ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ٣٣) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ٣٣) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن
کاتێک بە گێڕانەوە دەچینە ناخی مێژووی ئەو سەردەمانە و هەموو ڕۆژگاری ئەو سەردەمە دێنینەوە بەرچاوی خۆمان، ئەو کاتە دەزانین کە ئەم هەموو ڕۆژە سەختانە مەگەر بە بیروباوەڕی شۆڕشگێڕانە و ئیرادەی لەخۆبردووی پێشمەرگە تێکۆشەر و هەمیشە ئامادەکانی کوردستان نەبا، کێ تەحەمولی ئەم ڕۆژگارە سەختە دەکرد .
هەروەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد لە ڕووبەڕووی ماڵی گوێزڵێ لەنێو پۆلێک داردا ماینەوە، زۆربەمان بێ‌نان و پێخۆر بووین، چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد ئێوارە دەستەیەک لە پێشمەرکەکان بۆ هێنانی نان بچنە گوندی گوێزڵێ، ئەگەر یەک نانی وشک لەو کاتانەدا دەست کەوتبا نرخی زۆری بۆ ئێمە هەبوو، بەڵام ئەویش دەست نەدەکەوت. هەرواشمان کرد کاتێک ئێوارە داهات دەستەیەک لە پێشمەرگەکان بۆ هێنانی نان و شت و مەک بەرەو گوندی گوێزڵێ وەڕێکەوتین. دیسان دەبوو لە چۆمی کەڵوێ ببەپەڕینەوە. پێشمەرگەکان چوون بۆ ناو گوندی گوێزڵێ، بەبێسیم لە گەڵ ئێمە لە تەماسدا بوون. دیاربوو نان و شتیان کۆکردبۆوە. کاتێک لە چۆمی نیزیک بوونەوە بەبێسیم قسەیان کرد کە چەند کەسێک بێن بۆ سەر چۆمی بۆ هەڵگرتنی نان و کەل و پەل، کاتێک چووین بۆ سەرچۆمەکە ئەوانبە شتەکانەوە خەریکی پەڕینەوە بوون، کەچی لە کاتی پەڕینەوەدا نانەکە بەشی زۆری کەوتە نێو ئاوی چۆمی کەڵوێ و بەئاوادارۆیشت!! زۆر ناخۆش بوو، بەداخەوە ئەویشمان بە نسیب نەبوو. ئای کە چەند ناخۆش بوو. هەموومان چاوڕێی گەڕانەوی کوڕەکانمان دەکرد کە چۆمەکە ئەوەندەشی پێ ڕوا نەبینین. هەروەک ڕۆژانی دیکە بێ نان ماینەوە، تەنیا نانی نێو کۆڵەپشتی ئەو چەند پێشمەرگەیە نەبێ کە چووبوین بۆ گوند هیچی دیکەمان پێ نەبوو، ئەویش بەشی هیچی نەکرد.
ئێوارێ وەک ڕۆژەکانی دیکە فەرماندەکان کۆبوونەوە کە چی بکەین. لە کۆبوونەوەکەدا وا ساغ بوونەوە کە هەر لە بەری باشوور بەرەو مەسیری چۆمانی بانە بڕۆین، بەشکوو بتوانین بچینە گوندی ئاڵۆت. ئێوارێ وەڕێ کەوتین، ناوچەکە گژووگیایەکی زۆری تێدا بوو ناوچەکە بەشی زۆری مینڕێژ کرابوو، دەبوا زۆر وریا بین و نابێ پایەگاکانی حکومەتی عیراق هەست بە بوونی ئێمە بکەن، لە ناوچە کە نابێ زۆر ڕێگە ببڕین و دەبوا بە تەواوەتی لەسەرەخۆ حەرەکەت بکەین. هەرچۆنێک بێ خۆمان گەیاندە نزیک چۆمانی بانە. لەو شوێنەی کە چۆمەکانی چۆمان و کەڵوێ لە گەڵ یەک تێکەڵ دەبنەوە لەنێو پۆلەدارێک ماینەوە کە ئاوێکی خۆشی لێبوو مووچەکەش زۆر پڕبوو، ئەو ڕۆژە هیچمان پێ نەبوو بۆ خواردن، ڕۆژی پێشێ هیچمان پێ نەبوو مەگەر کەسێک شتێکی کەمی پێ بووبێ، دەنا هەموومان بێ نان بووین، لە ڕاستیدا فشارێکی زۆرمان لە سەر بوو.
بەیانی کە تەماشامان کرد لە ڕووبەڕووی خۆمان لە بەشی ڕۆژهەڵات دوو ماڵ دیار بوون کە کەپریان کردبوو، وا بڕیار درا چەند پێشمەرگەیەک بچن بۆ ئەو دوو ماڵە بەشکوو بتوانن هێندێک نان و شت پەیدا بکەن. بە هەرحاڵ چەند کەسێک چون هەرچەند دوور بوو بەڵام چار نەبوو خۆناکرێ دەست لە سەر دەست دانێین. دوای چەند سەعاتێک گەڕانەوە. کە هاتنەوە نانێکی کەمیان هێنابوو، بەسەریاندا دابەش کردین ، شتێکی وا نەبوو بەڵام دیسانیش شوکرانەبژێر بووین.
کەمێک نانمان خوارد و بەرەو گوندی ئاڵۆتی بانە وەڕێکەوتین، دوای چەند سەعاتێک هەرچۆنێ بێ خۆمان گەیاندە گوندی ئاڵۆت و بەسەر ماڵاندا دابەش بووین. نان و چایەکی باشمان خوارد و کەمێک هاتینەوە سەرخۆ. دوای ماوەیەک مانەوە لە نێوگوند بەرەو مەسیری خۆمان وەڕێکەوتین. دیسان لە چۆمی کەڵوێ پەڕینەوە. بۆ مانەوە چووینە خوار ماڵی شەڵماش، لەوێ ماینەوە و لە گەڵ تیمێکی دیکە لە پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ یەکمان گرتەوە. ئەوانەی لە بیرم مابێ؛ کاک حوسێن پەیرەوان. فەرماندەری هێز، کاک نەبەز مستەفاپوور، ئەندامی کۆمیتەشارستان، محەممەد بایەزیدی، ڕەحمان مەحموودی، ڕەسوڵ یەزدپەنا، حوسێن فەقێ‌عەلی و چەندکەسێکی دیکە بوون .
ئەو ڕۆژە ئێوارە فەرماندەکان کۆبوونەوە و بەوردی باسی زۆر شت کرا و دوای باسێکی زۆر بڕیاردرا کە لە باسکی کۆڵەسەوە بەرەو ناوچەی بووڵفەت جوولەکەمان درێژە بدەین. قەرار درا بۆ شەوێ بچینە گوندی زێڕەمێرگ، هەرواشمان کرد ئێوارێ بەرەو گوندی زێڕەمێرگ وەڕێ کەوتین. ئێمە تیمێکی شەش کەسی کە تیمی پێشڕەو بووین لە گوند نیزیک بووینەوە. هەوا تارکی کردبوو ئێمە تازە واریدی ماڵەکانی ئەوەڵ بووین کە لەپڕ دەنگیان داین. نێو گوند پڕبوو لە هێزی رێژیم ئێمەش تەقەمان لێکردن. ئەو کەسەی ئێمەی دەنگ دا لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بەسەختی بریندار بوو .بەم جۆرە تەقە و لێکدان دەستی پێکرد. سەرەتا ئێمە پاشەکشەمان کرد. ئەوجار ئەوان بەرەوڕووی ئێمە دەستیان کرد بەتەقە کردن. لەو تەقەکردنەدا کاک نەبەزی مستە فاپوور بریندار بوو. ناوچەکەش بەسەختی تۆپباران دەکرا. لەو ئاگربارانەدا پاشەکشەمان کرد و کەمێک لە گوند دوور کەوتینەوە. تازە بەهیچ جۆر نەماندەتوانی لەو دەوروبەرە ڕد بین. دوای ئەوەی کاک نەبەز لە لایەن کادری دەرمانییەوە دەرمان کرا، بڕیاردرا کە بۆ مانەوە بچینە سابنێ لە زنجیرە کێوی هۆمل. دیارە شوێنێکی زۆر باش نەبوو، بەهەرحاڵ بەرەو ئەو شوێنە وەڕێکەوتین کە لە ڕووبەڕووی ماڵی شەڵماش تۆشی هەڵدێرێکی ناخۆش بووین. زۆر بەزەحمەت لێ دەرباز بووین. چوینە شوێنی مانەوە کە شوێنێکی زۆر نەگونجاو بوو. دیارە کاک نەبەز لە گەڵ ئەوەی بریندار بوو بەڵام لە هەموو بارێکەوە هاوکار بوو بۆ ئەوەی تووشی کێشە نەبین .
بەهەرحاڵ درەنگانێکی شەو گەیشتینە شوێنی مانەوە. دەمانزانی بەیانی دووژمن هەوڵی لە داوخستنی ئێمەدا دەبێ، چونکی ناوچەکە بەرتەسکە و زۆریش لە شاری سەردەشت نزیکە، ئێمە دەبا وریا بین .
بەم جۆرە دوای دەرگیری لە گوندی زێڕەمێرگ لە ناوچەکە خۆمان حاشاردا. شەوەکەی زۆر ماندوو بووین. دوای چەند سەعات ڕێگە بڕین تا شوێنی مانەوە، بەدوای ئێمە دا دووژمن تۆپ بارانی ناوچەکەی دەکرد .
چاوەڕوانی بەشی کۆتایی ئەم جەولەیە بکەن..
وێنەکان گوندی بێژوێ ناوچەی ئالانی سەردەشت وێنەی دووهەم دەستەیەک لە پێشمەرگە کانی حیزبی دێموکرات ناوچەی سەردەشت .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *