بەشی بیست و پێنجەمی گەرانەوە(٢٥) نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by

بەشی بیست و پێنجەمی گەرانەوە(٢٥)
نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
پێشمەرگە قووربانی سێبەری ئەو دارە بم کە پشووت لێداوە،قووربانى ئەو کانیاوە بم تینوەتی ئێوەی لێ شکاوە،قووربانی ئەو ماڵە ھەوارە بم کە نانی رێگای دووری ئێوەی داوە،قووربانی ئەو شاخە بم تۆ سەنگەرت لێداوە.
تۆ باوەرە گەورەکەت وەڵامم دەوە
چەند شەوگاری درێژت تاقی کردەوە؟

چەند رێگای دوور و سەختی پڕ مەترسیت بە تینوەتی و برسێتی بڕیوە؟
تۆ عەشقی گەورەت وەڵامم دەوە؟
ماندوویەتی چۆن دەشکێنی!لە کاتی شەرە گەورەکان و پێکرانی پێشمەرگەیەک کفنی ھاورێی شەھیدت لە کوێ دێنی؟لە کام گۆرستان بە جێی دێڵی؟من بیستوومە بە سەرە نێزەیەک قەبرەکەی لێدەدرێ و لە پەنا کاوە شاخێک دەینێژن!بەھارەکەی کە گەرانەوە گووڵە مێلاقە لە سەر کڵکۆی دەڕوێ.
خۆشەویستان لە بیرەوەری داستانێکی گەورەدا بە یەک دەگەینەوە،دەمانھەوێ عەمەلیاتی قارەمانەکانی دێموکرات و رووداوە گەورەکانی لە شەری(سێپەکا)دا بگێرینەوە…ھەموو وردەکارییەکانی لێرە باس بکەین،ھەر لێرەش تەزوو بە گیانتان دا دێت و لە گەڵ ھەناسەکانی پێشمەرگە ئاوێتە دەبن،تکایە لە گەڵم بن با لەوان فێر بین پشوو درێژی و ئەشق و ئەوین بۆ نیشتمان،چاو لێبکەن لەو خاکەن و چۆن بۆ ئەو خاکە دەمرن،زۆر نابا دەگەینە رووداوە کاریگەرەکە و ئۆخژنی رووداوێکی دیکە راماندەچڵکێنێ.
ساڵی“١٣٦٧“دوای ئەو گۆرانکاریانەی باسمان کردن….لەوەش زیاتر دوای ئەو زەربە قوورسانەی لە ساڵی“١٣٦٦“بەر جەستەی رێژیم کەوتن و ناوچەی سەردەشت بە گشتی بۆیان وەک دۆزەخی بە سەر ھات،ھەر بۆ وێنە:شەری گەورەی جادەی پیرانشار سەردەشت و عەلیاوە کە بوو بە ھۆی کووژرانی دەیان کەس لە ھێزەکانی رێژیم،کە ژمارەیان بۆ سەرووی سەدوپەنجا داگیر کەر بەرزبۆوە ھەروەھا سووتانی دەیان دەزگا ماشێنی دوژمن و لەوەش زیاتر گرتنی پایەگاکانی گووندی“زێوە“شەری بەناوبانگی گووندەکانی „ئەحمەدبریوو نێوچوان“و تەفرو توونا کردنی زەربەتی دوژمن، گرتنی پایەگای گووندی „گوێزیلێ“و چەندین عەمەلیاتی دیکە:وەک زەربەی کاریگەرو بە ژان بە جەستەی رێژیمەوە مانەوە.
ھەر بۆیە رێژیم لەو پەری ترسنۆکی و داماوی دا گیرۆدەی کردەوەیەکی ناجوامێرانە بوو و!لە رێگای چەند کەسێکەوە کە کورد بوون و لەو ئاوو خاکە بوون دەستی گەیشتە تێکۆشەری گەلی کورد مامۆستا مەلاحەسەن شیوەسەڵی!کورد دەڵێ:دار ھۆرەی لە خۆی نەبێ ناقەڵشێ!.
مامۆستا مەلا حەسەن“تێکۆشەری رێگای دێموکرات و فەرماندە بە ناوبانگەکەی ھێزی گیارەنگ ئێمەی ھەژاند…بە جۆرێک:باوەر ھێنان بەوەکە مامۆستا ئیدی سەرکردایەتی بەرنگاری رەوای ئێمە نابێ و چیدیکە سیمای پڕ لە ھیوای لە مەیدان نابینینەوە زۆر زەحمەت بوو….
دوای ئەو زەربە بەژانە بۆ ھێزی گیارەنگ بۆ بەھارەکەی و جەنگەی تێکۆشانی تازە،کاک حوسێن پەیرەوان وەک جێگرەوەی مامۆستا دیاری کرا،دوای سازماندەھی تەواو و خۆ رێک خستنەوەو دیاری کردنی فەرماندەران،یەکەم گەڵاڵەی عەمەلیاتی گەورە،پایەگاکانی سێپەکان دیاری کران.
پێش رێکەوتی ١٥/٣/١٣٦٧/.کە رۆژی دەسپێکی شەرەکەیە،تیمێک لە فەرماندەران و چەند پێشمەرگەیەک بە سەرپەرستی کاک حوسێن خۆی لە کەشێکی تەواو نەھێنی دا بۆ تەدارووکاتی ئەو گەڵاڵە گەورە وەرێکەوتین،چووینە قەندیل و دوای چەند رۆژ مانەوەو دیاری کردنی شوێنەکان و چاوەدێری رێژیم و گەیاندنی پێداویستیە جەنگیەکان وەک:دۆشکەکان و گوولە ئاربیجی و تا ئەو جێگایە بیرم مابێ!دوو خۆمپارەی”٦٠م.م بەو „وەڵاخانەی“پێمان بوون بۆ شوێنی مەبەست راگوێزران،ئەو ماوە بۆ تەدارووکاتی ئەو بەرنامە گەورە بە شاھیدی ئەو کووڕانەی بەشدار بوون،نارەحەتی و ھیلاکی لە رادەبەدەرمان بینی،بە سەر باپزوە بەفرەکان داو لە ھەڵدێرەکانی چیای سەختی قەندیل بێ وچان خەریکی راپەراندنی ئەو ئەرکە قوورسە بووین. دوای چەند رۆژێک ھێزە گەورەکەی گیارەنگ و دووژمن بەزێنەکەی ناوچەی سەردەشت بەرەو قەندیل بەرێکەوت.ئێستا کە ئەو دێرانە دەنووسم دەکەومەوە بیری ئەو رۆژگارەو سەفی دوورو درێژی ئەو فەرماندەو پێشمەرگە ئازایانەی کە بۆ ئاواتی رزگاری گەلی خۆیان بە سەخاوەتەوە گیانبازیان دەکرد،پۆل پۆل دێن و ئەوینی وڵاتێک پاڵیان پێوە دەنێ تا لە پێناوی دا ھەموو شتێکی ژیانیان بە لاوە بنێن.ئەوان حەز بە شەرو خوێن رشتن ناکەن و ژیانیان خۆش دەوێ،بەڵکوو:لەو پەری ناچاری دا رووبەرووی داگیرکاری دەبنەوەو خوێنی بۆ دەدەن.
دوای نیوەڕۆ فەرماندەرانی نیزامی کۆبوونەوە تا لەو کۆبوونەوەدا گەڵاڵەی عەمەلیاتی روون بکرێتەوە،دوای راوێژو لە بەرچاو گرتنی سەرنجەکانی ھەموو فەرماندەران و دیاری کردنی تیمی ھێرش و شوێنەکانی پشتیوانی و دانانی چەکە قوورسەکان، چەند کەمینێک بۆ رێگری لە ھێزی یارمەتیدەرو لێدانی چەند پایەگایەکی دەورووبەر،لە چوار شەڕگەی گەورەدا دیاری کران.
تەقسیمی کار بەو جۆرە:
تیمی ھێرشی سەر پایەگا بۆ دەست بە سەر داگرتنی پایەگای ھەڵکەوتوو لە سێپەکان“بۆ ئەو تیمە فەرماندەرانی بە توانای دێموکرات کوورانی خەڵکی و خاکی کاک حەمە نارستی فەرماندەی میحوەر،رەحیم قارنجی فەرماندەری لک،ساڵح رەبەتی فەرماندەری لک،لە گەڵ کۆمەڵێک فەرماندەو پێشمەرگەی ئازای گیارەنگ وەک:فەرماندە خدر میراوەیی،عووسمان ئەحمەدی،سەعدوون مارەغانی،،عەلی باساوەیی،خالید نێوچوانی،مەحمەد مام ئاغا،عوومەرکانیبی،خدربەگ،خدر خانەیی،خدرە چکۆڵ،برایم نەزمی،جەعفەر زەمانی،کاک مەحمەد کەسرایی وەک فیلمبەردار،بەشێکی دیکە کە لە بیر ئێمە نەماون،بە دڵنیایی چەند کەسێکی دیکە کە ئێستا بە دلایلی تایبەت ناومان نەھێناون.
لە سەر تیمی ھێرش تکایە چاوێک بەو پۆلە فەرماندەو پێشمەرگە قارەمانە دا بگێرن،کە بەشێکیان شەھید بوون و بەشێکی دیکەیان لە باشترین فەرماندەکانی ئەو سەردەمەو رۆژانی دوایی بوون.
سێ شەرگەکەی دیکە بە سەر ئەو شوێنانەدا دابەش کران:دەشتی وەزنێ،کاولان،ئاڵیەمەران،کۆدەلێ،خدراوێ،گووندەکانی گۆرەمەر،چەکۆ،شیوەمێر،سێپەکان.لە سەر ئەو شوێنەی بە سەر پایەگای سێپەکان دا دەڕوانێ ئەوە روون بکەینەوە:کە „دوو دۆشکە“بۆ لێدانی مۆڵگەکە دیاری کران کە زاڵ بوون بە سەر شوێنی مەبەست دا:ھەر یەک لە کاک رەسوڵ مام عەزیزی و کەسێک بە ناو“رەحمانە رەش“ی مامە زینە“دیاری کران کە لە داھاتوو دا و لەو بەشە دا زیاتر قسە لە سەر رۆڵی ئەو کەسەی دوایی دەکەین!!!!
ئەو ئێوارە دوای تەواو بوونی کۆبوونەوەی فەرماندەرانی نیزامی و راگەیاندنی دوا زانیارییەکان،دەیان پێشمەرگەی ئازا و بوێر بۆ شەرێکی گەورە خۆیان ئامادە دەکەن،با بۆ ئاگاداری ھەموو لایەک و ھەموو ئەو کەسانەی بەشدار بوون،ئەوە بڵێین:ئەوەی کە دەبوا بۆ گەڵاڵەیەکی ئاوا گەورەی عەمەلیاتی لە بەرچاو بگیرێ لە بەرچاو گیرا بوو،لەوەش زیاتر لە ئەزموونی ساڵی رابردوو زۆر کەڵک وەرگیرا بوو:بە تایبەت تاکتیکی مامۆستا مەلاحەسەن شیوەسەڵی.
فەرماندەکان ئاگادارکران کە پێویستە لە کاتی خۆی دا ھەموو میحوەرەکان ئامادە بن و نابێ ھیچ ھۆکارێک رێگر بێ لەو بەرنامە گەورە.بڕیاری جووڵە کردن ھات و زیاتر لە سەد پێشمەرگەی رۆژانی تەنگانە بە ئەوینەوە ھەنگاو دەنێن تا مووژدەی سەرکەوتنێکی دیکە و پەیامی خۆراگرییەکی دیکە بە گوێی خەڵکی کوردستان دا بدەن.دەستە دەستە لەو ئێوارەی قەندیلەدا:لە ژێر تەوژمی بایەکی تووند و لە رێگا چەتوون و بنارە ھەڵدێرەکانەوە بۆ قەد پاڵی چیا دەکشێن،رەنووە بەفرەکان و چەند تاشەبەردێکی سەخت دەبێتە ھۆی خلیسکانی چەند پێشمەرگەیەک.بەر لەوەی تاریکی باڵ بکێشێ،ئاشقانی خەونە گەورەکەی رزگاری خۆیان دەگەیەننە شوێنی مەبەست،تۆ بڵێی:چەند کەس لە ھەڵۆکانی شاخ بپێکرن و ئەم ئێوارە دوا سەفەریان بێ.ئەی نیشتمان بەڵێن بێ بە خوێنی سووری خۆمان بتنەخشێنین و رێگا نەدەین زەلیلی دەستی داگیرکەربی،خوێنی ئێمەیە ژیان دەبەخشێ بە نیشتمان.
دوای بڕینی مەوداکەو جیا بوونەوەی تیمەکان چەند پێشمەرگەیەک ئامێز بە یەکتر دادەکەن.زۆر نابا دوا جار لە رێگای بێسیمەوە فەرماندەری گشتی ئاگادار دەکرێتەوە کە ھەموو شەرگەیەک ئامادەیەو چاوەروانی یەکەم دەستوورەکانی فەرماندەیی گشتی عەمەلیات دەکەن.
خۆشەویستان لە بەشی داھاتوو دا چاوەروانی رووداوەکان بن.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *