ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ٣۶) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ٣۶) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن
لەم بەشە لە نووسینەوی بیرەوەرییە خۆش و ناخۆشیەکانی دەیەی شەستی هەتاویدا دەگەمە ناخۆشترین بیرەوەری کە ئێستاش زامی ئەم برینە قووڵە ساڕێژ نەبۆتەوە و بە جەستەی حیزبەکەمانەوە دیار و هەر دەمێنێ. رووداوە کارەسەتبارەکەی ۲۲ی پووشپەڕی ۱۳۶۸ی هەتاوی، تێرۆری رێبەری گەورەمان شەهید دوکتور قاسملوو کە بیر و ئەندێشەکانی بۆ گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستا بۆتە مەشخەڵی رێی خەبات و تێکۆشان.
***
هەر وەک لە بەشی پێشوودا باسم کرد، دوای جەولەیەکی یەک مانگە لە ناوچەی سەردەشت و ماندووبوونێکی زۆر، ڕێکەوتی ۱۷پووشپەڕی ۶۸ گەیشتینەوە بنکەکانی سوونێ و کونەمار و پێشمەرگەکان بەرەو مقەڕەکانی خۆیان گەڕانەوە. ئێمە کە پێشمەرگەی لکی ٣ بووین، مقەڕمان لە خوار کۆمیتەی شارستان بوو لە کونەمارێ. ئەگەر لە بیرم بێ، پێشمەرگەکانی لکی ٣ لەو جەولەدا زۆر کەم بوین. هەر وەک زۆرجاری دیکە بە دیداری هاوسنگەرانمان شاد بووینەوە. ئێمە ئەوکاتە هەر دوو پەلی ٣١ و ٣٢ کەپرێکی گەورەمان درووست کردبوو، نان و چامان پێکەوە دەخوارد و زۆربەشمان هەر لەوێ دەخەوتین.
هێشتا ماندوویی و هیلاکی ئەو جەولەیە بە لەش و ڕوخساری هەموومانەوە دیاربوو، ڕۆژێکیان کە دەوری ٣٠ کەس دەبووین، لە بن کەپرەکە خەریکی نان خواردن بووین و پێکەوە لە سەر شتی جۆراوجۆر قسە و گاڵتەمان دەکرد. یەکێک لە کوڕەکان گووتی کوا ڕادیۆکە، با بزانین خەبەر و باس چیە!! ئێمە هیچمان نەزانی بوو، کاتێک دیتمان بەرنامەکانی “دەنگی کوردستان” ئاسایی نوبوو!! وەک رۆژانی پێشوو نەبوو، سروودی شۆڕشگێڕی و تایبەتی بڵاو دەکردەوە. لەپڕ بە دەنگی کاک ئەحمەد شێربەگی هەواڵێکی ناخۆش بڵاوکرایەوە کە، دوکتۆر قاسملوو، سکرتێری حیزب لە وڵاتی ئوتریش تەقەی لێکراوە و بریندارە!!.
هەواڵێکی ناخۆش و باوەڕپێنەکراو بوو، کۆڕی پێشمەرگان شێوا. ناڕەحەتی و نیگەرانی لە ڕووخساری هەموومان دا بەدی دەکرا. ناخۆشترین خەبەر بوو کە لە ژیانی پێشمەرگایەتیمدا بیبیستم. هەموومان نیگەرانی و دڵەڕاوکێی دایگرتین، بەشێک لە پێشمەرگەکان دەگریان. لەپڕ بڵاوبوونەوەی خەبەرێکی لەم جۆرە هێندە ناخۆش بوو. باوەڕپێکردن و تەحەمولکردنی ئاسان نەبوو. وردەوردە جموجۆڵێکی سەیر هەموو ئۆرگان و پێشمەرگەکانی داگرت. هەموومان بەبیستی ئەم خەبەرە دڵنیگەران و نیگەران بووین. سەرەنجام کۆمیتە شارستان هەواڵی شەهیدبوونی کاک دوکتوریان پێ ڕاگەیاندین. ڕووت لە هەرکوێ دەکرد، دەنگی گریان دەهات، پێشمەرگە و ژن و منداڵ هەموومان بۆ لە دەستدانی دوکتۆری شەهید دەگریان.فەزایەکی نامۆ هەموومانی داگرت، یەکترمان لە باوەش دەگرت. ئای کە ڕۆژێکی ناخۆش و لەبیرنەکراو بوو.
لەبیرمە ئەو ڕۆژە بایەکی زۆر تووندی دەهات. ئێمەش هەریەکەو لە سووچ و گۆشەیەک بۆ لەدەستدانی ڕێبەری شەهیدمان بەپەرۆش بووین و دڵنیگەران و چاو بەفرمیشک بووین. لەو ڕۆژە ناخۆشەدا یەکێک لە پێشمەرگەکان کە سیگاری دەکێشا لە نیزیک کەپەرەکە دانیشتبوو، بە قووڵی مژی لە سیگارەکەی دەدا، لە ناڕەحەتیان دوای تەوابوونی سیگارەکەی، بێ ئەوەی ئاگای لە خۆی بێت، قوونچەی سیگارەکەی فڕێ دەدا بۆلای کەپرەکە. لەپڕ ئاگر لە کەپرەکە بەربوو و هەرچی لە نێویدا بوو سووتا. کەس هۆشی کووژانەوەی نەبوو، جگە لە چەند کەسێک کە ئەوانیش بە هۆی ئەو [با] تووندەی کە هەڵیکردبوودە، هیچیان بۆ نەکرا و تەنیا توانیان خدری عەوڵڵای مام ئاغا کە لەمێژ نەبوو لاقێکی پەڕێبوو لە کەپرەکە بهێننە دەرێ. کەپرەکە بە هەموو ئەو شتانەی کە تیایدا بوو، سووتان.
ئێوارەی هەمان ڕۆژ، دەستەیەک پێشمەرگە چووین بۆ گوندی بەرقسڵ، کۆمەڵێک خەڵکی خۆمان لەو دەوروبەرە بوون، هەموومان لەوێ کۆبووینەوە. لە بیرمە شەهید کاک برایم زیوەی کە ئەندامی کۆمیتەی شارستان بوو و بەداخەوە لە مووشەکبارانەکەی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاویدا شەهید بوو، قسەی بۆ بەشداران کرد. کاک برایم لەوێ باسی کەسایەتیی شەهید دوکتوری قاسملووی گەورەمانی کرد. هەموومانی بۆ درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان هان دا و داوای لێکردین کە دەبێ دان بەخۆماندا بگرین و رێگا و رێبازی شەهیدی رێبەر دوکتور قاسملوو درێژە پێ بدەین. پێی وتین کە دەبێ بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆمان نیشان بدەین کە ئەگەر رێژیم توانیویەتی رێبەرەکەمان لێ بستێنێ، بەڵام حیزبەکەو خەبات بۆ رزگاریی کورد و کوردستان هەروا لە جێی خۆیەتی. دەتوانم بڵێم قسەکانی کاک برایم تاڕادەیەک ئارامی کردینەوە و هیواو هومێدی پێ بەخشین . هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای شەهیدبوونی ڕێبەری گەورمان، دەستەدەستە خەڵکی ناوچەکە دەهاتنە کۆمیتەی شارستان و هاودەردی خۆیان لە گەڵ ئێمە دەردەبڕی. ئەو کاتە بنکە و بارەگاکانی “یەکیتی نیشتمانیی کوردستان” لەو دەوربەرە بوو. ئەوانیش پۆل‌پۆل دەهاتن و وێڕای ئێمە بۆ لەدەستچوونی ڕێبەرە بەناحەق شەهید کراوەکەمان بەپەرۆش بوون و هاودەردیی خۆیان بە ئێمە ڕادەگەیاند.
ئەو کاتە مەکتەبی سیاسیی یەکیتی نیشتمانی لە قاسمەڕەش بوو، لەبیرمە لە رادیۆکەی خۆیان (دەنگی گەلی کودستان)ەوە سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتیی ڕاگەیاند.
بە دوای شەهیدبوونی ڕێبەری گەورەمان، لە سەرتاسەری کوردستان هێزی پێشمەرگەی کوردستان چەندین زەربەی قورس و گرانیان لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی وەشاند و پۆل پۆل لە لاوانی وڵات لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستانەوە روویان لە ریزەکانی حیزب کرد و چەکی دیفاع لە مان و مەوجوودیەتی خەڵکی کوردستانیان کردە شان و بە دووژمنیان سەلماند کە، ڕاستە ئێوە دوکتۆرتان لێ شەهید کردین، بەڵام خەبات بەدژی ئێوی داگیرکەر هەر بەردەوامە و بە گوڕتر لە جاران بەردەوام دەبێ. بەم جۆرە لە سەردەمێکی سەخت و دژواردا کە گەلەکەمان و بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستیی بە رێبەرێکی لێهاتووی وەک دوکتور قاسملوو هەبوو.
چەند ڕۆژ دوای بڵاوبوونەوی ئەم خەبەرە ناخۆشە ئێمە تیمێکی چەند کەسی بە فەرماندەریی کاک عەلی باساوەیی کە جێگری لک بوو، بەرەو ناوچە وەڕێکەوتین. لە مەرزی “کانیە زەرد” ئاودیوی ناوچەی سەردەشت بووینەوە. یەکەم گوند کە چووین، گوندی “بنەوخەڵەف” بوو. هەرکە چووینە نێو گوند خەڵک بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە پێشوازیان لێ کردین و هاودەردییان لە گەڵ دەکردین. ڕوومان لە هەرکوێ دەکرد، خەڵک بەچاوی گریانەوە بەرەوپیری ئێمە دەهاتن و بۆ لەدەستدانی ڕێبەرمان بەپەرۆش بوون. ئێمەش ئەوندەی بۆمان کرابا قسەمان بۆ دەکردن و سووربوونی خۆمان بۆ درێژەدان بە خەبات بەوان ڕادەگەیاند. ئەوەی زۆر سەرنجی منی بۆ لای خۆی ڕاکێشا؛ شەوێک لە نزیک کوێستانی “تاژەندەر” بەرەو لای گەڵوو دەچووین، توشمان بە تووشی شوانێکەوە بوو کە مەڕەکەی لەوێ مۆڵ دابوو. سەگی شوانە هەستیا بە بوونی ئێمە کرد و بۆمان هاتن، تازە ئاشکرا ببووین. بۆ لایان چووین، شوانە ئێمەی بینی باوەشی بۆ کردینەوە و دەستی کرد بەگریان. دوا چەند چرکەیەک لەو تاریکە شەوەدا لە قوڵپەی گریانی دا و گووتی: ئەلفاتیحا… و هەر بە دەم گریانەوە سەرەخۆشی لێکردین. بەڕاستی بەپەرۆشبوونی ئەم شوانە بۆ لەدەستدانی ڕێبەری شەهیدمان ئەوندەی دیکە پشتێندی تۆڵەی لا تووند کردینەوە.
لە کۆتایی ئەم بەشەدا، وێڕای سەری کڕنۆش بۆ گیانی پاکی شەهیدی گەورەمان، قاسملووی مەزن بۆ جارێکی دیکە سپاس و پێزانین بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە ورەیان پێ بەخشین و زیاتر لە هەمیشە بوونە پشت و پەنای هێزی پێشمەرگە و حیزبی دێموکرات.

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *