بەشی بیست و چوارەمی گەرانەوە(٢٤) : نووسینی:عەلی سوورەچۆمی

Posted by

بەشی بیست و چوارەمی گەرانەوە(٢٤)
نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
دەوەرنەوە ئەو نەورۆزی ژین و خاکەلێوەمان بە دەم کۆتایی نەھامەتیەوە بژیەننەوە،دەوەرنەوە بە ئاگری نەورۆزی ئەم ساڵ چیا شانە بکەن،دەوەرنەوە بە ئاگری ئەم نەورۆزە ژینێکی دیکە راکەن. پاییزی ساڵی“١٣٦٦“بۆ ھێزی گیارەنگ و حیزبی دێموکرات ریکەوتێکی تاڵ و ناخ ھەژێنە،ئەویش ھەوڵی تێرۆرو بە ئامانج گرتنی مامۆستا”مەلاحەسەن”شیوەسەڵی فەرماندەری بە توانای ھێزی گیارەنگ و حیزبی دێموکراتە،ئەو کەسەی سیمای دیاری ھەموو ناوچەکانی کوردستانە،بۆ دوژمن تۆقێنەرو بۆ گەلی کورد ھیوایەکی گەورە.

ئەو پاییزە دوای ئەو کردەوە تێرۆریستی“یە،خەمێکی گەورە ھێزی گیارەنگی داگرتووە،ھەمووان لە بیری داھاتوو و جێگرەوەی ئەو فەرماندە گەورە دان،مامۆستا دنیایەک ئەزموون و پێشینەی کاری سیاسی و نیزامی. قوورسایی و کاریگەری مامۆستا مەلا حەسەن لە ھێزی گیارەنگ و حیزبی دێموکرات دا بە گشتی شتێک نییە ھەروا بە ھاسانی بیر لە پڕ کردنەوەی بکرێتەوە.ئەو کەسێکی ئاگاە لە باری سیاسیەوە شارەزا لە کارووباری جەنگی و زۆر تایبەتمەندی دیکە بۆ ئەو قۆناخەی خەبات،بۆیە کاریگەری ئەو زەربە بە ژانە بە جەستەی ھێزی گیارەنگ و کومیتە شارستانی سەردشت و ناوچەکەیەوە مایەوە.
ئەوە بوو:کە دوای ماوەیەک کاک حوسێن پەیرەوان وەک سەرپەرستی ھێز دیاری کرا،کاک حوسێن پەیرەوان لە گەڵ ئەوەی کادرێکی لێھاتوو ئاگاە لە باری سیاسی و نەزم و دیسپلینی حیزبی یەوە بوو،لە ھەمان کاتدا:تا رادەیەک چاوەروان نەکراو بوو،چۆن کاک حوسێن تا ئەو کات فەرماندەری لکی ٣ ێ و کادری دەرمانی و کادری سیاسی نیزامی یەکێک لە لکەکان و ماوەیەک فیلمبردار بوو.راستی من وەک یادەوەری و زانیاری خۆم ئەو شتانە دەنووسم!لە ناو رووداوەکان دا بووین و زۆر شتمان بیستووە،باس لەوە دەکرا کە مامۆستا مەلا حەسەن خۆشی زۆر دەوری ھەبووە لە دانانی کاک حوسێن دا!ھەم کەسێکی جێگای متمانە بووە،ھەم پێوەندیەکی نزیکی لە گەڵ مامۆستا خۆی ھەبووە،لێرەدا با ئەوەش زیاد بکەم ھێزی گیارەنگ خاوەنی زۆر فەرماندەری لێھاتوو بوو،لەوانە“ھەر وەک نموونە:کاک حەمە نارستی خۆی کە دەرکەوت چ ورەو ھێزێکە بۆ رۆژانی تەنگانە کە ھەر خۆشی دواتر بوو بە جێگری کاک حوسێن،فەرماندەری بە توانا کاک ساڵح رەبەتی کە دواتر بوو بە فەرماندەری ھێزی زمزیران کاک ساڵح یەکێک لەو فەرماندەرانەی حیزبی دێموکرات بوو کە ناوی بۆ ھەمووان ناوێکی ئاشنا بوو،کاک رەحیم قارنجی ھەبوو کە نموونەی ئازایەتی و دیسپلینی حیزبی بوو،لەوکەسانەی ئەگەر بەخت یاوەر با دەبوو بە ھیوایەکی گەورە،فەرماندە عەوڵا شەخشە“شەققاز“کاک رەحمان شۆکە و زۆری دیکە،ئەوانە فەرماندە لکەکان بوون،دواتر کاک غەفوور واوەیی“غەفووری گەورە“.
لە سەریەک کاک حوسێن وەک:ھەڵسەنگاندن نا سەرکەوتوو نەبوو،لەو ماوەدا لە بەھاری ساڵی „١٣٦٧“را رووداوەکان زیاتر دەست پێدەکەن،دوو بەرنامەی گەورەی عەمەلیاتی ساڵی ٦٧-بەرێوە چوون ھێرش بۆ سەر پایەگاکانی گووندی»بووبانە«بوو..کە ھی ناو ماڵان بە فەرماندەری کاک عەوڵا شەخسەو رەسوڵ عەزیزی گیرا،ھی سەر شاخی کاک حەمە نارستی و کاک خدر میراوەیی و خالید نێوچوانی و کۆمەڵێک پێشمەرگەی ئازا بوون کە بەداخەوە نەگیرا،دوو شەھیدمان دا یەکیان لای ئێمە لە تیمی ھێرش یەکێکی دیکە لە تیمی پشتیوان،من بۆ ھێرشی مۆڵگەی سەر شاخ بەشدار بووم کە ماوەیەکیش لە ناو پایەگا بە ھۆی گەمارۆی دوژمنەوە مامەوە کاتی خۆی باسی دەکەین.پێش ئەو تەرحەش گەڵاڵەی گرتنی پایەگای“سێپەکان“بوو کە ئەویش بوو بە ھۆی چوار شەھید جاشخانەکەی ناو ماڵان رایان کرد و پایەگا نەگیرا،ھۆکارەکانی روونن :ھێزی گیارەنگ بە ھۆی ناکۆکی فەرماندەکان و کار نەکردنی دۆشکەی سەر پایەگا بۆ پشتیوانی تیمی ھێرش کە رەحمانە رەش کاری پێدەکرد!بە قسەی ئەو:دۆشکەکە گیری کردبوو!بەڵام!دوای ئەوە رەحمانە رەش“بوو بە جاش و دواتر ھەر بە دەستی ھێزی پێشمەرگە کووژرا،ئەوە لە کاتێک دا کە تیمی ھێرش بێ ئاگری پشتیوان مانەوە!ئەوە بەشێک لە لایەنە دیارەکانی“ دەکرێ کاتی خۆی ھاورێیانی بەشدار ھەوڵ بدەن تا باسی بکەین !فەرماندەرانی وەک:رەحیم قارنجی،عووسمان ئەحمەدی لەوێ و لە بەردەم دەروازەی پایەگا شەھید بوون.لەوێش بەشدار بووم کە کاک عەوڵا شەققاز سەرپەرستی ئەو شەرگەیەی ئێمە بوو.لە سەر یەک ئەو دوو بەرنامە گەورە بەرێوە چوون.
تا کاتی ھێرشی سەر پایەگاکانی بووبانە لە ساڵەکانی:-٦٤-٦٥-بەشداری چەندین جەولە و عەمەلیاتم کردبوو بەڵام:بۆ باسی ساڵی ١٣٦٦ ناکەم!ئێمە لە مەئموورییەتی دەفتەری سیاسی بووین کە بۆ من رووداوێکی تاڵەو پێنج مانگ نەخۆش کەوتم“.بەشداریم لە ھێرشی پایەگاکانی بووبانەو دواتر زیاتر لە یەک ھەفتە مانەوە لە قەندیل بۆ شناسایی پایەگای سێپەکان لە گەڵ تیمێکی چەند کەسی فەرماندەران دا کە کاک حوسێن پەیرەوان خۆی بەشدار بوو، ئەوە بوو کە دوای گەرانەوە وەک جێگری پەلی فەرماندەیی دیاری کرام!خۆشم پێم سەیر بوو!ھەر چەند گووتم:ئەوە لە توانای من دا نییە سوودی نەبوو!وەڵام ئەوە بوو حیزب و بەرپرسان باشتر دەزانن!.
ھەر دوای ئەوە رێکەوتی٢/٢/١٣٦٨/ بۆ دەورەی فیلمبەرداری بەرێکرام،لەو دەورە دا:کە مامۆستاکەی کادرێکی شارەزای ھوونەری فیلم ھەڵگرتنەوە بوو بە ناوی کاک“حەسەن کتابی“با ئەوەش زیاد بکەم،بیرەوەرییەکی جێگای سەرنج و پڕ مەترسیم لە گەڵ ئەو ھەیە لە ساڵی ٦٨ لە گرتنی گووردانی وەردێ!
ئەویش بۆ کاتی خۆی کە لە درێژەی ئەو زنجیرە بیرەوەری“یە دا باسی دەکەین بیروەرییەکان زۆرن و زۆر خۆم قەرزدار کرد!دەترسم شەرمەزار بم!من ئەو بەشەم تەواو کردبوو! بە مۆبایل دەنووسم!لە بەشی یادداشتەکانی دا کۆپی دەکەم و دەیھێنمە سەر فەیسبووک!کەچی ئەوە چەند جارێکە لێم پاک دەبێتەوە…بڕوا بکەن زۆر بۆی نارەحەرت بووم ھەر چەند کردم نەمتوانی وەک خۆی دایرێژمەوە!ھەر بۆیەش داوای لێبووردن دەکەم.لەو دەورەدا کادری بە توانا کاک حەمەرەسوڵ کەریمی ھەبوو کە پێشتریش دەورەیەکی دیتبوو شارەزایی زۆر بوو،عەلی خانی ھەبوو کە زۆر رەفیقم بوو بیرەوەری خۆشی بۆ دەگێرامەوە ئێستا لە وڵاتی دانماک ە“خالید باڵەکی جەماڵ ئیبراھیمی و بەرێز خووشکە خەدیجە مەعزوور ھەبوو لە گەڵ چەند کەسێکی دیکە.
با لێرەدا:باسی ئەو دەورەو گرینگیەکەی بکەم و بیکەمە دەروازەیەک بۆ چوونە ناو باسێکی دیکە:کە نازانم تا کوێ منی کڵۆڵ و بێچارە بۆم ھەیە باسی بکەم!بە قەترەیەک چۆن وەسفی دەریا دەکرێ!بەڵام:بە باوەرەوە دەڵێم:ئەو چەند وەسف و ئەزموونی ژیانی پێشمەرگانەیە“یە،لە زمانی کوورە ھەژارێکی ئەو شۆرشە ببیسن!بزانن لە گەڵ ئەو فرمێسکانەی لە چاوی دا قەتیس بوون چۆن باسی رێبەرە کارێزماکەی گەلی کوردستان و حیزبی دێموکرات دەکا،دوای چەند ساڵێک بیرکردنەوەکانی تێگەیشتنەکانی بۆ „دووکتۆر قاسموو“چین.لە یەک کەلام دا جارێ با ئەوە بڵێم:ئەو رێبەرە ئەو سەرکردە کارێزمایە نیعمەتێک بوو:خوا بە گەلی کوردی دا بوو بۆ بە دیھێنانی خەونی رزگاری.
دوای کۆتایی دەورەکە ھەموومان وێرای مامۆستاکەمان بانگ کراین بۆ سکرتاریا بۆ خزمەت دووکتۆر قاسملوو،وێرای بەخێرھێنان و پرسیار کردن لە سەر تەک تەکی ئێمەو کارەکانی ئێمە لە ھێزەکانمان،چۆ ناو باسەکەی خۆی کە ئەو کات تێگەیشتین بیرکردنەوەکانی ئەو چین بۆ دوارۆژی ئەو کارە!فەرمووی:ئێوە سەربەخۆ کار دەکەن و کەس مافی دەخالەتی لە ئەرکی ئێوە دا نییە،ئەوەش چواچێوەکەیەتی،ئەو جار باسی گرینگی ئەو کارەو پەرەپێدانی کرد تا جێگا دەگرێ و دەتوانێ ئامانج بپێکێ،گووتی:بۆ دوارۆژی ئێمە دەبێتە بەڵگەی زیندوو لە سەر خەباتی ئێمە،نەچن دیمەنی شێواو رەفتاری نابەرپرسیارانە فیلم ھەڵگرنەوە،دیمەنەکانی خوێن رشتن زۆر نیشان نەدەن،ئەوە لە داھاتوو دا بەڵگەی رەوا بوون و پرنسیپی جوانی ئێمەیە بۆ دنیای دەرەوە،بڕۆن خەڵک لە کاتی پێشوازی نیشان بدەن بڕۆن رەفتاری جوان و کاتی دەرمان کردنی ئەسیرەکان و چۆنیەتی رەفتاری جوانی ئێوە لە کاتی بە دیل گیراوانی دوژمن نیشان بدەن.دووکتۆر باجی زۆری دا بۆ ھێنانی نۆرمە جوانەکان.کە گەراینەوە ئەوە نەکرا بەرپرسانی ناشارەزا دەخالەتیان کردو زۆر جار بەڵگەکان یا ون دەکران یا پاک دەکرانەوە بۆوەی ناچار نەبن فیلمێکی تاز بکڕن!یا بە ھۆی دەرک نەکردنی کارەکە!من چەندین جار ناچار بووم ئەو کارە بکەم!بۆ ئەوە بەڵگەم زۆرە“بەڵگەکان و ئارشیوەکان گرینگیان نەبوو لە لای بەشێک لە ھێزەکان!دووکتۆر بۆ ھەموو ئیدەو ئیدەئالەکان تا کاتی چەسپاندنی بە دواداچوونی بۆ دەکرد،لەوانە نەبوو بڕیارە بە کۆمەڵەکان بدات و پشت گوێیان بخات،دەیزانی ھەوڵی دەوێ خەباتی دەوێ تا دەبێتە فەرھەنگ و کەلتووری کار کردن،ئەو لە کوردستان لیباسی کوردی دەپۆشی جامانەی لە سەر بوو کەس بە دەر لەوە نەیدیت،ئەو کەسێک بوو:خوێندنی لە دەرەوە تەواو کردبوو،چەندین ساڵ لە کوردستان دوور کەوتبۆوە کەچی:بە زمانی ھەمووانی دەزانی،کەسێکی دێموکرات بوو،سەردەم سەردەمی بیری چەپ و تاک رەوی حیزبە کۆمۆنیستەکان بوو!کوردستان لە ژێرکاریگەری ئەو تەوژمە دا بوو،کەچی:ئەو زاڵ بوو مەنتیقی بە ھێز و ئیستدلالە درووستەکانی ھەمووانی بە چۆک داھێنابوو.ئەو بیرکردنەوەکانی بینینەکانی ئەوەندە بە ھێز بوون دۆست و دوژمن تاقەتی نەدەھێنا و بە چالشی دەکێشان،ئەو ریبەرە ھەمووانی فێری تەسامووح و یەکتر قەبووڵ کردن دەکرد،حیزبی دێموکرات و گەلی کورد زۆر قەرزداری زەحمەتەکانی ئەو رێبەرەن،فێری کردین رەفتارمان جوان بێ لە گەڵ ئەسیرەکان و دەبێ ھەوڵی پاراستنی گیانیان بدرێ دواتر دەرکەوت ئەو پاسدارانەی کە دەھاتنە کوردستان و بە خوێنی گەلی ئیمە تینوو بوون تەبلیغاتی نارەوایان بۆ کرابوو وە تا دوا فیشەک شەریان دەکرد بە چۆک داھاتن و خۆیان تەسلیمی ھێزی پێشمەرگە دەکرد.ھەر ئەوانیش بوون بە ھۆی گەیاندنی راستییەکانی کوردستان بە بەشەکانی دیکەی ئێران،ئەوانەی دەھاتنە کوردستان ئەوەیان زانی کە کەس سەریان نابڕێ کەس نایانکووژێ!رێژیم بەوە زۆر نیگەران بوو!کەم نەبوون ئەوانەی خۆیان تەسلیم دەکرد کاتی پرسیار کردن ئەو راستیانەیان دەدرکاند.
ئەو ژینگە دۆست بوو:ئەوەندە بەس بوو(محیطی)دەفتەری سیاسی ببینی جا بۆت دەرکەوێ چ فەرھەنگێکی پاک و خاوێنی ھەبوو،پێشمەرگەیەک ریشی ھەبا دوکتۆر دیتبای خۆی بانگی دەکردو قسەی لە گەڵ دەکرد ،دژی فەرد پەرستی بوو و،نەکانی لە ھیچ جێگایەک نەدەبینران.
با نموونەیەک بێنمەوە:کاتێک ناچار دەبووین لە جێگایەک تووشی سووپای ئێراقی دەبووین بە ھۆی فەرھەنگی زاڵی دیکتاتۆریەت و فەرد پەرستی کە بە بەرنامە کاری بۆ دەکرا،کە ئێمە دەمانگووت:حیزبی دێموکرات!ئەوان دەیانگووت:ئەھھا جەماعەتی قاسملوون!ئەو بەوەش نیگەران بوو کە دەیبیستەوە.ئەو داکۆکیکەری سەرسەختی یەکسانی،پۆشینی لیباسی حیزبی و تایبەت بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو کە بوو بە فەرھەنگی ئێمە و جیا لە پێشمەرگەکان خەڵک بە خۆشەویستیەوە سەرەرای مەترسییەکان لە شارەکان و دێھاتەکان بە دوایان دادەگەران،کۆتایی ھێنان بە شینگێری و وتە بە ناوبانگەکەی »باشترین پاداش بۆ شەھیدان درێژە دانی رێگایانە«.
ھیچ قەڵەمێک ناتوانێ خەسار ناسی بۆ دووکتۆر بکات لە بزووتنەوەی گەلی کورد دا،من ھێشتا تینووی زۆر شتم کە ھێشتا ئێمە ماوە باسی بکەین.چەند زیانێکی گەورە بوو نەمانتوانی دوای خۆی ئیدەکانی بگوازینەوە!چەند خەسارێکی گەورەیە نەوەی ئێستا ئەو رێبەرە کارێزمایە نەناسێ!بۆ!؟زۆر سەرکردە ھەیە لە گەڵ رێزم بۆ زەحمەتیان ناکرێ بەراورد بکرێن لە گەڵ دووکتۆر قاسملوو“کەچی:ئەمرۆ ھەوادارانیان دێن خوێندنەوە بۆ بیرکردنەوەو ھزرەکانی دەکەن،لە ناو خۆشمان دا خەریکین فەرھەنگی ئەوان تەزریق دەکەین!
دووکتۆر قاسملوو بیری کووردایەتی راستەقینەو پرنسیپە جوانەکانی مرۆڤ بوون بوو:مرۆڤ بوونێکی ھووشمەندانەو لەو پەری ئاگادایی دا،نەک کۆیلەو دووگم بوون و زەلیل،بیرێکی چاند رۆژێک دێت مرۆڤایەتی بیر لەو ئایدا بەرزانە بکاتەوە.
قاسملوو ھی ئەوەیە ھێشتا فرمێسکی بۆ برێژین،ئەو شۆرشە کە ئاوا پێشکەوت بیرمەندێکی ئاوا لە پشتی بوو و موودیرییەتی دەکرد.بەردەوام لەو پەری سەرکەوتن دا چڵە زەیتوونی ئاشتی لە دەستی دا بوو.لە سەکۆکانی دنیا دەنگێکی بەھێزو گوێگری ھەبوو لە کوردستان لە چیاو ناو ئەشکەوتێکەوە رێبەرایەتی شۆرشی دەکرد،لە دەرەوە بۆ دەنگە ئاشتی خوازانەکەی و پەیامە مرۆڤ دۆستەکانی کۆنگرەی ئەنترناسیونالی سوسیالیست لە ساڵی ١٩٨٥ کردە ترێبوونێک تا دەنگی تێدا ھەڵبڕی و دنیا بە مەزڵوومیەتی ئەو گەلە سەر سام بکات!سەرکردەکان و نوێنەرانی وڵاتان سەریان دەبردە پەنای یەک و خوازیار بوون ئەو مرۆڤە گەورە بناسن!نا ئەوە نابێ کورد بێ بەو بیرە پێشکەوتنخوازانەو بیرکردنەوە مەزنانەوە
شۆرشی ئێمە پێویستی بە کارێزمایەک ھەیە وێنەی دووکتۆر قاسملوو.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *