ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ٣١) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ٣١) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن
لە درێژی گێڕانەوەی بیرەوەرییە کاندا ئارەزووم دەکرد توانیبام هەمووڕۆژەکانم نووسیبا و لەبەر دەستم بان بۆ ئەوەی هەموو جەولە و کار و تێکۆشانی ئەم سەردەمەم وەک خۆی نووسیبایەوە تا زیاتر خزمەتی هاوڕێ و هاوسەنگەرانم کردبا و مێژووی خەبات و تێکۆشانی ئەو نەسڵە لە مێژووی حیزبەکەمان کە کۆمەڵێکی زۆر لە هاوڕێ و هاوسەنگەری ئەو سەردەمە یان گیانی خۆیان تێدا بەخت کرد و تێدا کەم ئەندام بوون یان بەشی زۆری تەمنی خۆیان سەرفی شۆڕش خەبات کرد، بە جوانی قسەی لە سەر کردبا. دیارە زۆر کەم نووسراوەم لە بەردەستدا هەیە و ئەوی دەینووسم زۆرم لەبیرماوە و بڕێکیش لە دۆستان دەپرسم و هاوکاریم دەکەن، سپاسیان دەکەم .
هەرچەندە دەزانم نووسینەکان بێ کەم وکوڕی نین، بەڵام هەر ئەوەندەم لە دەست دێ کە هەیەو دەیاننووسم وبە ئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم .
بەم پێشەکییەوە دەچمە سەر بیرەوەریی ئەم بەشە.
جەولەیەکی یەک مانگە بەمەبەستی چون بۆ ناوچەی ئالانی سەردەشت: ناوچەی ئالان یەک لەو ناوچانەی سەردەشتە کە لە ماوەی شەڕی ئێران وعێراقدا بە هۆی میلیتاریزەبوونی و زۆری هێزی دووژمن لەو ناوچە زۆر بە کەمی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەیتوانی هەڵسووڕانی تێدا هەبێ. تەنیا لە ساڵی۶۷دا یەک جار تێمێکی کادر و پێشمەرگەی هێزی گیاڕەنگ چوونە ناوچەکە کە زۆر کەم توانیان لە ناوچەکەدا بگەڕێن و تووشی کێشەی زۆر بوون. کاک عەلی سوورەچۆمی یەکێک لە پێشمەرگەکانی ئەو هێزە لە چەند بەشدا بە وردی باسی ئەو جەولەی کردوە.
دوای ئەو جەولەیە بۆ جاری دووهەم لە ساڵی ۶۸ تێمێکی تێکەڵاو لە کادڕ و پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ بە سەرپەرستی هەردوو تێکۆشەری ڕۆژەسەختەکانی خەبات؛ کاک حەمەنارستی کە جێگری هێزی گیاڕەنگ بوو و کاک خدر میراوەی کە جێگری لکی ٢ی هێزی گیاڕنگ بوو و چەند کەس لە سەرپەل وجێگرپەلەکانی دیکە هێزی گیاڕەنگ کە منیش هەر ئەوساڵە وەک جێگرپەل دیاری کرابووم، بە مەبەستی چوون بۆ ناوچەی ئالان وەڕێ کەوتین. من یەکەمجار بوو کە بە جەولە بۆ ناوچەی ئالان دەچووم. ئەوەی لە بیرم بێ، شەهید عەوڵڵا بناوی، کەریم شەهرنیا وەک بەڵەدی ناوچەکە لە گەڵمان بوون .
دوای چەند ڕۆژ گەشت وگەڕان لە ناوچەی بووڵفەتی سەردەشت بەرەوناوچەی هۆملی سەردەشت وەڕێ کەوتین. ئەوی لە بیرم بێ نزیک بە چل کەس دەبووین، دوای نان خواردن لە گوندی بنەوخەڵێفی ناوچەی بووڵەفەت بەرەو ناوچەی هۆمل وەێ کەوتین ئەو شەوە ڕێگەیەکی دوورمان بڕی، لە گوندی بنەوخەڵیفەوە چوینە پشتی ماڵی قەلەڕەشێ. لە شوێنێک بە ناوی پیرەفاتێ ماینەوە من بۆ یەکەمجار بوو دەچوومە ناوچە کە بۆ من زۆر لەو کەسانەی کە بۆ یەکەمجار بوو دەچووینە ناوچە، شتێکی تازە بوو. ئێوارێ دوای کۆبوونەوەی فەرماندەکان کە ئەو جار منیش بۆ کۆبوونەوەکان بانگ دەکرام.
ئێوارانە کۆدەبووینەوە و بەرنامەی کاری خۆمان دادەڕشت، ئێمە کە تازەکار بووین لە ژێر ڕێنوێنیی فەرماندەکاندا بەرەبەرە ڕا دەهاتینبۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانین دوای ئەوانیش ئەرکی حیزبێ لە ناوچەکە بەڕێوەبەرین. شەوێ چوین بۆ گوندی قەلەڕەشێ کە بەڕاستی گوندێکی خۆش و خەڵکی بەهەستم لێ بەرچاوکەوت هەرکە چووینە نێو گووند، خەڵک پێشوازییەکی ئەوندە گەرمیان لێ کردین کە لە گێڕانەوە نایە. خەڵکی ئەم گوندە بە پیر و لاو و ژن و پیاوەوە بۆ پێشوازی برا پێشمەرگەکانیان لە ماڵەکانیان هاتبوونە دەر، ئەو شەوە بە پێچەوانەی شەوەکانی دیکە زۆر لە نێوگوند و خەڵکەکەیدا ماینەوە.
وەرێکەوتن بەرەو قوڵای ناوچەی هۆملی سەردەشت:
دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە باسکی کۆڵەسە و مانەوە لە ناوچەکە کە لە گەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵک بەرەوڕوو بووین، ڕوومان لە هەرگوندێک دەکرد، زیاتر هەست بە خۆشحاڵی و شانازی دەکرد، بۆت دەردەکەوت کە حیزبەکەمان چەندە ڕەگ وڕیشەی لە نێو دڵی کۆمەڵانی خەڵکدا هەیە. شەوێک چووینە گوندی نێوکوردار، لەو گوندە کوڕێکی جەوان بەناوی عەبدوڵڵا بە مەبەستی پێشمەرگایەتی لەگەڵمان کەوت.
لە درێژەی ئەو گەشتەدا ڕۆژێک لە خوار ماڵی شەڵماش ماینەوە، ئێوارە دوای کۆبوونەوی فەرماندەکان قسە و باس لە سەر گەشتی ئەم چەند ڕۆژە لە ناوچەکە و چۆنیەتی کارکردن و دەستنیشانکردنی خاڵە بەهێز و لاوازەکان، وا بڕیار درا بۆ شەو بچینە گوندی ڕەزگە و دوای نانخواردن و کاروباری حیزبی، بەرەو ناوچەی ئالان وەڕێ کەوین. دیارە لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا هێزی دووژمن بەدوای ئێمەوە بوون و هەوڵیان دەدا لە داومان بخەن. دوای نانخواردن و بەڕێوەبردنی ئەرکە حیزبییەکان لە گوندی ڕەزگە، بە مەبەستی چوون بۆ ناوچەی ئالان بەرە گوندی شێخەسوور وەرێکەوتین. دوای چەند سەعات ڕێگە بڕین لە نیوەشەوێکی درەنگدا بۆ مانەوە چوینە خوارماڵی گرکی لە نێوباغێکدا ماینەوە .
ئامانجی ئەم جەولەیەمان گەشتێکی سیاسی – نیزامی لە ناوچەکە و پەیوندیگرتن لە گەڵ خەڵکی ناوچەی ئالانی سەردەشت بوو. هەرچەندە ناوچەی ئالان زۆر بەرتەسکە لە هەمانکاتدا زۆریش سەختە کە بتوانی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لە ناوچەکە وەمێنی .بەم جۆرە دوای کۆتایهاتنی شەڕی عیراق و ئێران ئەوە دووهەمین تیمی هێزی پێشمەرگە بوو کە دەچوە ناوچەکە .
بەڕێزان!
گێڕانەوەی بەسەرهاتەکانی ئەم جەولەیە چەند بەشێک لە خۆ دەگرێ کە شتی سەرنجڕاکێشی تێدایە. ڕەنگە کەمێک ئێوەی بەڕێز ماندوو بکات بەڵام ئەم مێژووە، مێژووی کۆمەڵێک تێکۆشەری ماندوونەناسی سەردەمی خویەتی کە بە حەق شانازیی گەورە و سەروەریی زۆریان بۆ حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان تۆمار کردوە، بۆیە ناکرێ لەبەر چاوان ون بکرێ.
لە رووی ئەم گێڕانەوانەیە کە دەکرێ خاڵە لاواز و بەهێزەکانی ئەم خەباتە دەستنیشان بکرێ .ئەو نەوەیەی کە پێویستە ئەم ڕابردوویە بزانێ، دەتوانێ خاڵە بەهێزەکانی بکاتە سەرمەشقی خەبات وتێکۆشانی سەردەمی خۆی و خۆی لە دووبارەکردنەوەی خەڵەلاوازەکان ببوێرێ.
ناوی بەشێک لەو پێشمەرگە و فەرماندە و کادرانەی بەشداری ئەو جەولەیە بوون ناوەکانم لە بیرماون کە بریتین لە بەشێکیان سەهید بوون:
حەمەنارستی، خدر میراوەی، عەوڵڵا بناوی، کەریم شەهرنیا، عەلی سوورەچۆمی، حەسەن خۆشکەلام، قادر مەمۆ، خالید پەردەدار، دلێر شەڵماشی، کەریم کۆدەڵی، هەمزە بخوور، ڕەحمان ڕەجەب، عومەر کانیبی و مستەفا دۆڵەیی. غەفووڕیشی چەند کەسێکێ دیکە کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتن .
بە داوای لێبووردن لە تەواوی ئەم کەسانەی لەم جەولەیەدا بەشدار بوون و بەداخوە ناوەکانیانم لە یاد کردوە. ئەگەر کەسێک لەو هاوڕێیانەی بەشداربوون و من ناوم لەبیر کردوون، ئاگادارم بکاتەوە پر بە دڵ سپاسی دەکەم.
درێژەی هەیە…
وێنەکە دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ لە خۆدەگرێ ..

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *