ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی بیست نۆیەم ) (۲٩) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەو ڕۆژانەی قەت لە بیر ناچنەوە (بەشی بیست نۆیەم ) هەرکەلە لە فەسڵی سارد و سەرما نیزیک دەبووینەوە، هەوڵەکانی خۆمان چڕتر دەکردەوە تا ئاخیرن جەولە لەنێو خەڵکی خۆمان لێدەین یان ئەگەر بۆمان بکرێ زەربەیەک لە هێزی داگیرکەران بدەین. دیارە هێزەکانی کۆماری ئیسلامیش هەموو هەوڵیان ئەوە بوو بەهەر جۆرێک بێ ئێمە لە خەڵکی خۆیان داببڕن و بە کەیفی خۆیان ئەسپی خۆیان تاو بدەن.
هەروەک لە بەشەکانی دیکەدا باسم کرد کە ڕێژیم هەوڵی زۆری ئەوە بوو تا لە ڕێگەی مین دانانەوە بتوانێ پێش بە هێزی پێشمەرگە بگرێ. زۆربەی ناوچە سنووریەکانی مینڕێژ کردبوو بە تایبەتی ناوچەی سەردەشت یەک لەو ناوچانە بوو کە زۆرترین مینی دووژمنی تێدا ژێر گڵ کرابوو . بۆیە دەربازبوون لە سنوورەکانی سەردەشت کارێکی هەروا ئاسان نەوو. بەڵام کۆمەڵێک فەرماندە و پێشمەرگە لە هێزی گیاڕەنگ هەبوون کە بە فیداکاری خۆیان بە دەیان جار گیانیان لە خەتەر کەوتووە و مەیدانەکانی مینیان بە فیداکاری خۆیان پاک کردۆتەوە. جێی خۆیەتی ئاماژە بە ناوی بەشێک لەو تێکۆشەرانە بکرێ کە سوارچاکی بەکردەوەی ئەم میدانە بوون؛ قادر مەمۆ، کە بەداخەوە هەر لەو سنوورە شەهید بوو، محەممەد مام‌ئاغا کە لەو پێناوەدا خوێنی لێچۆڕا و چەند جارێک بریندار بوو، مەحموود خاس، ئەحمەد چوکەڵ کە هەر لەو سنوورە شەهید بوو، حەسەن چاپەز، سەعدون مارەغانی، سەلیم ئاغا، برایم کانیەزەردی. منیش وەک براچوکە زۆرجار لە خزمەت هاڕێکانمدا بووم، جار هەبووە بە چەند ڕۆژێک تیمێکی پێشمەرگە بۆ سنوورەکان بەڕێ دەکرا بۆ ئەوەی ڕێگەیەک پەیدا بکەن و تیمێک پێشمەرگەی پێدا دەربازی ناوچەکەکانی دیکە بکەن.
ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ساڵی ١٣۶٧ی هەتاوی دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی لکی سێی هێزی گیاڕەنگ بە فەرماندەیی شەهید حەمە نارستی کە فەرماندەری لکی سێ بوو بەرەو ناوچە وەڕێ کەوتین. دیارە بارانێکی زۆر باری بوو، هەوا زۆر ساردی کردبوو. لە ئێوارەیەکی درەنگدا بەرەو مەسیری “قاسمەڕەش” وەڕێ کەوتین. دوای ماوەیەک ڕێگەبڕین لە شاخی قاسمەڕەش کە دەکەوێتە نزیک دەروازەی قاسمەڕەش، نزیک بووینەوە کە زۆر مەترسیدار بوو، لەم شوێنە چەندین مۆڵگەی دوژمنی لێ جێگیر کرابوون. لەوێ گوتیان بەو شاخەدا سەردەکەوین. سەرکەوتن لەم شاخە زۆر دژوار بوو، بەرەبەرە بەهەزار زەحمەت سەردەکەوتین؛ زۆر باشم لەبیرە هەموو پێشمەرگەکان دەکەوتن، زۆر ناخۆش بوو، ئەو شەوەم قەت لەبیر ناچێ کە بە چ سەختییەک لە سنوور دەرباز بووین. شاخێکی ڕژدی بەرزی لێبوو کە دەبا لێی وەسەر کەوین. پێشمەرگەکان دەبوو دانە دانە لە پلە شاخەکە سەرکەون و وریا بن بەر نەبنەوە. لە سەرەوە یەکێک دەستی پێشمەرگەکانی دیکەی دەگرت و سەری دەخستن. هەموو سەرکەوتن، تەنیا من و حەمەنارستی مابووین، یەکێک لە پێشمەرگەکان کە پۆتینی لەپێ بوو لە کاتی سەرکەوتندا بەردێکی لە بەر لاقی دەرپەڕی و لەو سەرەوە ڕاست وەسەری من کەوت! سەرم زۆر خراپ شکا، ئەگەر حەمەنارستی لە دوامەوە نەبا هەڵدەدێرام. چونکی لە گەڵ وێکەوتنی بەردە وەسەرم، یەکسەر بەرچاوم تاریک بوو، گەلێک ئازاری هەبوو. دوای کەمێک سووکبوونی
ئازاری سەرم، پێشمەرگەکان منیشیان سەرخست. جەمانەکەم بە برینەکەمەوە نا، خوێنێکی زۆرم لەسەری دەهات، کادری دەرمانیشمان لەگەڵ بوو، بەڵام به هیچ شێوەیەک نەدەکرا لەوێ دەرمانم بکەن، چونکی دەوروبەرمان هەموو مۆڵگەی دووژمن بوو، بوویە درێژەمان بەڕێگەی خۆمان دا. سەرم ئازارێکی زۆری هەبوو، برینەکەم خوێنی لێ دەهات و سەرئێشەخەریک بوو بەتەواوەتی بێ‌هێزی دەکردم. بەڵام چارە نەبوو دەبێ خۆڕاگربی تاکوو شوێنێکی باش پەیدا دەبێ. دوای پەڕینەوە، چووین لە ماڵێکی سەر ڕێگا کادری دەرمانی سەری بۆ دەرمان کردم و دەوروبەری برینەکەی بۆ هەڵپاچیم. لەتاوی خرابوونی مووی سەرم ئازارەکەم لە بیرچۆوە!! دوای دەرمانکردنی سەرم بەرەو شوێنی مانەوە کەوتینە ڕێ. زۆری نەبرد چووینە شوێنی مانەوە، دوای دانانی نیگابان پێشمەرگەکان خەوتن. منیش ڕاکشام و دوای نیوسەعات سەرم دەستی بە ئازارێکی زۆر کرد. نەمدەزانی چی بکەم هەوایەکی ساردی هەبوو. هاورێی کادری دەرمانی دوو دەرزی ئازاری لێدام، بێ‌فایدە بوو. ئەو شەوە تا بەیانی لەسەرمان و ئازاری سەرم هەر قەدەمم لێدان. نەدەکرا ئاور بکەینەوە، چونکی لە زۆر شوێن دیار دەبوو. بەڵام هەرچۆنێ بێ تا بەیانی خۆم ڕاگرت. ڕاستە کە بە گوللە بریندار نەبووم، بەڵام ئەزیەتی زۆری کردم.
هەموو پێشمەرگەکان ئەو شەوە لە سەرمان خەویان لێ نەکەوتبوو. بەیانی کاتێک هەواڕووناک بوو ئاورێکی خۆشیان کردەوە، دوای خواردنەوی چایەکی گەرم و خۆ گەرمکردنەوە کەمێک ئازاری سەرم شکا. با شتی خۆش ون نەبێ؛ ئێمە هێزی گیاڕەنگ چونکە ناوچەکەمان کەمێک گەرمەسێر بوو کەمتر کیسەخەومان هەڵدەگردت زۆرتر لە جێی کیسەخەو تەلیسمان هەڵدەگرت، لە هەر کوێ دەخەوتین بەیانی تەلیسە زردەکان دیار بوون. جارێکیان بۆ عەمەلیاتێکی هاوبەش چوینە بەری ڕەبەت، کاتێک چووینە کوێستانی مەیدان‌چۆغە کە هاوینانیش ساردە، ئێمەش لە شوێنێک خەوتین بەیانی کە هەستاین، بەکرە یاسیناوێ کە کادرێکی ئازا و خۆش ناوی ناوچەی ڕەبت بوو کە چاوی بەو تەلیسە زردانە کەوت بوو، وتی وامزانی بۆ کاکێشانێ هاتوون!! بەیانی کە هەستاین حەمەنارستیی تۆڕە دەکرد و دەیگووت وەڵڵا باشە بەشی هەموو ماڵەکانی نستانت بۆ داگرتنی کا، تەلیس هێناوە.
ئێوارە فەرماندەکان کۆبوونەوە وایان بڕیار دابوو کە ئەوشەوە بچینە گوندی بنەوخەڵێف، دوای خواردنی نان و چای بگەڕێنەوە. چونکی بەڕاستی لە دەرێ مانەوە نەدەکرا، هەروەها دەچینە سەرجادەی سەردەشت بۆ قاسمەڕەش ئەگەر هیچمان بۆ تێکەوت لێ دەدین، دەنا دەچینە گوندی بنەوخەڵێف. ئێوارێ کە چووینە سەرجادە زۆری نەکێشا ماشێنێکی هێزەکانی دووژمن کە لە قاسمەڕەش بۆ سەردەشت دەگەڕایەوە، کەو تەکەمین کە چوار کەسی تێدابوون، هەرچواریان کوژران. ماشێنەکەش ئاوری تێبەردرا دوایی بەرەو گوندی وەردێ پاشەکشەمان کرد و لە گۆشەیەکی ماڵەکان بەپەلە نان و چامان خوارد. ئاوری سوتانی ماشێنەکە لە دوورەوە دەبینرا. دیارە هیچ هێزێک دووژمن نەیوێرا بە هانای کوژراوەکانەوە بێ. دەگەڵ ئەوەی چەندین مۆڵگەی هێزی دووژمنی لێ بوو. بەڵام تۆپبارانی دەوروبەری دەست پێکرد. ئێمەش دوای وەشاندنی ئەو زەربە لە هێزی دووژمن هەر ئەو شەوە بەبێ زیان گەڕاینەوە بۆ بنکەکانمان. یادی ئەو دەورانە بەخێر ڕێز و سڵاو بۆ
هەموو ئەو پێشمەرگانەی لەو جەولەیەدا بەشدار بوون.
وێنەکان شاخی قاسمەڕەش .
جەولەیەکی پێشمەرگانە نیزیک گوندی بنەوخەڵێف

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *