ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ٣٧) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ٣٧) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن
ئەو ساڵ ۲۹ ساڵ بەسەر شانازییەکی دیکەی پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگدا تێدەپەڕێ.
ئەمڕۆ جارێکی دیکە خەیاڵێکی قووڵ هەڵی گرتووم و دەمباتەوە بۆ ئەو ساتەوەختەی کە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان، دەنگی تەقەی چەکی پێشمەرگە بۆساتێکش نەی دەهێشت لە کوردستانی داگیرکراوماندا خەو لە چاوی دووژمن بکەوێ. هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرتاسەری کوردستانیان لە دوژمن کردبوو بە ترس و خۆف.

لە دەیەکانی شەست و حەفتادا هێزی پێشمەرگە بە چڕی لە گەڵ دڕندەترین هێزی داگیرکەر لە شەڕدا بوو. سەرەڕای نابەرانبەریی هێز و تەیاربوونی جبەخانەکانی دوژمن بە چەکی جۆراوجۆر، بەڵام تێکۆشەرانی دێموکرات بەفیداکاری و لەخۆبردوویی و بە پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دووژمنیان تووشی سەرشۆری و شەرمەزاری کردبوو.
دوای شەهیدبوونی ڕێبەری گەورە و زانامان، دوکتۆر قاسلوو، لە درێژەی خەبات و تێکۆشانی نیشتمانی و حیزبیدا، کومیتە شارستانی سەردەشت وهێزی گیاڕەنگ بڕیاراندا عەمەلاتێکی دیکە لە سەر هێزی دووژمن لە ناوچەی سەردەشت بەڕێوە بەرن. بۆ ئەو مەبەستە دەست بە سەرداگرتنی هەردوو پایەگای گوندی “دۆڵەتوو” وەک ئامانجی گەڵاڵەیەکی عەمەلیاتی دیاریکرا کە یەکیان لە نێو گوندی دۆڵەتوو بوو و ئەوی دیکەشیان لە تەپۆلکەی پشتی ماڵان بەناوی گردی “بزنەشەلان”.
بەهۆێ هەڵکەوتی جوغرافیای ئەو گوندە و میلیتاریزەبوونی، بۆ ئەوە نەدەبوو پێشمەرگە لە دەورووبەری گوند بمێنێتەوە و گەڵاڵەی چۆنیەتی گرتنی ئەو دوو پایگایە دابڕێژێ. بۆیە لەو عەمەلیاتەدا زیاتر بیر لە ڕۆڵگێڕانی چەند کەسێکی نێوخۆ وەک تەشکیلات و دوو پیشمەرگەی بەڵەد و شارەزای ناوچەکە، کرایەوە. دیار لەو بارەوە زۆرترین ڕاوێژ لە گەڵ من و قادر مەمۆ کرا کە هەردووکمان خەڵکی ئەوگوندە بووین و شارەزایی باشمان هەم لە سەر مۆڵگەکان هەبوو، هەم لە سەر ڕێگاکان. ئێمەش ئەوەی بۆمان کرا بۆ جێبەجێ کردنی ئەم عەمەلیاتە هاوکاریی فەرماندەکانمان کرد. دوای ئەو شتانەی کە باسم کرد، هێزێکی تێکەڵاو لە هەموو کادر و پێشمەرگەکانی هێز و کۆمیتە گیاڕەنگ بۆ جێبەجێکردنی ئەو عەمەلیاتە لە گوندی دۆڵەتووی مامەشان ئامادە کران. ناوچەکە زۆر هەستیار بوو؛ بە هۆی نزیکی لە مەرز هەم پایەگای زۆری لێبوو هەم ناوچەکەش مینڕێژ کرابوو، دەبوو لەو عەمەلیاتەدا حیساب بۆ هەموو ئەوانە بکرێ بۆ ئەوەی بە کەمترین زیان بتوانین ئەو عەمەلیاتە جێبەجێ بکەین.
لە مانگی خەرمانای١٣۶٨دا هێزێکی تێکەڵاو لە هەموو پێشمەرگە و کادرەکانی هێزی گیاڕەنگ لە بنکەکانی خۆمان بە سەرپەرستی فەرماندەری هێز، کاک حوسێن پەیرەوان و فەرماندە لک و جێگر لک و سەرپەلەکان وەڕێکەوتین بەرەو شوێنی مەبەست. دیارە شوێنی ڕۆژی یەکەم زۆر دوور نەبوو، دوای دوو سەعات ڕێگەبڕین گەیشتینە شوێنی مانەوە؛ واتە چۆمی گۆڕەشێر و لەوێ ماینەوە. بۆ ڕۆژی دواتر فەرماندەکان بە سەرپەرستی فەرماندەری هێز کۆبوونەوە. ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوە کە من و قادریشی تێدا بەشدار بووین، دیاریکردنی تیمەکان و پێئەسپاردنی ئەرکەکان بوو. دوای باس و ڕاوێژێکی زۆر، هەموو پێشمەرگەکان بەسەر پێنج تیمدا دابەش کران و شوێنی جێگیربوونیان دیاریکرا. دەستەی یەکەم بە سەرپەرستی فەرماندەی ڕۆژە سەختەکانی خەبات، شەهید حەمە نارستی بۆ هێڕش کردنە سەر پایگای نێوماڵان، کە منیشی لە گەڵدا بووم، دەستەی دووهەمیش کە هەر بۆ لێدانی ئەو پایگایە لە پشتەوەی ماڵان دیاریکرا بوو و قادریان وەک چاوساغ لەگەڵدا بوو، دەستەی سێهەم بە فەرماندەیی عەبدوڵڵا شەققاز و حوسێن فەقێ عەلی و محەممەد مامئاغا و چەند پێشمەرگەیەکی دیکە وەک مەلا زوورار، لوقمان کەسرایی و کاوە پیرەوان و کۆمەڵێک لە پێشمەرگە چاونەترسەکانی دیکە کەبەداخەوە ناوی هەموویانم لە بیر نیە و داوای لێ بووردنیان لێ دەکەم، بۆ دەستبەسەردا گرتنی پایەگای گردی بزنەشەلان دیاری کران. هەر ئەم دەستەیە بۆ باشتر بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیان بە سەر دووتیمدا دابەش بوو ،دەستەی چوارەم وەک کەمین بۆ سەر جادەی خوارماڵان واتە کانیەباریکان دیار ی کرا بۆ ئەوەی ئەگەر هێزێکی دووژمن بەهانای ئەو دوو مۆڵگەوە هات، پێشی پێ بگرن و لە کەمینیان بخەن. دەستەی پێنجەمیش کە لە بەرپرسان و فەرماندەکان پێک دەهات و دوور و نزیک چاودێری عەمەلیاتەکەیان دەکرد.
بەم جۆرە هێزەکان دابەش کران و هەموومان چاوەڕوانی ئەوە بووین کە بەرەو شوێنی مەبەست وەڕێ کەوین. لە ئێوارەیەکی درەنگدا هەموو هێزەکە بەرەو گوندی “دۆڵەتوو” وەڕێ کەوتین. بەڵەدی ئەسڵی من و شەهید قادرمەمۆ بووین، دەبوو زۆر وریا بین چونکی بەڕاستی ناچەیەکی پڕمەترسی بوو. بێجگە لە میدانی مین و پایەگا، لە چەندین جێگە نارنجۆکی تەڵەیەی لە نێو جەنگەڵەکە لەدارەکان بەسترابوون. بۆیە دەبوو بە وریایی و وشیارییەوە بۆ پووچەڵکردنەوەی هەموویان هەوڵی خۆمان بدین. دیارە هەر ئەم ڕۆژە ڕادیۆ دەنگی کوردستان، هەواڵی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگەی هێزی کێلەشینی بڵاو کردەوە. بۆیە بڕیار درا ئەو عەمەلیاتە بە یاد و بیرەوەریی و تۆڵەی ئەو شەهیدانەی هێزی کێلەشینی ئەو کاتە بەڕێوە بچێ و هەروایشمان کرد…..
لە بەشی دیکەدا باس لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەو عەمەلیاتە دەکەم.
ئەم وێنە دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی هێزی گیاڕەنگ

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *