێ نزیک دەبووین هەوا تووشتر دەبوو. لەو دەوربەرە چەند مۆڵگەیەکی دووژمنی لێ‌بوو، دەبوو حساب بۆ ئەوانیش بکەین، سەرەڕای ئەو ناخۆشیەی بەسەرمان هات. تا لەچۆمی وەزنێ پەڕینەوە بەرەو سەرەتای دەشت مردواوێ هەر باش بوو بە هەزار زەحمەت خۆمان گەیاندە ماشێنە شکاوە هەوا تاریکی کردبوو، دیارە هیچمان بەدی نەدەکرد لە بەفر زیاتر، بارینی بەفر و کێژەڵووکەی بەفر سەری لێ شێواندین، نەماندەزانی بۆ کوێ دەچین، سەرمان لێ شێوا و ڕوومان لە هەرلایەک دەکرد، هەر دەهاتینەوە سەر شوێنی خۆمان! موحموود خاس دەیگووت؛ نابێ ڕاوەستین دەنا لە سەرمان ڕەق دەبین، ڕاستیشی دەکرد. دووجار بەسەر سیمی خاڵداری پایەگادا کەوتین، دەمانزانی ئەوە پایەگای کوێیە، بەڵام هەستیان پێ نەکردین. ڕوومان لە هەر کوێ دەکرد سوودی نەبوو، هەموومان هەوڵی ئەوەمان دەدا کە هەرچۆنێک بێ خۆمان ڕزگارکەین. چارە نیە، نابێ ورە بەردەین، دەبێ هەوڵی ئەوە بدەین خۆمان ڕزگارکەین. کاک خدر میراوەیی و مەحموودخاس و من کە زیاتر لە هەموویان بەڵەدی ناوچەکەبووین، ئەرکی قوورسترمان لە سەرشان بوو. زۆربەی پێشمەرگەکان ڕوویان لە ئێمە دەکرد، بەڵکوو چارەیەک بدۆزینەوە. بەڵام چارەی چی؟! هەر هەوڵێکی دەماندا ئاکامی نەبوو. تا دەهات شەو درەنگتر دەبوو، پێشمەرگەکانیش هیلاک ببوون هێندەی بگەڕێن. هەموومان بەتەواوی ترسمان لێ نیشتبوو، چونکی ئەگەر ڕۆژمان بەسەردا هاتبا، لەو دەشتە تووشی کێشە دەبووین؛ دەوروبەرمان هەموو پایەگا بوو، سەر ڕێگامان هەر هەموو پایگا بوو، تەنیا گوندێکی نیزیک لە ئێمە، گوندەکەی ئێمە، “دۆڵەتوو” بوو. ئەگەریش دیبامانەوە هەر بێ‌گرفت نەدەبووین، دوو پایەگای لێبوون و هەر ئەو ساڵەش هەر دوو پایەگاکە بەدەستی هێزی پێشمەرگە سووتا بوون و بۆ ئەوە نەدەبوو بچێنە ئەوێ. هەوڵەکان بۆ ڕزگاربوون هەر بەردەوام بوون؛ لەو دەشت و سەرمایەدا هەرکەسە و شتێکی دەگووت. تا دەهات ناخۆشتر دەبوو، شەومان بەتەواوی بەسەردا هات و ساردتر دەبوو، کەس نەیدەزانی سەر لە کوێ وەدەردەنێین. چاوڕێی بینینی چری گوندێک، ئاوەدانییەک یان دەنگی چواپێیەک بووین، بەڵام هیچ دیار نەبوو. هیواکان وردەوردە بێ‌هێز دەبوون، نایشارمەوە کە ترس و خۆفێکی زۆر لە دڵی هەموومان دا پەیدا ببوو. بەڕاستی کات و ساتگەلێکی زۆر ناخۆش بوو، گەڕانێکی زۆری چەند سەعاتی لەنێو ئەو بەفر و سەهۆڵبەندانەدا کە هێندێک لە پێشمەرگە کان دەستیا تفەنگی نەدەگرت، لە شەوە ناخۆشەکانی پێشمەرگایەتیم بوو. هەوڵەکان بۆ دەربازبوون کۆتاییان نەدەهات و هەر بەردەوام بوون. دوای گەڕانێکی زۆر بیرمان لە کۆخەکانی پشت ئاوایی دۆڵەتوو کردوە، گوتمان ئەگەر ئەو کۆخانە وەبینین دەچین بۆ ئەوێ، بەڵام دیتنەوەی وانیش کارێکی ئاسان نەبوو. کاک عومەر سێونەیی گووتی؛ وەرن دوام کەون بزانین چۆن دەبێ. ئەو وەپێش کەوت و ئێمەش بەدوایدا دوای ماوەیەک کە نەماندەزانی بەرەوکوێ دەڕۆین. لەپڕ بەسەر ڕێ قووڵەکەی نێوان مردواو و سەرمێرگاندا کەوتین. من فەوری ئەوێم ناسیەوە، هیواکان پشکوونەوە، ئاهێکمان هاتەوە بەر و لەوپەڕی بێ‌هێزی و ماندووبووندا بە مانای رزگاربوون لێکمان ڕوانی. بەڵێ رزگارمان بوو، لە مەرگ و لە شەوێکی تووم و بەفرێکی تووش رزگارمان بوو. لەوێڕا ئەوجار من وەپێش کەوتم. بەرەو دووئاوی دۆڵەتووی، بەڵام پێشمەرگەکان هێندە ماندوو ببوون نەیاندەتوانی زۆر ڕێگە ببڕن. لە ئێوارێوە ئێمە لەو کوێستانە سەختە تا سەعات پێنجی بەیانی دەست و پەنجەمان لە گەڵ سەرما و بەفر نەرم کرد. دوای دەرباز بوون لە دووئاوی دۆڵەتووێ بەهیلاکی چوینە گوندی گۆڕەشێر و دڵنیابووین لەوە ئیدی رزگارمان بووە. کە گەیشتینە ئاوایی گۆڕەشێر وەک هەمیشە خەڵکی بەئەمەگ و پێشمەرگەپەروەری ئەو گوندە بەگەرمی وەریان گرتین. ئەوجارە بەهەوڵی کاک عومەر سێونەیی نەجاتمان بوو کە جێی پێزانین و شانازی پێوەکردین . لێرە دا جێی خۆیەتی دوای تێپەڕینی۳۰ساڵ بەسەر ئەم جەولە و رووداوەدا، سڵاو بنێرین بۆ هەموو ئەو کادر و فەرماندانەی کە لەو شەوە سەختە بەشداربوون؛ سڵاو بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو پێشمەرگانەی لە ساڵانی دوایدا شەهیدبوون. لەو جەولەدا بەڕاستی هاوڕێیان؛ کاک خدر میراوەیی مەحموودخاس، حوسێن باساوی، عومەر سێونەیی و حەسەن غەمبار زۆریان هەوڵدا ئەو جارەش گیانی سالم دەربەرین. دیارە منیش وەک پێشمەرگەی بەڵەدی ناوچەکە هاوکاریان بووم و ئەوەی لە دەستم هات درێغیم نەکرد. لە کۆتایی ئەم جەولەیەدا دوای مانەوەی زیاتر لە دوو شەو و ڕۆژ لە بەفر و سەرما بە سڵامەتی گەیشتینەوە کونەماری وێنەکان وێنەی دەشتی مردواوێ ئەو شوێنەی بۆ ماوەی چەند سەعات تێ داسەرمان لێ شێوا . وێنەی دووهەم دەستەیە لە تێکۆشەرانی هێزی گیاڕەگ .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *