بەشی بیست و حەوتەمی گەرانەوە(٢٧) نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.

Posted by

بەشی بیست و حەوتەمی گەرانەوە(٢٧)
نووسینی:عەلی سوورەچۆمی.
لەو شەوە تاریکەدا:نەسیمی وەفا لێیان دەدا،ئارەقەی نێوچاوانی پێشمەرگە رادەگرێ و کاکۆڵی بۆ شانە دەکا.
ئەی مانگ تۆش جار جار دڵی پەڵە ھەورەکان ببڕەو شەوی تاریکیان بۆ رووناک کە.شەوگاری درێژ تۆش لە سەرەخۆ بە ھێشتا رێگای دووریان لە پێشە،
مردن تۆش پەلە مەکە دەردوو پەژارەی وەتەن زۆرە لێرە.شەماڵ دوا جار رووم لە تۆیە چاوێکت لە سەریان بێ،ئەوان تەژین لە ئازار و دەم و سات ناناسن،ئەوان رێگای گەیشتن بە ئاسۆ دەبڕن،بۆ گەیشتن بە خۆری رزگاری.

ئەو ئێوارەیە با سەرنجەکان لێرە بن ھاورێ و ھاودەمی سەفەرێکی دیکەم بن،لە تۆماری مێژووی پڕ لە سەروەری کووڕانی دێموکرات.چاو لێبکەن چی دەکەن!چۆن چۆک بە سەختی و نەھامەتی دادەدەن و تا دوا ھەناسە بۆ رزگاری لە ژێر تەوژمی برسیەتی و تینوەتی دەجەنگن!لێرە بەیەکەوە رووداوە کاریگەرەکانی ئەو سەفەرە سەختە دەگێرینەوە.
ھاوینی ساڵی(١٣٦٧)دوای راوەستانی شەڕی ئێران و ئێراق،ترسێکی گەورە گەلی کوردی داگرتبوو،لێکدانەوەکان ئەوە بوون کە داگیرکەرانی کوردستان رقێکی گەورەیان لە گەلی ئێمە لە ھەناوی خۆیان داراگرتووە،بە تەواو بوونی شەڕ دەرفەتێکی تازەیان دەست دەکەوێ تا بە دەست کراوەیی زیاتر رووبەرووی خەڵکی کوردستان و دۆزە رەواکەی ببنەوە.بە سەدان ھەزار ھێزی داگیرکەر دوای راوەستانی شەرەکە،بە جێگای ئەوەی بۆ شوێنەکانی خۆیان بگەرێنەوە لە کوردستان راگیراون تا بە بیانووی نا ئەمن بوونی کوردستان،شەری پێشمەرگە بکەن و لە خەڵکی کوردستان دایانبڕن.ئا لەو کاتەدا:حیزبی دێموکرات رایگەیاندوە:کە ناوچەکە“تا چارەسەر کردنی کێشەی کورد ھیچ ئارامییەک بە خۆیەوە نابینێ و گەلی کورد سوورن لە سەر داوای رەوای خۆیان و درێژەی ئەو خەباتە.
بۆ ئەو مەبەستە و دڵنیا کردنەوەی خەڵک ھێزەکانی پێشمەرگە لە سەرتا سەری کوردستان حزوریان ھەیە.
ئەو ھاوینە ھێزی گیارەنگ بڕیار دەدات تیمێک لە پێشمەرگەکانی بنێرێتە ناوچەی „ئالانی“سەردەشت،ئەوە لە حاڵێک دا:کە لە درێژایی ئەو شەرە دا بە ھۆی بوونی ھێزێکی زۆرو و ھەروەھا بوونی ناوچەکە بە مەیدانی شەرێکی گەورە کەمتر ھێزەکانی پێشمەرگە توانیبوویان لەو ناوچە چالاکی بکەن.سەرەرای ئەوە مەوقعییەتی ناوچەکە بە ھۆی رووبارێکی گەورە کە دەبێتە خاڵی سنووری کوردستانی باشوور و رۆژھەڵات مەودای جمووجۆڵی ھێزی پێشمەرگەی سەخت کردبوو،لەوەش زیاتر بەرتەسک بوونی ناوچەکەو پانتایی کەم دەبوونە رێگر لە مانەوەو جووڵەی پێشمەرگانە.لە دۆخێکی ئاوا دا زمزمەی ناردنی تیمێکی چووست و چالاک گەڵاڵە دەبێ،لەوانەی بەشداری ئەو سەفەرە سەختە بوون و لە یادم مابن دوای راوێژ لە گەڵ فەرماندەی خۆشەویستی ئەو رۆژگارە دشوارە کاک „ئیبراھیم شێخی“ئەوانە بوون.١-فەرماندەری بە توانا و پیاوە ھێمنەکەی شۆرشی ئێمە کاک نەبەز مستەفا پوور وەک فەرماندەری گشتی ٢-کاک ئیبراھیم شێخی٣-کاک سەعدوون مارەغانی٤-حوسێنی فەقێ عەلی٥-عەلی سوورەچۆمی٦-عوومەر کانیبی٧-حەسەن خەبات٨کەریم شەھرنیا٩(ع-ا)١٠-(ع-ق.)١١-(ج-ش)١٢-کاک خالید پەردەدار

ئەو کەسانەی بەشدار بوون دەگەیشتنە نزیکەی“٢٣“کەس کە ناوی ھەموویان نەھاتووە.لە ئێوارەیەکی درەنگ دا:دوای وەرگرتنی رێنماییەکان و ئامادە کردنی چەک و چۆڵەکان و کۆڵەپشتیەکان زۆر بە نەھێنی وەرێکەوتین…
دڵەکانی ئێمە بۆ ژوانێکی دیکەی نیشتمان تووند لێدەدا،ھێشتا رووداوەکان قابیلی پێش بینی نین!تەنیا شتێک ھەمووان بیری لێدەکەینەوە ئەوەیە:چەند شیرینن ئەو کاتانەی رێگای گەرانەوە بۆ ئامێزی نیشتمان دەپێوی.ئەو ئێوارە بە پەلە خۆمان نزیکی سنوور کردۆتەوە،تا لە شەوێکی ھاوینی دا بە یارمەتی شەبەقی مانگ زووتر رێگا دوورەکە ببڕین،سنوورمان زوو بڕی و دوور لە چاوی چەند پایەگایەکی مەرزی و کەمینەکانیان دەگەینە دۆڵی کانیەزەدو بنەوخەڵێف،بۆنی نیشتمان تێکەڵاوی پشووی بای کوێستانی بووە،سەرەرای ماندوویەتی ھیواکان زیاتر دەبن،تێپەڕین لەو ناوچە دڵ رەفێن و پڕ لە یادگارییە وەسف ناکرێ،بینینی چراکانی گووند ئارەزووی لادانی ئێمە زیاتر دەکات،کەچی:فەرماندەران رایانگەیاند مەسیری مانەوەی ئێمە دوورە!سەرەرای ئەوە نابێ کەس ھەست بە بوونی ئەو تیمە بکات!لە پشتی بنەوخەڵێف بەرەو رێگای قەمتەرێ ھەڵدەکشێین،لە بنار و لە نزیک رێگا پشوویەک دەدەین وئاوێک دەخۆینەوە،چەند رەفیقێک فشاریان بۆ ھێنام پرسیار بکەم لە سەر شوێنی مانەوە..چوومە لای کاک نەبەزو کاک حوسێنی فەقێ عەلی و کاک سەعدوون تا شتێکم دەستکەوێ.وەڵامەکەم وەرگرت!کوورینە:رێگا گەلێک دوورە!تا نزیک دۆڵی قازان و کانیەرەش ھەنگاوەکانتان تووندو قایم بنێن..کەمێک بۆڵە بۆڵی چەند ھاورێیەک!جا دەگەینێ!بۆ نا کاکە!بێدەنگ دەبن !پێشەنگی ئەو شەوە کاک حوسێن خۆیەتی..پیاوێک پڕ لە شەھامەت و بێباکی بەرامبەر دووژمن،ئەو کووری بنەماڵەیەکی ئەو ناوچەیەیە کە شوێنی مانەوی ئیمەیە،ناوبراو:کووری فەقی عەلی بەردەسپیانە،ئەوان چەندین شەھیدیان داوە لە یەک و دووان و سێیان و چواران و پێنجان زیاترن…گەلێک بنەماڵەی ئاوا ھەن کە بە خوێن سوور بوون بۆ رزگاری..چوومە لای کاک نەبەز!کاکە:با یەک دوو کەسی وریا لە گەڵ کاک حوسێن لە پێشەوە بن وەڵا سەری بەرز ناکات راست و راست دەڕوات.!کاک نەبەز زەردەیەکی ھاتێ و…
باشە“دوو کەسی وریا بچۆنە پێشەوە…کاک سەعدوون مارەغانی و کاک برایم شێخی و کاک عوومەر کانیبی دەگەنە پشت سەری و کەلێنی قەمتەران بە ئاراستەی دەشتی باساوێ دا دەبڕین،ماندوو ھیلاک،لە جادەکە کەمێک دوور کەوتووینەوە لە قەراخێک لادەدەین تا ھەناسەیەک دەربکەین و سەروو بابۆڵە نان لە دڵی کۆڵەپشتییەکانمان راکێشین.فەرماندەکان دەڵێن:کووڕینە کەس قسە نەکات.نانێکی بە پەلە بە یارمەتی چەند قوومێک ئاو دەخوین و شەکەتی رێگا دەردەکەین،زۆر نابا بڕیاری رۆیشتن دەدرێ و پێشمەرگە ماندووەکان پشتی سەری یەک بە ئارایشێکی باش خۆیان بۆ ھەڵمەتێکی دیکەی رێگا ئامادە دەکەن،دەشتی باساوێ دەشتێکی با سەفاو دڵگیرەو ئێمە دەمێکە لێی بێبەشین!نیشتمانی ئێمە بەھەشتی سەر زەمینە،گوورج دەردەچین و لە نزیک „کۆڕبناوێ“ بە ھۆی بوونی گووردانێکی گەورە رێگای بنار دەگرین و دەکەوینە بەرامبەر گووردانەکە!لە نەفەری پێشەوە را تا نەفەری کۆتایی قسەیەک بە سرتە دێت و دەڕوات!بە ھێواشی دەڵێ:کوورینە زۆر سەبر دەنگی پێیەکانیشتان نەیە…ھێشتا بە تەواوی وەڵام وەرنەگیراوەتەوە لەو کاتەدا!لە پڕ ھاورێی ئاربی چی زەن بەردەبێتەوە…دەنگی ئەو چەکە گەورە کە دەکەوێتە سەر بەردێک وا دەکات ھەموومان خۆمان تەختی سەر ھەردەکە بکەین…چی بوو کێ بوو!؟ع ق -بەربۆوە!یەک یەک بە ئارامی راست بووینەوە.زۆری نەبرد لە ناکاو لە گووردانەوە بە دەنگێکی بەرزو بە فارسی دەڵێ:ایست…..ایست….
ھەموو دانیشتین نیگەران دەبێ ھەستیان کردبێ!کاک حوسێن بە ھێواشی بە ئێمەی گووت:نیگەران مەبن ئەو سەگبابانە بڵیندگۆیان داناوە جار جار یا چەند دەقیقە جارێک ئەوە پیشەیەتی!بەپەلە ھەر کەسەو نەفەری دوای خۆی تێدەگەیەنێ و رۆیشتن دەستپێدەکاتەوە.لێتان وەسییەت بێ،قەت ئازارەکانی ئەوانتان بیرنەچنەوە،بە درێژایی شەوەکان ناخەون ھەناسە سوار رێگا دەبڕن،ئەوان لە بیر مەکەن و ھاودەمی سەفەرە شیرین و تاڵەکانیان بن!بزانن لە شوێنی مانەوە بە گیانی ئارەقاوی لە پەنا کاوەشاخێک یا دەوەنێک و زۆر جار لە ژێر سەرما،کە رۆژیش داھات گەرمای تووندو تاقەت پرووکێن دەبێ چۆن بخەون،گەلێک جار ھەبووە ئەوەندە ماندوو بوون تاقەتی خواردنی پاروە نانێکیان نەبووە،نەیاتوانیوە بچنە سەر ئاوێک و تینوەتییان بشکێنن،کەس ناتوانێ ببێتە سەختییەکانی ئێرە وەک ھەبووە بەرجەستەی بکات،تۆ تا دوای بڕینی رێگایەکی درێژو ماڵ ئاوایی مانگ و سپی بوونەوەی ئەستێرەکان رێگا نەبڕی،نازانی ئازارەکەی چەندە،لەو جەولەدا:پێتان دەڵێم چی روودەدات و دوای رزگار بوون لە مەرگ تینوەتی و برسییەتی خەریکە دەبێتە ھەرەشەیەکی جیددی لە سەر ژیانیان.بە ھەرحاڵ:بە ئاراستەی دەشتی کەپران و نزیک دۆڵی کانیەرەش و گوەلان دا خۆمان گەیاندە نزیک شوێنی مانەوە،تا گەیشتنمان بەو شوێنە خەریکە لە بەری بەیانی نزیک دەبینەوە،ئەو شوێنەی ئێمە لێی ماینەوە،بەرامبەر کێوی(قووچ)ە“کە کاتی خۆی پۆلێک پێشمەرگە لەو شوێنە خوێنیان تێکەڵی خاکی کوردستان دەبێ کە ھەر لەو شوێنە و جێگایەکی نزیک ئەو شوێنە بە ناوی (قووڵە گوورگێ)شەھید دەبن.
کات درەنگەو ماندوو،شوێنێکی مەترسیدارەو بڕیار دەدرێ کەس لە شوێنی خۆی بەیانییەکەی کە ھەوا رووناک بوو جووڵە نەکات.ئێمە لە نزیک»رەزێک« ماوینەوە،قووربانی ئەو کەسە بم یەکەم توولەکانی ناشتوە!ئای کە فریامان دەکەوێ،ترێ رەشی ناوچەکە بە ناوبانگە و لە کوردستان ھیچ لە ئێران“یش،کەمە.بەو ماندوویەتییە تامی ئەو ترێ رەشە لە بیر ناکرێ و منیش ھەر بیرم ماوە.
ئێمە ئەو جار ئەگەر ھیلاکی و شەکەتی و بۆنی گۆرەوییەکانمان لێگەڕێ دەخەوین و سبەی ئێوارێ بەر لەوەی تاریک بێ دێمەوە خزمەتتان!لە گەڵم بن کەس باوەڕ ناکات دوا جار چی روو دەدات و ئەوان لە کوێ سەر دەردێنن!!… قووربانی ھەناسەکانت بم پێشمەرگە…ھێشتا ھەناسەکانی تۆمان نەچنیونەوە!کوێر بم چارەنووسی ئێوە تاڵەو قەڵەم کڵۆڵ و زەلیل!
چاورەوانی رووداوە سەر سووڕ ھێنەرەکان بن

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *