ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ٣۵) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ٣۵) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن
هەر وەک لە بەشەکانی دیکەدا باسم کرد لەم جەولەدا کە نزیک بە مانگێک بوو لە ناوچە بووین، لە هەموو بارێکەوە زۆرمان فشار لە سەر بوو. بۆیە ئەوەی هەڵمانبژارد تەنیا ڕێگەچارە بوو کە لە سەری ساغ بووینەوە. هەر وەک باسم کرد شەوەکەی لە چۆمی ئالانێ لە خوارماڵی سنجوێ پەڕینەوە بۆ بەری باشوور.
لەنێو پۆلە داریک ماینەوە. بەیانی کە هەستاین دیاربوو پێشمەرگەکان بەشێک خەریکی ناون و چا خواردن بوون کە شەوەکەی هێندێک نانمان وەرگرت بوو، ئاوریان کردبۆوە دووکەڵەکەی دیاربوو .هەر لەو کاتەدا کۆبوونەوەیەکی چەند دەقیقەی گیرا کە چۆن خۆمان بە یەکێک لە پایەگانی حکومەتی عێراق بناسێنین بۆ ئاگاداربوونیان لە پەڕینەوەمان بۆ باشوور. ئەو کارە هەروا ئاسان نەبوو. سەرەنجام وا ساغبوونەوە کە چەند کەسێک لە کوڕەکان لە باغەکەڕا بەرەو ئەوان بڕۆن. ئەوەی لەبیرم مابێ، حەمەنارستی، محەممەد بایەزیدی کە کەمێک ئینگلیزی دەزانی، لە گەڵ من و محەممە دئەراک و مەحموود قەڕەشی دیاری کراین. لە باغەکە هاتینە درێ و بەرەو پایەگاکان کە زۆر لە ئێمە دوورنەبوون، سەرکەوتین. هەستمان کرد کە ئێمەیان چاوپێکەوتوە، لە هەموو پایەگاکان هێزێکی زۆر دیاربوون، وەک ئەوەی شتێک لە گۆڕێدا بێ لێگەڕان تا کەمێک لەوان نیزیک بووینەوە، لەپڕ لە سێ لاوە تەقەیان لێکردین. تەقەیەکی زۆریان لێکردن. ئێمەش خۆمان لە عەرزی دا و دەمانهەویست تێیانبگەیەنین کە “معارز”ین و تەقەی نەکەن. کەسمان عەرەبی نەدەزانی، تا ماوەیەک تەقە بەردەوام بوو، ئێمەش هەر بەدەنگی بەر دەمانگووت “معارزی”ین واتە دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانین. ئەوجار هاتنە خوارێ و لێمان نیزیک بوونەوە. دەوریان داین، ئەوان زۆر بوون و ئێمەش پێنج کەس. لەوێ هەرچونێک بوو کاک محەممەد بایەزیدی حاڵی کردن کە ئێمە کێین و دەمانهەوێ بەرەو کوێ بڕۆین. بەڵام ئەوان باوڕیان نەدەکرد. هەوڵمان دا لە خۆمانیان دڵنیا بکەین؛ چەکەکانمان پێ‌دان و بە حاڵەتێکی دەستبەسەرکراو هەر پێنج کەسمانیان بردە بن دارێک. سەرەتا هەڵسووکەوتیان زۆر خراپ بوو لە گەڵمان. تەنانەت داوای ئاومان کرد بەو گەرمایە ئاویان پێنەدەداین. پرسیاریان لێ دەکرین و ئێمەش عەرەبیمان نەدەزانی. دواتر کەسێکیان هێنا کە ئینگلیزی دەزانی، بایەزیدی حاڵی کرد کە ئێمە کێن و دەمانهەوێ بەرەو کوێ بچین. هەر خێرا هەڵسووکەوتیان گۆڕاو دەستیان کردینەوە و سواری ماشێنیان کردین و بردیانین بۆ شوێنێ فەرماندەیی خۆیان. بە گۆشت و برینج پەزیراییان لێ کردین و ئێمەش وەک ئەوان عەرەبانە بە دەستی بەربووینە خواردن چونکی کەوچک نەبوو.
لەوێ کاک محەممەد پێی گوتن کە ئێمە هەرئەوندە نین و و لە فڵان شوێن چاوەڕوانی وڵامی ئێمەن. ئەوانیش دەستبەجێ بە ماشین چوون بەدوایاندا و هێنایانن. هەموومانیان بە بێ چەک سواری ماشێن کرد و بەرەوە قەڵاچوالان بەڕێکەوتین. بەڵام ئەو چوارکەسەی ڕۆژی پێشتر بەدیلمان گرتبوون لە گەڵمان بوون. ترسی ئەوەمان لە دڵدا بوو، نەوەک بزانن ئەوانە پێشمەرگە نین و لای خۆیان ڕایان بگرن. چونکی ئەوە بۆ حیزب باش نەدەبوو؛ ئەوانی لە دەستی ئێمەدا دیل بوون و نەدەکرا تەحویلی هێزەکانی عێراق بدرێن، ئەوە زۆر دوور دەبوو لە هەڵوێست و رەفتاری حیزبی دێموکرات. دیاربوو نوێنەرایەتیی حیزب لە شاری سلێمانی کە ئەو کات کاک جەعفەرحامیدی بوو ئاگاداریان کردبۆوە. کە ئێمە گەیستینە قەڵاچوالان، کاک جەعفەریش گەیشتێ و لەوێ وەریگرتینەوەو چووینە مقەڕی حیزب لە سلێمانی. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە دواتر عێراقییەکان باسی ئەوەیان کردبووکە بەیانیەکەی لە نێو باغەکەدا هەستیان بە بوونی ئێمە کردبوو و سەرەوی خۆیان ئاگادار کردبووە کە دەستەیەک چەکدار لەنێو باغەکەدان. هێزێکی زۆریان لە سلێمانییەوە هێنابوو بۆ ئەوەی لەوێدا دەورمان بگرن و دەستمان لێ‌بوەشێنن. وایان دانابوو ئێمە پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانین.
شەوەکەی لە مەقەڕی سلێمانی ماینەوە و رۆژی دواتر عێراقییەکانی چەکەکانیان بۆ هێناینەوە. بەڵام بەشەپرزەیی و زۆر شتی باشیان دزی بوو، وەک؛ سەرشان، فانووسقە و شتی دیکە. دوای وەرگرتنەوی شتەکان سواری ماشێن بووین بۆ بناری قەندیل. سەرەتا چووینە “لێوژێ” بۆ مەڵبەندی سپیسەنگ. چونکی ئەوان زۆربەیان لە ناوچە بوون و حکومەتی عیراقیش ماوەیەک بوو ڕێگەی سونێی بۆ قەڵادزێ گەرتبوو. هەرچی پێوندییەکان هەوڵی دا بگەڕێینەوە بێسوود بوو، بۆیە دوو سێ شەو لەوێ ماینەوە. خۆمان ئامادەکرد کە لە قەندیلەوە بگەڕێنەوە بۆ سوونێ کە وەک ئاماژەم پێ کرد دژووار بوو. ئێمە زۆرهیلاک بووین، بۆمان سەخت بوو بەڵام چارە نەبوو دەبوو ئەوکارە بکەین. هەر ئەو ڕۆژەی کە قەرار بوو بڕۆن، کاک موعتەسم نوورانی کە ئەوکات هەم هەم ئەرکی شۆفیری و هەم تەداروکاتی هێزی گیاڕەنگی لە ئەستۆ بوو، بەهۆی هاتووچۆی زۆر لە ڕێگای سوونێ دۆستایەتی لە گەڵ عێراقییەکان پەیدا کردبوو. هات بۆ لامان و ئێمەش داوامان لێکرد؛ بزانە جێبەجێ ناکەی لێرە دەرباز بین. دیاربوو وەدوای کارەکە کەوت و کە هاتەوە چەند ماشێنێکی دیکەشی لە گەڵ خۆی هێنابوو. سواری ماشێن بوویین و بەرەو سوونێ وەرێکەوتین. کە هاتینە قەڵادزێ ئەم شارەچۆل کرابوو و بەعس خەریکە خاپوورکردنی بوو.
لە کۆتاییدا دووای ماندووبوون وناخۆشییەکی زۆر، گەیشینەوە سوونێ بۆ مەقەڕەکانی خۆمان. لەو جەولەیەدا بەڕاستی زۆر هیلاک بووین، ڕێگەبڕین، بێ‌نانی و بێ‌ئاوی لە سێ چوار جێ دەرگیربووین. دوای چەند ڕۆژێک لە کاک موعتەسەم نوورانیم پرسی چونت جێبەجێ کرد؟! گووتی؛ سێ سەیتەربوون، هەریەکەی یەک کیلۆ چای سیلانم بۆ کڕین و ڕازیم کردن.
یادی ئەو سەردەمانە بەخێر
ئەم جەوە لە پێنج بەش داکۆتای هات وئاخیرین بەش بوو
لە وجار دەچینە سەر بەشە کانی دیکەی ڕۆژە سەختە کان
هەردوو وێنە گۆڕێ کچان وکونەمار لکی سێ .
وێنەی یەکەم ۲۶ ی سەرماوەز وێنەی دووهەم خۆم پێشمەرگەی تێکۆشەری ڕۆژەسەختە کانی خەبات ڕەحیم دەروێش .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *