ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ۴٠) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن

Posted by
ئەوڕۆژانەی قەت لەبیرناچنەوە (بەشی ۴٠) له‌ نووسینی : خدر پاکدامه‌ن
خەباتی پێشمەرگانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەیەکانی شەست و حەفتادا هەموو قۆناغەکانی فیداکاری و بەرخۆدانی بڕی و خۆی لە لووتکەی هەرە بەرزی شۆڕشی کورددا دیتەوە. ئەگەر چاوێکی خێرا بە مێژووی ئەو سەردەمەدا بخشێنین بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە هێزی پێشمەرگە چەند فیداکارانە و قارەمانانە، هێزی داگیرکەرانیان وەپەلەقاژە خستبوو.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە گەڵ ئەوەیکە ئەرکی بەرگری لە مان و مەوجوودیەتی گەلەکەی و ڕاوەستان بەرانبەر بە هێزە چەکدارە سەرکوتکەرەکانی رێژیم بووە و هەیە، لە هەموو هەلومورجێک دا هەوڵی داوە بە حزووری لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا، تێکۆشاوە سیاسەتە دژیگەلییەکانی ڕێژیم لەقاو بدات و خەڵک بۆ بەربەرەکانێ هان بدات و کادرەکانی حیزب هەوڵی کاری رێکخستن و تەشکیلاتییان لە نێو ڕیزەکانی خەڵکدا داوە.. کۆماری ئیسلامیش بەردەوام هەوڵی داوە هێزێکی زۆرتر لە ناوچەکانی کوردستان جێگر بکات بۆ ئەوەی پێش لە هەموو تاکتیک و بەرنامەیەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بگرێ. لەو بارەشەوە دوژمن زۆربەی تواناکانی خۆی بۆ دەستەبەسەرداگرتنی سنوورەکانی کوردستان تەرخان کردوە. تا لەو ڕێگەوە پێش بە جووڵەی هێزی پێشمەرگە بگرێ و لە حزووری لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا کەم بکاتەوە. بەڵام هێزی پێشمەرگە بێ گوێدان بە پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی، بەرنامەکانی خۆیان بە پشتیوانی خەڵکی کوردستان درێژە پێداوە.
لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣۶٨ی هەتاوی، تیمێکی تێکەڵاو لە کادر و پێشمەرگەکانی کۆمیتەی شارستانی سەردەشت و هێزی گیاڕەنگ، بە سەرپەرستی فەرماندەری هێز و جێگری هێز؛ کاک حوسێن پەیرەوان و کاک حەمەنارستی، ژمارەیەکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگە و فەرماندەکانی دیکەی ئەم هێزە بەرەو ناوچە وەڕێ کەوتین. زۆر جار بەهۆی میلیتاریزەبوونی سنوورەکانی ناوچەی سەردەشتەوە، شەوی یەکەم لە نزیک سنوور دەماینەوە. بۆ ئەوی ڕۆژی دووهەم لە ئێوارەدا خۆمان لە سنوورەکان نزیک بکەینەوە و هەموو جمووجۆڵەکانی دوژمن بخەینە ژێر چاوەدێری خۆمانەوە .
ڕۆژی یەکەم لە پشتی سەر چاوەی ئاوی گوندی “تووژەڵ” ماینەوە. دیارە چەند ماڵێکی مەڕداری چادرنیشین لە نزیک سەرچاوەی ئاوەکە بوون. بارەگای هێزەکانی باشوور بە تایبەت یەکێتی نیشتمانی و حیزبی شیووعی لە “نۆکان” و “زەڵێ” و “ناوزەنگ” بوون. لە خوار ئێمەوە بوون، چووینە شوێنی مانەوەی خۆمان. بە ڕۆژ نەدەکرا جووڵەی زۆر بکەین، بۆیە بەشی پێداویستیی خۆمان ئاومان لە کانیەکە هەڵگرت. ئێمە هەمیشە هەوڵی ئەوەمان بوو کەس لەو سنوورە نەمانبینێ تا دەربازی دەبین. بەڵام ناوچەکە ئاوەدان بوو حەتمەن چەند کەسێک ئێمەیان هەر دەبینی.
ئێوارێ بەرەو سنووری “کانیەزەرد”، سنوورێک تەوا میلیتاریزەکراو کە دەکرێ بڵێم یەکێک لە سەخترین سنوورەکانی ناوچەی سەردەشت بوو، وەڕێ کەوتین. تیمێکی پێشڕەو لە پێشەوەبووین کە منیش لە خزمەتیاندا بووم. خۆمان لە سنوور نزیک کردەوە و باقی هێزەکەش بەدوای ئێمەدا دەهاتن. بەرەبەرە بەرەو بەرزایی سەر دەکەوتین. ماندو و هیلاک، شاخ و دۆڵی ناوچەکەمان بە وریای جێ دەهێشت. لە گەڵ هاوڕێیانی دواوەی خۆمان لە تەماسدا بووین. بەرەبەرە ڕۆژ بەرەو ئاوابوون دەچوو، ئێمەش لە سنوور نزیک دەبووینەوە. سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان لە مینە چێنراوەکانی دووژمن نزیک دەبووینەوە، بەهێواشی دەچووینە پێشێ، نەفەری پێشەوە لاقی لە کوێ دانابا، ئەوانی دیکەش دەبوو لاقیان لە هەمان شوێن دانابا. بەو جۆرە دەچوینە پێشێ، دیارە ئەوەمان زۆر جار بۆ پێش هاتوە کاتێک سەیرمان کرد سەرەڕای ئەو هەموو مین و پایەگایە، هێزێکی پێوە بوو لە سەر ڕێگەی ئێمە کەمین بگرن یان گەمارۆمان بدن. بۆیە نەدەکرا خۆمان بەقەزا و قەدر بسپێرین. بڕیاری گەڕانەوە درابۆ ئەوەی مەسیری خۆمان بگۆڕین، پاشەکشەمان کرد، شەو داهات، تازە ئەو شەوە بە هیچ جۆر مەجالی دەربازبوون نەبوو، جیا لە گەڕانەوە و مانەوەی ڕۆژێکی دیکە لەم سنوورە.
بەرەو تووژەڵ پاشەکشەمان کرد، لە شوێنک کە زۆر لە مەرز دوور بوو بەڵام هاتووچۆی پێدا هەبوو. دانیشتین تا پشوویەک وەرگرین و بزانین بۆ مانەوە بەرەو کوێ بچین. هەموومان لە دەوری یەک دانیشتبوون، قەت بەخەیاڵماندا نەدەهات لەوێ تووشی کێشە بین. چونکی لە سنوورەوە دووڕ بوو دوای حەسانەوەیەکی کورت، بڕیارماندا بجووڵێین، لەگەڵ جووڵە و هەستانمان، تەقینەوەیەکی گەورە لە نێوماندا ڕووی دا!!. تەقینەوەکە لە نێو هەمووماندا بوو، هەموومان خۆمان بە عەرزیدا دا. سەرەتا وامانزانی ئارپیجییان پێوە ناین، کەچی خدری هەمزەنژاد، کوڕی شەهید عەبدووڵای مام ئاغا گووتی؛ مین بوو لە ژێر پێی مندا تەقیەوە!! لێ کۆبووینەوە، تەماشامان کرد لاقی پەڕیوە و هەموو گیانی بریندارە. دیار بوو ئەو ڕۆژە مینەکە دانرا بۆوە دەنا پێشتر مینی لێ نەبوو، ناوچەکە زۆر هەڵدێر و ناخۆشە، تازە نەدەکرا بە ڕێگەکەدا خدری بریندار و شەڵاڵی خوێن ڕاگوێزین. ترسی ئەوەمان بوو مینی دیکەی لێ بێ. بەناچاری بەو هەڵدێرەدا هەڵیان گرت. بەڕاستی لە ڕادەبەدر سەخت بوو، کەسێک کە لاقی پەڕیوە و هەموو گیانی شەڵاڵی خوێنە بەناو ئەو دۆڵ و دەڕەیەدا ڕاگوێزی. هەرچۆنێک بێ بە هیمەتی هەموو کوڕەکان بە تایبەتی ئەوانەی کە توانای هەڵگرتنی برینداریان هەبوو، بە تایبەت کاک عەلی سوورەچۆمی زەحمەتی زۆر کێشاو فیداکاری زۆری کرد تا کاک خدرمان گەیاندە نێو چادرەکانی گووندی تووژەڵ. لەوێ کاک خدر تیمارێکی سەرەتایی کرا و ئێمەش بووین بە دوو تیم؛ کاک خدرمان سواری وەڵاغ کرد بۆ نەخۆشخانەی حیزبی شیوعی لە گوندی نۆکان کە ئەو دەم نەخۆشخانەیەکی چووکیان لە نۆکان هەبوو، بەڵام دوکتۆری زۆر باشی لێبوون هاوکارییەکی باشیان کردین. پێش ئەوەی بگەینە نەخۆشخانەکە لە نۆکان لەو بەری ئاوەکە لە چەند لاوە دەنگیان داین کە “ئێوە کێن”؟! ئێمەش گۆتمان دێموکراتین، بەڵام دەمانزانی پێشمەرگەی یەکێتی لەوێ هەن، ئێمەش ڕاوەستان تا بمانگەنێ. هاتن و دوای چاک و چۆنی، کە ئێمەیان بینی بە بریندارێکەوە فەوری یەک لەوان بەناوی سڵێمانی عەلیاغای شەروێت کە ئێستا نەماوە و شەهید بووە و ڕووحی شاد بێ، چووە خوارێ و هاتەوە. گووتی؛ برادەران سڵاویان بۆتان هەبوو. دیاربوو ئەوان لە کۆبوونەوەدا بوون. پێم وابێ کۆنفڕانسی گشتییان هەبوو. بۆیە ناوچەکەیان کۆنترڵ کردبوو. هاوکاری باشیان کردین، لە گەڵمان هاتن بۆ نەخۆشخانەکە. لە نەخۆشخانەکە کاک خدر زۆر باش چارەسەر کرا و دوای هاوکاریی دوکتۆرەکانی نەخۆشخانەی شۆڕش – پێم وابێ ناوەکەشی هەر ئەوەبوو- بەرەو بنکەکانمان گەڕاینەوە.
با ئەوە بڵێم لەو سەردەمەدا هاوکاریی هێزە سیاسییەکان لەوپەڕی خۆیدا بوو .
لە کۆتایدا سڵاو بۆ هەموو ئەم پێشمەرگانەی لەو جەولە بەشدار بوون.
سڵاو بۆ هاوکاریی دوکتۆرەکانی شۆڕش لەو سەردەمەدا کە توانیان کەمێک لە ئازارەکانی تێکۆشەرێکی بریندار کەم بکەنەوە کە بەخۆشیەوە کاک خدر ئێستاش هەرماوە و لە وەڵاتی ئوتریش کاروباری حیزبی بەڕێوە دەبات.
هەزارسڵاو بۆ ورەبەرزیی کاک خدر کە برینێکی قوورسی هەڵگرتبوو بەڵام ورەی بە قەد کێوێک بەرز بوو.
وێنەی یەک نەفەری کاک خدری هەمزە نژاد کەلەو جەولە لاقی لە دەست دا .
وێنەی دووهەم کەماڵ بەرخان لە هێزی پێشەوا خدڕبگ سەربەرزای کێوی قەندیل ساڵی ۱۳۷۰هەتاوی ۲۸ ساڵ لەوە پێش .

Leave a Reply

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *