ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (سیهەمین بەش ) (٣٠) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەو ڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە
(سیهەمین بەش )
بەدڵێکی پڕ لە تاسەوە بیرەوەرییەک دەگێڕمەوە کە بۆ ساتێک لە بیر و زەینمدا فەرامۆش نابێ. دەکەومەوە یادی ئەو کاتەی کە لە “کونەمار” و “سونێ” تا دەگاتە “گۆڕی کچان” جمەی دەهات لە شێرەکوڕانی هێزەکانی گیاڕەنگ و زمزیران. دوای سی ساڵ تێپەڕین بەسەر ئەم ڕۆژگارەدا خەمی شەهیدبوونی هاوسەنگەرانم لە ڕادەبەدر ئازارم دەدات. لە لایەکی دیکەوە خۆشحاڵم کە من لە ڕێبازی پڕشکۆی هاوسنگەرە شەهیدەکانمدا باس لە فیداکاری و ئازایەتی و تێکۆشانی بێوچانی هاوڕێکانم بۆ ئێوە خۆشەویستان دەگێڕمەوە کە ئەوان لە پێنا و خاک و خەڵکی کوردستاندا گیانی خۆیان بەخت کرد.
زۆرجار واهەڵکەوتووە کە دوو هێز یان چەند هێز بەیەکەوە بۆ بەرنامەیەکی عەمەلیاتیی هاوبەش لە دەوری یەک کۆبوونەتەوە. پێشمەرگەکانی ئەو دوو هێزە بۆ بەڕێوەبردنی ئەو عەمەلیاتە تێکەڵ کراون، بێ فەرق و جیاوازی لە ژێر فەرماندەیی یەک فەرماندەدا ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆیان بەجێ گەیاندوە .
گێڕانەوە و نووسینی ئەم جارە باسی عەمەلیاتێکی هاوبەشی هێزی گیاڕەنگ و زمزیرانە کە لە ناوچەی ڕەبەتدا جێبەجێ کرا .
لە سەرەتای پاییزی ساڵی ١٣۶٧ی هەتاوی، دوای گەڕانەوەی هێزی زمزیران لە ناوچە، فەرماندەکانی هەر دوو هێز کۆبوونەوە بۆ ئەوەی گەڵاڵەعەمەلیاتێکی هاوبەش لە ناوچەی ڕەبەت بەڕێوەبەرن. ئەو کات بەڕێزان کاک ئەحمەد نستانی، فەرماندەری هێزی زمزیران، کاک ڕەحمان مەحموودخەجێ جێگری هێزی زمزیران و کاک حوسێن پەیرەوان فەرماندەری هێزی گیاڕەنگ بوون. ئەوان و بەرپرسەکانی دیکە کۆبوونەوە بۆ داڕشتنی گەڵاڵەعەمالیاتەکە و پرس و ڕاوێژی تایبەت لەم پێوەندییەدا. پێشمەرگەکانی هەردوو هێز لە چەند تیمی جیاوازادا سازمان دران. بڕیاردرا کە لە نزیک گوندی نێزێ تا دەگاتە جادەی بانە- سەردەشت لە چەندین شوێنی ناوچەکە بە چەند تیم بچنە سەر جادە.
ڕێکەوتی۱۳۶۷/۷/۲ لە ئێوارەیەکی پاییزیدا هەموو تیمەکان بەرەو شوێنی خۆیان وەڕێکەوتن لە مەرزەکانی سەردەشتەوە بەرەو ناوچەی ڕەبەت کەوتنە رێ. تیمێکی دیکە کە وەک تیمێکی فەرماندەیی دیاریکرابوو کە منیش لە گەڵ ئەو تیمە بووم. ڕۆژێک دواتر لە بنکەکانی سوونێ بەرەو ناوچە وەڕێکەوتین کە لەم کەسانە پێک هاتبوو؛ کاک ئە حمەد نستانی، حوسێن پەیرەوان، حەمەنارستی، ڕەحمانی مەحموود خەجێ و چەند کادر و پێشمەرگەی دیکە کە هەر وەک باسم کرد منیش لە گەڵ ئەو تیمە بووم. ئێمە دوای بەڕێکردنی ئەوان بەرەو ناوچە کەوتینە ڕێ. ڕۆژی یەکەم لە نزیک گوندی “تووژەڵ” ماینەوە، شەوی دووهەم لە مەرزی “کانیەزەرد” دەربازی ناوچە بووین. دەبوو بۆ ئێوارەی رۆژی ٧ی مانگ ئێمەش لە شوێنی خۆمان بین و لەوێوە لە گەڵ هەموو تیمەکان لە پەیوندیدا بین. بۆیە ئێوارەی ئەم ڕۆژە ئێمە لە شوێنێک بەناوی “گردەقووڵە” لە دەشتی دیواڵان بووین. چونکی لەوێوە بە گشتی هەموو ناوچەی ڕەبەت دیار و بەرچاوە. دەوری سەعاتی چواری سەر لە ئێوارە هەموو تیمەکان چوونە شوێنی خۆیان بۆ ئەوەی لەو جادانە هێزەکانی دوژمن بخەنە داوی خۆیان. بەڵام جیا لە تیمێک لە پێشمەرگەکان نەبێ لە نیزیک گوندی گەنکێ کە چەند کەسێک لە تەعمینی سەرجادە دەخەنە کەمینی خۆیان و دوای زەربەلێدانیان چەند چەنازەیەکیان لە هێزەکانی دوژمن دەی دەکەوێت، تیمەکانی دیکە بە دەستیانەوە نەهات.
دوای ئەوەی شەو داهات، هیچ هێزێکی دیکەی دووژمن نەکەوتە کەمینی پێشمەرگەکان. تیمەکان بەرەو شوێنەکانی خۆیان پاشەکشە دەکەن و دوای قسەکردنی فەرماندەکان لە گەڵ بەرپرسی تیمەکان، ئێمەش شوێنی خۆمان بەجێهێشت و بەرەو لای دیواڵان وەڕێ کەوتین. لە نیزیک گوندی دیواڵان لە نێوان لانک و گیاڕەنگ، کە بەرەو دۆڵی سپیدارێ دەهاتینە خوارێ، شوێنەکە زۆر ئاستەمە ئەگەر کەمین لەوێ هەبا زۆر بەسەختی دەمانتوانی خۆ دەباز بکەین. ئێمە لە پێشێ بووین تا ئەو شوێنە تاقی کەینەوە. لەپڕ دووکەسمان بینی، ئەوانیش ئێمەیان چاوپێکەت، هەم ئێمە و هەم ئەوان ڕاپەڕین؛ نەئەوان تەقەیان بۆ کرا و نەئێمەش فریای تەقە کەوتین. ئێمە کە هەروا وەستابووین، ئەوان فەوری بەدۆڵەکەی دیکە دا سەرکەوتن. ئێمە کەمێک بۆ دوایە گەڕاینەوە، پاشان وەدوایان کەوتین کە بەڕاستی زۆر هەڵە بووچوونکی ئێمە هەمیشە کەلەوێڕەت بووی بەشوێنکی خەتەرمان زانیوە وەختێک تۆلەم شوێنە ئاستمە چەک دار دەبنی نابێ وەدوای کەوی بەڵام لە جەریانی خەبات وتێکۆشان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێمەش تووشی هەڵە بووین ئەوجارە دەقیقەن هەڵەمان کرد .
بەرەوپشت خۆمان هەڵدەکشاین، کە سەرکەوتین، ئەوان پێش ئێمە سەرکەوتبوون. لە پڕ ئەوان یەک دەسڕێژیان لە ئێمە کرد و هەڵاتن. ئەگەر ئێمە تەقەشمان کردبا بێ فایدە بوو، لەو دەستڕێژەدا بەداخەوە “هەمزە بووبانەیی”، پێشمەرگەی ئازا و قارەمانی لکی ٣ دەرستبەجێ شەهید بوو! دوایی جەنازەی شەهید هەمزەمان بەرەو دۆڵەکە هێنایە خوارێ. شەهید هەمزە کەسێکی بەخۆوە بو، بەکۆڵێ بۆمان هەڵنەدەگیرا، تەنیا یەک ئێسترمان پێ بوو کە لەگەڵ تەقە کرا هەڵات و نەماندیوە. بەناچاری جەنازەی شەهید هەمزەمان لەو نزیکانە شاردەوە و بە دوو کەسی شەخسیمان سپارد کە بەیانی بۆمان بێنە خوارێ. خۆشمان گەڕاینەوە بەرودەشتی دیواڵان، هاتین لە نزیک ئەم شوێنە ماینەوە شوێنی جەنازەی شەهید هەمزەمان لێ دیار بوو. ئەگەر شتێک ڕووی دابا، دەمانتوانی نەهێڵین جەنازەکە بەرن و زەربەی باشیان لێدەین. تا نیوەڕۆ هیچ خەبەر نەبوو، زۆری پێ نەچوو ئەوانەی کە پێمان سپاردبوون جەنازەی شەهید هەمزە بێنە خوارێ، کارەکەیان جێبەجێ کرد و لە درەنگانی ئێواریەکی پڕ لە بیرەوەریدا جەنازەی شەهید هەمزەمان بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپارد و پاشان هەموو تیمەکان بەرەو بنکەکانی خۆمان گەڕاینەوە.
دەکرێ بگووترێ ئەو تەرحە هاوبەشە بە شەهیدبوونی یەک لە پێشمەرگە ئازاکانی هێزی گیاڕەنگ بە ناوی هەمزە بووبانەیی کۆتایی هات.
شەهید هەمزە یەکێک لە پێشمەرگە ئازاکانی لکی ٣ی هێزی گیاڕەنگ بوو. رۆژێک دواتر خوشکی شەهید هەمزە لە بووبانەوە دەچێ بۆ دیواڵان، لە ڕێگە چاوی بە خوێنی براکەی دەکەوێ، بێ ئەوەی بزانێ ئەوە خوێنی براکەیەتی کە شەوی ڕابردوو شەهید بووە!! لە لای دوو کەس دەڵێ لە ڕێگەی دۆڵی نێوکوڕێ خوێنی لێڕژاوە. دوای بڵاوبوونەوی هەواڵی شەهیدبوونی هەمزە، خوشکی بۆی دەردەکەوێ کە ئەوەی دیتبووی خوێنی برا شەهیدەکەی بووە.
لە کۆتای دا ڕێز و سڵاو بۆ هەموو ئەم تێکۆشەرانەی کە بەشداری ئەم قۆناغە سەختەی خەباتیان کرد.
وێنەکان نێوان لانک وگیاڕەنگ ئەوشوێنەی هەمزەلێ شەهید بوو وێنەکە شەهید هەمزە .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *