ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ٣٩) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ٣٩) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن
هەموو تیمەکان لە جێی دیاریکراوی خۆیان ئامادەن و چاوەڕوانی فەرماندەری عەمەلیات دەکەن تا کاتی هێرش بۆ سەر شوێنە دەستنیشانکراوەکانی دووژمن ڕابگەیەنێ. بۆ دوایین جار و دڵنیابوون لە وەزعی تیمەکان، فەرماندەری هێز قسە لە گەڵ بەرپرسانی تیمەکان دەکات. چونکی زۆرجار هەڵکەوتووە پەلەکردنی تیمێک یان نەفەرێک بۆتە هۆی تێکدانی گەڵاڵەیەکی عەمەلیاتی. سەرئەنجام بە ڕەمزی “قاسملوو ڕێگات درێژەی هەیە” لە سێ قۆڵەوە هێرش بۆ سەر هەردوو مۆڵگەی گوندی دۆڵەتوو دەستی پێکرد.
هێرشک کە دووژمنی تووشی سەرسووڕمان و داماویی کرد. دەنگی تەقە لە نێو گوند و گردی بزنەشەلان دڵی دووژمنی خستە لەرزینەوە. هێزی دووژمن وەها سەریان لێ شێوا کە لە پایەگای گردی بزنەشەلان نەک فریای بەرگری نەکەوتن بەڵکوو زۆر بەزەحمەت فریای هەڵاتن کەوتن. بەم جۆرە لە ماوەی چەند ەقیقەدا شێرە کوڕانی دێموکرات دەستیان گرت بە سەر ئەو پایەگایەدا و دوای هێنانی چەند پارچە چەکی بەجێماوی نێو مۆڵگەکە کە ئیمکانی ڕاگواستنیان هەبوو، ئاگریان لە مۆڵگەکە بەردا کە بڵێسەی ئاگری ئەم پایەگایە دەورووبەری ڕووناک کردبوەوە و چەکچۆڵێکی زۆر کە ئیمکانی ڕاگواستنی نەبوو لە ئاگردا دەتەقینەوە. بەکرێگیراوانی ئەم پایەگایە هەموویان هەڵاتبوون و خۆیان حاشار دابوو. دوای گیرانی پایەگای بزنە شەلان ئەو تیمە لە پێشمەرگەکان بەرەو نێو گوند هاتنە خوارێ.
هێرش لە سەر مۆڵگەی نێو ماڵان هەر بەردەوام بوو، پایەگای نێوماڵان لە خانوویەکی زۆر قایمدا بوو، بۆیە گیرانی زۆر سەخت و دژوار بوو. بەڵام تادەهات هێرش لە لایەن هەردوو تیمەوە بۆ سەر پایەگا هەر درێژی بوو. لە نێو گوند لە گەڵ تیمەکەی کاک خدر میراوەی یەکمان گرتەوە. هەردوو تیم بە بەرزکردنەوەی درووشمی “قاسملوو، قاسملوو ڕێگەت درێژی هەیە” بەرەو مۆڵگەی دوژمن لە پێشڕەویدا بوون. کاتێک ئێمە شووعارمان دەدا “قاسملوو، قاسملوو ڕێگەت درێژەی هەیە” ئەو مۆڵگەیە لە لایەن پێشمەرگە قارەمانەکانی گەلەوە بە ئاڕپیجی ئاوری تێبەردرا، بە هۆی ئاگرتێبەردانییەوە موهیمات و چەک وچۆڵی نێو پایگا دەتەقینەوە. تیمی پێشڕەوی پێشمەرگەکان هەڵۆئاسا بەرەوە پایگا هەڵمەتیان دەبرد. چەند کەسێک لەنێو پایەگاوە بەرەو لای ئێمە تەقەیان دەکرد، تیمەکانی هێرش خۆیان گەیاندە چەند میتریی پایەگا. لە کاتی هێرش بۆ سەر پایەگاکە، کاک کەریم کۆدەڵەی، پێشمەرگەی ئازا و تێکۆشەری ڕۆژە سەختەکانی خەبات، بە گوللەی هێزی دووژمن بریندار بوو. بە برینداربوونی کاک کەریم کەمێک بۆ دواوە کشاینەوە، کەریم لە لایەن کادری دەرمانییەوە چارەسەری سەرەتایی بۆ کرا.
شەڕ هەر بەردەوام بوو، تا دەهات ئاگری پایەگا زیادی دەکرد، تەقینەوەی مووهیمات پێشی هێرشی تیمەکانی گرتبوو و پێشڕەوی ئاستەم بوو. چەند کەسێک لە هێزی دژیگەلی بەرگرییان لە گیرانی پایەگاکە دەکرد. دوای ئەوەی دەرکەوت کە تازە بەهۆی تەقینەوە پەیتاپەیتاکانی نێو پایەگاکە پێشڕەوی سەخت و دژوار بووە و لەوانەیە زیان بەر پێشمەرگەکان بکەوی، دەستووری پاشەکشە درا و بەرەو نێو گوند پاشەکشەمان کرد.
با شتی خۆش ون نەبێ: لە کاتی هێرش بۆ سەر پایەگاکەدا کە ئێمە هێرش مان دەکرد و درووشممان دەدا “قاسملوو، قاسملوو ڕێگەت درێژەی هەیە”، ژنێکی ئەو گوندە وێڕای ئێمە بە خۆشحاڵییەوە شووعاری دەدا و دەیگووت ” درێژی هەیە، درێژی هەیە”!!. برایم لاو کە پیاوێکی قسە خۆشی گووند بوو، بە هێواشی بە ژنەی دەگووت؛ ژنەتیوە! لەبەر بەیانیش بێت کورتی بکەرەوە.جێوی خۆشی پێ دا وپێ دەڵێ کورتی کەوە لە بەیانی هەی وات لێ دەکەم .
مەبەستی ئەوە بوو بەیانی پاستار تۆڵە ماڵێ دەکەنەوە .
بەم جۆرە عەمەلیات کۆتای هات و هەموومان بەیەکەوە بەرەو مەسیری دیاری کراوی خۆمان درێژەمان بە جەولەکەمان دا. هێزی دووژمن لە مۆڵگەکانی دەورووبەر ڕا شوێنی گەڕانەوی ئێمەی تۆپباران دەکرد.
لەو عەمەلیاتەدا کۆمەڵێک لە هێزەکانی دووژمن کوژران و بریندار بوون کە بە هۆی تایکی شەو و ئەو دۆخە تایبەتەی کە بەسەر پایگاکاندا هاتن نەتوانرا شناساییی بکرێن. هەردوو پایەگا بەتەواوی سووتێندران چەند پارچە چەکێکیش کەوتە دەستی هێزی پێشمەرگە و ئێمەش بەدانی بریندارێک گەڕاینەوە.
لەو عەمەلیاتەدا دوو خاڵی لاواز بەرچاو دەکەوتن کە پێویستە لەبیر نەکرێن؛ یەکیان دیاکریکردنی کاتەکە بوو کە شەو بوو و دەرکەوت کە هێرشکردنە سەر پایگا لە سەودا کارێکی دژوارە. بە تاریکایی شەو گیرانی پایەگا زۆر سەختە. چوونکی تۆ هیچ نابینی و هێزی دووژمن دەتوانێ بەئاسانی خۆی حاشار بدەن. بەڵام ئەگەر ڕۆژ بایە ڕەنگە ئەوانەی لە پایەگاکە هەڵدەهاتن دەبینران کە یان دەکوژران یان بەدیل دەگیران. دووهەم؛ کەمیی کوللە ئارپیجی بوو. ئێمە لە نیو گووند هەر زوو گوللە ئاربیجیمان لێ بڕان. بوونی ئارپیچی وەک چەکی کاریگەر بۆ گرتنی شوێنە گرینگەکانی دووژمن بەکار دەهات و کەڵکی لێ وەردەگیران.
دوای دەرچوونی ئێمە لە گوندی دۆڵەتوو، دووژمن بە هێزێکی زۆرەوە دەگەنە نێو گوند و هەرچی دەستیان دەکەوێ، بەلێدان هیلاکی دەکەن. بەڵام زۆربەی جەوانەکانی گوند هەر شەو گوندەکە چۆڵ دەکەن، چونکە دەیانزانی چی ڕوو دەدات. ئێستاش خەڵکی ئەم گوندە دەگێڕنەوە کە ئەو شەوە چەندە لە لایەن هێزە بەکرێگیراوەکانی رێژیمەوە ئەزیەت و ئازار دراون. دیارە لەو کاتەدا کە تازە کاک دوکتور قاسملوو شەهید ببوو، بەڕێوەبردنی چالاکییەکی لەم جۆرە کاریگەری خۆی هەبوو. چوونکی دوژمن پێی وابوو بە شەهیدکردنی دوکتور قاسملوو تازە حیزبی دێموکرات بەرگە ناگرێ و تەوا دەبێ. بەڵام بەڕێوەبردنی ئەو عەمەلیاتە و چەندین عەمەلیاتی دیکەی هێزە جیاجیاکانی حیزب لە ناوچەکانی کوردستان، ورەی خەڵک و پێشمەرگەی بەرز کردەوە، سەلماندی کە دوای شەهیدکردنی قاسملووی رێبەریشمان گەلی کورد بۆ بە دەستهێنای مافەکانی خۆی دەست لە خەبات هەڵناگرێ و خەباتی خۆی ئیدامە دەدات.
لەکۆتای داجێی خۆیەتی سڵاوێکی گەرم بنێرین بۆ هەموو ئەو فەرماندە و پێشمەرگانەی کە بەشداریی ئەوە عەمەلیاتە بوون.
سڵاو بۆ گیانی تەواوی شەهیدانی کورد و کوردستان.
وێنەکان وێنەی یەکەم گوندی دۆڵە توو .
وێنەی دووهەم دووئاوی دۆڵە توو کە دەکەوێتە خوار ماڵان .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *