ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ٣۴) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ٣۴) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن
هەر وەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد، دوای دەرگیریی زێڕەمێرگ لە ٩ی پووشپەڕی ١٣۶٨ی هەتاوی، بۆ مانەوە چووینە “سابنێ” لە داوێنی چیای هۆمل. بەناچاری لەوێ ماینەوە چونکی بەڕاستی شوێنی باش نەبوو بۆ مانەوی ئەو هەموو پێشمەرگە. لە بیرم نیە بەڵام ژمارمان لە پەنجا کەس کەمتر نەبوو. بەیانی خاوەن مووچە هات و ئێمەی لە مووچەکەی بینی.
ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ٣۴) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن
هەر وەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد، دوای دەرگیریی زێڕەمێرگ لە ٩ی پووشپەڕی ١٣۶٨ی هەتاوی، بۆ مانەوە چووینە “سابنێ” لە داوێنی چیای هۆمل. بەناچاری لەوێ ماینەوە چونکی بەڕاستی شوێنی باش نەبوو بۆ مانەوی ئەو هەموو پێشمەرگە. لە بیرم نیە بەڵام ژمارمان لە پەنجا کەس کەمتر نەبوو. بەیانی خاوەن مووچە هات و ئێمەی لە مووچەکەی بینی.
بەیانی زوو لە خەو هەستاین، بووین بە دوو دەستە. بەڵام ئێمە لە گەڵ کاک حوسێن پەیرەوان و حەمەنارستی لە گەڵ کۆمەڵێک لە پێشمەرگەکان کە لە گۆشەی خوارێ بووین، لە ئاودڕێکدا کە بەداری گوێز داپۆشرابوو خۆمان حەشاردابوو. دەستەکەی دیکەش کە کاک خدرمیراوەی سەرپەرەستی دەکردن، لە سەرووتر بوون. بەم جۆرە بە بێدەنگی ماینەوە. کەسێکی باوڕپێکراوی خۆمان بەبێ چەک لەو دەورەبەرە کردە نیگابان، تا هەرچی بوو ئاگادارمان کاتەوە. لە دەوروبەری ئێمە چەند پایەگای هێزی دووژمنی لێ بوو.
لە دەوری سەعاتی ١١ی نیوەڕۆ کابرای نیگابان بەهێواشی هات و گووتی؛ زەربەتێکی زۆر هاتە خوارێ کە پێکهاتبوو لە جاش و پاسدار، لە هۆملی دابەزیبوون و بەرەو خوار هاتن. ئەو هێزەی دوژمن لەو دەوروبەردەگەڕان. ئێمەش واساغ بووینەوە کە ئەگر چاویان بە ئێمە کەوت تەقەیان لێ دەکەین و ئەگەریش پێیان نەزانین، تەقە ناکەین. زۆری نەکێشا هێزێکی زۆر هاتن و دەگەڕان، لە چەند میتری ئێمە زۆربەیان لە سەر جێخوونێک کۆبوونەوە و قسەیان دەکرد. دیار بوو کە بڵاو ببوونەوە. ئەو هێزە ی دووژمن لە دووسەد میتری ئێمە وەستا بوون. یەکیان دەگەڕا و بانگی ئەوانی دیکەی دەکرد کە وەرن، دەتگووت لە ماری دەگەڕێن! ئێمەش دەمان گووت ئێستا چاویان پێمان دەکەوێ و شەڕ دەستپێدەکات. لەو قسانەدا بووین کە ئەوانەی سەرێ بێسیمان کرد و پێیان ڕاگەیاندین کە دووکەسیان بێ تەقە گرتوون. ئێمەش دەست لە سەر پەلاپیتکەی چەک سات‌بەسات چاوەڕێ دەرگیربوونمان دەکرد. هەروەک پێشتر ئاماژەم پێکرد ئێمە لەژێردارگوێزێک و لە ئاودڕێکدا خۆمان حەشار دابوو.لەپڕ دوو کەس خۆیان بەنێو ئێمەدا کرد!! هیچیان بۆ نەکرا، تەواو پەشۆکا بووین. دەستبەجێ لێیان وەخۆ کەوتین و چەکمان کردن. یەک لەوان بێسمی کۆڵەپشتی پێبوو، بە بێدەنگی لای خۆمان دامانیشاندن و داوامان لێکردن بێ‌دەنگ بن.
هێزی دووژمن بەرەو جادەی شەڵماش شۆڕبوونەوە. کاتێک گەیشتنە سەر جادە، پێوەندییان بەو بیسیمەوە گرت کە ئێمە دەستمان بەسردا گرتبوو و پرسیاریان دەکرد کە بۆ نەهاتن و چییان لێ بەسەر هاتووە. کاک حوسێن پەیرەوان وغەفوورڕیش بە بێسیمچییەکەیان گووت کە بڵێ ڕێگەمان هەڵە کردوە و ئەوە بەرەو گوڵینێ دەڕۆین. هەر کە بێسیمچییەکە ئەوەی پێ وتن، هێزی دووژمن بەرەوە گووڵینە وەڕێکەوتن. مەبەستی ئێمە ئەوە بوو کە بیانخافڵێنین و دووریان بخەینەوە بۆ ئەوەی کاتەکە وە درەنگ بخەین بۆ خۆدەربازکردن.
تا دەوروبەری سەعاتی ١ی دوانیوەڕۆ ئەوان(بەرپرسانی هێزی دوژمن) هەرقسەیان لە گەڵ ئەم بێسیمە دەکرد کە لای ئێمە بوو!!. دواتر بۆیان دەرکەوت کە ئەوانە گیراون و لەبەر دەستی ئێمە دان.
لە سەردەشتەوە پێیان گوترابوو کە ئەوانە کەوتوونە دەستی “مشکەکان”. ناوی ئێمە بە ڕەمز لای ئەوان “مشکەکان”! بوو. ئیدی دوای ئەوەی زانیان بیسیمەکەیان گیراوە ڕەمز و فڕکانسی تەماسیان گۆڕی و تەماس لە گەڵ ئەو چوار کەسە کۆتایی هات. ئێمەش بەرەبەرە بە دیل و دەستکەوتەکانەوە بەرەو بەرزایی هۆمل هەڵکشاین و ئەو شوێنەمان بەجێهێشت.
لەبەر قەدی چیای هۆمل درەنگانێکی ئێوارە فەرماندەکان کۆبوونەوە بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر جووڵەی داهاتوومان بدەن و بڵێن کە چی بکەین. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە جارێکی دیکە بەرەو ناوچەی ئالان بگەڕێنەوە و لەوێوە لە چۆمی کەڵوێ بپەڕینەوە و بەرەو باشووری کوردستان و بنکەکانمان بگەڕێینەوە. بە چەند هۆکار ئەم بڕیارە درا؛ یەکەم ئەوەیکە کاک نەبەز بریندار بوو و پێویستی بە چارەسەریی هەبوو دووهەم ئەوەیکە زۆر ماندوو بووین و فیشەکمان کەم پێمابووم هەروەها ئیمکانی گەڕانەوەش بەرەو ناوچەی بووڵفەت نەبوو.
ئێوارێی هەمان ڕۆژ بە زنجیرە چیای هۆملدا بەرەو “بێندروێ” لە پشتی “بێژوێ” وەڕێ کەوتین. دوای چەند سەعات ڕێگە بڕین بەرەو گوندی بێژوێی ناوچەی ئالان شۆڕ بووینەوە. لەوێ ڕەت بووین بۆ نزیک گوندەکانی گرکی سنجوێ. ئەگەر باشم لەبیر مابێ لەوێ تووشی کەمینی دوژمن بووین، بەڵام بەهووشیاریی تیمی پێشڕەو لە کەمینەکە دوور کەوتینەوە. لەیەکێک لە گوندەکان بە هاوکاری بەڵەد و چاوساغەکان توانرا هێندێک نان وشت دەست بخەین و دووسەر بزنیشیان پەیدا کرد و بەرەو چۆمی ئالان شۆڕ بووینەوە. دیسان ترس و خۆف لای ئەو کەسانە درووست بوو کە مەلەیان نەدەزانی. من یەک لەوان بووم، چووینە سەر چۆمەکە، بەهاوکاری ئەوکەسانەی مەلەیان دەزانی جارێکی دیکە لە چۆمەی کەڵوێ پەڕینەوە. بەری باشوور کە ناوچەیەکی چۆڵەوانی بوو تەنیا لە سەرچیاکانی ئەو دەوربەرە پایەگای هێزەکانی عیراقی لێ بوو. ئەو ناوچەیە کە ماوەی چەند ساڵ بوو کەس نەیدەتوانی بۆی بچێ، پووش و پەڵاشێکی زۆری لێبوو و زۆریش ناخۆش بوو. سەرەنجام لە نیوەشەوێکی درەنگ دوای ماندووبوونێکی زۆر لە نێو مووچەیەک ماینەوە کە پشتی ئێمە تەوا پایەگای حکوومەتی عێراق بوون. هەرچوار دیلەکەشمان لە گەڵدا بوو. بەوانەوە زیاتر لە ۵۰ کەس دەبووین، وەزعمان باش نەبوو، ماندووبونێکی زۆرمان پێوە دیاربوو. چونکی لەو جەولە جیا لە ماندوو بوون وبێ خەوی، لە باری خۆراکیش زۆرمان فشار لە سەر بوو.
لە بەشی دیکەدا باسی چۆنیەتی پەڕینەوەمان لە سنوور و چۆنیاتی کۆتایی هاتنی ئەم جەولەیە دەکەین.
دوای ۲۹ساڵ تێپەڕین بەسەر ئەو جەولەدا سڵاو بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو کەسانەی لەو جەولەیەدا بەشدار بوون ولەدرێژێ خەبات وتێکۆشان دا شەهید بوون.
سڵاو بۆ ئەو کەسانەیش کە ئێستا لە ژیاندا ماون و درێژەدەری ڕێبازی شەهیدانن.
وێنەکاک وێنەی یەکەم کاک نەبەز مستەفاپوور فەرماندوکادری تێکۆشە ی ناوچەی سەردەشت کەشەوەکەی بریندار بوو سیدخدری نەبی پوور .
ئەوانی دیکە ناناسم
وێنەی دووهەم ئەحمدنەڵاسی غەفوور واوەی شەهید عەبدووڵاسەدیقی .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *