بەشی بیست و سێھەمی گەرانەوە(٢٣) : نووسینی:عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی بیست و سێھەمی گەرانەوە(٢٣)
نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
کە ھاتنەوە خاکی پۆشەکان جامانەیەک لە ملیانە جامانەی ئەشقە،قەفی پشتێندەکانیان ئەستوورە ئەوەش فەلسەفەی خۆی ھەیە،جامانەکانیان زۆر جار خوێناوییە برینی ھاورێیەکی برینداری پێ بەستراوە،پشتێندەکانیان زۆر جار بۆ راگواستنی تەرمی ھاورێی شەھیدیان بە کار ھێنراوە،لێرە ئەشق دەبارێ بە درێژایی شەوگاری درێژ و تینوەتی و برسییەتی چارەنووسێک کۆیان دەکاتەوە، لێرە رەمزەکانی مانەوەو خۆراگری ئومێد بەخشن،لە کاتی بڕینی رێگا درێژەکان بە درێژایی چیاو کەژ ھەناسەکانیان بۆ ئامانجێکە،کە ئەوانتان بینی پرسیاریان لێ بکەن؟

ئاخۆ چەند جار برسییەتی و تینوەتی ھەنگاوەکانی شل کردوون چەند شەوگاری تاریکیان بڕیوە،جا ئەوکات تێدەگەی زۆر جار »قومقومە«ئاوێک لە سەردەستی چەند پێشمەرگەیەک دەستاو دەست دەکات،زۆر جار وردکە نانی ناو کۆڵەپشتییەک فریاد رەسی ئەوانە.
درێژەی رووداوەکانی پێشوو:
ھێزەکانی دووژمن تێک شکان شیرازەیان تێک چوو بە پرش و بڵاوی مەیدانی شەریان جێ ھێشت،یەکێک لە تابەتمەندییەکانی ھێزی پێشمەرگە ئەوە بوو:لە کاتی رووبەروبوونەوە لە گەڵ ھێزەکانی رێژیم لە کەمترین زەمان داو لە یەکەم رووبەروو بوونەوە زەبری کاریگەری خۆیان دەوەشاند تا ورەی ھێزەکانی دوژمن دابەزێ،ئەو کەسەی کەوتە دەستی ئێمە فەرماندەری ئیدارەی ئیتلاعاتی میراوێ بوو،کەسێک بوو لە ئازارو ئەزیەتی خەڵکی ناوچە بە تایبەت میراوێ و دەورووبەری دا نەخشی بەرچاوی ھەبوو،بەردەوام لە رێگای جۆراوجۆرو چەند جاشێک بە دوای پێوشوێنی ھێزەکانی پێشمەرگەوە بوو ھەرەشەی لە خەڵک دەکردو بەڵێنی:زەربە لێدانی لە پێشمەرگە دا بوو.کاک (مەحمەد میراوەیی) ھاورێ و ھاوسەنگەرمان کە ئەوکات شاھیدی رووداوەکانی ناو میراوێ بووە،باسی:کاریگەری کووژرانی ئەو مۆرە لە سەر ھێزەکانی رێژیم دەکات،
کە خەڵکی ناوچە بە کووژرانی چەند دڵخۆش دەبن(ھەر بۆ خۆشی با ئەوەش بڵێین:) ئەو رۆژە جاشێکی لە پەنا دەبێ کە بەرێکەوت نەجاتی دەبێ،بە ناوی (رەسوی مەحموودی کەریمی)ئەوەندە ترسابوو کە تا ماوەیەک وەک شێتانی لێھاتبوو!خەڵک لە خۆشیان بانگی دەکەن و رووداوەکەی پێ دەگێرنەوە!کە ھەر جارەو بە جۆرێک چۆنییەتی کووژرانی پاسدار(گلاب حبیبی اذر)یان بۆ دەگێرێتەوە!کە ئەو تێکەڵی و پێکەڵییە لە قسەکانی دا دەبێتە جۆرێک گاڵتە جاڕی خەڵک بە ھێزەکانی رێژیم و مایەی دڵخۆشیان.
دوای ماوەیەک ھێزەکانی رێژیم لە دوورەوە دەستیان کرد بە تەقەو تۆپ بارانی ناوچەکە،ئێمەش چاوەروان ماینەوە تا بۆ ھەر ھێرشێک خۆمان ئامادە بکەین،دوو نەفەرمان سەرەتا کە لە خوارەوە مابوونەوە لە گەڵ وڵاخ و دەستکەوتەکان بەرەو شاخی گۆمێ بەرێ کردن تا خۆشمان بەرە بەرە بەرەو چیای گۆمێ ھەڵدەکشێین تا لە ئەگەری ھێرشی دووبارە سەنگەر بگرین و دیفاع لە خۆمان بکەین،بەڵێنمان بەیەکتر دا:کە ئەگەر لە ژێر تۆپخانەیەکی زۆر قوورسیش دابێ لە شوێنی خۆمان دەمێنینەوە تا دەگەنە چەند قەدەمی ئێمە .کەلاکەکەی دوژمن لە مەیدانی شەڕ دامایەوە،ئەو رۆژە ھێزەکانی رێژیم لە گەڵ ئەوەی دواتر ھێزێکی زۆریان کۆکردەوە،کەچی:نەیانتوانی جارێکی دیکە خۆیان لە مەیدانی شەڕ بدەن و بەختی خۆیان تاقی بکەنەوە،لە گەڵ ئەوەی ھێشتا نیوەڕۆ بوو:ئێمە پێشبینی ھێرشی ئەوانمان دەکرد!وا دیار بوو ھێزە شکست خواردوەکانیان بە جۆرێک رووداوەکانیان گێرابوونەوە کە ورەی ھێزەکانیان بە تەواوی دابەزیبوو.لە تۆڵەی ئەو زەربە قوورسە ئازارو ئەزییەتی خەڵک دەست پێدەکەن و لە رێگای شووراکانی گووندی میراوێ و بە زۆر خەڵک رەوانە دەکەن تا کووژراوەکەیان بۆ بەرنەوە،کە دواتر ھەر خەڵکی میراوێ بە دیاری بۆیان بردنەوە،.بۆ ئێوارێ ئێمە بڕیاری گەرانەوەمان دا:ئەوە لە حاڵێك دا کە ھیچ شتێکمان بۆ خواردن پێ نەمابوو،لە گەڵ نزیک بوونەوەی ئێوارە دووبارە گەراینەوە نزیک مەیدانی شەرو لەوێوە ھاتین بەرەو شاخی ھێلانە ھەڵۆ تا لەوێوە چاوەدێری ھێزەکانی رێژیم بکەین و مەسیری گەرانەوەمان دەست نیشان بکەین.
کاک خدر میراوەیی ئێوارەکەی لە گەڵمان کۆبۆوە،باسی ئەوە کرا: بە ئیحتمالی زۆر لە کاتی دەرچوون بە ناو ھێزەکانی رێژیم دا:شەوەکەی تووشی کەمین بین ھەر بۆیە پێویستە لێبڕاوانە کەمین تێک بشکێنین، چۆن دوای ئەو زەربەو کەمی تیمەکەمان دوژمن لە بیری تۆڵە کردنەوە دایە!بڕیاری خۆمان داو بە وریایی لە گەڵ ھەڵکشانی خۆرو ھاتنی تاریکی دڵی دوژمن شەق بکەین و جارێکی دیکە نیشانی بدەین کە کەمین و ھێزە زۆرەکانیان ناتوانن رێگر بن لە ئامانجی دووری ئێمە.
وەک ھەڵۆ گوورج کەوتینە رێ لە ماوەیەکی کەم دا بێ ئەوەی کەمین و ھێزەکانی دووژمن ھەست پێبکەن دەشتی جوانی وەزنێمان لە شەوێکی جوانی ھاوینی دا لە ژێر مانگێکی ھیلالی و جار جار راخۆشانی ئەستێرەکان دا بڕی و بە سەرکەوتنەوە گەیشتینە شوێنی دیاری کراو.بەیانی دوای ھیلاک بوونێکی زۆر ھاتین لە خوار بازاری گوێزێ ماینەوە،کە ئەوکات بازارێکی گۆرینەوەی کالای لێ بوو،ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ کاری زۆر تایبەت و ناچاری نەبا خۆیان لەو بازارە نەدەدا.بەو ھۆیانەی خوارەوە،یەکەم: ھێزە کوردیەکانی باشوور لەو ناوچە نیشتەجێ بوون.دووھەم:تا ئێمە نەکرێینە بیانوو بۆ داخستنی بازارەکەو تێک چوونی کەسابەتی خەڵک،سێھەم:بەردەوام پڕ بوو لە ئیتلاعاتی و چەکداری رێژیم و چاوەدێری ناوچەکەیان دەکرد.
ئێمە چەند کیلۆمیترێک لە خوار بازارەکە ماینەوە،دەمەو نیوەرۆ کە ویستمان بگەرێینەوە دەبوا لە رێگای قەندیل و شاخی سادرەوە دەرچین کە رێگایەکی دوور بوو،بە ھۆی ئەوەی وڵاخەکانمان پێ بوون،بە کاک خدرم گووت:کاکە بۆ لە گەڵ کاک کەریم کۆدەڵەیی بە »دۆڵەکۆگێ«دا نەڕۆین!وەڵامی دامەوە نابێ!چەند جار دووبارەم کردەوە!کاک خدر کەمێک نیگەران بوو!وەڵامی دامەوە کەریم نانێرم!تۆش ئەگەر ھەر سووری دەتوانی بەوێدا بگەرێیەوە!من باوڕم وا نەبوو کاک خدر رێگا دەدا بە تەنیا بەو شوێنە دا بگەرێمەوە!لە حاڵێک دا:لە مێژ نەبوو کاک (حەمەخان)عەزیزی لەو رێگایەدا لە کاتی گەرانەوەی لە گەڵ ھاورێیەکی شەھید کرابوو،کاک حەمەخان عەزیزی پێشمەرگەی ئازاو سەرەتاکانی شۆرش بەداخەوە لەوێ شەھید دەکرێ،کە ھێشتا چۆنییەتی شەھید بوونی ئەو فەرماندە قارەمانە روون نەبۆوە!ھاورێکەی(..م..)رزگاری دەبێ و ئەو شەھید دەکرێ،من لە جێگای خۆی دا باسی ئەو رۆڵە قارەمانەی دێموکرات دەکەم و جارێ ھەر بەوەندە واز دەھێنم.
دەی تازە لێم بوو بە کوردە نامووسی!کاکە…دەڕۆم! کاک خدر گووتی:ھەرچی پێش بێ خۆت بەرپرسیاری!وەڵامم داوە باش!کەریمی ھاورێم زۆری فشار بۆ ھێنام کە نەڕۆم قەبووڵم نەکرد!ئەوان سەرکەوتن من بە تەنیا مامەوە!ساغ بوومەوە کە ھەر تووش بووم با بچم جارێ کەبابێکی بخۆم لە بازار!دەی خۆ زۆر مەترسیدارە…بچم!نەچم..نا دەچم کەبابەکەی ھەر دەخۆم چی دەبێ با ببێ!یەکسەر سەرکەوتم بە خۆفەوە!دیارە:جارێک ھەر لە گەڵ کاک خدرو کاک کەریم سێ بە سێ چووبووین بۆ ناو بازار بۆ گرتنی مۆرەیەکی ئیتلاعات کە بە ھۆی داوای خەڵک و پارانەوەو چاوەروانیەک کە لە ئێمەیان ھەبوو تا دۆخی بازارەکە تێک نەچێ کارەکەمان بە جێنەگەیاند،بەڵام: ھەرشەمان کرد ئەوە دوا ھووشداری بێ!دەی رۆیشتم بۆ ناو بازار لە دوورەوە بۆنی کەباب ھات(جا من کەبابم پێ خۆشە)لەو کوێستانە دەڵگیرو سازگارە کەباب ھەبێ ئیدی نیعمەتە!من ترسم ھەبوو!بەڵام:پەشیمان نابمەوە!چەند کەسێک لە دووکانەکە دانیشتبوون ھەر بە بەرگەکەی بەرم زانیان پێشمەرگەم!گووتم کاکە کەس لێرە نەروا!من نان و کەبابی خۆم دەخۆم و دەرۆم ھەرچەند ئیسراریان کرد ئێرە پرییەتی لە ئیتلاعاتی قەبووڵم نەکرد!کاکە کەستان لێرە نەڕوا!لە سەر مێزەکە دانیشتم کڵاشینکۆفەکەم لە پێش خۆم دانا!ئەوانەی لەوێ بوون زۆر ترسان!بە پەلە کەبابیان بۆ ھێنام لە ترسان نەمزانی چۆنم خوارد،کەچی وام نیشان دەدا ناترسێم…!
بێ ئێوە ناخۆش کەبابم خوارد چاکەشم بە دوا دا خواردەوە سیگاریشیان بۆ ھێنام،کاتی حیساب گووتیان:کاکە ئەوە چی دەکەی!پووڵی چی!چی دیکەت دەوێ با تووشی شتێک نەبی،پارەکەشیان لێ وەرنەگرتم.
گوورج لە ناو بازار دەرکەوتم رێگای پڕ مەترسی خۆم نەگۆڕی پەلەم کرد تا درەنگ نەبێ،ھەرچی زووتر دەرچم باشترە،بەو رێگا چۆڵەوانی و ھەڵدێرە دا کە ئینسان سامی لێ دەکرد کەوتمە سەر رێگا،ھەر لەحزە چاوەروانی رووداوێک بووم ھاژەی ئاوو دەنگی باڵندەکان و جوانی ئەو دۆڵە ھیچ ئارامییەکی بە منی رێبواری ماندوو نەدەبەخشی! بێ وەستان رۆیشتم ئامادەی ھەر رووداوێک!ھەنگاوەکانم قایم دەنان و رێگا مەترسی دارەکەم دەبڕی.دوا جار لەو پەڕی پەشیمانی دا بۆ ئێوارە خۆم گەیاندەوە مقەر و لای ھاورێکانم،ھەر بە پەلە حەمامێکم کردو لیباسەکانم گۆڕی و چاوەروانی گەیشتنی ھاورێکانم مامەوە!کاتێک ھاورێیانم پرسیاریان کرد بۆ تەنیای رووداوەکەم بۆ گێرانەوە،کە من پرسیاری چەند ھاورێیەکم کرد گووتیان:کاکە دوێنێ ھێزێکی زۆری پێشمەرگە لە گەڵ کاک حوسێن پەیرەوان و فەرماندەکانی دیکە بە رێگای قەندیل دا:بەرەو ناوچە بەرێوەن،دوای چاوەروانییەکی زۆر کە ھەر نەگەیشتنەوە،بێسیمیان کرد کە لە گەڵ کاک حوسێن پەیرەوان و ھاورێیان یەکیان گرتۆتەوە،داوای لێ کردوون لە گەڵ ئەوان بگەرێنەوە ناوچە بە ھۆی شارەزاییان لە ناوچەکە،ئەوان ھەر لەوێ وێرای ماندوویەتی نەگەرانەوە بۆ مقەڕ و دووبارە چوونەوە ناوچە.
کە ئەوە منی زۆر نیگەران کرد،دیارە:لە بیرم کرد کاک خدر میراوەیی لاقی بریندار بوو رۆژێک پێش شەرەکە،تەواوێک دەلەنگی ئیدی دووبارە چۆن گەرایەوە ناوچە ئەوە با خۆی جواب بداتەوە.
چاوتان ماچ دەکەم و ھیوادارم لەو بەشەش رازی بن

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *