ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ٣٢) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ٣٢) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن
هەر وەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد کە لە ناوچەی ئالانی سەردەشت لە گەشت و گەڕاندا بووین، شەوی پێشتری لە ڕزەگەوە خۆمان گەیاندە خوارماڵی گرکی و ڕۆژەکەی لەوێ ماینەوە. ئێوارێ کۆبووینەوە بۆ ئەوەی بە هاوکاری چاوساغەکانی ناوچەکە بەرنامەی کاری خۆمان دابڕێژین. وا بڕیار درا بۆ شەوێ بچینە گوندی گرکی. ئێوارێ بەرەو گوند وەڕێکەوتین، چوینە نێو گوند و بە سەر ماڵاکاندا دابەش بووین.دوای ماوەیەک مانەوە و ڕاپەڕاندنی ئەرکی حیزبی، بەرەو مەسیری خۆمان، واتە خوار ماڵی گوندی دیناران وەڕێ کەوتین. دوای چەند سەعاتێک ڕۆیشتن لە باغێکی خوارماڵی دیناران ماینەوە. هەرچەند شوێنێکی باش نەبوو، بەڵام هەرچۆنێ بێ ماینەوە. ئەم شوێنە چەند پایەگای دووژمنی لێ دیار بوو و لە پایەگای بناوێ تەعمینێک دەهات بۆ پێش ماڵی دیناران کە ئەویش زاڵ بوو بە سەر ئێمەدا. بۆیە نەدەبوو بە ڕۆژ جموجۆڵ بکەین.
بەرەو کۆتایی ڕۆژ دەچووین وەک هەمیشە کۆبووینەوە و بڕیار درا ڕێکەوتی ۱۳۶۸/۳/۲۹ بۆ شەوەکەی بچینە گوندی دیناران. ئێوارێ چووینە گوندی دیناران و لە گەڵ پێشوازی خەڵک ڕووبەڕوو بووین کە ماوەیەکی زۆر بوو بە هۆی شەڕی چەند ساڵەی عیراق و ئێران لە بینینی هێزی پێشمەرگە بێ‌بەش ببوون. گوندی بناوێ کە زۆر لە گوندی دیناران نزیکە، پایەگایەکی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لێبوو. عەبدوڵڵا بناوی لە گەڵ چەند پێشمەرگەیەک چوونە گوندی بناوی. وا دیاربوو دووژمن هەستی کردبوو کە ئێمە لەو گوندەین هێزێکی دووژمن لە دەوروبەی گوند پەیدابوو و دەستی بە تەقەکردن کرد لە دەوروبەری گوند هاوکات تۆپ و خومپارەباران دەستی پێکرد . ئێمەش لە نێوماڵان بووین، خۆمان ئامادە کرد، بەڵام لە گوند نەچووینە دەرێ. هێزەکانی دووژمن بە هەموو جۆرە چەکێک نێو گوند و دەوربەری گوندیان بەخەستی دەکوتا. ئێمەش چاوەڕوانی ئەو پێشمەرگانەمان دەکرد کە چوبوونە گوندی بناوێ. دەستەیەک چوون بۆ هێنانی ئەو پێشمەرگانەی چوبوون بۆ بناوێ. ئەگەر هەڵە نەبم دەرگیرییەک ڕووی د، پاش هاتنەوەی پێشمەرگەکان بەرەبەرە لە گوند وەدەرکەوتین، بەڵام دوژمن بەخەستی دەور و بەری گوندی بە چەکی جۆراوجۆر بۆردمان دەکرد. ئاخرییەکەی بەبێزیان لە گوند دوور کەوتینەوە و بەرەو چۆمی ئالان شۆڕ بووینەوە. بەڵام دیسانیش دوژمن بە سەختی تۆپبارانی ئەو مەسیرەی دەکرد. لە نزیک چۆمی ئالان کە زۆر تەلان و ناخۆش و هەڵدێرە بۆ چەند ساتێک وەستاین، بۆ ئەوەی بزانین دەبێ چ بکەین. ناوچەکە بەرتەسکە، پایەگای زۆری لێ بوون، هی دەورانی شەڕی عیراق و ئێران بوون بۆیە بە هیچ جۆر نەدەکرا لە بەری ڕۆژهەڵات وەمێنین. بۆیە بیرمان لەوە کردەوە کە لەوبەری چۆمی لە بەری باشوور خۆمان حاشار دەین. بەڵام نابێ پایەگاکانی عیراقیش هەست بە بوونی ئێمە بکەن کە دەچین بۆ ئەوبەری. چوونکی لەبەری باشوور هیچ ئاوەدانک بەدی نەدەکرا، تەنیا پایەگاکانی بەعسی نەبێ هاتووچۆش لەو ناوچەیە سەخت بوو بەڵام چارە نەبوو دەبوو ئەو کارە بکەین. سەرەنجام بڕیاری ئەوە درا لە چۆمەکە وەپەڕین و لەوبەری خۆمان حاشار دەین و بە هەر جۆر بێ لە ڕژدێکی زۆرسەخت چووینە خوارێ بۆ سەر چۆمەکە کە بەڕاستی ئاسان نەبوو. جیا لەوەش ئەو جار ترسی پەڕینەوە لە چۆمەکەمان لە دڵ پەیدا بوو. بەڕاستی ئەوەیان زۆر سەخت بوو. بە تایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە مەلەیان نەدەزانی، وەک من. چۆمی کەڵوێ لەوێ زۆر کۆدەبێتەوە و پەڕینەوەی زۆر لێ سەختە. کە چووینە سەر چۆمەکە ئەوانەی بە شەوێ ڕێگەیان لە شوێنی بەم جۆرە کەوتووە دەزانن، پیاو چەندە لەوە دەترسێ، چونکی بەڕاستی هیچمان نەمان دەزانی ئەو ڕاستە بوارە بۆ پەڕینەوە دەبێ یان نا . بەڵام چەند کەسێک لە کۆڕەکان کە زۆر باشیان مەلە دەزانی بەهاوکاری یەکتر ئێمەیان لە چۆمەکە پەڕاندەوە، هەرچەند تەواوی گیانمان تەڕ بوو. بەڵام هەوڵی زۆریاندا لە بیرمە کاک حەمەنارستی دەیگووت؛ تا خۆشکەلا – مەبەستی کاک حەسەن خۆشکەلام بوو- دەستم نەگرێ، ناپەڕمەوە. زۆر لە ئاوەکە دەترسا. بەهەرحاڵ زۆر بە سەختی لە چۆمی کەڵوێ پەڕینەوە و لە دۆڵێکدا کە نابێ نە لە پایەگاکانی ئێران و نە لە پایەگاکانی عیراق دیار بین ماینەوە. وا بزانم دوو ڕۆژ لەوێ ماینەوە. ئەوجار با شتی خۆش ون نەبێ؛ هەروەک پێشتر باسم کرد، کوڕێکی جەوان بەناوی عەبدوڵڵا بە مەبەستی پێشمەرگایەتی لە گەڵمان بوو. ئەو شەوەی تووشی تەقە و لێکدان بووین لە نێو گوند بەیانیەکەی کاکە عەبدوڵڵا لە بن بەردێک “چیلکەی لە عەرزی وردەدا”!!. حەمەنارستی پێی‌گووت ئەوە چیە عەبدوڵڵا بۆ وا داماوی؟! گووتی؛ وەڵا خاڵە خەونم بەدایکمەوە دیوە، دەبێ بڕۆمەوە. حەمەنارستی گوتی دەورە مادام دەڕۆیەوە دوو گۆرانیمان بۆ بڵێ. کاکە عەبدوڵڵا دوای گووتنی دوو گۆرانی، ماڵئاوای لێکردین و بەرەوماڵ گەڕایەوە.
خەریک بوو بۆ خواردن پەکمان دەکەوت، ئێوارەیەک لە شوێنی خۆمانەوە بەرەو کانی ماشان کە زۆریش دوور نەبوو، وەڕێ کەوتین دوای دوو سەعات بە خاکی باشووردا چووینە کانی ماشان. لەوێ ماینەوە، دیارە زۆربەی کوڕەکان بێ نان و خۆراک بوون. چەند کەسێک نەبێ کە نانێکی کەمیان پێ مابوو، هەموو دەستبەتاڵ بوون. بەیانییەک کەتازە لە خەو هەستابووین، کاک خدر میراوی لە بیری ماوە، پێشمەرگەیەکی لە گەڵ بوو چایان دەخواردەوە، کاک خدر دەستی بۆ قەندەکە بردبوو، ڕەجەب گووتی بەسە با ئەو دوو کڵۆیەمان پێبێ بۆ جارێکی دیکە. ئەوی کە قەت لەبیرم ناچێ، من لە گەڵ پێشمەرگەیەک بەناوی هەمزە بخور هاوخەرج بووین، تەنیا یەک دانە کۆنسێروی گۆشت ماسیمان پێ بوو و هیچی دیکە. هەمزە خەوتبوو، زۆرم برسی بوو، ناچار بەدزی هەمزەوە گەرمم کردەوە و خەریک بوو بەڕووتی دەمخوارد کە هەمزە وەخەبەر هات. زۆرم لێ تووڕە بوو، زۆری قسە کرد؛ دیار هەقی بوو، بەڵام خۆم بۆ ڕانەگیرا جوابم دایەوە.
دوای دوو ڕۆژ ئێوارەیەک دەستەیەک لە پێشمەرگەکان ئامادە کران کە بچن کەمێک نان لە گوندی دیناران بێنن. لە بیرم ماون کە کەریم کۆدەڵی، عەوڵڵا بناوی، کەریم شەهرنیا، حەسەن خۆشکەلام و چەند کەسی دیکە چوون. شەو کە هاتنەوە هەر لە یەکەم ماڵەکانی ئاوایی کەمێک نانیان هێنابوو بەڵام زۆر کەم بوو. وتیان کە ئێمە گەیشتینە نێو دێ، هێزێکی دووژمن هاتبووە نێو گوند. کە نانەکەیان بەش کرد، وەک ئێستام لەبیرە من و هەمزە بخور یەک نانمان بەرکەوت.
ڕۆژی دواییش هەر لەوێ ماینەوە، دوانیوڕۆی ئەو ڕۆژە بەرپرسەکان کۆبوونەوە کە چی بکەین باشە. لە کۆتاییدا وا ساغ بووینەوە کە جێگەی خۆمان بگۆڕین بۆ شوێنێکی نزیکی خۆمان. بۆیە هێواش هێواش بەرەو ڕووبەڕووی ماڵی گوێزڵێ کە زۆر لە خۆمان دوور نەبوو کەوتینە رێ. نەماندەتوانی زۆر دوور بکەوینەوە، چونکی بەڕاستی ئەگەر زۆر دوور با، نەماندەتوانی بڕۆین، برسی و بێ‌هێز بووین. ئەگەر لە بیرم بێ هەر چل دەقیقه دەبوو هاتین لە نێو پۆلە بییەک ماینەوە. ڕۆژەکەی لەوێ ماینەوە، نان پێخۆرێکی زۆر کەممان پێ مابوو، بەڵام هیچ نەدکرا.
هێزێکی زۆری دووژمن لە ناوچەی ئالان بڵاوەی پێ کرابوو بۆ ئەوەی پێشی چوونی ئێمە بۆ نێو گوندەکان بگرن. لەو بارەوەش فشارمان لەسەر بوو. سەرەڕای هەموو سەختییەکان، بەڵام هەزار خۆزگەم بەو سەردەمە کە کوڕەکان لە هیچ سەختیەک نە دەکشانەوە و هەمیشە ئامادەی فیداکاری بوون. ئەوانەی من باسیان دەکەم قەترەیەکی بچووکن لە دەریایەکی گەورە.
وێنەکە شەهید حەمەنارستی شەهید خالیدنێوچوانی برادەرێکی دیکە .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *