ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ٣٨) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ٣٨) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن
ئەم مێژووە پڕشنگدارە چرایەکی داگیرساو و نەکوژاوەیە کە تا ئێستاش هیوایە، هێزە، توانایە بۆ نەسڵەکانی داهاتوو و هەمیشە وەک شانازی چاوی لێ دەکرێ. ئێستا دوای تێپەڕینی ۳۰ساڵ بەسەر ئەم ڕۆژگارە دا گەورە و چووک بەڕێزەوە و ئەمەگناسییەوە باسی فداکاری ڕۆڵە کانی خۆیان دەکەن.
ئێوارەیە خۆر بەرەو ئاوابوون دەچێ، پێشمەرگەکان خەریکی خۆئامادەکردنن دەیانهەوێ بەرەو دەستپێکی تۆمارکردنی شانازیەکی دیکە هەنگاو بنێن هەورازێکی دوور و درێژیان لە پێشە و بەجەنگەڵێکی پڕ و چڕدا رێ دەکەن. بەڵەد و شارەزاکان لە پێشەوەی قەتارەی پێشمەرگەکان بە هێواشی و بە وریاییەوە پێشڕەوی دەکەن. دەبێ وریا بن لە مینە چێنراوەکانی دووژمن.
نزیک دەبنەوە، پایگاکانی دوژمن زۆر دوور نین، نابێ دووژمن هەست بەبوونی ئێمە بکات. لەو هەورازە دوور و درێژە ئەوەی بەرگوێمان دەکەوێ، تەنیا دەنگی هەناسەی یەکتر و پووشەڵەکانی ژێر پێیەکانمانە. جاروبار قادر مەمۆ سووکە ئاوڕێک دەداتەوە و دەپرسێ؛ هاتن؟ هاتن ئێمەش وڵام دەدەینەوە؛ بەڵێ هاتین.
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەوشتانەی پێشتر لە کۆبوونەوەی فەرماندەکان قسەیان لێ کرابوو، ئاودیوی گوندی دۆڵەتوو بووین. خاڵی هەرە گرینگی ئەو سەردەمە ئەوەبوو کە چەند جارێک فەرماندەکان لێک کۆدەبوونەوە و بە چەند سەعات لە نێو خۆیان دا قسەیان لە سەر لایەنە جۆراوجۆرەکانی عەمەلیاتەکە دەکرد. فەرماندەکان هەوڵیان دەدا هەم بۆ ڕاوێژ و هەموو بۆ فێرکردن، سەرپەل، جێگری پەل و جێگری لک بەشداریی کۆبوونەوەکانی خۆیان بکەن .
جیا لەو تیمەی کە بە مەبەستی چاودێریکردنی جموجۆڵی هێزەکانی رێژیم و زەربەوەشاندن لەو هێزە پشتیوانەی کە ئەگەری هاتنی لەبەرچاو گیرابوو، تیمەکانی دیکەی هێزەکە بەرەو گوندی “دۆڵەتوو” شۆڕ بووینەوە. دەوروبەری گوندی دۆڵەتوو چەند مۆڵگەیەکی هێزی دووژمنی لێ بوو، وەک؛ جاسووسان، قۆتەمان، کانیەگوڵێ و کۆلکی سەرمێرگان کە هەموویان زاڵبوون بەسەرگوندی دۆڵەتوودا. هێزی پێشمەرگە بێ ترس لەو هەموو هێزەی دووژمن هەنگاوەکانی بۆ ئەنجامدانی ئەرکی پێئەسپێردراویان خێراتر دەکرد. تا دەهات لە گوند نزیک دەبووینەوە. پێشتر خەبەری ئەوەمان بوو کە زۆربەی شەوان هێزێکی دووژمن لە دەوروبەری گوند کەمین دەگرن وە فەرماندی پایەگا خۆی و چەند پاسدار بەنێو گونددا دەسووڕێنەوە . دەبێ لێرەش وریا بین نەکەوینە کەمین و تا کاتی دەستپێکی عەمەلیات نابێ دووژمن هەست بە بوونمان بکات. دوای بڕینی ڕێگەیەکی دوور، ماندووبوون وهیلاکی، هەموومان لە نزیک گوند پشوویەکی کورتمان وەرگرت و جموجۆڵی دەوروبەری خۆمان خستە ژێر چاوەدێرییەوە و هەر تیمەی بۆ شوێنی دیاریکراو وەڕێ کەوت. ئەوتیمەی بۆ پایەگای گردی “بزنە شەلان” دیاری کرابوو بە فەرماندەیی عەبدوڵڵا شەققاز و چەند کەسی دیکە لە سەرپەل وجێگرپەل؛ محەممد مام ئاغا حوسێن فەقێ عەلی و چەند پێشمەرگەی تێکۆشەری وەک کاوە پەیرەوان، لووقمان کەسرایی، مەحموود کاکە لاو لایەق و چەند کەسێکی دیکە لە ئێمەکە جیابوونەوە و بەرەو مەسیری خۆیان وەڕێ کەوتن. دەستەی دووهەم بە فەرماندەیی خدر میراوەیی و چاوساغیی قادر مەمۆ و چەند پێشمەرگەیەک بۆ پشتی ماڵان و لێدانی پایەگای ناوماڵان . دەستەی سێهم بە فەرماندی حەمەنارستی، جێگری هێزی گیاڕەنگ کە گەورەترین دەستەی هێزەکە بوو، وێڕای کۆمەڵێک پێشمەرگەی تێکۆشەر وەک دەستەی هێرش بەنێو گوندا وەڕێ کەوتین کە منیش لە گەڵ ئەو دەستە بووم و وەک بەڵەد. ئێمە دەبوو لە نێوگوندڕا هێرشی خۆمان بۆ سەر مۆڵگەی نێوماڵان دەست پێ بکەین. تیمەکەی کاک خدریش لە سەرێ‌ڕا و لە نێوماڵان یەک بگرینەوە. دەستەی چوارەم کە پێکهاتبوو لە فەرماندەری هێز، کاک حوسێن پەیرەوان و چەند پێشمەرگەیەک، لە دەروەی گوند بۆ چاوەدێری هەموو تیمەکان و ئاگادار لە تەواوی تیمەکان لە حاڵی ئامادەباشیدا بوو. دەستەی پێنجەم کە بەداوای لێبووردن ناوی بەرپرسەکەیم لە بیرنەماوە، لە خوار ماڵان لە سەر ئەو جادەی کە دەهات بۆ نێو گوند سەنگەر دەگرن تا ئەگەر هێزێکی دووژمن بە هانای لە داوکەوتوەکانی خۆیەوە هات، بیخەنە کەمینەوە.
بەم جۆرە بە تەرح و گەڵاڵەی فەرماندەکانی ئەو کاتەی هێزی گیاڕەنگ کە چەندین گەڵاڵەی گەورەی عەمەلیاتی گەورەیان لە ناوچەی سەردەشت دژ بە هێزەکانی دووژمن بەڕێوە بردووە، جێبەجێ کرا. هەموو تیمەکان بەرەوشووێنی خۆیان جووڵاون، بە بێسیم لە لایەن فەرماندەری گشتی عەمەلیات قسە لە گەڵ هەموویان دەکرێ داخوا هەموویان لە شوێنی خۆیان ئامادەن. دوای ئەوەی هەموو تیمەکان دەگەنە شوێنی خۆیان و بێ ئەوەی کەس هەست بەبوونمان بکات، دەست لە سەر ماشەی چەک ڕوو بە دووژمن ئامادەین چاوەڕوانی دەستووری فەرماندەین بۆ هێرکردنە سەر دووژمن.
خەڵکی گوند بەشێوی ئاسایی لە جمووجۆڵدا بوون ئێمە تەواوی نێو گوندمان لە ژێرچاودێریدا بوو، جاروبار لە پایەگاکانی دەوروبەری گوند تەقەیەک دەکرا……..
لە بەشی داهاتوودا چاوەڕوای گێڕانەوەی حەماسەیەکی لەبیرنەکراوی پێشمەرگە ئازا و قارەمانەکانی حیزبی دێموکرات بن.
وێنەی یەکەم دەستەیەک لەپێشمەرگەکانی کەلەو حەمەلیاتە بەشدار بوون .
وێنەی دووهەم گوندی دۆڵە توو شوێنی هەردوو پایەگاکە دیاری کراوە .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *